دکتۆر کەمال میراودەلی: حیکایەتی سیناریۆکەی نالیا لە سەرێ کانی یەوە تا سلێمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

http://www.nrttv.com/dreje.aspx?jimare=26171 

بۆ هەموو ئەو خۆشەویست و دڵسۆزانەی لە وشەیەکەوە تا تەوراتێکیان لە سەر هەراکەی تەلەفزیۆنی نالیا نووسی، تکایە بەسە!

باوەڕ دەبێ ئەنجامی بیرکردنەوەی وردو قووڵ بێت، نەک کوتەکێکی حازربەدەست بێت بیرکردنەوەی پێ بکوژیت!

تا مرۆڤی تاکی هوشیار دروست نەبێت، مرۆڤێک بتوانێت بیربکاتەوە بەر لەوەی بدوێ، لێکبداتەوە بەرلەوەی کاربداتەوە، شیکار بێت بەر لەوەی پەرچەکردار بێت، خۆی بێت بەر لەوەی یەکێک بێ لە رەوە یان لەگەڵ رەوە، مەحالە لە سووڕانەوە لە ناو بازنەیەکی بەتالدا بەولاوە هیچی تر دروست نابێت.

جار لە دوای جار، دەسەڵات، بە تایبەتی پارتی، یاری بە عەقلی هەموو ئەوانە دەکات کە گوایە زلە نووسەر، ئۆپۆزییسۆن، ڕووناکبیر، رۆژنامەوان، گەنجی هوشیار، حیزبی بە ئەزموون، چەپ و راست و ناوەراست و … هتد، بە کورتی هەر چی هەیەو نییە لەو بەرە فراوانە لە یەک دابراوە بێ بیرو بێ بەرنامەو بێدەنگەدا کە هەر کاتێ پارتی بیەوێ بە یارییەکی مناڵانە دەیخاتە دەنگ و قاو، یەکی دەخات، بە شتێكی لاوەکی دروستکراوەوە وەک کۆمەڵە مەیموونیكی هاوشێوەو هاوقیڕە هەڵیان دەپەرێنێ لە کاتێکدا خۆی بەرنامە ستراتیجییە سیاسییە ئیستیخباراتییە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکەی بە بێ وەستان جێبەجێ دەکات.

 

هاروژاندنەکانی پاراستن

ئەوەندە بەسە پارتی بە ڕاستی یان بە نەخشە دوو زل ـ لە لەیەکێک بدات، یان رۆژنامەنووسیک زیندانی بکات، یا هێرش بکاتە سەر بارەگای حیزبێک، یان کەسێکیان لێدوانیكی توند یان هەڕەشەیەکی سووک بکات، یان هەرایەک دروست بکات، یا هێز یان هێزی سێبەرو بەلتەچی بجووڵینێت، تا هەموو مەسەلە گرنگەکان، پرۆسە خەتەرناکەکان، چارەنووسی خەڵک، هەڵلوشینی سامان و بودجەو ژێر زەمین و سەرزەمین، بەردەوامی بە تالاندانی نەوت و سامانی نەوەکانی داهاتوومان، مردنی رۆژانە و سەعاتییانەی خەڵکی بێ تاوان، کوشتن و فڕیدانی لەشی ژنان بۆسەگ و گورگ، دەستدرێژیی سیکسی و لاقەکردنی درندانە بۆ سەر دەیان مناڵی 5 سال و 6 ساڵ، دارزاندنی سیستمی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی، زۆربوونی قەزاوقەدەرییە دۆزەخییەکان، بلیۆنەربوون زیاتری بلیۆنەرەکان و ترەکینی دەیان ملێۆنەری نوێ، هەلقولانی مردن لە جاددەو ماڵ و قوتابخانە، پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوژیی لە لاوانەوە بۆ تەمەندارو پیرسالانیش، و زۆربوونی هەژارو سواڵکەر و قەدەغەکردنیان بە قانوونی شەق، بڵاوکردنەوەی سەدان خانەی لەشفرۆشی كچ و کوڕ و ترافیککردن بە ژنانەوەو تریاک فرۆشتن و بازرگانیکردن بە ژنە سورییە ئاوارە هەژارەکانەوە، بەردەوامی هێنانی هەزاران تەن خۆراک و دەرمانی ئێکسپایەرو  گومانلێکرا و، زیادکرنی نەخۆشی سەرەتان وەک گیاکەڵە لە هەموو شارو ناوچەکانی کوردستاندا، رەقبوونەوەی ئاوارەکانی کوردەکانی سوریا لە برسا لە سەرما و… هتد. گەر بەردەوام بم ئەوە دەبێت دەیان لاپەرە پر کەمەوە. یاریکردن بە چارەنووسی نەتەوەییمان و کارەساتی کوردی خۆراواو تێکەولێکە نهێنییە گومانلێکراوەکان و ناڕوونەکان و ناشەرعییەکان لەگەل ئەردۆگان و شەریکەکانی نەوت و ئیسرائێلیش، لە وێ بوەستن . هەموو ئەمانە لە یەک کاتدا دەمرن و قازەکان بە ئاوازی بازەکانی پاراستن دەقیڕینن.

ئایا ئەمانە هیچیان ئەوەندە گرنگ نین هەوڵ بدەین وەک دیمەنیکی گشتی بیانبینین و دەردە کوشندەکە لە کوشندەیی و دڕندەیی و بێباکیی و بێدەستووریی و بێیاسایی ئەم سیستمە رزیوەی دەسەلاتی 20 ساڵەی بنەماڵەیی حیزبی شاخیدا دەستنیشان بکەین و هەول دەین بگەینە کۆدەنگییەک بۆ گۆرێن و هەلگێرانەوەی ئەو سیستمە مرۆڤکوژە بۆگەنە : یان بە هێزی دەستوور و یاسا و خەباتی مەدەنی یان بە هێزی راپەڕینی شەقام و چەک، چونکە هەموو رێبازە هێمنەکان و نووسین و کەمپەین و پرۆژە نەزۆکەکانی سەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ــــــ و ــــــ ، و هەموو ئەو خەرافاتانە دەمێکە گەیشتوونەتە بنبەست.

 

پەندی کوردەواری رەسەن و گوتاری غەیرەی نارەسەن

عەقڵ چییە گەر لە ئاستی هەرەکەمدا پێت نەڵێ: کارێک کە چەند جار تاقیت کردەوە بێهوودەو بێ ئەنجام دەرچوو، ئیدی دووبارەی مەکەوە، تەمەن کورتە: ژیان، کات، وزە، بیر و هیوای خۆت و خەڵکی لە پێناو فشەدا بە فیڕۆ مەدە.

ئەو هەموو فشەو وتارو تیۆرێزەکردنەی لە بیری بێگانەوە سەرچاوە دەگرێت: هێندەی دوو پەندی پێشینەی کوردەواری خۆمان فەلسەفی و قووڵ و پڕ مانا نین: قسە هەزارە، دووانی بەکارە. یەک جار بە زستان دەوترێت ساردە.

ئاخ، چەند ملیۆن جاری تر بە زستان دەڵێین ساردە، هەروەک بەفرو باو بۆران و سەهۆڵبەندانەکەی هەزاران جار نەیتەزاندبین؟

ملیۆنەها وشەی قسەی بۆش و فشە نووسراوەو دەنووسرێ هەمووجاریکێش وەک تازە خەبەرەکە زانرا بێت: ئەم دەسەلاتە دزە، گەندەڵە، خائینە.

بەلێ هەندێکمان چل ساڵە ئەمە دەڵێین. بە ئاشکرا دەوترێت: ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، داگیرکەرە، داوینپیسە، گەندەڵە، بێبەشە لە شەرەفی نەتەوەیی و ئەخلاقی ئینسانی، باکی بە ژیان و مرۆڤ و نێشتمان نییە، باکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە، باکی بە سومعەو ناوبانگی خۆی نییە. مانای مرۆڤپەروەری و نیشتمانپەروەریی و یاساو دادپەروەریی و ئەخلاق نازانێت و دەست لە تاوانی خۆفرۆشتن و دزیی و داگیرکاریی و مافیایی و خۆدەوڵەمەندکردنی نایاسایی هەڵناگرێت.

ئەمە هەمووی بوو بە دووبارە کردنەوە، دەبارە کردنەوە، هەزاربارەکردنەوە، ملیۆنبارەکردنەوە تا بوو بە فشەیەکی وەورزکەرو هێڵنجپێهێنەر بۆ خەلک و وەک مۆسیقا بۆ گوێی دەسەڵات.

بەتایبەتی دوای 17 ی شوبات و 62 ڕۆژ هاوارو بانگی ئاشکرای هەموو چین و توێژەکانی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵات چ ماوە بوترێ؟

گەر پەندی پێشینەی پیرۆزمان ئەو پێوانەمان دەداتێ لە هەزار قسە دەبێ دووی بەکار بێت: و یەکجار زیاتر پێویست نییە بە خراپ بڵێی خراپ، [ واتە دەبی ئەوسا بە کردەوە خۆتی بۆ ئامادەکەیت ]، فەرموون هەر لە دوو ملیۆن وشەی نووسراوی ڕۆشنبیرو بۆشنبیر، دوو وشەی بەکارم بۆ بدۆزنەوە: واتە دوو وشە کە کار بکات، عەقڵ بگۆڕێ، کۆمەڵ بگۆرێ، ژیان بگۆڕێ، دەسەڵات بگۆڕێ. یان هەر نەبێ خۆت بگۆڕێ!

 

ئەجندای دەسەڵات

کەمپەین و نووسین و دەنگهەڵبڕێن کارێکی مەدەنی دیمۆکراتی پێویست و کاریگەرن، دەسەڵات هەر چۆنێ بێت ئێمەش پێویستە تاقییان بکەینەوە.

بەڵێ تاقییان بکەینەوە: جارێک، دوو جار، دە جار، گەر زانیمان بێهوودەیە دەبێ بیر لە شتێکی تر بکەینەوە.

زیاد لە بێهوودەیش گەر ئەوەندە دەبەنگیش بووین، کە دەرک بەوە نەکەین کە ئەو شتانەی کامەینیان لە سەر دەکەین و هەرایان لە سەر دەنێێنەوەو لاپەرە بۆشەکانی بە مەرەکەبی ڕەش پێ پڕ دەکەینەوە، ئەمانەش کێشە سەرەکییەکانی خەڵک و ئێمە نین و ئەجندای دەسەڵاتن و ئێمە غەریزەیی بێ ڕاوەستان و رامان، بێ بەرواردو بیرکردنەوە، بێ لێکدانەوەو لێکۆلینەوە، بە هەوای هەرای دەسەڵات هەڵدەپەڕین و دوای ماندووبوون و خۆریسواکردن هەریەکە فەردەیەک هیچ خڕ دەکەینەوە.

دووبارەکردنەوەی هەڵپەرین بە هیچ و خڕکردنەوەی هیچ، حەتمەن دەتکا بە هیچێكی شەیدای هیچ و مودمین لە سەر هیچ.

هەراکەی نالیا لە سیناریۆیەکی پاراستن زیاتر نەبوو.. نییە

کارەساتی نەوەی ئەمرۆی کورد، بەرهەمی بیست ساڵەی دەسەڵاتی حیزبیی، نە توانای خوێندنەوەی شتی درێژو جددی هەیە یان ماوە، نە خوێندنەوەی دروستی بۆ شتەکان هەیە.

بەداخەوە ئێستا گەیشتۆتە سەر ئەو حاڵەی لە وتە جوان و مێژووییەکەی سەردەشت عوسمانەوە کە بەخوێنی خۆی نووسی و سەلماندی: [ ئەم دەسەڵاتە باکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە ]، لە بەر تاریکایی پرۆژە بۆش و نەزۆکەکانی بە ناو ئۆپۆزیسیۆن و غیابی عەقڵ و ئامانج لە نووسین و هاوار و کەمپەینی جەماوەرێکی زۆریی نارازییدا، بگەینە ئەو ئەنجامە ڕەشبینییەی کە [ نەوەکانیش وەک دەسەڵات باکیان بە مردنی خۆیان نییە ]، ئەگینا دوای ئەو هەموو مردن و داگیرکردن و ستەمگەرییە، دەبوو بە هەمان ڕێبازی پڕ چاڵ و بۆشایی و بێهودەیی و ئاسنی سارد کوتان و دوبارەکردنەوەی ئەزموونە ئاشبەتاڵییەکاندا، هەنگاو هەڵنەگرن.

 

کەمترین بنەمای فەلسەفی بۆ خوێندنەوەی ڕووداوەکان

چەندین جار وەک ڕێنماییەک بۆ خویندنەوەی هەر ڕووداوێک یان دیاردەیەکی نوێ، جەختم کردووە کە نابێ پەرچەکرداری خێرامان هەبێت، دەبێ بوەستین، ڕامان بکەین، بیربکەینەوە و لانی کەمی بۆچوونی فەلسەفیمان بۆ ئەو دیاردەو ڕووداوانە هەبێت، کە خۆی لەم چەند هەنگاوەدا دەبینێتەوە:

1- نابێ هێچ ڕووداویک وەک دەرکەوتەیەکی تاک ببینین، دەبێ هەمیشە هەوڵ دەین دیمەنە گەورەکە ببینین و ئەو دەرکەوتە تازە وەک بەشێک، ڕەگەزیکی بجووک، هەر جەند گرنگ دیار بێت، لە دیمەنە گشتییەکە ببینین. دیمەنە گەورەکەش ئەمڕۆ دامیەی جیهانی هەیە، گەر خۆی دەرهاویشتەی پرۆسەیەکی جیهانی بەبێت.

2- دەبێ دیاردەکە، وەک پرۆسە ببینین واتە شتێک نییە ئێستا هەڵتۆقی بێت، بەڵکو پیشینەو ڕووداوی لەو چەشنە هەن و ئەمە تەنیا خاڵ یان ئەڵقە یان زیادەدەرکەوتوویەکی تەواوکەرە کە بۆ ئایندەش بەردەوام دەبێت.

3- ڕواڵەت هەمیشە هەڵخەڵەتینەرە، ئاسانە بۆ هەر دەسەڵاتێک پارەو هێزو میکانیزمی هەبێت، سپیت وەک رەش نیشان بدات و ڕەشت لێ بکاتە سپی، لە کاتێکدا وەک جەللاد کار دەکات خۆی وەک قوربانی نیشان بدات، دەبیت هەوڵ بدەیت لە پرینسیپ و بنەما قووڵەکانی بن دیاردەکان بگەیت: نیازە فراوان و ئامانجە دوورکاتییەکان هەڵینجێنیت. بۆچوونی دایەلکتیکی: تێزەکان سەدی سەد بەراوەژوو بکەوە !

4- بۆچوونی دیالەکتیکی هەمیشە دروستە، هەمیشە دەبێ هەبێت: ئەو تێزو [ گوایە ] ی تۆ بە ڕاستی دەزانیت، تا ئەوپەڕی دژەکەی وەرگرە واتە پێچەوانەی بکەوە: دەبینی لە ڕووی لۆجیکییەوە بەراوەژووەکەشی دروستە، تەنیا بە قبوڵکردن و تێگەیشتن و بەراوردکردنی بۆچوونی خۆت و دژە تەواوەکەی و وەرگرتنی شوینێکی نێوەند لە نێوانیان دەتوانی بە هاوکێشەیەکی لۆجیکی ڕاستی بگەیت.

 

با لەم دیەلەکتیکەوە دەست پێبکەین:

1- دەربارەی ڕووداوەکەی تەلەفزیۆنی نالیا، هەر لە پێوەندییەکەی فاروق ناوێکەوە، تا گوایە تەقینەوەی سەربان و هەوڵی سووتاندنی، تێزی باو ئەوەیە: 

[ ئەمە هەمووی کاری ناحەزانی پارتییەو دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کراوە .]

باوەر بەمە بکەیت گەمژەی، ساوێلکەی، قوربانییەکی ئاسانی عەقڵی خۆتی. بەر لەوەی باوەڕی پێ بکەیت سەدی سەد هەڵیگێرەوەو دوو تێزەکان بەروارد بکە: 

[ ئەمە سەدی سەد کاری پارتی و پاراستن خۆیەتی و بۆبەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانی کراوە ]

تا ئەم دوو تێزە نەخەیتە تەک یەک و بە وردی بەڵگەو بەراورد بۆ هەردووکیان نەهێنیتەوە ناتوانی بگەیتە وێنەیەکی نزیک لە حەقیقەت.

2- بەڵام دیارە ئەم بەراوردە ناتوانی بکەیت گەر دیمەنە گەورەکە نەبینیت و لە پرۆسەو پرینسیپەکان شارەزا نەبیت.

 

سلێمانی یان سەرێ کانی

بچووکترین شت کە لە کوردستان ڕوو دەدا بەشیکە لە دیمەنی جموجۆڵە جیهانییە گەورەکە کە ئەمڕۆ سوریا چەقێکی هەرگرنگی پێکدێنێت. نەوت و جیۆپۆلیتکی نەوت و دابەشکردنەوە و دابیکردنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەند. لە کوردستانی خۆراواش نەوت زۆرە. کوردستان لە سەر دەریای نەوت و گاز وەستاوە. ئەوەی لە سەرێ کانی ڕوودەدا، زۆر گرنگترە لەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدا. ڕووداوەکەی نالیا پڕیشكیکی سەرێ کانی یە. سەرێ کانی سەرەتایەکی چارەنووسی کوردستانی خۆراوایە، کە تورکیا دەیەوێت لە خەڵکەکەی چۆڵی بکات تا ناوچە نەوتییەکان بۆ ئەو بن و، پرۆسەی دروستبووی کوردستانی سەربەخۆو یەکگرتووش بۆ سەد ساڵی تریش، وەک پرۆژەکەی سیڤەر، بخاتە گۆڕەوە.

 

نەخشەکە جیهانیی و خەتەرناکە

چۆن بیر ناکەنەوە: بۆ ئێستا وەزیری دەرەوەی تورکیا لە فەرەنسایە، بۆ فەرەنسا لە جیاتی ئاشکراکردنی بکوژانی راستەقینەی ئەو سێ ژنە قارەمانەی کورد، دەستی کردووە بە گرتنی کوردە هوشیارو چالاکەکان؟ بۆ بەم زووانە ئۆباما دەچیت بۆ ئیسرائیڵ؟

کورد یەک نەبێت و هەڵوێست و پرۆژەیەکی نەتەوەیی جددی یەکگرتووی نەبێت دەبێتە قوربانی تورکیەو ئێران. لە ناوخۆشیدا لە دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی کوردکوژو بێگانەپەرست زیاتر هیچی پێنابڕێت. بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان مسۆگەر بکات، تورکیا پێویستی بە نۆکەرێکی کوردە. بە بێدەنگی کوردە، بە هێزێک هاوکاری بکات تا کوردی سوریا نەبن بە خاوەنی وڵات و نەوت و ئازادی خۆیان، کوردی باکوور پاشەکشەیان پێ بکرێت، بە ناوی گفتوگۆوە سەکردەکانیان لە ناو بەرن، ناکۆکی بخەنە ڕیزەکانیانەوە، ڕێگا لە پێشکەوتنی نەتەوەەیی، سیاسیی، ژێرخان و پیشکەوتنی ئابووری سەربەخۆی کوردستانی باشوور بگیرێت، جگە لە مەش ئەوەش کە چەند ساڵە لە عێراقدا بە دەستیان هێناوە لە شەرێکی نوێ لەگەڵ عێراقدا وەک ئاشبەتاڵی کۆن بێتەوە سەر سفر، نەک کورد هەر هێزی خۆی دژی تورکیا بەکار نەهێنێت، بەڵکو تورکیا وەک پارێزەرو فریادرەس لە عێراق سەیر بکات. بەداخەوە ئاماژەکان وا دەردەخەن کە ئەم دەورە ناپاکیەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەیبینێت، کوردی سوریا گەر لە ڕووی سیاسییەوە جگە لە [ یەکێتی گەل ] چەند حیزبۆکەیەک هەبووبن کە هەمیشە بێدەنگ و هاوکاریی رژێمەکەی ئەسەدو وابەستەی بارزانی و تاڵەبانی بوون، ئەوا لە ڕووی سەربازییەوە هێزیكی نەتەوەیی یەکگرتووی لە هێزەکانی پاراستنی گەلدا هەیە.

بەڵام هەموو کاریی بارزانی ئەوەیە بۆ خاتری تورکیا ئەم هێزە لەت و لاواز بکات، بۆ هەر حیزبۆکەیەک بە هەمان شیوەی باشوور دوای ڕاپەڕین، میلیشیا دروست بکات، پارەی دزراوی هەریمێش بە بلیۆنەهای بێ حیساب هەیە بۆ خزمەتی ئەو پرۆژە خیانەتکارییە بەکاریی بێنن، وەک کوردستانی خۆمان خەبات بکەنە خیانەت، ئینسانییەت بکەنە ئینسانکڕین و فرۆشتن، نیشتماپەروەری بکەنە مافیایی و خۆدەولەمەندکردن. بەمە تورکیا هەر بە بەکار‌هێنانی کورد خۆی گەورەترین زەبری کوشندە لە کوردی سوریا دەدات و ڕەنگە بە پێ چۆڵکردنی هەموو ناوچەی کوردستانی خۆراوا تەواو ببێت.

 

نەوت و لە ناوبردنی پەکەکە

بۆ تیگەیشتنی هەر جموجۆڵێکی سیاسیەتی جیهانی بە دوای بۆنی نەوت و بۆڕی نەوت بکەوە.

ئێستا لە تێکەولێکەی نهێنیی و گومانلێکراوی بنەماڵەو ئاشتی هەورامی لەگەڵ شەریکە نەوتییەکانی ئەمریکی و تورکیدا، و ڕاگەیاندنی ئەردۆگان کە هەریمی کوردستان بۆی هەیە نەوت و گاز بنێرێتە دەرەوەو دەستکردن بە دروستکردنی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت لە کوردستانەوە بۆ تورکیا و، لەوێشەوە بۆ ئەوروپاو ئەمریکا. ئەمە هەمووی کوردستان دەکاتە جیۆپۆلیتیکێکی خەتەرناک کە لە وتارێکی تردا بە جیۆپۆلیتیکی نەوت و خوێن ناوم بردووە. ئەمە:

1 – کوردستان بەرامبەر بەغدا و شیعە دادەنێت. کەهەر نەبێت لەگەڵ ئەوان مێژووی هاوبەشی خەبات دژی سەددام و دەستوڕێک، کە زۆر مافی کوردو کەسێتی یاسایی فیدرالی هەرێم و ٪17 ی داهاتی نەوتی هەموو عێراق و بەشداریی کاریگەرو گەورەی لە سیستمی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراقدا مسۆگەر کردووە، کورد دەبێ دژی ئەم مافانەی خۆی شەر بەرپاکات بۆ خاتری تورکیایەک کە هیچ رێکەوتنی نێونەتەوەیی ئاسایی لەگەڵ کوردا نییە و، لە دەستووری خۆشیدا دان بە کورد وەک نەتەوە و بە زمانی کوردی و خاکی و بە کوردستانی بوونیی هەرێمێشدا نانێت.

2 – لە لایەکی تریشەوە دروستکردنی ئەم بۆری نەوتە بێ رازیبوون و هاوکاری عێراق مانای وایە کورد دەروازەی عێراقی لە کێس دەچێت و دەبێتە کۆیلەو کۆلۆنی ئابووری تورکیا.

3 – کورد دەوڵەت نییە، هێز نییە، نە ئابووری سەربەخۆی هەیە، نە سەروەری یاسایی، هەروەک کاتی کۆماری مەهاباد، لە بەربەرەکانییەکی جیهانیی فرواندا، نە تورکیا نە ئەمریکا نە روسیا، ئامادە نییە بۆ خاتری کورد تا سەر بەرامبەر مالکی، شیعە، یان ئێران بوەستێ، گەر شەڕ بێت ئێمە دەبینە قوربانی، گەر رێکەوتن بێت لە نێوان ئەواندا دەبێت و لە سەر حیسابی ئێمە. بۆ لە ئاشبەتاڵی مستەفا بارزانی فێر نابین؟

4 – بۆڕی نەوت پێویستی بە پاراستن هەیە، دەبێ خەتەری تەقاندنەوەو وەستاندنی لە سەر نەبێت، پەکەکە خەتەرێکە لە سەرو بۆسەر گواستنەوەی نەوت. بۆیە تورکیا دەبێ بە ئاشتی بێت یان بە لە ناوبردن ئەم هەڕەشەیە نەهێلێت. پەکەکە هێزیكی نەتەوەیی گەورەیە. بە رێکەوتن بێت دەسکەوتی نەتەوەیی گەورە بۆ کورد لە خۆراوا، لە باکوور لە باشوور، لە رۆژەلات بەدەستدێنێت کە تورکیا و ئێرانیش ئەمەیان ناوێت، بەدیل لەناوبردنیەتی وەک تەمیلەکان کە ئەوانیش هەرەشە بوون بۆ سەر بەرژەوەندی ئابووریی سەریلانکا، چین، هیندستان، غەرب و… هتد.

بەڵام پەکەکە دیسانەوە هێزیكی سەربازی و سیاسی نەتەوەیی گەورەیە لە ناوبردنی ئاسان نییە. بۆیە بە پیلان و کوشتنی سەرکردەکان و نانەوەی دووبەرەکی و بنەبڕکردنی یەکەمجار لە سوریا، ئەوسا لێدانی لە قەندیل. زۆر بە داخەوە وا دیارە بنەماڵەی بارزانی وەک عادەتی خۆیان وەک هەنگوینیان لە دارەبەندا دۆزیبێتەوە، هەر وەک لەگەل کوردی ئێران کردیان و لە 31 ئابدا کردیان، دەورێکی گەورەیان لەو پرۆژە ناپاکییەدا بۆ خۆیان قبوڵ کردووە.

هەرەشەی یەکێتی و سلیمانی دوای تاڵەبانی

لە دوای پەکەکە، هەرەشەیەکی تری زۆر گەورە بۆ سەر ئەم پرۆژەیەی تورکیاو غەرب و پارتی چارەنووسی یەکێتی و دەوری راپەرینی جەماوەری خەڵکە لە سلێمانی و باشووری دوای تاڵەبانی. سیناریۆکەی نالیا بۆ تاقیکردنەوەی بنگۆمی گێژاوە چاوەڕێکراوەکانی ئەم ئەگەرانەیە. لە ئەلفەوە تا یێ، ئەمە سیناریۆی پاراستن بوو. لە کاتیکدا ڕوویدا کە هەردوو مەکتەبی سیاسیی بە سەکردایەتی بارزانی لە کۆبوونەوە دابوون. بە هاوکاریی هەندێ بارزانیچیی ناو یەکێتی بووبێت یان بێ ئەوان، ئەمە تەنیا پراوەیەک بوو بۆ تاقیکردنەوە هەڵوێستی هێزەکانی یەکێتی دوای تاڵەبانی. بۆ سەلماندنی بەتاڵی و بێ‌هێزیی و بێسەروبەرەیی دەسەڵاتی مافیایی لە سلیمانی و دەرخستنی پارتی وەک تاقە هێزی جێی متمانە، کە دەتوانێ بەرامبەر ئاژاوەو بیسەروبەری بوەستێ و، بەهانەی ناردنی هێزو گەڕانەوەی بۆ سلێمانی بداتێ. هەروەها پەیامێکیش بوو بۆ گۆران و ئۆپۆزیسۆنی مردوو.

1- وەک پرۆسە، یادی 17 شوبات نزیکە، ئەمە بەردەوامی 17 شوبات و دەستپێشخەریکردنە بۆ بەراوەژووکردنەوەی پرۆسەکەیە. گەر لە 17 شوباتدا هێرش دەکرایە سەر پارتی ئێستا پارتی لە سلێمانیش، وەک چۆن بەلتەچییەکانی پاراستن پێشتر لە هێرش بۆ سەر بارەکانی گۆران و یەکگرتوو لە بادینان و هەولێر کردوویانە، ئێستا دەتوانن لە سلێمانێش بیکەن. شەر لە سەر سلێمانی وەک شەر لە سەر سەرێ کانی وایە، دوو دیوی یەک پرۆسەن و، ئەکتەرەکان یەکن و بنەماڵەی بارزانی دەوری سەرەکییان پێ سپێردراوە.

2 – وەک پرینسیپیش دیسانەوە هەڵگێرانەوەی پرینسیپەکانە: ئازادی خۆپیشاندان و رەخنەی توندی نالیاو کەیئینئێنی پار لە دەسەڵات، دەسەڵاتی بنەماڵەیی پێویستی بە پرینسیپی هێزی لە شکاننەنهاتووی دەستبڕو زمانبڕ هەیە، بە پرینسیپی پیرۆزیی بنەماڵەو رەمزەکانی، ئەوەتا کەنالی ناڵیا، بە پلان بێت یان چۆکدادان، بە هەموو هێزی خۆی لە رێگای بەرێوەبەرەکەیەوە دەشێڕێنی: بارزانی خوامانەو تەواو. ئیمامەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش سەر دەلەقینن.

 

نالیا کەنالێکی ئازادو سەربەخۆو بیلایەن و بێ گومان نییە

ئاخریی، کەناڵی نالیا نە سەربەخۆیە، نە رەمزو دەنگ و ڕەنگی میدیای ئازادە. میدیایەک کەس نەزانێت چۆن دروست بووە، كێی لە پشتە، بە پارەی کێ، کێ ئەجنداو بەرنامەو دایەلۆگەکانی دیاری دەکات: جۆن ئاوا ناشییانە بە رەمزو ئامرازی ئازادیی و بیرورای ئازاد دادەنرێت.

 

ئەزموونی خۆم لەگەڵ کەناڵی نالیا: ئایا کەنالەکە سەر بە پاراستنە ؟

بۆ ئامادەبوون چەندین ئێوارەو سەعات بدەن بە مەلا کڕیکار، بۆ ئامادەنەبوون بە هیج جۆرێ چاوپێکەوتنی من بکەن؟ لە کاتێکدا من لە کوردستان لەگەڵ خەڵکداو لە مەیدانەکانی خۆپیشاندانەکاندا بووم. چەند جار قسەم لەگەڵ خاوەنەکەی کرد، سەردانی کەناڵەکەو بەرێوەبەرەکەم کرد، فایدەی نەبوو. بە هیچ جۆر ئامادەنەبوون بۆ یەکجاریش چاوپێکەوتنم لەگەڵدا بکەن. لە کاتێکدا یەکەم جار لەگەڕاندنەوەمدا سایتەکەیان زۆر بەخشندە بوون و هەموو چالاکی و ڕاگەیاندنەکانی منیان لە سایتەکەیان دادەنا، و بەلێنیشیان دا کە کەوتنەوە کار هەروا بە بەخشندەیی چاوپیکەوتم لەگەڵدا بکەن و چالاکییەکانم بڵاوبکەنەوە. نەک ئەمە نەبوو، بڵاوکردنەوەو ڕاگەیاندنەکانیشیان لە سایتەکەیاندا وەستاند. کە زۆر گوشارم کرد، برادەرێکیان عوزری هێنایەوە، وتی ستافەکەیان گۆڕاوە. ئێستا بەرپرسی پێوەندییەکان کە دەبوایە ئەو پێوەندی بەمنەوە بکات، کەسێکی سەر بە پاراستن ـە. جا چۆن ڕێگا دەدا دەنگ و رەنگی من دەرکەویت. هەروا وتی دوای سووتاندنی، نالیا کرا بە پشکی کۆمپانیا. گوایە بە قسەی ئەوەو شەریکەیەکی تورکی پشکێکی سەرەکی لێ کڕیون. بەڵام وتی: کە ئەو شەریکە تەنیا واجیهەیە، راستی سەر بە پاراستن ـە .

دیارە من ناتوانم باوەڕ بەم قسانە بکەم و، ناشتوانم باوەریان پێ نەکەم. هێچ شتێ لەم وڵاتەدا ڕوون و شەففاف نییە، هیچ شتێ نیەی ساختە نەبێ و جێی گومان نەبێت.

بەڵام، خوێندەواری خۆشەویست، دەزگایەکی وا گەورە کە دەستی گەورەی لە پشت نەبێت چۆن رێی پێدەدرێت، لە کوێ سەرمایەی بەردەوامبوونی دینێت؟ گەنجە تێکۆشەرەکانی کۆیە شایەتن کە سەردانم کردن، یەک رادیۆی بچووکی لۆکالییان هەبوو، بەرێوەبەرو کارمەندە سەربەخوو چالاکەکانی چەند مانگ گیرابوون و ئەشکەنجە درابوون تا دەنگی ئەو رادیۆیە کپ بکەن. بە هەمان جۆر گەنجانی سەیدسادق بۆیان گێرامەوە چۆن بە پارەی پیتاکی خۆیان و کاری خۆبەخش رادیۆیەکی ئازادیان دانابوو، بەڵام لە بەر هەراسانکردن و بێ پشتیوانی ماددی و مەعنەوی نەیانتوانی بەردەوام بن. تەنانەت گۆڕان – یش بە تەنیا بەو مەرجە ئامادە بووە کە یارمەتییان بدات کە سەربەخۆ نەمێنن و بۆ گۆڕان کار بکەن.

کام میدیای ئازاد ؟

میدیایەک ئەو وەختە ئازاد دەبێت و جێی متمانەی گەل دەبێت، کە گەل بتوانی دەوری لە دامەزراندن و بەریوەبردن و چاوەدێریکردنیدا هەبێت. کە بە پێی حوکمی دەستووری نەتەوەیی و دیمۆکراتی و یاسای پەرلەمان پاکانەی و هۆکاری دامەزراندن و سەرچاوەی ماددی و ستراکتووری ڕێکخستن و ئەرک و پەیام و سەربەخۆییبوون و ئەچنداو پرۆگرامی ریک بخرێت و بردەوام چاوەدێری بکرێت، نەک چەند پاڵەوانێکی ون لەنەکاوێک راست ببنەوەو، ببنە خاوەنی میدیای ئازاد بە ناوی ساختەی میدیای ئەهلی یەوە.

کێشەکان و گەمەکان

مردنە جۆراوجۆرە بێ ژمارەکان، لاشەی سەگخواردووی ژنان، هەڵتەکاندنی کچێنی مناڵانی 5 ساڵە، رەقبوونەوەی مناڵە ئاوارەکانی قامێشلۆ لە عەربەت، شاڵاوی پێچۆڵکردن و داگیرکردنی کوردستانی خۆراوا، پلانی کوشتنی قەندیل، پرۆژەی شەری کورد و شیعەو گەرانەوەی بەعسییە براکان، گەلێکی بخۆری بێ بیر، بێ کار، بێ بەرهەم، هەرێمی مافیای بێ دەستوورو یاساو سیاسەت و ئۆپۆزیسیۆن: با چاوەڕێ بکەین پاراستن چ گەمەیەکی خۆشی تری بۆ هاروژاندن و هەڵپەڕاندنی خەڵکی پێیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت