pertuk-swtandn

ئاکۆ برایم : کتێب سووتاندن مەکەن بەنەریت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وتەیەکى بیانى هەیە دەڵێت : ئەوەى کتێبێک بسوتێنێت ، مرۆڤێکیش دەکوژێت .

چەند ساڵ لەمەوپێش کۆمەڵێک گەنجى گەرمیان لەهەمبەر هەڵوێستى فەرهاد پیرباڵ ، هەستان بە سوتاندنى سەرجەم بەرهەمەکانى ، کە ئەوە لاى من کارێکى زۆر ناخۆش و پڕ خەفەت بوو ، چونکە سوتاندنى هەر کتێب و بڵاوکراوە و نوسینێک ، لەژێر هەر ناو وبیانویەکدا بێت کارێکى ناڕەوایە ، کردەوەکانى مەغۆل و هیتلەر و فاشیەکانمان بەبیر دێنێتەوە.لەوانەش ناخۆشتر و نیگەرانتر ئەوەیە کە ئەوانەى بەو کارە هەڵدەستن کەسانى رۆشنبیرو دیارو ناسراون و ، بۆخۆشیان ئەهلى کتێب و رۆژنامەن .. بەهەمان شێوە و لەم رۆژانەشدا برادەرێکى دیکە لەسەر هەڵوێستێکى جەمال غەمبار و خۆکاندیدکردنى لەسەر لیستێک، کە لەگەڵ ئایدیا و بیرى ئەودا یەکانگیر نابێت ، ئەویش هەستاوە زۆرێک لەبەرهەمەکانى ئەو شاعیرەى سوتاندوە ، هاوکات دەنگۆى ئەوەش بڵاوەو لە رێگەى ئینتەرنێتەوە خوێندمە گوایە ( هەرەشەى کۆکردنەوە وسوتاندنى بەرهەمەکانى بەختیار عەلى دەکرێت )

تەمەننا دەکەم بەڕێزان و گەنجانى شارى کەلارى خۆشەویست ئەو شتە نەکەن بەنەریت و پەیڕەوى نەکەن ، چونکە ئەگەر وابڕوات و درێژە بەو کارە ناِرەوایە بدەن ئەوە بەرەو ئاقارێکى ترسناک و رۆژگارێکى رەش مل دەنێین ، ئەوەش بزانن کە هیج کاتیک ئەوە نابێتە دەنگى نارەزِایى و رەخنە گرتن لەو کەسانە .. تۆ ئازادیت کەئەو کەسەت خۆش نەوێت ، یان بەدلت نەبێت ، یان شتێکى زۆر ئاساییە لەگەڵ تۆدا هاوڕا و هاوبیر نەبێت ، بەڵام هیچ کاتێک کتێب سوتاندن نابێتە رێگە چارە تۆڵە سەندنەوە . گەر تەماشاى مێژووى ئەڵمانیا بکەین دەبینین کە هیتلەر و دەست پێوەندەکەى سەرەتاى هەنگاو نانیان بەرەو دیکتاتۆریەت  بە سوتاندنى کتێب دەستیان پێکرد ئەوجا بەهۆلۆکۆست و کوشت وبڕ و جینۆساید ، پاشاننیش بون بەو زاڵمەى کە بینیمان .

بەڕێزەکانم شیوازى دیکە زۆرە بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر هەر کەسێک کە ئێوە بەدڵ و خواستان نیە، بەنموونە دەتوانن لەمەولا هیج بەرهەمێکى ئەو کەسانە نەکڕن ، یان تاکە وشەیەکیان نەخوێننەوە ، یان لەکۆڕ و سیمینارکانیدا بەشدار نەبن . بەڵام من هیچ دەمو کاتێک لەگەڵ ئەو کارەدا نیم ، چونکە بمانەوێت یان نا ئەو نوسەرو شاعیرانە کەم تا زۆر لەخزمەت میللەتدا بوون و، بەشیعرو نوسینەکانیان ئاوێزانى خەمەکانى نیشتیمان بوون . زۆر بەرهەم و شاکارى جوانیان هەیە بونەتە وێردى سەرزمانمان ، ناکرێت و مایەى قبوڵ نیە ، شاعیر یان نوسەران سەد دەر سەد وەکو ئێوە بەخواستى ئێوە بیر بکەنەوە، بەخواست و حەزى ئێوە شت بنوسن ، وەکو ئێوە هەڵگرى هەمان ئایدۆلۆژیاو مەبدەئبن ؟ ئەوەش رەوا نیە لەبەر خاترى هەڵوێست ،یان کارێک لەگەل بیرو بۆچوونى ئێوەدا نەگونجێت ، تەواوى تەمەنى ئەو نوسەرو شاعیرانە بەبا بدەن و بەرى رەنج وماندوبونیان کەرەتى سفر بکەن .

شتێکى دیکە کەپێم خۆشە بەبیر بەرێزتان بێنمەوە، ئەگەر ئەوە ببێت بەکارو پیشەى دەڤەرەکەتان ، ئەوا رەنگبێت ماوەیەکى دیکە هەڵمەتى کتێب قڕان دەست پێبکات و،ئەودەمە ئەو چەند کتێبخانەیەشى هەتانە بکەوێتە بەر شاڵاوى سووتاندن ، دورنیە ئەو هەڵمەتەش کتێبەکانى قوتابخانەکانیش بگرێتەوە، چونکە گەر دیققەتتان دابێت، زۆر نوسین و زانیارى و شیعر و بەڵگەى مێژووى لەو کتێبانەدا هەیە، کە لەگەڵ بیرو دیدى ئێوەدا یەکناگرێتەوە.بەوەش سەردەمى جەهالەت ونەزانى و دواکەوتوى زیندو دەکەنەوە و، بەبێ خواست ویستى خۆشتان مۆرى پاشکەوتویى و نەفامى دەدەن لەناسنامە و دیرۆکى پڕ لە شانازى ومەزنى گەرمیان.چاکتریشە ئەو لایەن و رێکخراوە سیاسیانەى کە لەپشت ئەو کارەوەن،یان دەزانن کە ئەو کەسانەى ئەو کارە دەکەن ، هەوادار و لایەنگریانن، پێشیان پێ بگرن وئەو کەلتورە ناشیرین وقێزونە بوەستێنن، با لەسەر ئەوان نەکەوێت! لەبرى ئەوەى بەرەو رۆشنایى و نوێگەرى و داهێنانمان بەرن ،بەرەو سەردەمە تاریکەکان و رۆژگارە دەیجورەکانمان مەبەن.بمانەوێت یان نا پاشەڕۆژ مێژوو وەکو خۆى و دەقاو دەق ئەوراستیە بەیان دەکات.رەنگبێت بتوانن بەهەمان شێوە سەرجەم کتێب و دۆکیۆمێنت و ئەرشیفە مێژوویەکان وەکو ئێستا بسوتێنن، بەڵام خۆ ناتوانن زانیارى و راستیەکانى ناو بیرو ناخمان بسوتێنن .

900 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت