دکتۆرکەمال میراودەلی : کەر و کورد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدواداچوونێک لە سەر وتارەکەی کاک دلێر عەبدولخالق .

دەوری کەر، گوێدرێژ، لە ژیانی گوندیی و کۆچەریی وکشتوکالیی و، فۆلکلۆری کوردیی و کەلتووری کوردیدا دەورێکی سەرەکی هاوسۆزانەو هاوماڵییە. لە خەباتی چەکداری شاخیدا، وەک ئەم نووسینە نایابەی کاک دڵێر بیری دێنێتەوە، ئەرکی گەورە کەر دەیبینی زۆر زیاتر لە هەندێ سەردەستەو چەکبەشان. لە ژێر بوردومان و تۆپباراندا، لە هێڕش و هەڵاتندا، لە نیوەڕۆ و شەوی تاریکدا، بە هاوین یان زستان، کەر و کورد هاوڕێ بوون .

گەر هەندێ کوڕی کەر بووبن بە جاش و بیگانەپەرست و نەیانەویستبێت پێىبگەن و بچنەوە سەر ئەسڵەکەیان، ئەوە تاوانی کەری هەژاری تێدا نەبووە .

کەر و کورد قەت لێک دانەبڕاون لە سەردەمی دەسەلاتی بەربەریدا نەبێت

بۆیە سەیر نییە کورد هەر لە زووەوە حیزبی کەرانی هەبووبێت. نووسەرو رووناکبیر و زمانزان و فۆلکلۆریستی گەورەی هەولێر مامۆستا مەحمود زامدار، یادی بەخێر، عاشقی کەرو فۆلکلۆری کەر بوو، [کەرنامەکە]ی بەرهەمێکی نایابی کەلتووری کوردییە. گەر کەر بیتوانیایە بیرەوەری خۆی بنووسیتەوە گەورەترین بەرهەمی ئەدەبیی کورد هی کەر دەبوو. گەر بیتوانیبایە حەیران بلێت بەسۆزترین و تراژیدیترین ستران هی گوێدرێژەکانمان دەبوو. گەر بیتوانیبایە جگە لە زەڕەی ناسکی، بەستە بلێ، خۆشترین گۆرانی بۆ بەهارو دڵداریی کەر دەیوت. گەر بیتوانیبایە وەک درۆزنەکان مێژوو دروست کات، مێژووی راستەقینەی خەبات کەر دەیگێرایەوەو سەربازی ون کەر دەبوو  .

کە پیاوانی شاخ هاتنەوە وتمان یەکەم شت داوای لێبوردن لە منالانی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەن و ئەرکی یەکەمیان دروستکردنەوەی ئەو ٤٠٠٠ گوندە دەبێت کە بەهۆی هاوکاریی خیانەتکارانەی ئەوان لەگەڵ ئێران لە کاتی ناسکی شەری عێراق و ئێراندا، بەعس ئەنفالی کردن. ئەوسا وەفایەکیشیان بەرامبەر کەر دەنواندو کورد و کەر پێکەوە ژیانی کشتوکالیی و شارستانییان دەدستپێدەکردەوە. کەچی ئەو کەر- سپڵانە شارەکانیشیان تالان کرد. کە پارەش زۆر بوو، خەلکیان راکێشا بۆ شارەکان کە زەوییەکان خۆیان داگیریان کردبوون تا نرخی زەوی و خانوو بە شێوەیەکی ناسروشتی و دەستکرد، بەرزببێێتەوەو ئەوان قازانج بکەن، ژێرخانی کشتوکاڵ وپێشەی دەستیی و پێشەسازیی خۆمالیان لە ناو برد. پارەو مەعاشی تەمبەلیی شار بوو بە هەمو شتێک و گوندەکان چۆل کران، کەس پێویستی بە کەر نەما. کە لە سالی ٢٠٠٥ گەرا مەوە هەر رێگاو بانێکی نێوان گوندو شارۆچکەکان پڕ بون لە کەر کە لە بەر بەربەریی و بێوەفایی ناویان نابوون [کەڕی خوێریی]. هەندی چینیی لە پرۆژەی جاددەدا ئێشیان دەکرد دەیان وت ئەوان جارجارە فرسەت دێنن و کەران بۆ زیافەتی خۆیان سەردەبڕن. قسەش هەبوو کە بە دزی گۆشتی کەر لە هەندێ چیشخانەدا وەک گۆشتی گا لێدەندرێ .

کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە، هەندێ رەزو بێستان و زەوی هەن کە جاددەیان ناگاتێ و پێویستیی بە کەر هەر دەمێنێت بەلام سیاسەتی ئەنفالکردنی دێهات کە دەسەلاتی بەربەری بەردەوام و جێگێریی کرد، بووە هۆی فرامۆشکردنی گوندو بەرهەمی خۆمالی و کشتوکال و کەلتووری کوردەواری و دەرفەت بۆ ژیان و خەباتی بەردەوامی دۆستی دیڕینی کورد : کەر .

بەلێ: دەوترێ کورد دۆستی نەبووە چیا نەبێت، نا کورد دۆستی نەبوو کەر نەبێت، بە بێ کەر نەیدەتوانی لە چیا بژیت و دەربەرێت. خۆ زیدە دەوری(ماکەر) یش لە گوندا ئەوە فۆلکلۆرێکی ترە گەر کەسانێک هەبن بە جورئەت و ئاسایی بیگێڕنەوە .

لە رۆمانیاش کەری هەژار لەگەڵ ئەسپ بە دەردی کەری کوردستان چوون. واتە ؛ بەرەلاو خوێڕی کران. بەلام لەوێ مافیای رووسیی و هی تر، بە خەساریان نادەن: چەند سالە کەرو ئەسپەکان خڕ دەکەنەوەو سەریان دەبڕن و دەیان کەن بە کەلاکە گۆشتی سوورو دەیانهێنن بۆ کارخانەیەکی گۆشت لە بەریتانیاو ئەوانیش هێندەی تر پاک و ساف و سووریان دەکەن و وەک گۆشتی گا جەندین ساڵە فرۆشتویانە لەم دواییەدا بە هۆی زانستی پێشکەوتووی[دی. ئێن. ئەی] ەوە ئەم فێڵە ئاشکرا بوو، بەلام هەر باسی گۆشتی ئەسپ دەکەن کە چۆتە زنجیرەی گۆشتی فرۆشراوەوە لە هەموو ئەوروپادا، بەلام بەرنامەیەکم بینی کە دەیسەلماند گۆشتی کەریشی لەگەلە؛ تەنانەت ئەو بەرنامەیە ناویكی تازەی بۆ گۆشتی تێکەلی کەر [دۆنکی] و ئەسپ [هۆرس] دروستکردبوو: [هۆنکی] واتە: هۆرس + دۆنکی .

ئەمە هەواڵیکی خۆش نییە بۆ سوورەگۆشتخۆرەکان: بەلام گەر ستەیکی ناسکت لە رێستۆرانتكی ئینگلیزی یان کەبابی حەلالت لە رێستۆرانتێکی پاکستانی لە لەندەن خواردبێت: ئەوە دنڵیابە بۆ یەک جاریش بێت گۆشتی کەری رۆما نیت تام کردووە .

هیوادارم ئەم هەواڵە بە تایبەتی لە کوردستان ببیتە هۆکاری تەرککردنی کڕین و خواردنی هەموو گۆشتێکی هاوردەکراو. لەوی [دی. ئێن. ئەی] بۆ تاوانی ئینسان نییە جا چ جا گۆشتی حەیوان. جگە لە ئێکسپایەر بوون، کێ دەلێ گۆشتی سەگ و کەرو بەرازیش نییە بۆ خاتری قازانج وەک هەموو خواردن و دەرمانە ئێکسپایەرەکان دەیهێنن و دەیفرۆشن .

ئێستا ئەوەش ئاشکرا بووە کە زۆر نەخۆشی لە خواردنی گۆشتی سوورەوە سەر‌هەڵدەدەن .

ئێ: خۆ ئەوەتان لە دەست دێت واز لە گۆشتخواردن بێنن و بە دەستی خۆتان گۆشتی کەر یان ژەهر نەخۆن و پارە بە فێڕۆ نەەدن .

هیوادارم حیزبی کەران لە کوردستان ئەوەندە بەهێز بێت بتوانێت دەسەلات ناچار بکات داوای لێبوردن لە کەرەکان بکات و قەەربوویان بکاتەوەو گویدرێژەکان بگەرێنیتەوە بۆ ژینگەی راستەقینەی خۆیان لە گوندو دەشت و چیاکانی کوردستانی ئازیز .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت