16-sall

ئاکۆ برایم : کارى قورس و مەرگ دیاریە بو مناڵانمان

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆگیانى بەرز و پر لەبەرائەتى ئەو منداڵە16 ساڵەى لەپێناوى قووتى رۆژانەدا گیانى خۆى بەخشى . ئەبوایە ئێستا تۆ لەگەڵ هاوتەمەنەکانتدا پشوت بدایە و، بۆ کات بەسەربردن ، لە یەکێک لە سەنتەر و رێکخراوەکانى لاواندا بەشدارى خولت بکردایە ، فێرى کۆمپیوتەر و مۆزیک و وێنە و وەرزش بویتایە . بەڵام داخى گرانم لەوڵاتى پڕ لەخێر و بێر و نەوتدا ، لەوڵاتى نغرۆ لەدۆلار و داهاتدا ، سەدان و هەزاران منداڵ ولاوى وەکو تۆ ، لەو خێر وبێرە بێبەشن ، من دەزانم کە تۆ خوێندکاریت و کوڕى بنەماڵەیەکى هەژار و نەداریت ، بۆ ئەوەى بارى سەرشانى باوکت و بنەماڵەکەت سووک بکەیت ، بەناچارى و بێ ویستى خۆت ، پەنات بردۆتە بەر ئەم کارە قورس و تاقەت پڕوکێنە .

جارێ بەتەواوى قوتابخانەو خوێندن کۆتایى پێ نەهاتوە،کەچى تۆى هەرزەکار ، تۆى نابەڵەد بەژیان ، لەخەمى ئەوە دایت کەبۆ ساڵى داهاتوو ، بەجوتێک پێلاوى جوان وجل وبەرگێکى پۆشتەو جانتایەکى باشەوە روبکەیتەوە قوتابخانە ، تا چیدى هاپۆلە دەوڵەمەند و خودا پێداوەکانى هاوڕێت گاڵتەت پێ نەکەن و، بێز لە جلوبەرگ پێڵاوى شڕت نەکەنەوە .. ئاى دەبێت چەندە حەز وخولیاو خۆزگە و ئاواتت لە لەسینەدا بوبێت ، چ بەرنامە و پلانێکت بۆ ساڵى نوێ داڕشتبێت .

بەڵام ئەفسوس ، ئەفسوس ، لەوڵاتى بێ رێزان،لەوڵاتێک کە بەهاو نرخى مرۆڤ لەهەموو شت کەمتر و هەزرانترە . تۆى بەرەو ئەو چارەنوسە رەش و تاڵە برد . بەکێ بڵیێن و داد بۆکێ بەرین؟ کێ لەخەمى هەژاراندایە ؟ ئاى کە کارەساتێکى ناخۆشە،واى کە تاوانێکى گەورەیە ، لەوڵاتى پڕ لە رێکخراو و وەزارەت و بەناو مافى مرۆڤدا ، رۆح وگیانى خەڵکەکەى هەڵدەورێت ، دەبێتە قوربانى و خواستى دەوڵەمەند و خاوەن کۆمپانیاکان ، کەچى مخابن ئەو ریزە رێکخراو و دامەزراوە چەواشەکارانە تاکە یەک وشە چیە ناڵێن .

بەراستى زۆر زۆر ناخۆشە ئەم کارەسات وتراژیدیایە مانگى چەند جارێک دوبارە دەبێتەوە ، بەحساب سەندیکاى کرێکارانمان هەیە،ویاساى سەلامەتى پیشەیى دەرچوە ، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەو کەمتەرخەمیانە بچوکترین کار نەکراوە ، هیج کەس و لایەنێک سزاو لێپرسینەوەى لەگەڵ نەکراوە ، بەدەر لەوە لەیاساى کاردا دەبێت کرێکارتەمەنى 18 بۆ سەرەوە بێت ، بەلام ئەم قوربانیە منداڵە ، دەبوایە لەبرى تاسە چیمەنتۆ و پاچ و خاکەناس ، ئێستا وەکو منداڵى خواپێداوەکان ئاى پاد و پایسکیل و ئیکس بۆکسى پى بوایە ، بەڵام کێ دەربەستى ئەوەیە ؟!، کێ ئاوێزانى خەم و نەهامەتى و ئازارەکانیانە .. رێکخراوەکانى بەناو پارێزەرى مافى منداڵان ، تکام وایە ئیدى بەسە و چیتر بۆیادى ساڵرۆژى منداڵان کەیف و سەفا مەکەن و ، بەو بۆنەیەوە لەسەر حسابى ئەوان خۆتان مەناسێنن و ، شیرین و ساردەمەنى مەخۆنەوە ، چونکە یادکردنەوەى ئەو رۆژە ، سوکایەتى وبێ رێزیە بەگیانى دەیان منداڵى لەو جۆرە و ، گاڵتە کردنە بە هەست ونەستى منداڵانى هەژارو کەم درامەت ..

ئێوەش سەندیکا و بەڕیوەبەرایەتى تایبەت بە سەلامەتى وپاراستنى گیان و رۆحى کارکەران ، تا ئێستا سەدان کرێکار بەهۆکارى جیا جیا گیانیان لەدەست داوە ، جگە لە شین و شەپۆڕو قور پێوانى خێزانەکانیان چی کراوە بۆیان ؟ کوا بیمەى کار ؟! کوا سەلامەتى پیشەیى ؟!. کوا باربو و قەرەبوو ؟! بەراستى من وەکو خۆم تەواو تەواو هەست بە شەرمەزارى و خەجاڵەتى دەکەم ، کاتێک دەبینم براکەم ،هاوسێکەم ، هاورێکەم ، لەناخۆشترین دژوارترین کارەساتدا گیان دەبەخشێت ، کەچى من سەرقاڵى ژیانى تایبەتى خۆمم و، لەسەر حسابى خوێن و ئارەقى ئەوان خۆم زەنگین دەکەم و پلەو پایەم بەرز دەکەمەوە . نەفرەت لەمرۆڤایەتى ئەگەر وابێت ، نەفرەت لەو یاسایە کە خوێنى کرێکاران هەراج دەکات ، نەفرەت و بۆ ئەو کەسەى کە خەون و خۆزگەى منداڵان دەدزێت و دەیکات بە رەنجبەر و زەحمەتکێش .

ئاسودە رۆلەَکەم بنو بۆخۆت چاولێک بنێ، بە قەولى خۆمان ، بۆخۆت ئیسراحەتت کرد ، ئیدى بەیانیان کەس خەوى شیرینت لێ حەرام ناکات ، ناڵێت هەستە درەنگە بۆ سەرکار ، ئیتر لەکۆل ئەرکى قورس و سەختى ژیان بویتەوە . چیتر دوعاو نزا ناکەیت کە ئەمڕۆ ئیشت دەست بەکەوێت ، تائَێوارە کەرۆشتیتەوە دوعەللاگەت بەدەستەوە بێت و،چەند هەزاردیناریەک لەباخەڵت دابێت دڵى خوشک وبرا لەخۆت بچوکەکانت خۆش بکەیت ،. ئیدى دەست وپەنجەکانت بەچیمەنتۆ ناسوتێن ، چتیر کوڵمە گەش و جوانەکانت هەتاوى بێ رەحمى هاوین نایسوتێنى . چیتر خاوەن کارى زاڵم و بێ ویژدان ئەمرت بەسەردا ناکات و قسەى ناخۆش و جنێوى سوکت بونانیرێت .

1,329 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت