talabani_hero

‌سەرۆک هێرۆ ” ی دوای تاڵەبانی : کونجـرینی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە چووینە سەرچیاکانمان تەنها بۆ ڕوانینی شار و دیمەنی سروشت نەک بۆ شەر ، ئەگەر فیشەک ڕووەو سینگمان نەتەقێنن دێینەوە شارەکان و چەکەکانمان دەخەوێنین ، با تفەنگەکانمان گوێیان لەدەنگی تەقەنەبێت تا لەخەو ڕانەچڵەکن . لە نامەیەکی ” مام جەلال ” بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ١٩٨٧ .

ترساناکترین چاوەڕوانی لەیەکێتی دوای تاڵەبانی ” لادانی یەکلایکەرەوەیە بەلای پارتیدایە ، ئەوسا دیموکراسی توشی لارلەنگیەکی ترسناک دەبێت و کۆتایی قسەکردن و زمان هەڵبڕین و قبوڵنەکردن دەست پێدەکات .

یەکێتی لەو دەروازەوە هاتە دەرێ ، ڕووبەڕووی نائـ ” و بیری شەڕەنگێزی پارتی بووەو بەدوایدا کەوتە گێژاوی کارتە دەرەکییەکانی وەک ئێران و تورکیاو هتدد.

مێژووی ئەم حیزبە پڕە لە ململانێی دەسەڵات و یەکلایکردنەوە ، بەلام لەولاشەوە مێژویەکی پڕ سەروەری و بەرەنگاری بۆ نەتەوەکەی تۆمارکرد .

جیابوونەوەو گەڕانەوەی مەلا بەختیار لەیەکیتی ، تەنها واتایەکمان پێ دەبەخشێت ، ئەویش بارگراوەندە فکریەکەی ئاش و بیری عێراقچێتی تەنها وەک ماتڕیاڵی بنیادنان ، کەچۆن بگاتە دەسەڵاتی بەرزتر . ئەوەی زیان لێکەوتووی ئەم هەنگاوە بوو ، ئەوانەبوون لەدوای ئەم پیاوەوە هەڵخەڵەتان و بیروباوەرە بێ بنەماو ، با” بردووەکەی فریویی دان ..

لەدوای کارەساتی هەکاری ، خوالێخۆش بوو ” ڕەسول مامەند ” یەکەم سەرکردایەتی دابڕانی بەشێکی یەکیتی کرد ، ئەم دابڕانە جگە لەوەی بۆ ماوەیەک بڵانسی هێزی لەناوچەکەدا گۆڕا ، ڕاگەیاندنەکانی ئەم دوو هێزە هێندە قێزەوەند بوو ، مرۆڤ شەرم دەکات لەمڕۆدا بیگێڕێتەوە ، کەچی لەپاش ڕاپەڕین نەک خوالێخۆش بوو” ڕەسوڵ مەمەند ” و هێزەکەی گەڕایەوە ناو یەکێتی ، بەڵکوو پەردەی شەرمی بۆ ئەوانی تریش هەڵبڕی و بەدوای خۆیدا چەندین حیزب و گروپی تری جیابووەوەی ناو یەکێتی هاتنەوە ڕیزی یەکێتی ..

سەرەداوی خوێندنەوەکانی ئەمڕۆ بۆ ئەو هێزە لەلوتکەی دەسەڵاتەکانییەوە شیکاری دەکرێت ، ئەوانەی ئەمڕۆ ژمارەی پێوانەکانی یەکلایکردنەوەکانی ئەم هێزەن ، لەوانە بەڕێزان ” کۆسرەت ڕەسول ، مەلابەختیار ، هێرۆخان ” . یەکێتی دوای تاڵەبانی دەکەوێتە دەست ئەم کەسایەتیانە ، ئەمانە بڕیار لەچارەنوسی یەکێتی دوای تاڵەبانی دەدەن .

لەسەر پێگەی دەسەڵاتی دوای تاڵەبانی دوو جۆرە تێبینی ڕەچاو دەکرێت .

یەکەم / قسە لەسەر ئەوە دەکرێت جیا بوونەوەو لێکترازان ڕوودەدات و یەکێتی دەبێت بەچەند بەشێکەوە .

دووەم / یەکێتی بەهۆی مەنفەعەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە وەک ئێستا دەمێنێتەوەو سەرکردە سەربازییەکان دەوری گرنگ دەگێرن لەبەردەوامی بوونی دوای تاڵەبانی .

کێشەکانی ناو یەکێتی هۆکاری کۆمەڵێک دەستەواژەی ناوخۆ و دەرەکییە . لەگەڵ ئەوەشدا بەتێپەڕبوونی زەمەن بەرگەی کۆمەڵێک کێشەو پیلانی گرتووە . خودی تاڵەبانی وەک چەتری کۆکردنەوەی هەمە تموح و فرە بۆچون لەناو یەکیتی دا هۆکار بووە بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان .

یەکێتی بە دورکەوتنەوەی بەڕێز تاڵەبانی ، توشی کۆمەڵێک کێشەی نوێ و کۆنی پەنگخواردوو دەبێتەوە . لەنیوەی دەیەی یەکەمی پاش دوو هەزاردا دکتۆر بەرهەم یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی کەلەدەرەوەو ناوەوەی یەکێتی قسەیان لەسەر ئەوە دەکرد کەجێگای تاڵەبانی دەگرێتەوە ، بەلام لەکۆنگرەی سێ دا سەرکەوتنی زۆرینەی ئەندامە سەربازییەکان نشوستی بەم بۆچوونە هێنا .. ئەوەی ئێستا دەکرێت قسەی لەسەربکرێت کام لە بەڕێزان کۆسرەت و مەلابەختیار و خاتو هێرۆ ” جڵەوی پاش تاڵەبانی دەگرنە دەست ؟ .

کاک مەلا بەختیار بەهۆی شکستی ئاڵای شۆڕشەوەو کەمی پێگە جەماوەرییەکەی چاوەڕوانی ئەوەناکرێت ، گەر بەیانی یەکێتی بڕیار بدات دوای تاڵەبانی بکرێتە سکرتێر ، سەرکەوتوو بێت . لەجیهانی حیزب و گروپدا سەرکردەیەک لەناوچەکەی خۆی سەرکەوتوو نەبوو ناتوانێت بەسەر حیزبەکەدا زاڵ ببێت .

کاک کۆسرەت بەحوکمی بیروبۆچون و ئەفکاری خەڵکی هەولێر سەرکەوتوو بوو نەک سەرکەتووە ، بەڵام پێشبینی زۆر دەکرێت جێگای بەڕێز مام جەلال بگرێتەوە بۆماوەیە . دەکرێت بپرسین بۆ ماوەیەک ؟ . لەپشتی ئەم پرسیارەوە پرسیارێکی تر خۆی دەشارێتەوە ئەویش ، ئەی بۆ خاوەن هێزەکە ، جڵەوی پاش تاڵەبانی ناگرێتە دەست ؟ . ..

خاتو هێرۆیە ، لەپاش ڕووخانی سەدام و جێگیربوونی تاڵەبانی لەبەغداد ، وردە وردە جڵەوی سیاسی گرتەدەست ، بەحوکمی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی لەناو خەڵک و یەکیتی دا ، توانی دەست بگرێت بەسەر زۆرینەی جومگە ئیداری و سیاسییەکانی حیزب و دەوڵاتدا . ژیرانە رەفتار لەگەڵ ڕەوشەکەدا دەکات و دەخوازێت بیرۆکەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی دابپۆشێت و بەڕێچکەیەکی لاڕێدا بگاتە دەسەڵات ، بۆیە خۆی لەپشت هەموو دەسەڵاتەکانەوە دەمێنێت و ڕاستەوخۆ چاودێری فەرمان و بڕیارەکان ناو یەکێتی دەکات . ماوەیەک کاک کۆسرەت وەک سکرتێری یەکیتی و پاشان بەزوترین کات کۆنگرەی چوار دەبەسترێت و لەهەمان کۆنگرەدا کاک کۆسرەت وەک سکرتێر و یەکێک لە کوڕەکانی تاڵەبانی وەک جێگیر دەستنیشان دەکرێت . بەڵام لەسەروئەمانەوە ، سەرۆکێکی باڵادەست حوکمی هەموو لایەک دەکات و چاودێریشە بەسەر هەموولایەکدا ، ئەویش سەرۆک هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە .

3,660 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت