جیهاد موحەمەد : بازرگانێتی بە بریندارەکانی چەکی کیمیاییەوە ڕسوایی و شەرمە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ماوەی چەند هەفتەی پێشودا بابەتێکم لەسەر قایمقامەکەی چەمچەماڵ نووسی کە دەڵێت : شەش کەس بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکەکانەوە گیانیان لەدەستداوە ، بەڵام ئەم بێ دەنگیی لێکردوە، چوونکە دیارە هیچ کەس لەو شەش کەسە نە خزمی قایمقام بوون، نە دۆست و ناسیاوی بوون ، کەچی لەسەر دواکەوتنی بەدەنگەوە چوونی نەخۆشێک کە پێدەچێت خزمیبێت یان دۆست و ناسیاویبێت یان سەر بە خێڵەکەی بێت پزیشكێک دەداتە بەر بۆکس و سەروچاوی دەشكێنێت . بە بەراوردێک ئەم بابەتەم نووسی لە نێوان ئەو قایمقامەی چەمچەماڵ و قایمقامێکی ئەو شارەی کە تیایدا دەژیم لە نەرویج، کە چۆن بە دڵێکی فراوان و بەوپەڕی سۆز و ڕێزەوە لە کاتی پشووی هەفاتەنی خۆیدا پێشوازیلێکردم بۆ کارێکی ( ناوەندی چاک ) و خزمەتێک بە شارۆچەکەی هەڵەبجە و کەیسی کیمیابارانی ئەو شارە خۆشەویستەو ، داواکەی لێوەرگرتم و پەیمانیشی دا کە بۆم بگەیەنێتە کاربەدەستانی سەرو خۆیەوە ئەگەر خۆی بۆی جێبەجێ نەکرا .

لەم نووسینەشمدا دەمەێت بەراوردێک بکەم لە نێوان هەڵوێستی قایمقامی ئێستای شارۆچکەی هەڵەبجەدا و هەڵوێستی عەقیدی فڕۆکەوان( ئایدن مستەفە حەمید ) دا .

ئەمڕۆ لە رۆژنامای هاوڵاتیدا هەواڵی بازرگانێتی بە بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجەم خوێندەوە ، قایمقامی ئەو شارە بریندارە تاوانڵێکراوە پەیمان دەدات بە ٢ برینداری چەکی کیمیایی کە لە تاو ئازار و ناڵەی ٢٥ ساڵ بەدەست برینەکانیانەوە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ( نوری مالکی ) بۆ ئەوەی چارەسەری برینەکانیان بکات ، هەڵبەت دوای ئەوەی کە دەیان جار داوایان پێشکەشکردوە چ لە رێگەی خۆیانەوە و، چ لە رێگەی رێکخراوەکانی مەدەنییەوە بۆ قایمقام و حکومەتی هەرێم کە چارەسەرێکیان بۆ بکەن، بەڵام ئاوڕێیان لێنەداونەتەوە و وەڵامیان نەداونەتەوە . کەچی لە کاتێکدا کە پێیانزانی ئەم بریندارانە هانا بۆ نوری مالکی دەبن ، خێرا دەچن و پەیمانیان دەدنێ کە نەچن بۆ لای ئەو( دوژمنە ) و خۆیان چارەسەریان دەکەن !. بۆچی جەنابی قایمقام، زووتر بۆ ئەم هەستەت نەبوو بەرامبەریان؟ بۆچی چاوت بریندارانی چەکی کیمیایی نابینێت ؟ بۆچی گوێت کەڕە و گوێت لە ناڵەی بریندارانی چەکی کیمیایی ئەو شارە نییە کە کاتێک جەنابت بوویت بە قایمقام و مەلا کۆنەپەرستەکانی هەڵەبجە بە ناوی ئەوەی کە تۆ موسڵمان نییت و کاکەییت لە مزگەوتەکانەوە ڕایاندەگەیاند کە نابێت کاکەییەک بکرێت بە قایمقام، بەڵام دەیان و سەدان و هەزاران لە خەڵکی هەڵەبجەی بریندار دەنگیان بە تۆدا و دژی کۆنەپەرستیی بوون لە و شارە شارستانییەی کە سەردەمانێک ناونرابوو مۆنتیکارلۆی کوردستان . هەموو وەفاکەت ئەمەیە بۆ برینداران کە بۆ بازرگانێتی و خۆ نواندنی خۆت نەبێت لای سەرۆکی حکومەتەکەت کە دەیان پەیمانی درۆی دا بە هەڵەبجەییەکان و هیچی جێبجی نەکرد، بریندارەکانی هەڵەبجەت بیرناکەوێتەوە !. ئەی ئەم دوو بریندارە کە ئەمڕۆ پەیمانییان پێدەدەیت بە مەرجێک نەچن بۆ لای نوری مالکی خۆت دەیانێرییت بۆ چارەسەر هەمان دوو بریندار نیین لەو دەیان بریندارەی کە ساڵانە بەدەم ئازارەوە گیان لەدەستدەدەن ؟.

مەخابن کە قایمقامی وەک تۆ، لەسەر کەیسی هەڵەبجە بانگهێشتی لە ئەمریکاوە بۆ دێت ، ئەم گەشتوگوزار و بانگهێشتانەتان پێ حەرامبێت ، لەسەر حسابی بازرگانێتیکردن بە بریندارن و ژەهربارانکردنی ئەو شارەوە ساڵانە بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات دەڕۆن و بریندارانی چەکی کیمیایی وەک (بەهمەن عومەر و چیمەن عەلی ) دەبێت بەدەم برینەکانیانەوە گیان لەدەستبدەن . ئەم نادادپەروەریی و بێ باکیی و خەمساردییەتان کردوە بە خەسڵەتێکی ئاسایی رۆژانەتان .

مەخابن کەسی وەک تۆ بێ باک و خەمسارد دەکرێت بە قایمقامی ئەو شارە و پیاوێکی سەربەزری بە هەڵوێستی وەک ( ئایدن مستەفا حەمید ) کە ڕەتیکردەوە سەرۆکایەتی ئەو تیمە فرۆکەیە بکات کە هەستان بە ژەهربارنکردنی هەڵەبجە و لەسەر ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیی لە سیدارەدرا . بەڵام تاوانبار( تاریق ڕەمەزان ) لە جیاتی ( ئایدن مستەفا ) بەو کارە هەستا و سەرۆکایەتی تیمی فرۆکەوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کرد . ئایدن مستەفا حەمید لە بیردەکرێت و ناوی ناهێنرێت لای تۆی قایمقام و حکومەتەکەتەوە ، بەڵام تاریق ڕەمەزان بە ئەمری جەلال تاڵەبانی سکرتێری حیزبەکەی تۆ ئازدەکرێت و دەفرۆشرێتەوە بە دەستگا موخابەراتییەکانی بەریتانیا ، ئەمەیە هەڵوێستی دزێوی ئێوە بەرامبەر بە گەل و نیشتیمان . لینکی هەواڵی هەڵوێستە جوامێرانەکەی عەقید ( ئایدن مستەفا حەمید)  …   Hawllati   …

من وەک هاوڵاتیەکی کورد ، وەک مرۆڤێک، وەک کەسێک کە هەمیشە لەسەر کەیسی جینۆسایدی گەلەکەمان کار دەکەم و ئیدانەی دەکەم و لە خەمی ئەوەدام گەلی کورد بگاتە ئاستێک کە دڵنیابێت جارێکیتر تاوانی وای بەرامبەر نەکرێت ، بە تووندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی تۆی قایمقام و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم و شەرمەزاری و ڕسوایی بۆ هەموو ئەوانەی بازرگانێتی بە هەڵەبجەییەکانەوە دەکەن . .. Hawllati

نەرویج / 15/٣/٢٠١٣

1,182 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت