جیهاد موحەمەد : سازانی نیشتیمانی چییە ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە زۆر بە گەرموگوڕی کێشەی دەستوور و کاندنیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری سێیەم و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی لیستی داخراو بۆ لیستی نیمچە کراوە و ، چەندین کێشەی تری ناو پەرلەمان ، وەک گۆڕین و فراوانکردنی لیژنەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و ، دیسان قسە لەسەر گۆڕین و هەموارکردنەوەی پەیڕە و پرۆگرامی پەرلەمان بووە بە کێشەیەکی جددی ، کە زۆربەی زۆری حیزبەکان و قەوارە و بزووتنەوە سیاسییەکان و ، خەڵکێکی زۆر لە نوسەران و ڕۆشنبیران قسەیان لەسەر کردوە و لەسەریی نووسیوویانە . ڕەنگە هیچ پرسێک لە کوردستاندا بە پرسی دەوڵەتی کوردییشەوە ئەوەندە قسەی لەسەر نەکرابێت و ئەوەندە کێشمەکێشی لەسەر درووستنەبووبێت .

جگە لە پارتی(PDK) کە سورە لەسەر ئەجندا تاقانەکەی خۆی ، ئەو خاڵەی کە زۆربەی زۆری حیزبەکان و لایەن و قەوارە سیاسییەکان و زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران داوای دەکەن و قسەی لەسەر دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشانە ، ( سازانی نیشتیمانیی ) ـە .

بۆیە پێویستە بزانیین سازانی نیشتیمانیی چییە و بە چ مانایەک دێت ؟

لە کاتێکدا کە هەموومان دەزانین نە هیچ حیزبێک بە تەنیا ، نە هەموو حیزبەکان پێکەوە بریتینیین لە سەرجەم کۆمەڵگا ، واتا زۆرێک لە خەڵکی بێلایەنی حیزبی لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا هەن کە نەک هەر حیزبیی نیین ، بەڵکو ناشیانەوێت هەواداریی هیچ حیزبێک بن ، هەڵبەت ئەمەش سروشتییە ، لە هەموو کۆمەڵگاکانی جیهاندا بە پێشەکەوتووەکان و دواکەوتووەکانەوە بەشێکی زۆر هەیە کە حیزبایەتیکردن و کاریی حیزبایەتیان قبوڵنەکردوە . کەواتە چۆن حیزبەکانی کوردستان دەتوانن بە سازان و رێکەوتنی خۆیان بڵێن ( سازانی نیشتیمانیی )؟! چونکە نیشتیمان ، نیشتیمانی هەمووانە ، نەک تەنیا حیزبەکان و ڕێکخراو و بزووتنەوە سیاسییەکان .

سازانی نیشتیمانیی ، ئەوەیە کە زۆربەی زۆریی خەڵکی کوردستان لەسەر پرسێک رێکبکەون ، بۆ نموونە : ئەگەر دەستوور ، هەرچ کاتێک خرایە بەردەم ڕاپرسییەوە ، زۆربەی زۆری خەڵک ، واتا لە سەدا ٥١ی ئەو ڕێژەیەیی کە دەنگی پێ دەدات ، دەنگی بە ئەرێنی دا بۆ دەستوور ئەوە پێیدەوترێت سازانی نیشتیمانیی .

ئەگەر حیزبەکان و قەوارە سیاسییەکان بە هەموویان بیانتوانییایە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا بکەن کەواتە پەرلەمان چ پێویستە دابمەزرێت ؟

دروستبوونی سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی پەرلەمانتاران لە لایەن خەڵکەوە بۆیە دانراوە بۆ ئەوەی کە هیچ نەبێت ئەم دامەزراوەیە و پەرلەمانتارەکانی ببن بە نوێنەریی راستەقینەی زۆربەی زۆری کۆمەڵگا کە دەنگیانپێداوە ، هەڵبەت لە کوردستانیشدا پەرلەمان هەیەو لە هەڵبژاردنەکاندا ١١١ پەرلەمانتار هەڵبژێردراون و ، لە ساڵی ١٩٩٢ ـەوە ئەم سیستەمە بەڕیوە دەچێت وەک باڵاترین دەسەڵات لە کوردستنادا لەگەڵ هەموو کەمووکورییەکانییدا ، بەڵام بەو ناوەوە دامەزرێنراوە .

بۆیە بە رای من ، هەرچ سازن و ڕێکەوتنێکی نێوان حیزبەکان لەسەر ئەو کێشانەی ئەمڕۆ و هەرچ کێشەیەکی تر دەبێت بکرێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و بخرێتە بەردەم دامەزراوەی پەرلەمانەوە بە بێ ئەوەی هیچ حیزبێک و هیچ لایەنێک دەستوەربداتە کاروبارەکانییان تا بتوانن بەوپەڕی ئازادییەوە ڕای خۆیان وەک نوێنەری زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو پرۆژیە بدەن و یاسایەک یان چەند یاسایەکی بۆ داڕێژن و ئەوانەش کە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە ، بە دەنگدانی پەرلەمان دەبێت هەمواربکرێتەوە نەک بە دەنگدانی حیزبەکان .

ئەگەر ئەمە نەکرێت و تەنیا ئەو پرۆژە سیاسییەی کە ئێستا یەکێتی نیشتیمانی بەدەستیەوەتی وەک ناوبژیوان ! ئەوە سازانی نیشتیمانی نییە ، بەڵکو ئەوە هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و خۆ سەپاندنی حیزبەکانە بە ناوی سازانی نیشتیمانییەوە .

ئەوەتا بەرێز ئازاد جوندیانی وەک وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکیتی دەڵێت : پرۆژەەکەی ئێمە بۆ سازانی نیشتیمانی بە جۆرێک دەبێت هیچ لایەک دۆڕاو نابێت تیاییدا !! کرۆکی ئەم قسەیە ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ حسابێک بۆ هەموو کۆمەڵگا و ئەو خەڵکە زۆرەی لە دەرەوەی حیزبەکانن ناکرێت و دیسان هیج حسابێکیش بۆ پەرلەمان ناکرێت ، بەڵکو حیزبەکان خۆیان لە ناو خۆیاندا سازان و ڕێکەوتن دەکەن و دەیسەپێنن بەناوی ( سازانی نیشتیمانیی) ـەوە . بۆیە بەڕێزی دەڵێت : هیچ لایەنێک دۆراو نابیت تیاییدا !

 1,282 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت