barzani_talabani

بەختیار شارەزورى : سەرۆک و کارتى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەبەردەم پێگەیشتنى نەوەى نوێدا ئەگەرى گۆڕانى قۆناغێکى نوێ بەڕێوەیە ، لە بەریەککەوتنى نەوەکاندا ئەکرێت ئەم چرکە ساتانە پەڕینەوە بێت بۆ قۆناغێکى نوێ کە بتوانرێ بچینە ئەودیو دۆخى چەقبەستویى و هەژموونى حیزبییەوە ، ئەمەش لە پرسى دەستور و سەرۆکێکى نوێدا خۆى دەبینێتەوە کە ئێستە یاریەکان بەردەوامى هەیە و کەوتوینەتە بەردەم پرسیارە گەورەکانەوە …کە ئایا یاریەکان دەتوانن ئەو ئەنجامەمان بدەنێ کە بتوانرێ بە سەرەتاى قۆناغى نوێ ناو ببرێت ..؟

بەرى پارتى ئەو یاریە دەکات کە بتوانێت بۆ سستم هەر سەرۆکایەتى بێت و سەرۆکیش کاک مسعود بارزانى بێت بۆ ئەم یاریەش کار لەسەر هەردوو کارتى ناوخۆى و دەرەکى دەکات تا بتوانێت بەو ئامانجە بگات کە کۆى پارتى دەیەوێت ، لە ئێستادا لە بەرامبەر دەستوردا بەرەى گۆڕان لە ئاستى ناوخۆدا تا بێت فراوانتر دەبێت چونکە هەموو حیزبەکان کەوتونەتە بەردەم حوکمى سەروەرى یاسا و دەستورەوە کە بە پێ ى دەستور کاک مسعود ناتوانێ بۆ خولێکى تر خۆى کاندید بکاتەوە مەگەر بە سازانێکى نیشتمانى کە هەموو هێزەکان بسازێن لەسەرى خۆ ئەگەر پارتى لەم سازانە گشتیەدا و لەم هەوڵەیدا شکستى هێنا بێت ئەوا لە بوارى دوەمدا کە پرسى دەستور خۆیەتى ئەگەرى گەڕاندنەوەى بۆ پەرلەمان و هەموار کردنەوەى دەبێتە کێشەیەکى گەورەى پەرلەمانى ، بەڵام دەبێت بپرسین هەموار کردنەوەکە چۆن بێت و چ ماددەیەکى دەگۆڕێت ، وە لەکاتى هەموارکردنەوەدا بە دەنگى زۆرینە بێت یان 3/2 ….. یان دواى دەسکارى کردنى دەستور لە دەرەوەى پەرلەمان دیسانەوە هەوڵى سازانى هێزەکان بدرێت ، هەموو ئەمانە پارتى خستوەتە بەردەم ئەوەى کە بەرە فراوانەکە (بەرەى گۆڕان ) داواى هەموارکردنەوەى بکەن و دەسەڵاتەکان لە سەرۆکى هەرێم بسێننەوە و باڵانسێک هەبێت بۆ دەسەڵاتەکان و سستم ببێتە پەرلەمانى خۆ ئەگەر ئەم داوایە داواى زۆرینەى هێزەکان بێت ئەوا بۆ خۆى پارتى ناتوانێت سەرۆکایەتى هەرێم بگرێتە دەست وەک ئەوەى کە ئێستە هەیە ئەو کات دەبێتە سەرۆکایەتیەکى تەشریفاتى و دەسەڵاتەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان کە دەکاتە ئەوەى لەگەڵ ئامانجى پارتیدا پێچەوانە بێتەوە چونکە پارتى دەیەوێت دەستور بەم ڕەشنوسییەوە بخرێتە دەنگدان و بە سەرۆکایەتى بمێنێتەوە و پاشان کار لەسەر ئەوە بکرێت کە دەوترێت کاک مسعود لە خولى یەکەمدا لە گەلەوە هەڵنەبژێراوە و دەتوانێت بۆ خولێکى تر خۆى هەڵبژێرێتەوە( کە ئەمەش دیسانەوە لادانە لە یاساکان ) ئەمە ئامانجى سەرەکى ئێستاى پارتیە بۆیە دەیەوێت کارتەکانى بەکار بهێنێت … با بپرسین چۆن ..؟

کارتى گەورەى دەستى پارتى ( یەکێتى نیشتمانى کوردستان ) ە کە بەپێى پەیمانى ستراتیژى و هاوپەیمانى چەند ساڵەى دەسەڵاتیان هاوکارى بکات و شەرعیەتى یاساى هەڵبژاردنەکانى بۆ دابین بکات چونکە یەکێتى هێزى گەورەى نێوان بازنەى گۆڕان و پارتییە بەڵام یەکێتى دواى مام جەلال ناتوانێ ئەو یەکێتیە بێت کە جێ ى هیواى پارتى بێت چونکە لە ناو یەکێتیدا چەند هێزێک هەیە ( مەکتەبى سیاسى ، ئەنجومەنى ناوەند ، بنکەى یەکێتى ) کە جگە لە نیوەى مەکتەبى سیاسى و هەندێ دەنگى کەم نەبێت زۆرینەى ئەم سێ هێزە دژى هەوڵەکانى پارتین خۆ ئەگەر مام جەلال توانیبێتى کۆى دەنگەکانى ناو یەکێتى ڕازى بکات بە سیاسەتەکانى پارتى ئەوا ئێستا کۆمتمانەیى بۆ هیچ یەکێک لە سەرکردەکانى ناو یەکێتى نیە بۆیە پارتى سەرکەوتو نەبوو لە دروستکردنى مام جەلالێکى تر لە ناو یەکێتیدا یان نەیتوانى کۆپیەکى مام جەلال دروست بکات تا ببێتە ئەو دار شەقەیەى کە پارتى دەتوانێت بەردەوامى بە ڕۆشتنى خۆى بدات ، لێرەدا پارتى پێویستى بە تەواوى یەکێتیە نەک بەشێکى بچوکى وە لەم هەوڵەشیدا سەرکەوتو نەبوو بۆیە پارتى پەنا بۆ کارتى دوەمى دەبات ئەویش کارتى دەرەوەیە تا یەکێتى ناچار بکات پابەند بێت بە سیاسەتەکانى پارتیەوە … با بپرسین چۆن ..؟

پارتى لە ڕێگەى ئێرانەوە کاردەکات تا سود لە لاسەنگى دەسەڵاتى مالیکى ببینێت و وەک کارتى دوەم کارى لەسەر بکات بە هاوکارى کردنى مالیکى لە لایەن پارتیەوە چونکە ئێستا مالیکى و بەرەى شیعە لە بەرامبەر بەرەى سونەدا توشى قەیرانى گەورە بوەتەوە زۆر پێویستى بە کارتى کورد هەیە بۆ بەرزکردنەوەى بالانسى خۆى …

ڕۆشتنى نێچیرەڤان بارزانى بۆ ئێران بۆ ئەو ناوەند گیریە بوە تا لە ڕێ ى مالیکیەوە کارتەکەى بەکار بهێنێت واتا کارت بە کارت دەکات … لە بەرامبەر پشتیوانى کردنى کاک مسعود بۆ مالیکى و پشتکردنە سونە و بێدەنگکردنى سونە لە لایەن تورکیاوە بتوانرێت بە ئێران و بەمالیکى یەکێتى ناچار بکات هاوپەیمانیەتیەکەیان لەم خولەى هەڵبژاردندا بەردەوام بێت و چانسى بردنەوەى مسۆگەر بکات ( چونى هێرۆ خان بۆ ئێران ) ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتننامەى ستراتیژى دەبێت کە لەبەرامبەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقدا سەرۆکى هەرێم بۆ پارتى بێت و ئەوانیش بتوانن بە پشتوانى هێزى ئەم کارتە یەکێتى ناچار بکات کە حیلە شەرعییەک بۆ کاک مسعود بدۆزنەوە و جارێکى تر ببێتەوە بە سەرۆکى هەرێم چونکە تاکە کاندیدى پارتى بۆ سەرۆکى هەرێم هەر کاک مسعودەو کۆمتمانەیى پارتى لەسەرە و کەسى دوەم و سیێەم بونى نیە کە بتوانێت ئەو متمانەیەى هەبێت لاى پارتیەکان کاک مسعودیش کەوتوتە بەردەم لادان لە ڕەشنوسى دەستور وە پارتى دەیەوێت لە ڕێى بەشکردنەکانى پەیمانى ستراتیژیەوە یەکێتى ناچار بکات بە پشتوانى پارتى … لێرەوە دەکەوینە بەردەم گریمانەیەکەوە ….

گریمان پارتى لەم یارییەیدا سەرکەتو بوو یەکێتى ناچارکرد بەوەى کە دەستور بخرێتە دەنگدانەوە پاشان کار بۆ دانانەوەى کاک مسعود بکرێت ئەو کات دەستور پێویستى بە 3/2 دەنگەکان دەبێت بەڵام ئایا ئەگەر پێشتر مام جەلال کارى بۆ کاک مسعود کردبێت و ئەو دەنگەى هێنا بێت ئێستە کێ کار بۆ دەنگهێنانى دەستور دەکات ئەوەش ڕونە کە بنکەى یەکێتى و بەرەى گۆڕان دەنگ نادات بە دەستور ئەمە جگە لەوەى کە بۆ خۆى دەستور بەم شێوەیە ( واتا سەرۆکایەتى ) ناڕەزایەتیەکى گەورەى لێ دەکەوێتەوە هەڵە گەورەکە لێرەدایە کە دەستور بەم شێوەیە بخرێتە دەنگدانەوە وە ئەوە ڕونە کە ناتوانرێت دەنگى پێویست بهێنێت ..

پارتى لەبەردەم هاوکێشەیەکى زۆر ئاڵوزدایە و بە هەموو دیوەکاندا لەبەرژەوەندى ئامانجەکانى پارتیدا نیە کارتەکانى تواناى ئەو یارییانەى نیە کە دەیەوێت بیکات وە یەکێتیش کەوتوەتە بەردەم دوڕێیانێک , کە نازانێت ڕێگاکان بە کوێیان دەگەیەنێت خۆئەگەر یەکێتى لە ژێر گوشارى ئێران و مالیکى و پۆستى سەرۆک کۆماردا ناچار بکرێت , بە گەڕاندنەوە بۆ ڕیکەوتننامەى ستراتیژى و چونەوە ناو بازنەى پارتى ئەوا بۆ خۆى دەکەوێتە بەردەم ئەگەرى کەرت بوون ، وە ئەگەر بە دیوى دوەمدا بچێتە ناو بازنەى گۆڕانەوە ئەوا بەرژەوەندى زۆرێک لە سەرانى یەکێتى دەکەوێتە بەردەم مەترسیەوە و ئێرانیش وەک درێژکراوەى خۆى دەبێتەوە بەدژى وە تورکیاش لە دۆخى چاودێریدایە و گڵوپى سەوزى بۆ پارتى هەڵکردوە , کە ئەو یاریانە بکات تا براوە بێت , چونکە بە درێژکراوە ئابورى خۆى دەزانى وە بۆ ئەم یاریە هاوکارى لۆجستى دەکات . لەم نێوەندەدا لە ناو هاوکێشەى ئەگەرى ئەم گۆڕانکارییانەدا بازنەى گۆڕان هەموو هێزەکانى خستوەتە بەردەم دوو هەڵبژاردنەوە یان گۆڕینى کۆى نەخشەى سیاسى هەرێم یان مانەوە وەک دۆخى چەقبەستوى خۆى وە یەکێتى زۆر ترین پشکى گۆڕانى ئەم هاوکێشەیەى بەردەکەوێ و ئەگەرى پەرت بونى زیاتر دەبێت وە بە گشتیش هەموو هێزەکان لەم هەڵبژاردنانەدا دەکەونە بەردەم هاتنە پێشەوەى چوار تەمەنى تر و چوار دید و بۆچونى تر کە دەکرێت هیواى دروست بونى قۆناغێکى نۆێ ببینرێت و خاڵى دووەم لە بڕینى قۆناغى نوێ دەستى پێ کردبێت .

1,453 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست