Bkwr

ئەوانە کێین لە باکوردا لەگەڵ مەرگدا دەجەنگێن و نابەزن .. کونجـرینی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مۆم بۆ ڕووناکی و شەو بۆماتی و هەڵەمەتی شێرە کوڕانی ڕۆژگار بۆ لوتکەی ئازادی ، تروسکاییەکان لەشەوەزەنگدا تاراپۆشن ، وەک ئەو فرمێسکانەی بەهێواشی لەخوار پێڵوی ئەو دایکانەوە کوڕەکانیان بۆ نیشتمان گۆش دەکرێن .

لەباکوردا جەنگە ڕاستەقینەکە بەژیرانەو هێدی هێدی سەردەکەون و لەقەدوباڵای دوژمنی دڕندە دەئاڵێن و هەناسەی وەڕە وەریان پێ دەبڕن .

ئەوان کاسیان کردین ، ڕۆژئاوایان فریودا بەوشەی دیموکراسی و سیاسەتی کوشتارگەری ، ئەوان زۆریان وت و وتەی زۆری ناشرینیان لاجوان کردین ، بەلام نەیان توانی تاوان و زوڵم و گۆشەی زیندانەکان داپۆشن ..

ئەوان لەوەتەی هەن ڕۆژێک ئیمپراتۆری ئیسلامی عوسمانین ، ڕۆژێک کەمالیستی چەپێکی بێ دینن و ڕۆژێک لەهەورازی ئیسلامیدا ئەوەی خوا ناخوازێت دەیکەن و خۆشیان بەئۆمەتی خودایی دەزانن ..

هۆ هاوخوینەکانی باکورم ئێوە لەوەتەی هەن لەگەڵ مەرگدا دەجەنگێن ، وەک بونێکی نەبوو . لەوەتەی هەین دوژمنێکمان نەدیی خواناس ‘ مرۆڤ دۆست ‘ دەستپاک ‘ بەبەزەیی ‘ کەچی ئێمە لەنێوان پاڕانەوەو باوەرکردن و بەرەنگاریدا ماوین ؛ ڕۆژگارێک نەمان توانی وەک ئەوان دەورانێک بگۆڕین و لە قولەی دەسەڵاتدا سەربەخۆیی ببینین .

ئێستا ئەوەی هەین و گیانمان ‘ بونمان ‘ ئاسمان و هەستمان لەنێوان زوڵمی داگیرکەرو بەزەیی خوادا ” گرنگ بەچۆکدا نایەین و ئەوەی هەمانە تەنها جەستەیە ، بێ سڵمینەوە بە کوردستانی دەبەخشین ..

هۆ کوڕە دارگێلاسەکانی باکوری نیشتمانم ، هۆ کچە باڵا لاولاوەکانی بەهەشتی خودایی ، لێرەوە لەدامێنی باشورەوە ئەوەی خەیاڵی لێ دەکەنەوە وا دەبین ، سەرچاوەی ئاوی ڕۆژانی تینوێتیتانین ، ئەو پشتە پۆلاینەین ناههێڵین بۆ نواندنیش پشتان بچەمێتەوە ، ها دەستم بیکەنە هێز و تواناتان ، ها دڵم بیکەنە بەڕماڵی نوێژتان و بانگی کوردایەتی لەبڵنگۆی داگیرکەراندا بۆ ئەوانەی لەواتای مرۆڤ دۆستی و ڕەوشت بەرزی تیناگەن بەگوێیاندا بچڕێنن ..

ئێوە هێندە لەسەر مافن ” هیچ یاسایەک ناتوانێت پێشێلتان کا ، ئەوەی لەبەرەنگاری ئێوەدایە مرۆڤ نییە مرۆڤ ، بەڵکو دڕەندەو پایزی ڕەوشتە .. ئێوە داخوازی دەیان ملوێن مرۆڤی ژیردەستەی دەستی ناحەقانن . خۆری کێڵگەی تونێتی هەرچوار پارچەی کوردستانن ..

1,884 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت