جیهاد موحەمەد : ژنە ئەدیب و نووسەری سعودیی (بلقیس ملحم) بە تاوانێکی ترسناکیی کوشتن گیانی لە دەستدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەبێت کەی عاقڵەکان و بزوتنەوە عەقڵانییەکان و نووسەر و ڕۆشنفکرەکانی دنیا دژ بەم تاوانانە بەوەستنەوە و هاوار بکەن و ئەم سەلەفییە تاوانبارە گەورانە ئابڕووبەرن و بەرپەرچییانبدەنەوە و بڵێن بەسە تاوان ، دەستهەڵگرن لە خوێنڕشتن ! هەموو کەس مافی ژیانی هەیە و ژیانلێسەندنەوە تاونێکی مرۆیی گەورەی قێزەونە . کەیبێت مێشکی ئەم تاریکپەرست و بکوژانە تاوانی خوێنڕشتنی لێدەربهێنرێت .

چەند کەسێک لە خێزانەکەی خۆی ئەم تاوانەییان ئەنجامداوە بە هۆکاری هەڵوێستە ئازادییخوازییەکانی بەرامبەر بە ئاین و ئاینزاکانی تر جگە لە ئیسلام و ئەو ڕا و بۆچوونانەیەوە کە زۆر نزیکبووە لە ڕا و بۆچوونی عەلمانییەکان .

سەرچاوە ئاگادارەکانی سعودیە رایدەگەیەنن ، کە ئەم ژنە نووسەر و بە هەڵوێستە لە لایەن برا تووندڕەوەکانییەوە کوژراوە ، بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی سعودیەش ئەوانەی گومانییان لێدەکرێت گیراون دوای ئەوەی یەکێک لە کوڕەکانی ئاگادارییداوە بە وەزارەتی ناوخۆیی سعودیە کە خاڵەکانی دایکییان کوشتوە ، تا هەنووکە لێکۆڵێنەوەکان بەردەوامە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەڵگەنامەی مردنیی سروشتیی ساختەییان بۆ درووستکردوە .

نووسەری تاوانلێکراو ، دەرچووی بەشی خوێندنی ئیسلامیی بوو لە زانکۆی مەلیک فەیسەڵ و مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بووە و دایکی پێنج منداڵ بووە  .

ئەم نووسەرە بێ تاوانە لەم دواییانەدا چەندین نووسین و بابەت و چیرۆک و گێڕانەوەی ڕەخنەگرانەی نووسییوە ، یەکێک لە براکانیش سەربە رێکخستنەکانی قاعیدە بووە .

چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی ئەم تاوانە بەرامبەریی ئەنجامبدرێت ، بابەتێکی نووسیوە و تییایدا دەڵێت :

• ئەوەمان فێردەکەن کە هەرکەسێک لە مزگەوتدا بە جەماعەت نوێژ نەکات : ئەوە دوو ڕووە ! باوکم یەکێک بوو لەوانە ..

• جگەرە کێش : داوێنپیس و گومڕایە ! محەمەدی برام یەکێک بوو لەوانە .

• ئەوەی جلوبەرگی قۆڵ ڕووت لەبەرکات : بەشێک لە ئاگری جەهەنمیی بۆ خۆی مسۆگەرکردوە ! تاریقی برام یەکێک بوو لەوانە .

• مادام دەمووچاوی دایکم جوانە : ئەو فتنەیە ! بەڵام هیچ کەسێک لە دایکم نەدەچوو .

• مریەمی خوشکم خۆشی لە گۆرانییەکانی عەبدولحەلیم دەبینی و خۆشیدەویست : ئاگر بە گوێکانییدا دەکرێت و لەگەڵ ئەویشدا لە رۆژی کۆتادا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دکەرێت و دادگایی دەکرێت .

• ئەو زانکۆیەیی تیاییدا شەریفترین پیشەی پزیشکییم تیا بەدەستهێنا ، مادام تێکەڵەیەکە لە کوڕ و کچ ، جێگەی ئابرووبردن و لەشەفرۆشییە !

• لەبەر ئەوەی من بێدەنگم لەسەر : ( چاکە بکە و خراپە مەکە ) ، ئەوە من بووم بە هاوبەشیی هەموو گوناح و تاوانەکان !

• مادام سەلوای هاوڕێم بانگهیشتیکردووم بۆ جەژنی لە دایکبوونی : هاوڕێیەکی خراپە !

• کارەکەرەکەمان مەسیحییە : بۆیە گڵاوە !

• هاوڕێ شیعییەکەم : لە یەهودی زۆر پیسترە !

• مادام خاڵم ڕۆشنبیرە : ئەو عەلمانییە !

• مادام مامم سەیریی فیلم دەکات : سێبەندییە !

ـ بەڵام بۆم دەرکەوت کە باوکم مرۆڤێکی زۆر باش بوو . هەموو شەو پێش نووستنم ماچی دەکردم . هەرجارێکیش سەفەری بکردایە خەرجیی بۆ بەجێدەهێشتم .

ـ محەمەد و تاریقی برام زۆر لەوە گەورەتربوون کە وێناییان کردبوون . محەمەد سەرۆکی کۆمەڵەیەکی خێرخوازییبوو لە یەکێک لە زانکۆکانی ئوسترالیادا . تاریقی برام ، خۆبەخشانە لە ناوەندێکی بێ دایک و باوکاندا کاری دەکرد .

ـ مریەمی خۆشکم ، دوای مردنی دایکم خۆی تەرخانکرد بوو بۆ بەخێوکردنی ئەو خوشکەمان کە چوار ساڵ لە من منداڵ تربوو ، لەم پێناوەدا شووکردنی لە خۆی حەرام کردبوو .

ــ دایکم و باوکم چوبوونە ژێر خاکەوەو لە ژیاندا نەمابوون .

ــ بە هۆی زانکۆ تێکەڵەکەم لە کوڕو کچ ، توانیم خێزانێکی بەختەوەر پێکبهێنم و هاوسەرگیریی بکەم لەگەڵ سەرۆکی بەشیی نەشتەرگەرییدا . دوای مردنی هاوسەرە خۆشەویستەکەم توانییم هەرسێ منداڵەکەم بەخێوبکەم .

ــ کاتی بێ کارییشم بەم جۆرە دەبردە سەر : هاوڕێی خۆشەویستم سەلوا تاکە کەس بوو کە لەگەڵما فێریی خوری رستن و چنیین بووبووین و هەندێک جاریش قوتووە بەتاڵەکانامان کۆدەکردەوە و دەمانبردە بازار دەمانفرۆشتن بۆ ئەوەی بە داهاتەکەی هاوکاریی خێزانە هەژارەکان بکەین . مریەمی خوشکم ساڵانە ئەو جۆرە بازارانەی بەڕێوەدەبرد .

ــ کارەکەرەکەمان ؟ هیچی وام لەبیر نایەت تەنیا فرمێسکە بریسکەدارەکانی نەبێت . رۆژێک من و براکانمی لە ئاگرکەوتنەوەیەک رزگارکرد و خۆشی هەندیک لە دەستوپەنجەکانی سوتان .

ــ هاورێ شیعییەکەم ؟ ئەو رۆژەی کە کەوتمە چاڵە ئاوێکی پیسی مراوییەکانەوە لەو باخچەیەیی کە بۆ گەڕان و پیاسەکردن چبووین بۆی لە پێناویی رزگارکردنی مندا خۆی کەوتە ناو قوڕاوەکەوە و دەستێکی شکا .

ــ خاڵە عەدنانم . ساڵانە لە قاهیردا ئاهانگێک سازدەکات بۆ ئەوەی قازانجەکەی بدات بە بێ دایک و باوکەکان . موزیکاریکی زۆر زیرەکە خاڵم .

ــ خۆم ؟ تا هەنووکە پرسیاردەکەم : بۆچی فێریی ئەوەمان دەکەن ڕقمان لە کەسانی تربێت ؟!

٢٣/٥/٢٠١٣

 4,993 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت