جیهاد موحمەد : ئەسڵی مەسەلەکە ئەوە نییە کە تۆ وتت ! .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەسڵی مەسەلەکە لە گرێژەنە چوونی دەرگاکەیە و خواش ناتوانێت بیخاتەوە جێگەی خۆی .

ئەسڵی مەسەلەکە دیزە بە دەرخۆنەکردنی مەسەلەکانە. ئەسڵی مەسەلەکە مەسەلەگلەێکی بێچارەسەرە،ئەسڵی مەسەلەکە، ئەو بازار بەرەڵاکردنەیە لەبەردەمی قاچاخچیی و بازرگانە دەسەڵاتدارە حیزبییەکانی هەردوو حیزبەکەتاندا (یەکێتی و پارتی). ئەوانەی خەریکی بازرگانێتی گەورەن لە کوردستانادا، وەک بازرگانێتی هاوردەکردنی سەیارە و داودەرمان و جگەرە و کەلوپەلی گرانبەهای تر هەموویان حیزبییەکی دەسەڵاتداری گەورەی پارتی یان یەکێتی لە پشتەوەیە. بۆیە کوالیتی کۆنترۆڵ ئەگەر هەشبێت لە کوردستان و لەسەر سنورەکاندا ناتوانێت بە هیچ جۆرێک کۆنترۆڵی پشکنین لە هێنان و بردنی کەلوپەرلی بازرگانێتی ئەو بەرپرسە سەرزلانەدا بکات. ئەسڵی مەسەلەکە ئەو فرعەونگەلەیە کە لە سەروو هەموو یاسا و رێسایەکەوەن. هەروەک چۆن لە بابەتێکیترمدا لە سەر ئەو هەرایەی کە بەرزکردنەوەی تابلۆی سەیارە نایەوە، نووسیبووم ئەوانەی کە بازرگانێتی بە هاوردەی سەیارەوە دەکەن بەرپرسە باڵاو سەرزەلەکانی پارتی و یەکێتی خۆیانن، بۆیە بەو لێشاوە سەیارە کوردستانی داپۆشیوە .

کوێربوونی ٣٠ هاوڵاتی بە هۆی دەرزی )ئاڤاستین(ەوە، نەک هەر کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە، بەڵکو تاوانێکی هێندە ترسناکی گەورەی مرۆییە، لە هەرچ وڵاتێکدا ئەم تاوانە بکرێت، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی پێوندیدار دەستبەجێ دەکەونە پشکنینێکی ئەوەندە بەربڵاو و وردەوە کە دەنکە حەبێک، نەک بە تەن داو دەرمان لە ژێردەستیان قورتارنابێت لەو پشکنینانەدا .

تۆی بەرپرسی یەکەم ، وەک وەزیری تەندروستی کوردستان، زۆر خەمساردانە چیرۆکەکەت بەم جۆرە گێرایەوە بۆمان :

(ئەسڵی مەسەلەکە‌! ئەو دەرمانە (تورکێک) بە قاچاخ هێناوێتیە کوردستانەوە، فرۆشتویەتی بە کۆمپانیای هۆز، لەم کۆمپانیایەدا کەسێک کریوێتی کە زانیویشێتی ئەو دەرمانە بە قاچاخی هاتوە!، دیسان هەمان کۆمپانیا فرۆشتویەتی بە (بەرێوەبەرایەتی کڕینی دەرمان و کەرەستەی تەندروستی هەولێر) ئەوانیش زانیویانە کە ئەم دەرەمانە قاچاخە وپشکنینی پزیشکی و تاقیگایی بۆ نەکراوە!!، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانەکەیان کریوە و دابەشیانکردوە بەسەر نەخۆشخانەکاندا، یەکێک لەو نەخۆشخانانە، نەخۆشخانەی رزگاری بووە، کە ئەم نەخۆشخانەیەش بەم چیرۆکەیان زانیوە و بەڵام دەرزیەکەشیان بەکار هێناوە”بەداخەوە “)

[gn_media url=”http://www.youtube.com/watch?v=Ykbc7GL2ARE” width=”600″ height=”400″]

باشە ئەگەر ئەم قاچاخچیە تورکە، کەسانی بەرپرسی زاڵگەی برایم خەلیل لە پشتیەوە نەبێت چۆن دەرباز بوو ؟

ئەی کەوەک دەرباز بوو، چۆن کۆمپانیای هۆز ئەم دەرمانە قاچاخەی کڕی ئەگەر پشتی قایم نەبێت بەو بەرپرسەی کە شەریکە لەگەڵیدا، یان ڕەنگە هەموو کۆمپانیاکە موڵکی کاکی بەرپرس بێت ؟

ئەی بەرێوەبەرایەتی کڕینی داودەرمان و کەرستەی پزیشکی کە هەموو کەس دەزانێت بەرێوەبەرایەتییەکی یەجگار هەستیارە، چۆن ئەم دەرمانەی کڕی، ئەگەر ئەمە کاری سەدهەم جاری نییە و فێری ئەم کارە نەکراوە بە هۆی کاکی بەرپرسی سەرزلەوە کە لەسەرو یاساوەیە ؟

باشە ئەگەر بە ڕاسپاردە نییە، چۆن نەخۆشخانەیەک کە دەشزانێت دەرزیەکە قاچاخە پشکنینی بۆ نەرکراوە ئەگەر بە راسپاردە نییە چۆن دەرزی وا وەردەگرێت ؟

باشە، دکتۆرێک دکتۆر بێت، خاوەنی ئەخلاق ویژدان بێت، چۆن دەرزیەک بۆ نەخۆشیک دەنووسێت کە دەزانیت پشکنینی پزیشکی و تاقیگایی بۆ نەکراوە ؟

ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری وا ڕووبەڕووی جەنابت و سەرۆکی حکومەتەکەت دەبێتەوە .

ئەم سکانداڵیی و بێ چاوڕویی و نامرۆییەی ئێوەی بەرپرسانی حکومی و حیزبی جیاوازی نییە لەگەڵ قسەکەی عەلی حەسەن مەجیدا، کە لە یەکێک لە دانوستانەکانی حیزبەکەی بەرێزتا وتبووی: ئەو ژمارە گەورەیەیی ئێوە باسی دەکەن لە ئەنفالدا وانییە، تەنیا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسێک دەبێت. حیزبە بەرپرسەکەی جەنابت پرکێشی ئەوەیان نەکردبوو کە بڵێن، جا بۆ جەناب پێت کەمە ١٠٠ هەزار مرۆڤی بێتاوانی کورد زیندەبەچاڵبکرێت .

ئێوەیەک کە ئەوە پەروەردەی حیزبیی و مرۆییتانبێت، بە ئاشکرا هەریەکەتان بە پێی بەرژەوەندی خۆی لێدوان دەدات لەسەر بە تاڵابردنی سەدان ملوێن دۆلاری نەوتی ئەو وڵاتە، وەک بەرێز جێگری سکرتێری حیبزبەکەت کە لە یادکردنەوەی کۆرەوەکەدا داوادەکات کە داهاتی نەوت دیاریبکرێت. ئاخر پێم ناڵێن کەسێک جێگری سکرتێری حیزبی دوەم بێت لە حکومەتدا، جێگری سەرۆکی هەرێم بێت و جێگری سەرۆکی وەزیرانەکەش لە هەمان حیزب بێت، داوا لە کێ دەکات کە داهاتی نەوت دیاریبکەن؟! ئەی چۆن دوای ئەو لێدوانە ئێوە پێشیان کەوتن بۆ لای ئەم حیزب و ئەو حیزب و سواڵی ئەوەتان بۆ دەکردن کە ئەم جارەش دەنگ بدرێتەوە بە سەرۆکی هەرێم بۆ ٤ ساڵی تر .

لەگەڵ ئەو پەڕی رێزمدا بۆ جەنابت دکتۆر رێکەوت، ئەگەر کەمترین بوێرییت تیا بوایە لەسەر نابیناییکردنی ٣٠ هاوڵاتی لای کەمی دەستبەجێ دەستت لە کار دەکێشایەوە. بەڵام من باش دەزانم بۆ ئەمە ناکەیت، مەسەلەکە ئەوە نییە کە تەنیا دەستبگرییت بە وەزیفەکەتەوە، ڕەنگە ئەوە بەشێکی بچووکی بێت، بەڵام هۆکاری گەورە ئەوەیە کە ئێوە ئەگەر لەسەر هەرچ سکانداڵییەک، لەسەر هەرچ تاوانێک، لەسەر هەرچ دزیکردنێک، لەسەر هەرچ گەندەڵیەکی وەک گەندەڵیی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەییەکە، دەستلەکار بکێشنەوە، کەواتە بەرگەی ٣ مانگی بەڕێوەبردنی حکومەت ناکەن، ئەوەندە ژمارەی گەندەڵی و سکانداڵیەکان زۆرە رۆژانە دەبێت بەرپرسێکی گەورەی وەک جەنابت دەستلەکاربکێشێتەوە تا دەگاتە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمیش. کەواتە، ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە کار لە کار ترازاوە، دەرگاکە دەمێکە لە گرێژەنە چووە، خواش نایخاتەوە جێگەی خۆی. بۆتان ڕاستناکرێتەوە، ناچار بێچاو و ڕووی لە هەمووی باشترە. بۆشتان لواوە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و بێسەنگ، هەرچیبکرێت دەلێن خوا کەریمە .

 

/ نەرویج

1,631 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت