Seregrtin1

کەى لەسەرەگرتن رزگارمان دەبێت ؟ : ئاکۆ برایم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەى بیرم کردۆتەوە و راست وچەپى خۆمم ناسیوە هەر لەسەرەدابووم ، تەنانەت دایکیشم ئەیوت عانى خۆى کە سکم بەتۆ هەبوو،بۆ لەدایک بونت چووینە لاى باجى عاسمى مامان، نازانم شانسى باجى عاسم بوو،یان نەگبەتى من، ئەو کاتەش، شەش دانە ژن لەپێش منەوە، لەوێ بوون وکەوتبونە سەرژان چاوەڕێى مناڵبونیان ئەکرد. لەم وڵاتەیا هەموو شتێک بۆتەسەرەگرتن و چاوەڕوانى و ریز بەستن، هەرلەبەیانیەوە کە ئەچیت بۆنانەواخانە تا ئێوارە دەگەڕێَتەوە بۆ ماڵ هەر ئەبێت سەرەبگریت وریز ببەستیت و چاوەڕێ بکەیت . من زۆرجار بەزەیم بەحاڵى میللەتى خۆماندا دێتەوە کە چارەکى تەمەنیان لە سەرەو ریز بەستنا بەسەر ئەبەن، بەنزین سەرەى ئەوێت ،  بایەعى سەرەى ئەوێت،نەوت دابەشکردن سەرەى ئەوێت،کارتى بەنزین سەرەى ئەوێت ، دائیرە و دەزگاکان سەرەیان ئەوێت،هەمو شتێک سەرەى ئەوێت .

ئەرێ تۆ بڵێیت لەم سەرە و ریزگرتن و چاوەڕوانیە رزگارمان بێت؟ بڕواناکەم ،ئەوەیان شتێکى ئەستەم و موستەحیلە ،تۆ بفەرموو سەیرى دائیرەى پاسپۆرت و نشینگە و نفوس،کارتى زانیارى،باجى درامەت، تاپۆ،نەخۆشخانە، هاتۆچۆ … زۆرى دیکە بکە،رۆژانە ئیزدیحام وپاڵنان و نۆرەبڕى و شەڕو بەزمە، تا ئێستاش هیچ کەس و لایەنێک ، بیرى چارەسەرى نەکردۆتەوە،تۆ بڵێت کەسانى خەمخۆر وشارەزاو بەتوانامان نەبێت ، چارەیەکى ئەو دیاردە وکێشانە بکەن؟ یان بۆچى ولەبەرچى تا ئێستا ئەو فەرمانگە و شوێنانە ، رێگە چارەیەکى شیاوو لەباریان بۆ ئەو پاڵەپەستۆ وپاڵنانە نەگرتۆتە بەر؟ زۆرم لاسەیرە کە حکومەت و لایەنى بەپرس لەو دیاردەیە بێ خەم و دەستەوەستانە،کە چارەسەر و رزگاربوون لێى، زۆر ئاسانە وهیچ زەحمەت و قورسى تێ ناچێت .

بەڵام بۆچى و لەبەر چى نایکات ئەوەیان کرۆکى مەسەلەکەیە تۆ بنواڕە بۆ پاسپۆرتێک ئەبێت لەسەعات دوو سێى شەو بچیت سەرەبگریت ،تەنها بۆئەوەى کات و وەختت بۆدانێن،لە فڵان فەرمانگە ئەگەر کەسێک نەناسیت و واستەیەکت نەبێت ئیشەکەت ناڕوات ئەبیت بچیتە ریز و سەرەوە، بۆ هەموو کارێک ئەبێت کارتى زانیاریت پێ بێت، ئەگەر نا کەس وەڵامت ناداتەوە، کارتى زانیاریش تا شەش مانگى دیکە سەرەت نایەت دەبێتە چاوەڕێ بیت ، فڵان دائیرە کار بەپێَناس و رەگەزنامەى کۆن ناکات، ئەبێت بچیت نوێى بکەیتەوە پێویستە ناسنامەکەت فسفۆڕو وێنەى نوێى پێوە بێت،ئەگەر نا کەس وەڵامت ناداتەوە و هیچت بۆناکرێت، سەرەى ئەوەیان هەر مەپرسە رۆمڵ غەزایەکە ئەوسەرى دیار نییە ..

باشە مرۆڤ چۆن فریاى ئەو هەموو ریزبەستن و سەرەو نۆرەیە ئەکەوێت،خۆ ئەگەر فەرمانبەر یان کارمەندى حکومى بیت ئەوا حسابت فت، ئەبیت موعەدەل ئیجازە و سەماح بکەیت ،چونکە بۆرایکردنى هەر ئیش و کارێکت ئەبێت بچیتە سەرەوە،سەرەش لاتان مەعلومە چەندین سەعاتى ئەوێ. باشە ئەگەر بێت و سیستەم و بەرنامەیەکى رێک و پێک و گونجاو دابنێن، زۆر بەئاسانى لەو فەوزاو کەس بەکەسیە رزگارمان نابێت؟!، تۆ بنواڕە شارێکى بچکۆلەى وەکو بانەى ئێران ، کە هێندەى چەمچەماڵ و یان هەڵەبجەیە، بەڵام چونکە بەپێى سیستەم و بەرنامەیەکى گونجاوکاروبارى فەرمانگەکانى ئەچن بەڕێوە،زۆر بەدەگمەن قەرەباڵغى وریز بەستن و سەرەگرتن ئەبینیت، ،بۆ دەرهێنانى پاسپۆرت یان ناسنامە یان هەرشتێکى دیکە ، هەرگیز پێویست بەوە ناکات لەنیوەشەوە وە بچیتە بەردەم ئەو دائیرەیە و سەرو دڵیان بگریت ، لاى ئەوان سندوقى پۆستە هەیە، بەڕێزت هەموو پێداویستیەکانى دەرهێنانى ئەو مۆڵەت وناسنامەیە ئەخەیتە زەرفێکەوە، بۆ شوێنى مەبەستى دەنێریت ، ئەوانیش پاش دڵنیابوون لێى کارەکانت بۆرایى ئەکەن .

بۆ هەر کەموکوڕى ناتەواویەکیش پەیوەندیت پێوە دەگرن، بەڵام لاى خۆمان ئەوە هەر مەپرسە، ئەچیتە شوێنێک بۆ مامەڵەیەک ، دواى دووسەعات لەریز وەستان و سەرەگرتن ئەگەیتە بەردەم مێزى کاکى فەرمانبەر، ئەویش سەیرێکى فایل و مامەڵەکەت ئەکات و پێت ئەڵێت : کوا کۆپى فڵان شت ئەى وینەى دیجیتاڵى.. ئەى نازانم چى؟؟ باشە بڵى بارگرانى و زەحمەتەکەى لەچیدایە ئەگەر عەزیەت بکێشن لەبەردەمى هەر ژوور و هۆبەیەکدا پێداویستى ئەو مامەڵەیە بۆ هاوڵاتیان بنوسن و روونى بکەنەوە ، تائەوەندە بێنە و بگرە و وەرەو بڕۆیان پێنەکرێت؟ ، یان ئێمە هەر لەئەزەلەوە حەزمان لەرۆتینە و پێمان خۆشە بەرامبەرەکەمان بێزارو ماندو بکەین کارى چەند دەقیقەى بۆ بکەین بەچەند رۆژ! لەوانە گەڕێ بەخێرێ پێیان راگەیاندین ،کە ئەبێت هەمووهاوڵاتیەکى ئەم هەرێمە ، کارتى زانیارى هەبێت وبەبێ ئەو کارتە هیچ ئیش و مامەڵەت بۆجێ بەجێ ناکرێت ، ئێمەش پاش چەندین مانگ چاوەڕوانى و واسیتەو ئەملا و لا توانیمان ببینە خاوەنى ئەو کارتە، ئاشکرایە ئەو کارتە لە زۆر شوێن و وڵات هەیە ، لەبرى هەموو شتێکە، جێگەى ناسنامە و رەگەزنامە و شوێنى نیشتەجێ بوونە،واتەهەڵگرى ئەو کارتە بیت پێویستت بەهیچ نابێت،چونکە بۆدەرهێنانى ئەو کارتە پێویستە کۆپى ناسنامە و رەگەزنامە و فۆرمى بایەعى و پشتگیرى ئەنجومەن و وێنەت پێبێت ، هەروەها هەریەک بۆخۆى ژمارە یان کۆدێکى خۆى لەسەرە و داغڵى کۆمپیوتەر دەکرێت، ئەوە بۆخۆى جێگرەوەى ناسنامە وهەموو بەڵگە رەسمیەکانە ،کەچى بەداخەوە هێندەى هیلاکى وماندوبونەکەى بایەخ و گرنگى پێ نادرێت. کارى پێ ناکرێت ئەرێ روحمان دەرهات قاچمان سوا،ئۆقرەمان لەبەر بڕا.

توشى زەغت و شەکرەو دەیان نەخۆشى دەرونى بووین،کەى لەوبەزم و رەزمە رزگارمان دەبێت ، کەى ئەم حکومەتەمان دەبێت بەحکومەتى ئەلیکترۆنى و هەموو بەڵگە وناسنامەو زانیاریەکانمان لە کۆمپیوتەردا تۆماردەکات، و هەر یەکەمان دەبینە خاوەن کۆد و ژمارەى خۆمان ؟!لەبرى ئەو هەموو ناسنامە و کۆپی و وێنەو پشتگیریە، تاکە یەک ناسنامەمان بۆبکرێت هەموو ئەو زانیارى و داتایانەى تێدابێت؟بڵێت رۆژێک بێت ئەوە بەچاوى خۆمان ببینین و، چتر لەسەرەیا خەو نەمان باتەوە و ئەژنۆمان شل نەبێت و، لەپرتە بۆڵەو نۆرە بڕێ رزگارمان بێت و، سەرجەم ئیش و کارو مامەڵەکانمان لەرێگەى ئیمیل و پۆستى ئەلیکترۆنییەوە بێت؟

5,365 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت