جیهاد موحەمەد : رێکەوتننامە گوماناوییەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مالکی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەمێکە زۆربەی چاودێرە سیاسییەکان و رۆشنبیران و رۆژنامە نووسان و تەنانەت زۆریکیش لە خەڵکی گشتی کوردستان لە گەمە چەواشەکارییەکان و خەڵک سەرقاڵکردن و خۆڵکردنە چاوییان و خوتووکەدانی هەستیی نەتەوەیی بە ناوی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردییەوە تێگەیشتوون لە گەمە سیاسییەکانی سەرۆکی هەرێم(مەسعود بارزانی) و پارتی و توێژێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی. لە سەر زۆرێکیش لەم گەمە سیاسیایەن وەڵامدراوتەتەوە و رەخەنەییان لێگیراوە و فێڵەکانیان ئاشکراکراون، بە جۆرێک کە سادەتریین خەڵکی کوردستان شارەزە بووە لێییان .

کورد ، دەمێکە وتوییەتی پەتی درۆ کورتە . پەتی درۆ و بانگهێشتە ساختەکارییەکانی کۆکردنەوەی دەنگ و هەڵبژاردنەکانی دەسەڵاتی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە پەتک ـ ی دەیانجارە بەکارهاتوو پێکهاتووە ، پەتی گەمە سیاسییەکانی ئەم دەسەڵاتە لە ریسێک پێکهاتووە کە چەندین جار هەر خودی خۆیان ناچار بە گەمەیەکی تری سیاسیی کردویانتەوە بە خوری . رێکەوتنامەی کۆبوونەوە دوقۆڵیەکانی نێوان نێجیرڤان بارزانی و مالکی لە تەونێکی سیاسیی پوکاوەی گومانلێکراو پێکهاتووە کە ریسەکانی تری دەسەڵاتی سیاسی کورددستانی کردەوە بە خوریی و هەڵیوەشاندنەوە. ئەم پەتک و خورییە لە کەڵک کەوتووەی پارتی و حکومەتی هەرێم ، کە دیانجار کردویانەتەوە بە قورگی مەکینەی رستنەوەییدا ، تەنیا بە هۆکاریی هێزی سەروەت و سامانەکەیان ، واتا (دراو) و هەڵخەڵەتاندن ، واتا (درۆ) و بە کارهێنانی حکومەت وەک ئامرازی سێیەم توانیوییانە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن و سیناروێ لە دوای سنیارۆیی پێدروستبکەن .

ئەگەر بە وردی سەیری رێکەوتنە ٧ خاڵییەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مالکی بکەین، لەسەر هەریەک لەو خاڵانە قسەگەلێک و لێکدانەوە و شیکاریی تایبەتی خۆی هەڵدەگرێت . ئەمە جگە لەوەی کە ئەو ڕێکەوتننامەیە دەبوایە بە بەلاغێکی فەرمیی و بە واژووی هەردوو سەرۆکی شاند و ئاگاداریی و پشتڕاستکردنەوەی ئەندامانی شاندی هەردوو لا تەواو ببواییە . کەچی بە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی نێوان مالکی و نێچیرڤان بارزانی دوایی هات !. ئەمەش لە لایەک تاریکییەکی ئەوتۆی بەسەر ئەو ریکەوتنامەیەدا هێناوە کە بووە بە جێگەی گومانی هەموو لایەک و بە تایبەتی گومانی لای ئۆپۆزسوێن دروستکردوە .

خاڵی یەکەمی بەم جۆرەی خوارەوە داڕێژراوە :

1- ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ ( قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و چه‌كی كیمیایی و ڕاپه‌ڕین و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ) و حكوومه‌تی فیدراڵ بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و ئاو‌اره‌ و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانن ؛ بڕه‌ پاره‌ی پێویست ته‌رخان ده‌كات .

پێش هەموو شتێک ، نابێت پڕۆژە یاسایی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال و چەکی کیمایی ، تێکەڵ بە هاوکاریی حکومەتی فیدارڵ بکرێت بە ناوی یارمەتییدانی ئاوارە و پەنابەرانەوە . ئەمە دوو شتی جیاوازە و تێکەڵەیەک دروستدەکات کە رەنگە لە دواجاردا و لە کاتی جێبەجێکردنییدا لەسەر حسابی قەرەبووکردنەوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و چەکی کیمایی رێگەی گەندەڵیی خۆشبکات و پارەیەکی زۆر لەو قەرەبووکردنەوەیە لابدرێت بە ناوی( یارمەتی ئاوارە و پەنابەرانەوە ) !. جگە لەمە ئەو پرۆژە یاسایە دەبوایە دەستبەجێ بە فەرمانی سەرۆکایەتی وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی فیدراڵی بۆ هەردوو فراکسوێنی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی کوردستان بکرایە بە پرسی لێکۆڵینەوە و دەنگدان لەسەری لە ناو پەرلامانی عێراقدا ، تا چیی زووترە جێبەجێبکرێت. کاتێک کە ئەمە داوادەکرێت بکرێت بە پرۆژە یاسایەک ، ئیتر ئەوە رادەستکردنییەتی بە ئەگەرە سیاسییەکانی داهاتووی عێراق و کوردستان و دەچێتە ژێر ڕەحمەتی بەرژەوەندخوازیی حیزبایەتییەوە لە جێبەجێکردن و جێبەجێنەکردنییدا. ئەم خاڵە تەنییا شکڵییە و لە ناوەڕۆکدا هیچ نییە جگە لە داواکارییەک .

٢/ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ هەماهەنگیی ئەمنی .

ئەم خاڵە نابەجێیە و جێگەی گومانە ، چوونکە لیژنەی ئەمنی لە کوردستاندا لە ژێر فەرمانڕەوایەتیی (مەسرور بارزانی ) دایە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیە و دەسەڵاتێکی ئەوەندە باڵای پێدراوە کە کەوتوەتە سەرو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە سەرۆکی هەرێمەوەیە. رەخنەیەکی جددی لەسەرە و، دەمێکە داوای ئەوە دەکرێت دەبێت ڕاوێژکاری لژینەی باڵای ئەمنی لە کوردستاندا بە یاسا لە پەرلەمانەوە بە پرۆژەیەکی یاساییدا تێپەرێت و دەسەڵاتەکانی دیاریی بکرێت و ببێت بە دەستگایەکی حکومیی و لە ژێر ڕکێفی پارتییدا دەربهێنرێت . تا ئەمە نەکرێت ئەم ڕاوێژکار و لیژنە باڵا ئەمنییەی کوردستنان بۆی نییە هیچ ریکەوتنێک بکات لە گەڵ لیژنەی ئەمنی عێراقدا ، کاتێکیش دەخرێتە دوو توێی رێکەوتننامەیەکی واوە، ئەوە شێواندنی کارەکانی حکومەتە، چوونکە بە هەموو پێوەرێک ڕاوێژکاری دەستگای ئەمنی لە کوردستاندا هی حیزبە و لە بەرژەوەندی پارتیی کار دەکات و بێلایەن نییە .

٣/ پێکهێنانی لیژنەیەک لە هەردوو لا بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی بەڕێوەبردنی ئەمنیی هاوبەش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کە بە میکانیزمێکی تایبەت و بێ لە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکان ، لە نێویشیاندا ئۆپراسیۆنی دیجلە ، بەڕێوەدەبری .

لەم خاڵەدا هەر وەک کاک کامیار سابیر لە نووسینێکیدا ئاماژەی پێدابوو . لە کوردستاندا سەرۆکی هەرێم بۆ گێڕانی سیناروێ و خوڵکردنە چاوی خەڵکییەوە و خوتوکەدانی هەستی نەتەوەیی بە بڕیارێک وتی دەبێت لەمەودوا لە جیاتی ناوچە ناکۆکیی لەسەرەکان ناوچە کوردستانیەکان بەکاربهێنرێت . ئەگەر ئەوە بۆ خەڵەتاندن و خوتوکەدانی هەستیی نەتەوەیی و گەمەکردنی سیناروێی شەڕەکەیان نەبوو لەگەڵ مالکیدا لەسەر ٤ ملیار دۆلار ، ئەی بۆ ئەوەندە بوێر نیین کە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مالکیدا هەمان قسە بکەن و بڵێن ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانیین ! هەر خۆیان خۆیان بەدرۆ خستەوە بە بێ شەرمکردن . دواتر ئەوە هەڵخەڵەتاندن و خەڵک گەمژەکردنە کە دەڵێن لیژنەیەکی ئەمنی لە هەردوولا پێکبێ بە بێ ئۆپەراسوێنەکان و لە ناویشیاندا ئۆپەراسوێنی دجلە. چوونکە ئۆپەراسوێنی دجلە مەوجودە و هەمیشە لەسەر پێییە بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی مالکی . کاتێکیش کە ئاماژە بە ( ئۆپەراسوێنەکان و لە ناویشیاندا ئۆپەراسوێنی دجلە کراوە ) دەستەواژەی (ئۆپەراسوێنەکان) گومانی ئەوە هەڵدەگرێت کە مەبەستییان لە هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانییە لە ناوچەی کەرکوک و خانەقیندا . پارتی هەمیشە ئەوە پیشەیەتی کاتێک مەسەلەیەک خۆی تیا نەبێت ، یان پێگەی خۆی لە پێگەی یەکێتی تیا لاوازتربێت ئەگەر زۆر بە زیانی کوردیش بشکێتەوە قبوڵی ناکات ، وەک سیناروێکەی خۆی سەرینەگرت و مالکی بە ملهوڕی ئۆپەراسوێنی دجلەی نەگەرانەوە ، بۆیە ئەمیش لە لیژنە ئەمنیەکاندا نایەوێت هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانیی بەشداربن ، بە تایبەتی لە ئێستادا کە بە فەرامانی کۆسرەت رەسوڵ هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی جوڵەیان پێکراوە بۆ جێ ناکۆکەکان و کەرکووک .

٤/ پێکەوەکارکردن لە پێناوی دانانی یاسای دیاریکردنی سنوورە ئیدارییەکان بۆ پارێزگاکان وەک ئەوەی لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کراوە، هەروەها پرۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی(ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ) کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش کراوە .

ئەم خاڵە رێک بە پێچەوانەی دەستوری عێراقەوەیە کە هەمیشە مەسعود بارزانی دەیوت ئێمە پێ لەسەر جێبەجێکردنی دەستوری عێراق دادەگرین . بەم خاڵە ماددەی ١٤٠ دەپوکێتەوە . دیارە پوکانەوەی ماددەی ١٤٠ کە لەوانەیە ببێتە هۆکاری گەرانەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان ، لە بەرژەوەندی پارتی نییە ، چوونکە هەمیشە پارتی نەیویستوە کەرکووک بگەڕێتەوە سەر کوردستان، بە هۆکاری ئەوەی کە پێگەی لەم شارەدا لاوازە و وەک یەکێتی نییە .

٥/ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی قەزا و گومرگ و سەفەر و دەروازە سنوورییەکان و هاوشێوەکانیان لە هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم .

ئەم خاڵە لە بەرژەوەندی مالکی و حکومەتی ئیتیحادییە نەک حکومەتی هەرێم و کورد، چوونکە لە دەستوردا ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە . ئەوەی کە بیانووی گرتوە لەسەر ئەو ماددە دەستورییانە ئەوە مالکی و عێراق بووە. لێرەشدا سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێم قسەکانیان سەرینەگرت کە دەیانوت پێلەسەر جێبەجێکردنی دەستور دادەگرین. بە گوێرەی ئەم خاڵە هەمیشە مالکی بۆی هەیە بیانوو بگرێت و شەر بە کورد بفرۆشێت . بەڵام نێچیرڤان بارزانی و پارتی دەربەستی ئەمە نیین ، چوونکە هەتا هەتایە خۆ ئەوان لەسەر حوکم نابن و حکومەت بەدەست پارتییەوە نابێت ، کەواتە کێشەکە بۆ حکومەتی ئایندەی کوردستان بەردەوام دەبێت .

خاڵی شەشەم و حەوتەم. ( 6- داواكردن له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ یاسای بودجه‌ی فیدرالی ساڵی 2013 و پاشكۆكانیدا، به‌ شێوه‌یه‌كی ئسووڵی.

7- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری له‌ هه‌ردوولا بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز و پڕۆژه‌یاسای دابه‌شكردنی داهاته‌كان.)

هەردووکییان جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مالکی و حکومەتی ئیتیحادییە. وە وازهێنانە لە دەستور و مافەکانی کورد لە دەستوردا. چوونکە ئەو کێشانە بە گوێرەی دەستور یەکلاییکراوەتەوە. بە هەڵواسراویی مانەوەی ئەم کێشەیە و رادەستکردنی بە لیژنەو لیژنەکاریی کە مالکی و حکومەتی ئیتیحادی دروستییانکردبوو، داوای داهاتی نەوتییان لە پارتی دەکرد، کێشەیەکی نەگریس و ئاڵۆزە بۆ حکومەتی داهاتوو لە کوردستاندا. داهاتی نەوت هەمووی تا ئێستا لای پارتییە لە رێگەی وەزیری نەوت و نێچیرڤان بارزانی خۆیەوە، بۆیە هێشتنەوەی ئەو کێشەیە بە هەڵواسراویی خۆ دەربازکردنی پارتییە و مانەوەی کێشەکەیە بۆ کورد و حکومەتی ئایندەی هەرێم. دیسان هەردوو خاڵەکە لادانە لە دەستور و قبوڵکردنی کوردە بە فشاری مالکی لە دەستور کە لە بەرژەوەندی کوردە.

نەرویج / ٥ – ٥ – ٢٠١٣

2,258 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت