puk

یەکێتى عەیبى نیە عەیبدارى دەکەن .. ئاکۆ ئیبراهیم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەریزێک بەناوى کاک بەهرۆز نوسینێکى نوسیوە بەناوى ( یەکێتى عەیبى چیە ) کە بەئامەنەتەوە باسى مێژووى یەکێتى و سەروەرى قارەمانیەکانى کردوە ، هاوکات خاڵى لاوازو ناتەواویەکانى یەکێتیشى دیاریکردوەو پەنجەى خستۆتە سەر برینەکان و وەکو دڵسۆز و خەمخۆرێکى یەکێتى یش داخ و ئەفسوسى بۆ هەڵدەڕێژیت .

منیش هاوشێوەى ئەو بەڕێزە دڵم پڕ لەئاهو حەسرەتە بۆ یەکێتی و مێژوەکەى ، بۆیە پێم خۆشە منیش بەبونەى ئەو نوسینەوە دەردەدڵى خۆم هەڵڕیژم . من چاک دەزانم و لەناخەوە ئاگادارم کەسەدان و هەزارانى وەکو کاک بەهرۆز هێندەى هەموو دونیا خەفەت بۆ ئەم رۆى یەکێتى دەخۆن و لایان زۆر قورس و زەحمەت و گرانە ، بۆ یەکێتی رۆژى بەم رۆژە گەیشتوە ؟ . ئەو یەکێتیەى کەبەهزرو بیرى دەیانى وەکو شەهیدان ئارام و ئازاد هەورامى نمایکردووە ، ئەو یەکێتیەى بۆهەتا هەتایە شانازى بەریشەو جەمالى عەلى باپیر و سەلاحى موهەندیسەوە دەکات ، ئەو یەکێتیەى کەهەموو میللەتى لەپشت بوو ، ئەویەکێتیەى خەون و ئاواتى گوندەکان بوو ، ئەو یەکێتیەى سیمبولى کوردایەتى و کۆڵ نەدان و خەبات بوو ، ئەویەکێتیەى قوتابخانەو فێرگەى خەبات و کۆڵنەدان بوو ، ئەو یەکێتیەى گەورەترین دوژمنى پڕ چەک و سوپاى هێنابوە زەلالەت .

ئەدى ئێستا بۆ یەکێتیە لەهەرەتى لاوى و سەرەتاى تەمەنیدا خەریکە دەچێتە ساڵەوەو پیردەبێت ؟. بۆچى داستان و یادەوەرى و قارەمانیەتیەکانی خەریکە لەبیر و ناخماندا کاڵ دەبێتەوە؟ . بۆچى رۆژانە وردە وردە میللەت لێى ئەتەکەێتەوە؟ . بۆچى رۆژ بەرۆژ جوانى و شکۆى خۆى بەرەو هەڵدێر ئەبات؟ . ئایا یەکێتى بۆخۆى دەرکى بەوە نەکردوەو نازانێت کەزۆرى جەماوەریەکەى لێى زیزە ؟ . نازانێت بنەماڵەى شەهیدان و رەنجدەران و هەژاران لێى بەگلەین؟ . بەخۆى نەزانیوە کەسەنگ و قورسایى و کێشى کەم بۆتەوە؟ .

هەستى بەوەنەکردوە کەخەریکە دەبێتە حیزبى سێیەم و چوارەم؟ . بەوەى نەزانیوە کە نەخۆشە و دەردەکەى سەخت و گرانە؟ . با ” بێگومان زۆر زۆرچاک هەستى بەوانە هەمووی کردوە ، دەزانێت کەئەوانە هەموو بونەتە بەربەست و ئاستەنگ لەبەردەم گەشەو نوێبونەوە و بەخۆداچونەوەى یەکێتی دا . من پێموایە ئیدى کاتى ئەوەهاتوە ئەو برین و زام و ناسۆرانە سارێژبکەین ، هەوڵى ژیاندنەوەو زیندوکردنەوەى یەکێتى بدەین ، لەبەر خاترى کەسێک یان فەرمانرەوایەک یەکێتى نەیکەینە قوربانى و رێگە نەدین کەسانى نامەسئول لەبەرخاترى مانەوەى خۆیان هەوڵى لەتکردن و پەرتکردنى بدەن، ئەوەندەى دەتوانین هەوڵ بدەین نەهێڵین وببێتە شورا لەبەردەم ئەوکەسانەى کە یەکێتى بۆمەرامى تایبەتى خۆیان بەکاریی دێنن و لەپێناو گیرفان و بەرژەوەندى خۆیاندا ناو و ناوبانگى یەکێتى و شەهیدانى لەکەداردەکەن .

پێم وابێت بارو زروفى یەکێتیش لەوەزیاتر هەڵناگرێت کەهەرکەسەو بەپێى ویست و خواست و حەزى خۆى بیخاتە خزمەت خۆیەوەو بۆخۆى بەژەوەندى و سوودى چۆن بوو ئاوها لەگەڵ یەکێتیدا بگوزەرێت . من دەیان و سەدان کەسى بەرپرسم پێ شک دێت کە پێش ئەوەى یەکێتى بناسن و ببنە ئەندامى ئەو حیزبە ، کەسانێکى ون و نادیارو بێ ناوى کۆمەڵ بوون ، بەڵام بەهۆى ئەوەى لەناو ریزەکانى یەکێتیدان و پلەو بەرپرسیاریەتیان هەیە ، ئێستا بونەتە کەسى دیارو بەرچاوی نێوخەڵک لەبەرخاترى یەکێتى ئەو رێزو ستایشەیان لێدەنرێت .

ئەگەر خوانەکردە سبەى رۆژ یەکێتى نەمێنى بەدڵنیایەوە ئەوانە پێش یەکێتى ناو یان دەسڕێتەوەو بۆئەبەد ون دەبن ، کەچى بەو حاڵەش لەخۆیان بایى بوون و پێیان وایە یەکێتى قەرزداریانەو هەر ئەوان یەکێتیان راگرتوە و بونەتە کۆڵەکەو پایەى ، ئەگەر ئەوان نەبن یەکێتى هەرەس دێنێت .

وتەکەى مامیان لەبیرکردوە کە دەڵێت : ( سەروەریمان مانەوەمان گەشەکردنمان بەندە بەیەکێتى نیشتمانى یەوە) . جا بۆئەوەى یەکێتیەکەمان ببێتەوە بەپشت و پەناى هەژاران و لانەو پەناگەى ماڵە شەهیدو ئاوەدان بێتەوەو مناڵى هەتیو هەمووکات خەندەو بزەى لەسەرلێوان بێت ، و میللەت وەکو جاران متمانەو باوەڕو خۆشەویستى پێ ببەخشێتەوە ، چاکترە کەپێشمەرگەو رابەرو سەرکردەى حەکیم ودانا ( مامى بەرێز ) بەعەقل و بیر وهۆشى خۆى پێداچونەوەیەک بەریزەکانى یەکێتیدا بکات و چارەسەرى کێشەو گرفت و نەهامتیەکان بکات لەسەرەوە بۆخوارەوە بژارێکى چاکى ئەندامانى بکات. بەدڵنیاییەوە دەڵێم : یەکێتى بەرەو بوژانەوەو هەستانەوە و گەشەکردن دەڕوات .

164 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت