جیهاد محەمەد : ریاڵمەدریید و کۆیلەیەتیی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوای دۆڕاندنی نادی ڕیاڵمەدرید لە یاری تۆپی ئەورپیی ئەم ساڵدا، دیمەنێکم بینی لە فەیسبووکدا کە گەنجێک لەسەر دەم کەوتبوو بە کوڵ دەگریا!. چەندیین جار بیستومانە کە کەسێک لەم وڵات یان ئەو وڵات خۆی کوشتوە!، یان شەڕ و پێکدادان دروستبووە لە نێوان گەنجان و هەوادارانی ئەم نادی و ئەو نادییدا لەسەر دۆڕاندن و بردنەوەییان!. تا ئاستێک ئەم حەز و ئارەزووانە و هەموو حەز و ئارەزووییەکم لەلا ئاساییە و بە خەسڵەت و ئاکاریی سروشتیانەیی مرۆڤاکان قبوڵی دەکەم. چەپڵە لێدان و ئاهەنگگێران و هاندانی هەوادارانی ئەم نادی و ئەو نادیی وەرزشیی ئاماژەیە بۆ گیانێکی تژیی لە ئارەزوویی وەرزشکارانە و خۆشەویستیی بۆ ئەو یارییە پر لە بەها وەرزشکارانە. مرۆڤەکانی ئەم دنیاییە پێکهاتەیەکی کۆکتێل ئاسایە لە خۆشیی و ناخۆشیی و پێکەنین و شینوشەپۆڕ و گریان و سەما و هەڵپەڕکێ و جوڵەی جەستە بەو جۆرەی کە هەستەکان دەبزوێنێت و دەریاندەبڕێت، ڕێگەگرتن لە دەربڕینی هەرچ جۆرە هەست و نەستێک، وەک ئاوی پەنگ خواردووی ناو گۆماوێک بۆگەن دەکات، دەبێتە بە ئەژدهاکێکی گەورە لە ناو هەناو و میشکی مرۆڤدا و بەردەوام گینگڵ دەخوا و ئەگەر دەرفەتی دەربڕینی نەبێت و بەردەوام ڕێگەی لێبگیرێت ئەوە بە دڵنییاییەوە دەبێت بە سەرچاوەی توندوتیژیی و دەربڕینییان بە شێوازێکی نامرۆییانەی وا کە ڕەنگە کارەسات و تاوانی لێبکەوێتەوە. بۆیە پێویستە هێندە ئازادییەکان بەفراوان و قوڵبن بۆ دەبرینی هەست و نەستەکان تا مرۆڤەکان تێر دەبن و ئۆخەژن دەبن .

بەڵام ئەگەر بە دڵڕەقانە قسە نەکەم، کە ئەوە ناخوازم و ئەوە ڕەفتاری من نییە هیچ کەسێک برینداربکەم، کاتێک حەز و ئارەزووە وەرزشییەکان، حیزبیی و سیاسییەکان، دینییەکان، ئایدۆلۆژییەکان،ئەتنیکییەکان و نیشتیمانییەکان لە سنوریی سروشتی خۆی تێدەپەڕێت، ئەوە دەبێت بە سەرچاوەیی کۆیلەکردنیی تاک و گروپ و گەل و نەتەوەی خاوەن حەز و ئارەزوومەندان و بیر و باوەڕە ئایدۆلۆژستییەکان و دینییەکان .

مرۆڤی ئازاد، بەو مانایەیی کە خۆی ئازادیی دابێت بە خۆیی و، خۆی ئازادکردبێت لە هەموو کۆدوبەندەکان، ئەو مرۆڤەیە کە عەقڵی خۆیی و جەستەی خۆی لەسەروو هەموو حەز و ئارەزوو و لایەنداریی و برواییەکەوە دەبینێتەوە، واتا مرۆڤی ئازاد دەبێت تاکگەرایی خۆی لەبیر نەکات و خۆیی و کەسایەتیی و توانا و زانایی و حیکمەتی خۆی لە دەستنەدات و نەتوێنێتەوە لە ناو گروپێک، یان گروپگەلێکدا. هەرچ مرۆڤێک نەیتوانی ئەمە بکات و خۆی رادەستیی بیروڕایەک، یان سەرکەوتنیی گورپگەلێکی وەزشکاریی و دینی و حیزبیی و سیاسییکرد بە دڵنیاییەوە ئەو مرۆڤە بیەوێت یان نا مرۆڤێکی کۆیلەیە و، لە ئاستیی ڕاستییەکان و جیاوازییەکاندا نابینادەبێت، نابێت بە تاکێک کە تۆلێرانسی هەبێت و جیاوازییەکان قبوڵبکات لە پانتایی خۆیدا. مرۆڤی کۆیەلە، لە دۆراندندا خۆی لە دەستدەدات، تێکدەشکێت و، توانای هەستانەوەی نامێنێت، توانای خۆ زیندوکردنەوە و ڕاپەرین و شۆڕشگێڕێتی نامێنێت، لە سەرکەوتنیشدا، لوتبەرز دەبێت و بەرچاوی خۆی نابینێت و خۆی لەسەرو هەموو کەسێکی ترەوە دەبینێت و، دەبێت بە ستەمکار و خۆ بە زلزان .

ئەو تاکانەی کە خۆیان دەکوژن!، یان دەکەونە شەڕ و پێکدانەوە لە کاتی کێبڕکێکاندا، وەک کێبڕکێیی هەڵبژاردنەکان، یان کێبڕکێ وەرزشکارییەکان، دەتوانم بڵێم ئەوانە مرۆڤگەلێکن خۆیان نەدۆزیوەتەوە!، ئەوانە خۆیان لە باوەڕیی دینێکدا، یان ئایدۆلۆژییەکدا، یان سەرکەوتنی حیزبێک یان گروپێکی سیاسیی و ئەتنیکیی و وەرزشکارییدا بینیەوەتەوە، تا ئەو ئاستەی کە تواونەتەوە!، توانەوەش، هەرچ فاکتەرێکی لە پشتەوە بێت، ترس لێیی بوون بە کۆیلە بوونە. هەر ئەم حاڵەتشە، کە حیزبەکانی کوردستان و دین و ترادسوێنەکان توانیوییانە بە گروپیی گەورە گەورە خەڵک بکەن بە مێگەل و حەشاماتێک دروستبکەن بۆ خۆیان و، چۆنییان بویەت و، چۆن لە بەرژەوەندییان بێت، بەو جۆرە ئەم حەشاماتە هەڵدەسوڕێنن و یارییان پێدەکەن وەک یاریی شەترنج و بەردی دامە بەکارییان دەهێنن .

هەوادارانی ڕیاڵمەدریید و بەرشلۆنە و هەرچ نادییەکی تر، بۆیە دەگریین و خۆیان دەکوژن و شین و شەپۆڕ دەکەن لە کاتی دۆڕاندنی نادییەکانیاندا، چوونکە هەموو ژیان و ئەم دنیا پان و بەرینە لە سەرکەوتنی ئەو نادیانەدا دەبیننەوە. ئەوان دۆڕاندنەکان بە سوکایەتیی و تێشکان دەبینن، وای نابیین کە ئەوە ئاساییە و ئەو نادییانە هەموویان لە مرۆڤگەلێک پێکهاتوون، یان ئەم دەیباتەوە یان ئەو، جیاوازیی لە نێوان دۆڕاندن و بردنەوەدا تەنیا کۆتایی یارییەکەیە، هەڵبەت مەبەستم لە خاوەنی نادییەکان نییە کە وەرزشییان کردوە بە بازرگانێتیی و شوێنی خۆ دەوڵمەندکردن و پارە پەیداکردن .

(لینکی گریانی کوڕە گەنجەکە) … شیتەکەی ڕیاڵ مەدرید …..

دوا قسەم لەسەر ئەم بابەتە، ئەوەیە کە فاکتەرگەلێک هەیە بۆ کۆیلەبوون، ئەوانەی کەپتیی سیکسییان هەیە، بۆ سێکسکردن دەبن بە کۆیلە!، ئەوانەی نەخوێندەوار و ناهوشییارن و، بەو مانایە گروپە حیزبیی و سیاسیی و دینیی و ئەتنیکییەکەیان لە پێناویی مۆرڤدۆستیی و، ئازادیی و، دیموکراتیی و، دادپەروەریی و، یەکسانیی و، مافی مرۆڤ و بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتییدا قبوڵ نەکردوە! زوو دەبن بە کۆیلە. ئەوانەی تۆلێرانس، ناس نیین و جیاوازییەکان لە پانتایی سروشتیی خۆیدا قبوڵ ناکەن دەبن بە کۆیلە. ئەوانەی بیرو باوەڕ و ئایدۆلۆژییەکانییان بە دۆگامیی وەرگرتوە و لە میشکی خۆیاندا بە جۆرێک بەرجەستەکردوە کە ڕەخنەگرتن لێیی بە سوکایەتیی و هەڕشە بۆ سەر (حەقیقەت) دەزانن دەبن بە کۆیلە. ئەوانەی لایان وایە کە تەنیا حەقییقەت لای ئەوانە و لای سەرکردە و ڕابەرە سیاسیی و دینییەکانیانە، دەبن بە کۆیلە. هەموو ئەوانەی کە ئەوەی دەیانەوێت، ئەوەی حەزی پێدەکەن، ئەوەی ئارەزووییان لێییەتیی ئەوەی بە ڕاستیی دەزانن، ئەوەی بە چاک و باشی دەزانن و ئەوەی چێژیی مەعەنەویی و مادیی لێوەردەگرن بە جۆرێک قبوڵییانە وەک دین تەماشایی دەکەن و، کردووییانە بە هێڵی سور و نابێت ڕەخنەی لێبگیرێت، ئەوانە بیانەوێت یان نا کۆیلەن. گەنجە هەوادارەکەی ڕایاڵمەدریید کە لەسەردەم خۆیداوە بە ڕوودا و دەگریی و شینن و شەپۆرێتیی بیەوێت یان نا کۆیلەیە. هەموو ئەو ئەندامان و هەوادارانەی کە دەزانن یەکێتیی و پارتیی دوو حیزبیی ستەمکارن، دوو حیزبیی بەرژەوەندخوازن بۆ پێگەی خۆیان و حیزبەکانیان، دوو حیزبن بریتیین لە ئیمپراتۆرێتیەکی ماڵیی و کۆکردنەوەی سەرمایە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەنگییان بۆ دەدەن‌! بیانەوێت یان نا کۆیلەن. تاکی عەقڵ ئازاد ڕەخنە لە حیزبەکەی دەگرێت و لێقبوڵناکات لە بەرنامە و پەیڕەو و پرۆگرامەکەی دەربچێت، نابێت بە کۆیەلە و خۆیی ناتوێنێتەوە و هەمیشە شۆڕشگێرانە ڕەفتاردەکات .

نەرویج — ١/٥/٢٠١٣

1,460 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت