کامیار سابیر: هەرزەکاریی نەتەوەیی و پیرە سیاسییەکانی کورد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر خوێنەر بەوردیی سەرنجی نووسینی هەر کەسێک بدات ، بەتایبەتیی ئەگەر شارەزاییەکی رووکەشییشی لە زمانناسیی و مەعریفەی زمانناسییدا هەبێت ، زۆر زوو لەئاستی فیکریی و مەعریفیی و پانوپۆڕیی یان تەنکیی و سەرچیغیی نووسەر تێدەگات . ئەم وتارە دەبەستمەوە بە ئاگایی و دیدی سیاسیی و کولتووریی و فیکریی هەندێ لە سیاسییەکانی کورد و ئەو رۆشنبیرە ناسیۆنالیستانەی لەو بوارانەدا کاردەکەن . لێرەدا مەبەست لە ژۆرناڵیستە زۆروزەبەندەکانی کورد نییە ، بەڵکو مەبەست لەو رۆشنبیر و نووسەرانەیە ، کە خۆیان بە گەورە نووسەرو و پسپۆر و رۆشنبیر دەزانن ، کەچیی زمانی نووسین و کۆنتێکستی دەربڕینەکانیان ، ئەوەندەی موراهیقانەیە ، ئەوەند عەقڵانیی و وردبینیی و دووربینیی و سەلیقەی فیکرییان تێدا نییە .
مەبەست لە بەکارهێنانی زمانێکی رەحەت (ergonomic) نییە ، بەڵکو مەبەست لە زمانێکە کە میتۆدۆلۆجیی چەمک و وشە و رستەکان ، لە یەک چەپکی زمانیییدا بە کاریگەریی و وردیی و عەقڵانیی بگەیەنێت . ئەم میتۆدۆلۆجییە لە زمانی ئینگلیزییدا (Operationalization) ی پێدەگوترێ . پێویستە بە کۆ (cohort ) و بەگشتیی ، ئامانجە زمانیی ، کولتووریی و سیاسییەکەی بگەیەنێت و مەغزا هەمەلایەنەکانی عەقڵانییانە بپێکێت . سۆقڕات ( سۆکرات ) ، جوان ئەمەی باسکردووە ، کاتێ دەڵێ” سەرەتای حیکمەت لە پێناسەکردنی چەمکەکانەوە دەست پێدەکات “. لێرەدا پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە ، ئەمە دەبێت ، ئایا حیکمەت لەو هەرزەکارییە ناسیۆنالیستییە چییە ، ناوچە جێناکۆکەکان، بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەگۆڕدرێت ؟ لەکاتێکدا لەسەر ئەرزی واقیع ، بۆ مامەڵە و پرۆتۆکۆلە سیاسییەکان ، ئەمە نایخوات !
دەستوری نوێی عێراق ، بە رەزامەندیی پیر و پەککەوتە سیاسییەکانی کورد نووسراوەتەوە . ماوەیەکی زۆریش شانازییان پێوە دەکرد و وەک دەستکەوتی نەتەوەیی زۆر مەزن بەچاوی خەڵکیاندا دەدایەوە . هەر ئەو دەستورە ، ئەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە ، بەناوچە جێناکۆکەکان ( کێشەلەسەرەکان) بە زمانی ئینگلیزیی و عەرەبیی و کوردیی جێکەوت بووە و واژۆکراوە . بۆ هەر زمانێکیش وەربگێڕدرێت ، دەبێ ئەو چەمکە بەکار بهێنرێت ، کەچیی مەسعود بارزانیی ، بۆ بازاڕی سیاسیی و فووکردن بە بلوێری کوردایەتیی ناوچەگەرایی و ناسیۆنالیزمی خێڵەکییدا ، بە ئیلهامی هەندێ رۆژنامەنووسی کۆنە بەعسیی و ئیتیحاد – ئەلتەڵەبەی جاران ، بە هاوکاریی هەندێ لە مەلاییەکانی ناو مەکتەب سیاسیی یەکێتیی ، ئەم عاجباتییە جێنتڵمانییەی لە پارلەماندا تێپەڕاند . سەیر ئەوەیە ، هەندێ ئەندام پارلەمانی ئۆپۆزیسیۆنیش( وەک موراهیقی نەتەوەیی و موراهیقی سیاسیی ) ئەمەیان بەسەردا تێپەڕی .
فەیلەسووفی جوولەکە باکگراوندی ( لەدایکبووی سۆڤێت ) ئەمێریکایی ، ئاین راند Ayn Rand لەسەر فەلسەفەی ( ئۆبجێکتیڤیزم – objectivism ) بۆچوونێکی زۆر ورد و پڕ لەسەلیقە و عەقڵانیی هەیە . ئەو پێیوایە ، بەها و پرەنسیپی ناعەقڵانیی ، لە دڵسۆزییەوە نییە ، ئەو ئایدیایەی پێی لەسەر ئەرزی واقیع و عەقڵانییەت نەچەسپیبێت ، هەرگیز حەقیقەتی لێ سەوز نابێت . ئایا بەڕاستیی ، ئەو مێنتاڵیتیییە موراهیقانەیەی دەسەڵاتی کوردیی بەگشتیی و غرورە نەتەوەییەکەی ؟ بارزانیی و حیزبە بێپرەنیسپ و بێفیکرەکەی هاوپەیمانی( یەکێتیی ) ، لەسەر ئەرزی واقیع ، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ، جگە لە حەماقەتێکی سیاسیی و موراهیقانە ، هیچی تری لێ سەوز دەبێت .
ئەوەتا ، میدیای پارتیی بەشانازییەوە ، رێکەوتنەکەی نێوان کەسی دووەمی ناو پارتیی( نێچیرڤان) لەگەڵ نوری مالیکییدا بڵاو دەکاتەوە و چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان لە بری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لەو رێکەوتنە ٧ خاڵییەدا بەکارهێنراوە . باشە ئەو پرسیارە مێنتاڵ خێڵەکییە دەبێ بورووژێنرێ ، ئەی پیاوە سیاسییەکانی هەرێم ، ئێوە بەس لەناو ماڵەکەی خۆتاندا ، خۆتان رادەدەن و کۆمەڵێ دروشم و سەدای حەماسیی دەژەنن و شەقامی کوردیی پێ گەرم دەکەن ، ئەی بۆ ناوێرن لە کۆبوونەوەکانتان و گفتوگۆکانتاندا له‌به‌رامبه‌رنه‌یاره‌کانتاندا هەمان دەربڕین و حەماس و چەمکی سیاسیی بەکار بهێننەوە ؟ باشە بارزانیی ، تۆ برازا دەسەڵاتدار و بیلیۆنێرەکەت ، ئەو چەمکە بەکار نەهێنێت ، ئەی چاوەڕوانیت کێ بەکاری بهێنێت ؟ مەسەلەکە بە روونیی ئەوە دەردەخات ، سەرۆکی هەرێم زۆر ناعەقڵانیی موراهیقانە ئەو بڕیارەی دەرکرد و یەکێتییش زۆر داوەشاوانە ، لە باری سیاسیی و فیکرییەوە ، دەنگی لە پارلەماندا ، پێدا .
ئەم هەرزەکارییە نەتەوەییەی پیرە سیاسیی کورد و سەرۆکی پارتیی ، زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ، لەلایەکەوە ، بەکردەوە حەز ناکات ، کەرکوک بە ماددەی ١٤٠ بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان ، چونکە لە هەر دەنگدانێکی سەرتاسەریی هەرێمدا ( بەکەرکوکەوە )، پارتیی یەکەمین حیزبی دۆڕاو دەبێت . لەلایەکی تریشەوە ، بۆ دەغدەغەی شەقامی نەتەوەیی و بۆ گەلحۆکردنی زیاتری ئەو ناسیۆنالیستە بێسەواد و بێفیکرانەی ، هێشتا ئەی رەقیب مەستیان دەکات ، شەقام دەجوڵێنێت و ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی و ئێسنیکیی کورد ، دەکات بەگژ ناسیۆنالیزمی عێراقیی و عەرەبیی و تایەفییدا ( شیعە و سوننە)، بۆ ئەوەی دەستکەوتی ماددیی و پارەی کۆمپانیاکانی نەوت لە مالیکیی وەربگرێت . هەزار کەرکوکیش بەڵاوەگێڕی ئەو دەستکەوتە مادییانە بێت ، کە بۆ بنەماڵە سیاسییەکانی کورد ، بە فیردەوسێکی ئەفسووناویی ئەژمارد دەکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت