دکتۆر کەمال میراودەلی : دیسان دەربارەی دۆکیومێنتەکانی کاک نەوشیروان ! .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

روونکردنەوەیەکی ناچاریی !

[ توندوتیژی لەو مێشکە بۆگەنانەدا گەرا دەکات کە جیاوازیی قبوڵ ناکەن ، کە توانای بیستن و وەرگرتن و وەلامدانەوەی رەخنەیان نییە .]

دوو رۆژ لە مەوبەر سەرنجێکی کورتم بە ناوی دۆکیومێنتەکانی کاک نەوشیروان لە فەیسبووکەکەم بلاو کردەوە ، دواییش لە یەک دوو سایتدا بلاوکرایەوە .

من هیچ کام لە کەنالەکانی تەلەفزیۆنی حیزبەکانم نییەو بە رێکەوتیش بێزم نایە سەیریان بکەم . بۆیە ئاگادار نەبووم کە میدیای یەکێتی بە خراپترین شێوە بۆ مەبەستی حیزبی بەکاریان ‌هێناوە . دیارە ، ئەمرۆ میدیا گشتێی و کراوەو گلۆبالەو هەرچی بلاوکرایەوە وەک زانیاری دەبێتە ملکی گشتی ، بەلام ئەمە مانای وا نییە بەدەر لە ستانداردەکانی پرۆفیشنالیزم و ئەمانەت خراپ سوودی لێوەربگیرێت . گەر میدیای یەکێتی راستگۆو باوەربەخۆ بووایە ئەوە تەواوی وتە کورتەکەی بلاو دەکردەوە نەک بە ئارەزووی خۆی نائەمینانە لێی هەڵبژێرێت و ئەو بنسەرجە لای زۆر کەس دروستبکات ، کە ئەمە وتارێک بووە دژی گۆڕان و بۆ پشتگیری یەکێتی .

جگە لەمەش ئەمە یەکەم جار نییە من رەخنە لە گۆڕان بگرم . لە دەیان وتاردا هەر لە حەفتەی یەکەمی دوای هەڵبژاردنەوە ، کە سەرانی گۆڕان دژ بە دیمۆکراسی و دەنگی خەلک کە بارزانیان رەفز کر د، خێرا بۆ بەرژەوەندی نهێنیی خۆیان سوجدەیان بۆ سەرۆکایەتی تەزویری بنەماڵە بردەوە ، من بەردەوام رەخنەم لە وتارو رەفتارو کردارەکانیان گرتووە ئەی بۆچی چوار ساڵە هیچ لەمانە لە هیچ میدیای حیزبێکدا ئاماژەیان پێنەکرا ؟ بە نیسبەت سەرانی یەکێتیشەوە لە سلێمانی [ من هەمیشە سەرانی حیزبەکان و جەماوەری حیزبەکان جیا دەکەمەوە ] ئەوەم قەت لە بیر ناچیتەوە کە لە ماوەی هەلبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمدا ئاوا فاشیستانە رێگای ئەوەیان لێگرتم لە هیچ هۆل و شوێنێکی گشتیدا سیمینارو کۆبوونەوە بکەم ، لە باخەکەی رانیە ئاویان تێکرد تا خەلک نەتوانیت بۆی بێت ، لە باخەکەی قەلادزێدا بە بەرزترین دەنگ دەهۆڵ و زورنایان خستە سەر تا خەلک گوێی لە قسەکانم نەبێت . لە دەربەندیخان لە رۆژی سیمینارەکەو دوای گەیشتنم رێگەیان نەدا هۆلەکە بەکاربێنم و لە ناو کۆلانی شارەکە کۆبوونەکەم کرد ، لە چەمچەمال هۆلێکی ئەهلیم پەیدا کرد هەرەشەیان کردو هەڵیان وەشاندەوە ، لە چلەی عەلی لەتیفی هونەرمەندا رێگەیان نەدا وتەیەکی هاوخەمی بخوێنمەوە … هتد ..

لە هەموو ماوەی کەمپەینی هەلبژاردنیشدا تاکە یەک هەوالی منیان بلاونەکردەوە مەگەر یەک دووجار وەک شتی سەلبی و هێرش ، لە کاتی خۆپێشندانەکانیشدا مامۆستایانی زانکۆ نەیانتوانی هۆلێک لە زانکۆی سلێمانی وەرگرن تا سیمینارێکی دەربارەی ‘ دەستووری بەریتانی ‘ تێدا پێشکەش بکەم . من لە هیچ شوێنێکی دنیادا تا ئەم ئاستە دەسەلاتیكی سۆسیال- فاشیستم نەبینیوە کە هێندە لە دژی ئازادیی دەربرین و بیرورای جیاواز بێت . جا لە بەر ئەوە پێم سەیرە کە ئێستا راگەیاندنێکی کورتی من ئاوا نائەمینانە بۆ هەرایەکی فشەو ساختەو بێناوک و ناوەرۆک بەکاربێنن .

ئەم کورتە وتەیە لە دوو روانگەوە نووسرا بوو :

١. نیشاندانی دواکەوتوویی عەقڵیی و بەربەرییەتی کۆمەلگای حیزبیی لەم سەردەمی ئازادیی رەهای زانیاریی و مەحالی شاردنەوەی نهێنییەکان‌ تەنانەت لە ئاستی زلهێزەکانی دنیاشدا، بە نموونەی کاری عەبقەریانەو موعجیزەیی ، ئیدوارد سنۆدین ، کە تەواوی سیستمەکانی چاودێریی و جاسووسی ئەمریکای بەسەر خەلکی ئەمریکاو ئەوروپاو جیهاندا ئاشکرا کردوو ، هەموو زانیارییەکانی بلاوکردنەوە. [ بڕوانە :  http://en.wikipedia.org/wiki/Edward_Snowden  

لە لایەکی تریشەوە هیچ زانیارییەک نییە کە وەک تاکی ئەم سەردەمە بە هۆی تەکنۆلۆجی نوێوە بینووسیی ، خەزنی بکەیت ، بینێریت ، بیگۆڕیەوە ، کە سەلامەت و پاریزراو بێت و هەمووی لای دەزگا زەبەلاحەکانی تەکنۆلۆجی ئینتەرنێت و دەزگا جاسووسییە هاوکارەکانیانە … تەنانەت ئێستا بە هۆی زانستی DNA – ەیەوە دەتوانن چاودیڕی خانەکانی لەش و لێدانی دلێ هەر مرۆڤیکیش بکەن کە بیانەوێت نەک تەنیا هەلسوکەوت و وتەکانی !     /http://rt.com/op-edge/prism-nsa-follows-nazi-tradition-830  

کەچی پیاوانی شاخی ئێمە ، فسفسپالەوانانی سیاسەت و دیمۆکراسی ، تازە لە سەر کۆمەلە دۆکیومێنتێکی مردووی بێبایەخی سالی ٢٠٠٥ کردویانەتە هەراو گیچەڵ و هەڕەشەو گوڕەشەی جەنگی مەغلوبە .

٢. ئەم لایەنەی نووسینەکە بە تایبەتی سەرانی یەکێتی دەگرێتەوە بە شاخیی و شارییانەوە ، کە لە ئاست ئەم کارە ئاساییەدا ترس و لەرزیان لێنیشت و بە هیستریایەکی کۆنترۆلنەکراوەوە بەرپەرچیان دایەوە هەر وەک پیلانی کۆدەتایەکیان ئاشکرا کردبێت . لە کاتیکدا گەر درۆ لە گەل خۆیان نەکەن ، باش دەزانن ئەوەی لە دۆکیومێنەتکاندا هەیە [ کە دیارە دۆکییومێنتن و راستن ] زۆر کەمترە لەو راستییانەی هەموویان دەربارەی هەڵوێستی مام جەلال و هەولەکانی بۆ بوون بەسەرۆکی کۆمارو تەنازولی فەزیع بۆ بنەمالەی بارزانی دەیزانن . دیارە کاک نەوشیروان – یش نەیویستووە بچێتە دەرەوەی دۆکیومێنت و حەقیقەتی رووداوەکان لە زمانی خۆیەوە بگێرێتەوە . ئەگینا بەداخەوە راستییەکان لەوەش تالترن : بەلام نامەوی لەم روونکردنەوەدا نموونە بێنمەوە .

بێگومان گەر سەرانی یەکێتی باوەریان بەخۆیان بووایە و بەراستی حیزب ، دیمۆکرات ، یان سۆشیال- فاشیست نەبوونایە ، ئەوە دەبوو خۆیان ئەم جۆرە دۆکیومێنتانە بە ئاسایی و بە خوێنساردیی بلاو بکەنەوە . ئەوە عورفێکی سادەی وەک ئاوخوارنەوە وایە لای هەمو حیزب ودەسەلاتە مۆدیڕنەکانی دنیا . گەر کۆنەدۆکیومێنتێک دنیات بەسەردا دەروخێنیت ، ئەوە نیشانەی رووخانی سایکۆلۆجییە ، رووخانی ناوەوە . ترس لە داهاتوو .

٣. لایەنەکەی تر کە مەبەستم بوو لەم کارەدا رەخنەی لێبگرم ، کە هەموو سەرانی شاخیی کورد دەگرێتەوە ، خۆ ئاخیانە لە کۆنەپەڵاسی خەباتی رابردوودا : چ شاخ . چ شار ، وەک ئەو خەباتە نموونەی نیشتمانپەروەریی و چاکیی و پاکیی بێت ، و ترسیانە لە شیکردنەوەی ئێستاو روانین بۆ ئاسۆی ئایندە . ئەمەش قەیناکات : بەلام نەوەکانی نوێش لەم تونێڵی پر خیانەت و تاوانی رابردوودا دەخنکێنن .

٤. بەلام دیارە وەک بزوتنەوەیەک کە بە ناوی گۆڕانەوەو بۆ [ دەیگۆڕین ] دروست بووە ، ئەم رەخنەیە زیاتر یەخەی کاک نەوشیروان و خوشک و برایانی گۆران دەگرێتەوە . مادام گۆڕان خۆی بە بزوتنەوەیەکی نوێ دانا ، کە وانە بوو ، ئەوا دەبوو خۆی لەو کۆنە ناکۆکییە پۆخلاویانەی رابردوو پاک بکاتەوە ، بە دروستکردنی بیری نوێ و خوێنی نوێ و ئامانجی نوێ و دەسکەوتی نوێ ، کۆن بروخێنێت نەک بە شاندانە بەر کۆڵەکە رزیوەکانی و ژیاندنەوەی ئاژاوەکانی و ئازارەکانی . دیارە ، کاک نەوشیروان بەشێک بووە لەم مێژووە شڕە و ناتوانێت بە بلاوکردنەوەی ناوەخت و ناپێویستی چەند دۆکیومینتێک پێمان بسەلمێنێت کە قەباعەتەکە هەمووی هی مام جەلال و جەلالییەکان بووە بەلام خۆی و دەستەکەی بێتاوان بوون . مام جەلال ئەو هونەرەی هەبوو دەیتوانی چی بوێت ، باش یان خراپ ، بە هەر کام لە پیاوەکانی پێیان بکات و بێباکانە ئەم دژی ئەو بەکار بێنێت . کاک نەوشیروان تەنانەت لەم دۆکیومینتانەشدا درەی دەبڕێت کە وەک ئەوانی تر نەیتوانیوە لە ئیتاعەی تالەبانی دەرچێت ، هەتا لەم دۆکیومێنتەدا دوای ئەو تەنازولە گەورانەی تالەبانی بۆ بنەمالە ، کە وەک فەزیحە باسی دەکات ، هێشتا پاراستنی پێوەندی شەخسی خۆی بە مام جەلالەوە لە هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر ئەم کارە بە لەپێشتر و گرنگتر دادەنێت . دەنووسێت :

[” من باوەڕم بەم رێككەوتنە نیەو ئەوەی پێشوشم نەدیوە لەبەر ئەوە لەمەشدا من ، بەشداری ناكەم بەڵام دوای زیاتر لە20 ساڵ نامەوێ لەگەل مام جەلال تێك بچم .. ]

دیارە ئەمە پرسیارێکی تریش دروست دەکات کە ئێرە جێگای موناقەشەکردنی نییە : بۆچی پێوەندی شەخسی و هەلویستی سیاسی تێکەل بکرێن ، بۆ دەربرینی رایەکی سیاسی ، دوای ٤٠ سال هاوخەباتیی – وەک لە ناونیشانی نووسینیكی تریدا وەسفی کردووە – پێوەندیی شەخسی تێک بدات و حیزبێکی سۆسیال – دیمۆکرات!! نەیتوانیبێت زمانی دایەلۆگ و میکانیزمی بریاری دیمۆکراسی دروست بکات ؟ بۆچی هەڵوێست وەرگرتن لەسەر پرسێکی چارەنووسساز بۆ پاشەرۆژی یەکێتیی و کورد بکرێتە قوربانی دۆستایەتی شەخسیی ؟ .

هیوامان وابوو گۆڕان بزوتنەوەیەک بێت نەوەکانی نوێمان لەو شەخسپەرستیی و شەخسەنەکردن و حیزبایەتی تەسکی بێ فەلسەفەی کۆمەلایەتی و پرینسیپی دیمۆکراسی و گەڕانەوە بۆ خەلک رزگار بکات ، بەلام بە داخەوە چوار ساڵی کردە قوربانی تارماییەکانی رابردوو . ئەوە ئایندەشیان پێ دەترسێنێت .

٤. ئەو ئاماژەش بۆ دانیشتنەکەم لە گەڵ کاک نەوشیروان و پشتگیریی ئەو بۆ سەرۆکایەتی بارزانی ، حەقیقەتەو لە هیچ شوێنێک لە دۆکیومێنتەکانیشدا ، کاک نەوشیروان نالێت ئەو دژی ئەوە بووە مەسعود بارزانی ببێتە سەرۆکی هەرێم ، بەلام روونی دەکاتەوە دژی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو تەنازولانە بووە کە بۆ خاتری زامنکردنی پۆستی سەرۆکایەتی تەشریفاتی کۆماری عێراق بۆ تاڵەبانی ، بۆ پارتی کراون و ئەویش لە پەراوێزەوە دژیان وەستاوەو وەک رۆژنامەنووسێک بیرورای خۆی دەربڕیوە ، نەک وەک سەرکردەیەک کە لەکات و شوێنی خۆیدا هەڵویستی سیاسیی مەبدەئی بخاتە سەرووی پێوەندی شەخسییەوە . ئەوە رای من نییە . ئەوە ئەوراستییەیە کە دۆکیومێنت و کۆمێنتەکانی کاک نەوشیروان خۆی نیشانی دەدات. کارەساتەکە ئەوەیە دوای دروستبوونی گۆران – یش ئەم بەزمە بەردەوام بوو تا ئێستاش . بەراستی لە ڤیدیۆ کلیپەکەی دانیشتنەکەی دەباشان – ی ٢٤ ی ئەیلوولی ٢٠١٢ دا ، کە وەک لە کاتی خۆیدا وتم : لە ئەنجامێكی فشەو هەڵخەڵەتێنەرانە زیاتر هیچی لێ شین نابێتەوە ، من تەریق دەبوومەوە کە دیسانەوە گوێم لە ‘ کاکەنەوە ، کاکە نەوە’ ی مام جەلال دەبوو ، هەروەک لە ٢٠٠٩ – ە پێشتریشەوە هیچ رووینەدابێت و ١٧ ی شوبات و رووداوەکانی قەت نەبووبن .. قسەی کاک نەوشیروان داوی کۆبوونەوەکە : زۆربەی بیروبۆچوونەکانمان وەک یەک وایە : قسەی مامی گەورەش : ‘ دەتوانم بلێم هیچ گرفتێک لە نێوانمدا نەماوە!! ئەی کەوایە ئەمە چییە ئێستا سەری هەڵداوەتەوە ؟

[ بۆ شیکردنەوەیەکی دانیشتنەکانی کاک نەوشیروان گوێ لەم تۆمارەدەنگییەی کاک ئارام ئەحمەد بگرە ]

 

٥. بۆ ئەو خۆشەویستانەی هاوسۆزو دەنگدەری گۆران بوون و جنێوو قسەی ناشیرینیان نووسیوە گەردنتان ئازاد بێت . بەلام پەیمانی نوێخوازیی ئەوە نەبوو تاکە بیروراو بۆچوونێکی جیاواز بە هێرش و تانەڵێدان وەلام بدەینەوە. ئەم کێشە کەڵەکەبووانەی رابردوو ، ئەو برینە زلانەی جەستەی نەتەوەییمان ، چۆن سارێژ دەبن کە رێگا بە دەربرینی جیاوازیی و رەخنەو دایەلۆگ نەدەین و بۆ ئایندەیەکی باشتر نەڕوانین ؟ جنیو پێدان هەنگاوی پێویستی پێش خەنجەرلێدانە . توندوتیژیی لەو مێشکە بۆگەنانەدا گەرا دەکات کە جیاوازیی قبول ناکەن ، کە توانای بیستن و وەرگرتن و وەلامدانەوەی رەخنەیان نییە .

بۆ ئەوانەش کە دەلێن : لە بەر خاتری گۆڕان دەنگمان بۆ تۆ داوەو گۆڕان نەبایە تۆ هیچ نیت ، دەلێم : خۆشەویستان منیش جەماوەری گۆران بە خۆشەویستی خۆم و بە گەلی خۆم و بە گەنجانی ولاتەکەی خۆم زانیوەو دەزانم و بە ملک و کۆیلەی هیچ حیزب و تاکەکەسێکیان نازانم . بەلام گەر ئێوە بۆ خاتری سەرانی گۆران دەنگتان بە منداوەو نەتاندەخواست دەنگەکەتان بە فیرۆ بڕوا ، ئەوە پێوەندیی بە منەوە نییە ، بڕۆن لە سەرانی گۆران بپرسن : بۆچی دەنگمان بۆ کەمال میراودەلی داو لە هەموو ناوچەی سەوز هەڵبژێردراو تەنیا بە هۆکاری تەزویر لە هەولێرو دهۆک بارزانی توانی بمێنێتەوە ، کەچی ئێوە سەدی حەفتاکەی بارزانیتان قبوڵ کردو کردتانە بەڵگەی باوکێتیی بارزانیی و هەر لەحەفتەی یەکەمەوە بوونەوە بە کۆیلەی بنەمالەی بارزانی و هەر لە حەفتەی یەکەمیشەوە تا ئێستاش بە ناشیرینترن شێوە دژایەتی کەمال میراودەلی تان کردووەو ناوو دەنگ و رەنگی ئەوتان لە هەموو میدیاکانی خۆتاندا قەدەغەکردووە ؟ .

من خۆم سەرم لەم مەتەلە دەرناچێت ، بۆ خاتری دەنگەکانتان ئێوە دەبێ لە سەرانی گۆران سۆراغی وەلامەکە بکەن نەک لە جنێوداندا بەمن ، کاتێ بیرورایەکی جیاواز دەردەبڕم . دڵنیاتان دەکەم هیچ کەس لای من موقەددەس نییەو تەنیا و تەنیا ڕاستیم لە پێناوی مرۆڤدا لا پیرۆزەو هیچی تر و گەورەترین زوڵمیشم لێ بکرێت پرسەکان ناکەمە شەخسیی و هیچ هێزێکیش لەدنیادا نییە بتوانێت ویژدانم لەکەدار بکات و رێگەی راستیی نووسینم لی بگرێ . لەگەل رێزو خۆشەویستم بۆتان .

8,837 جار بینــراوە  لە ڕەهێڵپۆست
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت