Paranewe

هەندرێن هەورامی : مانگ و جەژن و دەردەسەریەکانی من .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆکە تەنز.

دەمەو ئێوارە لە ناو باخ سەرقاڵی خۆکۆکردنەوە بووم ، تا ڕوو لە گوند بنێمەوە و فریای نوێژ و بەربانگ بکەوم. نائاگا سەرم بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و چاو بە دیمەنێکی سەیر کەوت ، هەرگیز باوەڕم بە چاوەکانم نەدەکرد ، سەرمام ببووم ، ئاخر ئەم شتێکی هەروا ئاسایی و ئاسان نییە و نابێت بە نەسیبی هەموو کەسێک .

– نا نا دوو دڵ مەبە ، ساوەڵا خۆیەتی و چاوەکانم هەڵە ناکەن و راستت بینیوە.

ئای لەو خۆشبەختییە ڕووی لەمن ناوە ، سپاس و هەزاران سپاس بۆ تۆ خودایە کە ئەم ڕێزەت لە بەندەی ناقابیلت نا. ئادەی کورە ڕاکە و ئەم هەواڵە بگەیەنە بەمەلای گوند و با ئەویش لە زاری تۆەوە وەک مژدانە بە هەمووانی ڕاگەیەنێت و شادمانیان بکات.

ئیدی بێ سێ و دوو خێرا بە ڕاکە ڕاکە و هەناسە بڕکێ خۆم گەیاندەوە و گوند و یەکسەر چوومە ماڵی مەلا و کردمە هەرا و هوریا و ڕۆژێ حەشر و بەدەم لێدانی دەرگای ماڵەکەیانەوە بەدەنگی بەرز هاورام دەکرد:

– مامۆستا گیان ، مەلاگیان ، ماڵەکە دەرگاکە بکەنەوە هەواڵی خۆشم پێیە ، زوو بن زوو.

– یا ئەڵلە خوایە خێر بەخێری بگێڕیت ! یەواش کوڕم لە سەرخۆ بە ، چیت لێ قەوماوە ، بۆ وا دنیات هێناوەتە یەک ؟ زووبە وەرە ژورەوە .

– مامۆستا گیان مژدەم بەرێ مژدە هەواڵێکم پێیە دڵنیام زۆر شادمانت دەکات .

– باشە کوڕی خۆم هەواڵی خۆش ئەم هەموو هات و هاوارەی بۆ چییە؟ لە سەرخۆبە ، خۆ تۆ ناوجەرگی ئێمە بڕی !

– ئاخر قوربان بۆ گەیاندی ئەم هەواڵە هاوت و هاورای لەمە زیاتریش دەوێت ، گومانم نییە پاش بیستنی خەڵاتێکی گەورەم دەکەی .

– کوڕەکەم ئێستە پێم ناڵێیت: ئەم هەواڵە خۆشە چییە ؟ با ئێمەش شادمان بین پێی .

لە کاتێکدا پەلاماری دەستی مەلامدا تا ماچی کەم ، وتم :

– قوربان گیان خوای گەورە سەرفرازی کردم و کەمێک پێش ئێستا مانگم بینی .

بە بیستنی ئەم قسەیەم ، مامۆستا و خاوخێزان کە هێشتاش سەرسامی و شۆکی هاتنە لە ناکاوەکەی من بەری نەدابوون ، خێرا چاوەکانیان بڕیە ئاسمان و بەڕاستی چەپدا بۆ مانگ دەگەڕان .

– کوڕەکەم ، تۆ دڵنیایت مانگت بینیوە ، بەڵام من هەچی چاو دەگێرم نایبینم .

خاوخێزانیش هەمان شتیان دووبارەکردەوە ، لە چانسی من مانگ لە هیچ شوێنێکی ئاسمانەوە بەدەرنەدەکەوت و خۆی شاردبوویەوە .

-مامۆستا گیان باوەڕم پێبکە و ئامادەم سوێندت بۆ بخۆم ، کەمێک بەر لە ئێستا بەم دوو چاوەی خۆم ڕوخساری جوانی مانگم بینی ، دوای ئەوە بەم مانگە پیرۆزە و بە زمانی ڕۆژەوە بوێری ئەوەم کوا درۆی وا بکەم و خۆم ڕسوای دنیا و قیامەت و بەر قاپی خودا بکەم .

–  باشە کوڕەکەم خودا دەزانێت لە نە درۆم لێ بیستوویت و نەخراپەم لێ بینویت و سەرت ڕۆشتبێت نوێژت نەچووە ، ئەم مانگ بینینەشت نعمەتێکی گەورەیە و خودای مەزن پێی بەخشیوەی.

لە خۆشی وتەکانی مامۆستا خەریک بوو شاگەشکە ببم و پێکانم زەوی نە دەگرت و وتم:

– مامۆستا گیان کەوا بوو سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنە؟ خودا پاداشتی خێرت بداتەوە و وا لە بانگی ئێوارەش نزیک دەبینەوە با پێکەوە بچین بۆ مزگەوت و ئەم مژدە و جەژنانە بە خەڵکیش ڕابگەیەنە.

– بەڵێ وایە کوڕەکەم بەپێی وتەکانی تۆ بێت سبەی جەژنە ، بەڵام خۆ من ناتوانم بە خەڵکی ئەمە بە خەڵکی ڕابگەیەنم و ئەو بڕیارە لەدەستی مندا نییە ،ئێ هەر وا هەوانتە و ئاسانیش نییە ، دیاریکردن جەژن یاسا و رێسایەکی هەیە و دەبێت بەرپرسانی باڵا و لیژنەی بینی مانگ و وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری لەسەر بدەن. بۆیە ئەم ئەرکە پیرۆزە و گەیاندنی ئەم مژدەیە دەکەوێتە سەر شانی خۆت.

– یانی چۆن و دەبێت من چی بکەم ؟

– هەر ئێستا بەرێ دەکەوی بۆ شارۆچکە و بەرێوەبەر و مەلای ئەوێ لە بینینی مانگ ئادار دەکەیتەوە.

من هەر وەک *” هەنگم لە کلۆری داردا دۆزیبێتەوە ” ، ڕازی بووم بەچوون بۆ شارۆچکە و لەگەڵ تاقانە شۆفێری گوندەکەمان بە ئۆتۆمبێلە شەق و شڕ و مۆدێل کۆنەکەی وەڕی کەوتین. دۆل و هەوراز و نێشو و چاڵ و چۆڵی رێگا خاکیەکە گوند بۆ شارۆچکە ، ناڵە ناڵ و بۆڕە بۆڕ و هاواری ناوسکی ماشێنی قوڕبەسەر دەرهێنابوو و گوێی ئەو ناوەی کەڕ دەکرد و کافر بەزەیی بە حاڵیدا دەهاتەوە.هەژارە لەم غوربەتەدا ، دەیان ساڵە بێ پشودان کاری تاقەت پروکێنی پێ دەکرێت و مافەکانی پێشێل دەکرێن و هێندە بەنزینی پیسی دەرخوارد دراوە و هێندە جەستەی پینە و پەڕۆکراوە بەیەکجاری ڕوخساری گۆڕاوە و ئەگەر ببرێتەوە بۆ کۆمپانیای دروستکەری ئەوا نەک هەر نایناسنەوە و بەڵکو حاشاشی لێدەکەن.

– کاکی برام ئەوە لە چ خەیاڵێک دایت ، فەرموو دابەزە گەشتین ، ئەو ماڵی بەڕێوەبەری شارۆچکەیە.

دابەزیم و سڵاوێکم لە پاسەوانی بەردەگاکە کرد و وتم :

– دەمەوێت جەنابی بەرێوەبەر ببینم .

بە گاڵتەجاڕیەوە سەیرێکی کردم و وتی:

– کوڕی باوکم جەنابیان ڕۆژو دەکاتەوە و بڕۆ سبەی وەرەوە.

– برای خۆم سبەی چی بێمەوە ، کارێکی گرنگم هەیە و هەر دەبێت ئێستا بیبینم.

– تۆ ئەڵێی گوێت نییە ، بڕۆ خێرا لێرە دورکەوەرەوە ئەگینا خراپ ئەبینی.

– برا گەورەکەم دەتۆ گوێم لێبگرە من لە لای مەلای گوندەکەمانەوە هاتووم و پەیامێکی گرنگم بۆ بەرێزیان پێیە ، هێندە گەورەیی بنوێنە و تەنها ئاگاداری بکەرەوە.

– بێ مێشک لەبەرخاتری ئەم مانگە پیرۆزە نەبێت ، کارێکم پێ دەکردی * ” با بەدەواری شڕی نەکرد بێت ” ، بڕۆ سبەی سەعات هەشتی سەرلەبەیانی وەرە بۆ فەرمانگە نەک بۆ ماڵی بەڕێوەبەر.

– ئەی هاور کاکی برام بۆ تێناگەی ، پەیامەکە چارەنوسازە و پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە ، لە ڕێی دورەوە هاتووم و خێرت دەگات با چاوم بە جەنابیان بکەوێت.

– هەتیوو پەیامێکی گرنگ نەهێنابێت ، وەڵا دوایی دەتکەمە ئەو کونە سەگەوە و بەشەق ئەتپچڕێنم.

پاش وەرگرتنی مۆڵەتی جەنابی بەرێوەبەر چوومە خزمەتیان و باسەکەم بۆ گێرایەوە و خوا هەڵناگرێت زۆر ڕێزی لێنام و *” شوتی گەورە گەورەی باشی خستە بن هەنگڵمەوە ” وەک لە مەیدانی شەڕدا بە سەر سەرسەخترین دوژمندا سەرکەوتبێت دەینەڕاند:

– ئافەرین بۆ تۆ ، بەڕاستی جێگای شانازیت ، لاوێکی خوێنگەرم ، ئایینپەروە ، خەم خۆری گەل و نیشتمانی . بێگومانم تا ئەم ولاتەمان گەنجانی وەک تۆی هەبێت باکمان لە هیچ نییە و لە پێشکەوتن بەردەوام و گەشتن بە ئامانجە مەزنەکان بەردەوام دەبین .. بژی نیشمان ، بژی گەل ، هەر بژی ڕۆڵەی دلێر و ئازا ، سەرشۆڕی بۆ دوژمنان و نەیارانمان.

خەریکبوو هەستمەوە مشتەکۆڵەیەک بسرەوێنمە ناودەمی و پێی بڵێم :

– بەرێوەبەری ناڕەسەن ئەم نەڕە نەڕەت لە چییە و کامە پێشکەوتن و کامە شانازی ؟ ئەگەر لە گوندە کاولبووەکەمان هێڵی تەلەفۆن هەبوایە یان هیچ نەبێت سگناڵی تەلەفۆن دەستی پێبگەشتایە ئیدی من بەم شەوە ئەو ڕێگا سەختە چاڵاویەم بۆ دەبڕی تا بگەمە لای جەنابت.

بەڵام داخی گرانم کوا بوێر و ئازایی ؟ * ” دەک خیرەت سەگ بتخوات ”. پاش ئەوەی هەستم کرد ، کە ئەو ئەرکە گەورەیەم بە جێ گەیاندوە بە کاکی بەرێوەبەرم وت:

– دەی کەوا بوو گەورەم ئیتر ئیزنی من بدە لە خزمەتتان مەرەخەس ببم و بگەڕێمەوە بۆ گوندەکەمان و خوای گەورە ئەم جەژەنە لە بەرێزت و لە هەموو موسڵمانی وڵات و جیهان پیرۆز بکات.

– نا نا کوڕم بۆ کوێ ، من * ”هاورێی نیوە ڕێ ” ـم ناوێت . تا ئێرە هێناوتە لەمەودواش لە سەری بەردەوام دەبیت.

ویستم وەڵامی بدەمەوە ، بەڵام ماوەی نەدام و دەستی دایە تەلەفۆنکردن .

– سڵاو مامۆستا هێژا ، ببورە کە لە کاتت دەگرم دەزانم سەرقاڵی نزا و پاڕانەوە و نوێژ و تاعەتی …

ئیدی هەموو بەسەرهاتەکەی منی بۆ مەلای وتاربێژی شارۆچکەکە گێرایەوە ، دیار بوو مەلاش زۆری پێ خۆش بوو هێندەی نەبرد و خۆی ئاپۆڕای جەماوەر بەدەم دەفلێدانەوە خۆیان گەیاندە ماڵی بەرێوەبەر بەگ و بەتوندی لە ئامێزی گرتم و وتی:

– ماشەاڵلە لەم گەنجە نورانییە ، هەر بە ڕوخساریا دیارە کە کەسێکی خواناس و ئایینپەروەرە ، خودا پاداشتی خێرت بداتەوە ئینشااڵلە .

پاش ئەوەی لە خوتبەیەکی حەماسی دا زۆر ستاییشی کردم ، ڕووم تێکرد و وتم :

– زۆر سپاسی بەرێزت دەکەم مامۆستا گیان ، خودای گەورە نمومەنەتان زیاد بکات ، من بە ئەرکی سەرشانم هەستاوم و کارێکی وا گرنگم نەکردوە و ئەگەر مۆڵەتم بدەیت ئەوا تا دەرنگی نەکردوە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ گوند .

-کوڕی خۆم گەڕانەوەی بۆ گوندی چی ! دەبێت هەر ئێستا ڕەوانەی ناوچەت بکەین و بەڕێوەبەر و مەلاکانی ئەوێش بەم هەواڵ و مژدەیەت دڵخۆش بکەیت و ئێمەش بە تەلەفۆن لە چوونی تۆ ئاگاداریان دەکەینەوە.

هەرچی ڕا و ڕێویم هێنایەوە وتم :

– بابە تەلەفۆنێک بکەن و نامەیەک بنێرن .

سودی نەبوو کە نەبوو و بەدەم دەف لێدان و وتنەوەی سرودی ئاینیی و نیشتمانیەوە بە یاوەری دوو پاسەوان سواری ماشێنێکیان کردم و ڕەوانەی ناوچەیان کردم .

کاژمێر 9 شەو گەشتینە ماڵی بەڕێوەبەری ناوچە ، بەڵام بۆ چارەڕەشی

من لەوێ نەبوو و وتیان:

– بە ئەرکێکی گرنگ لەدەرەوەی شارە و بەم زوانە دێتەوە.

هەر چەندە لە دوو پاسەوانەکەی یاوەرم پاڕامەوە :

– بابە ئێستە کە بەرێوەبەر لێرە نییە ، دەی هیچ نەبێت با بچین بۆ ماڵی وتاربێژی ناوچە ، یان واز لەمن بهێنن و با بڕۆم بەدەم ئیش و کار و ژیانمەوە .

– کەچی یەکێکیان هەر وەک بڵێیت تاوانباراێکی مەترسیداری دەستگیر کرد بێت ، نەڕاندی بەسەرمدا و وتی :

– بیبڕەوە و بێدەنگ دانیشە و خۆت لە کاری گەورەکان هەڵمەقورتێنە، تا جەنابی بەڕێوەبەر دێتەوە دەتبەین بۆ ناوەندی پۆلیس و پاشان ئەوان دەتبەنە خزمەتی جەنابیان .

نە پاڕانەوەم ، نەهارو و دام سودێکی نەبوو و بێویژدانانە ڕادەستی پۆلیسیان کردم و بۆخۆشیان لێیاندا و گەڕانەوە .

لە ناوەندەکەی پۆلیس یەکسەر پەڕاوێکیان بۆ کردمەوە و ڕووبەڕووی هەزار یەک پرسیاریان کردمەوە و پاشان لە ژورێکدا دایاننام .

بەخوا ڕاستیان فەرمووە *” مریشک بە دەستی خۆی خۆڵ بەسەری خۆیدا دەکات ”، ئەگینا من چیم دابوو لەم دەردیسەریە . 

پاش کەمێک مانەوەم بانگی یەکێک لە پۆلیسەکانم کرد و پێم وت :

– برا جوانەکەم من تاکەی دەبێت لێرەبم ، بەڵکو بە بەرپرسەکەت بڵێت تا ئێرە بێت .

– بەداخەوە دەبێت ئەم شەو لێرە میوانمان بیت . سبەی کە ڕۆژ بوویەوە ڕەوانەی دادگات دەکەین و کێشەکەت لەوێ یەکلایی دەبێتەوە ، جا خۆ ئەگەر تاوانبار بیت ئەوا دیسان دەتهێنەوە بۆ لای خۆمان و ڕەوانەی زیندانی گەورەت دەکەین .

– بیکە لە ڕێی خودا بەرپرسەکەت بانگ بکە ، دادگای و سزا و زیندانی چی !؟ من بۆ کارێکی خێر و گەیاندنی پەیامێک بە جەنابی بەڕێوەبەری ناوچە هاتووم ، کەی ڕەوای حەقە بەم دەردەم دەبەن ؟

– گوێ بگرە ئامۆژگاریەکەت دەکەم بەباشی بیخەرە مێشکتەوە ، هەتا سبەی هاتوهاور بکەیت کەس گوێت لێناگرێت ، ئەمە یاسایە و ئێمەش ناتوانین لێی دەرچین . پاشان ئێمە شفتی نوێین و نازانین بەڕێزت بۆ گیراویت و چ تاوانێکت ئەنجامداوە، گەر بێتو بشێویش بنێیتەوە ئەوا فڕێت دەدەمە زیندانی تاکەکەسییەوە .

– ئەی هاور براکەم ، بەرێزت بۆ تێناگەی من تاوانبار نییم ، بە کارێکی گرنگ و فەرمی لێرەم .

-هههههههههههه ، کوڕی بابم من ئەم سەرەم لە پۆلیسخانەیەدا سپی کردوە ، ئێوەی تاوانبار سروشتان وەک یەکە ، سەرەتا نکۆڵی لە تاوانەکەتان دەکەن پاشان کە لێکۆلێنەوەتان لێ دەکرێت و دەبرێنە بەردەم دادگا بەناچاری لە دواساتەکاندا دان بە تاوانەکەتاندا دەنێن.

– وەلا کاکی پۆلیس قسەکانت خۆش و گاڵتەئامێزن هههههههههههه.

– هششششش .. بیبڕەوە ، ئەتناسم ، ئەم ناسی ، گاڵتە و گەپی چی ،بڕوو بۆ خۆت لەو سوچە لێی بخەوە تا سبەی ، ئەو قسە پروپوچانە هەڵگرە بۆ دادوەری دادگایان بکە.

نەخێر بابە وەڵا خۆ ئەم برادەرە بەڕاستیەتی ، چ قوڕێکم بۆ گیرایەوە .

– دەرەوە لە داخان خۆت نەکوژی .

-نا نا نە خۆت بکوژە و نەهیچ ، ئەگەر تاوانەکەت بچوک بێت ئەوا سبەی دادگا یان ئازاد دەکات و یان سزایەکی سوکت دەدات ، خۆ ئەگەر تاوانەکەشت گەورە بێت ، ئەوا خۆیان دەتکوژن و ناچار نیت دەستت بچێتە خوێنی خۆتەوە.

– کاکی پۆلیس بۆ خاتری ئەم مانگی ڕەمەزان و بەرە جەژنانە تەنها بەرپرسەکەتم بۆ بانگە بکە…

هێشتا قسەکەم کۆتایی نەهاتبوو ، کەسێکی باڵابەرزی ئەسەمەری سمێل زال پەیدا بوو ، تا هێزی هەبوو وەک گا بۆڕاندی :

-دەکە داوەشێن بۆ خۆتان و دەنگەدەنگتان ، تەریق نابنەوە، داوەشێی یاخوا چ پۆلیسێکی دەبەنگی کۆنترۆڵی تۆمەتبارێکیشت پێ ناکرێت. یەک دەنگ نەبیستم کارێک دەکەم *” عەرەب بە وشتری نەکرد بێت ”.

– قوربان گیان دەستم بە دامێنیت ڕزگارم بکە ،من نە تاوانم کردوە و نەتۆمەتبارم ، بەهەڵە متان لێرە ڕاگرتووە .

ماڵی ئاوا بێ مرۆڤێکی باش بوو و ڕێگای پێدام بەسەرهاتی خۆمی بۆ بگێرمەوە . ئیدی منیش لە سیرەوە تا پیاز هەموویم بۆ گێرایەوە. بەڕاستی ئەویش زۆری پێ ناخۆش بوو و گەلێکیش خەنیەوە و زۆر دوای لێبوردنیشی کرد .پاش ئەوەی بە تەلەفۆن لە هاتنەوەی جەنابی بەڕێوەبەری ناوچە دڵنیابوویەوە بە ماشێنێکی تایبەت ڕەوانی لای بەرێزیانی کردم. ماڵی بەڕێوەبەری چی هێندە خەڵکی لێ بوو ، دەرزیت هەڵدایە نەدەکەوتەوە سەرزەوی ، هەمووان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی من بوون.

– یاخوا بەخێر بەی کوڕی خۆم ، ئەوە ئێمە زیاتر لە کاتژمێرەکە چاوەروانی تۆین ، لە کوێ بووی ؟

پاشان جەبانی بەرێوەبەری ناوچە ، بەندەی بە وتاربێژی گەورە و کاربەدەستانی ناوچەکەی ناساند و لەگەڵ گرمەی دەهۆڵ و زوڕنا ، هەڵپەڕکێش دەستی پێکرد.جەنابی بەرێوەبەر ڕووبە مەلای ناوچەکە کەوتە پیاهەڵدانم :

– مامۆستا گیان لە خوا بە زیاد بێت هێشتا کەسانێکی نەتەوەیی و خەمخوری ئایین و نیشتمان ماون .

مامۆستاش بەسەر ڕاوەشاندێک تەئیدی وتەکانی بەڕێوەبەری کرد :

– زۆر ڕاست دەفەرمووی ، وڵات و دینمان بە پێشەنگی ئەم دلاوەرانە دەگاتە ئامانج و مەبەست ، خوادی گەورە دەست بە باڵایانەوە بگرێت. بۆ ئەوەی ئەم گەنجە ببێتە سومبول و ئوسەوەی حەسەنە بۆ باقی گەنجانی دیکە ، دەبێت خەڵات بکرێت و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بەهەمووان بناسرێت و ستاییش بکرێت.

جەنابی مەلا و بەڕێوەبەر بێ ئەوە ڕای من بپرسن بڕیاریاندا ڕەوانەی ناوەندی پارێزگام بکەن.

– بەڕیوەبەر بەگ ئەمە کارێکی باش دەبێت و پاشان با لیژنەی زانایانی ئاینی و بەرپرسانی حکومەتی خۆجێیش ئەم گەنجە مەزنە بینین و ئەوانیش لەوێ بەخۆیان جەژن بەخەڵکی ڕادەگەیێنن.

لەوێش چەنێ ملەجیڕە و ددانە جێڕەم کردم ئەنجامێکی لێنەکەوتووە ، زووبەزوو و بەمەراسیمێکی بەشکۆ و لەگەڵ چەند پاسەوانێکدا بە دوو ماشێن ڕەوانەی ناوەندی پاریزگا کرام. کاتێک کەوتینە ڕێ ، زۆرێک لە پاسەوانەکان پاڕامەوە تا لە شوێنێک بووەستن و دامبەزێنن و ئەوان بەڕێی خۆیاندا بڕۆن و من بەڕێی خۆم. ماڵیان ئاوابێت نەیان کردە نامەردی راوەستان .

– وەرە خوارەوە خێرا ، ئادەی کوڕینە کەلەپچەی بکەن و فڕینبدەنەوە دوای ماشێنەکەوە بە باشی ئاگاداری بن لە دەستمان ڕانەکات.

– برایان ئێستە من هەڵەیەکم کرد بۆ توڕە دەبن ،بە گەورەیی خۆتان بمبەخشن، هەڵهاتنی چی و ڕاکردنی چی ، بەڵێن بێت لە خزمەتاندا بم بە ئارەزویی خۆتان بۆ کوێ دەمبەن بم بەن ، بەلام کەلەپچەم مەکەن ، کەمێک بەزەیتان هەبێت لە کاژمێر 5ی سەرلەبەیانیەوە من بۆ ساتێکیش پشووم نەداوە و ماند و شەکەتم و ماڵ و منداڵم چاوەڕوانمن ، خۆ کوفرم نەکردوە و مانگم بینیوە.

– باشە کروزە کروز ، ئەم جارە کەلەپچەت ناکەین ، بەلام خوام لەو خوایە یەک هەڵە بکەیت و هەوڵی هەڵهاتن بدەیت ، بزانە چ بەلایەکت بەسەر دەهێنم .هەتیو بزانم ناتەوێت قوڕ بکەی بەسەماندا و ماڵمان وێران بکەی ، بێ مێشک ئەم شەو لە شار لایەکی حکومەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن چاوەڕوانی تۆن کە چی جەنابیشت دەتەوێت هەر وا بە ئاسانی بەرەڵات بکەین، یان لە دەستمان هەڵبێیت. بۆ دواین جار ئاگادارت دەکەمەوە نەخەڵەتابیت تەنانەت بیر لە راکردن بکەیتەوە.

بەناچاری و بێدەنگ بۆی دانیشتم و خۆم دایە دەست چارەنوس. نزیکی پارشێوە گەیشتنە شار و لە زۆرێک لە شەقام و بازارەکان ئەتووت ڕۆژی نیوەڕۆیە و پڕبوون لە ئاپۆڕای خەڵک و دەهاتن و دەچوون. لێدانی زەنگی تەلەفۆن دەستی یەکێک لە پاسەوانەکان هەموومانی ڕاچڵەکاند.

– بەڵی فەرموو .. سڵاو گەورەم .. فەرمانتە .. گەورەم بەچاوان هەر ئێستا دەیبەین بۆ ئەوێ.

ئیدی پاش ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنییە ، پاسەوانەکە وتی:

– هەر ئێستا دەتبەین بۆ ئوتێلێکی 5 ئەستێرە و لەوێ پاریزگار ، لیژنەی زانایانی ئایینی و زۆرێک لە بەرپرسانی حزبی حکومی و دەزگاکانی راگەیاندن ئامادەن و لە چاوەڕوانیت دان.

بە گەیشتنمان بە شوێنی مەبەست وەک شاهـ پێشوازیم لێکرا و لە نێو گوڵباران و فەلاشی کامێراکاندا برامە هۆڵێکی ڕازاوە و قەشەنگەوە. سەرەتا شارەدار بەناوی هەمووانەوە وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا زۆر بە ڕیز و حورمەتەوە بەخێرهاتنی کردم و بە کەسێکی جێی شانازی گەل و وڵاتی بەناوی کردم ، بینی مانگ لەلایەن منەوە وەک شتێکی سەیر و سەمەرە دەگێرایەوە. پاشان بەدەم موزیک و سرودی ئایینیەوەپارشێو کرا و لەبەر خۆمەوە وتم:

– ئۆخەی خودایە ئیدی ئەرکی سەرشانم و کۆتایی هات و ڕزگارم بوو و دەتوانم بگەڕێمەوە گوند.

بەلام وا دیار بوو بەخت یاوەرم نەبوو و بە سەر هات و نەهامەتی دەردەسەریەکانم مدەبوو بەردەوام بن. لە پڕ هەمووان هەستانەوە و ڕاگەیەندرا ، تا هەموان بچینە هۆڵێکی دیکە و لەوێ لە سەر بابەتی مانگ بینینەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەبەسترێت.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ، پاش ئەوەی دەیان پرسیار ئاراستەی حکومەتی خۆجێی و لیژنەی زانایانی ئایینی کرا ، پارێزگار بەناوی هەموانەوە وەڵامی دانەوە و لە لێدوانێک دا ڕایگەیاند:

– ئەمەی ئەم گەنجە قارەمانە کردویەتی بێوێنەیە و خزمەتێکی گەورەیە بە ئایین و نیشتمان و جێگای ڕێز و پێزانینە ، بەڵام چونکە وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی بینینی مانگ و حکومەت لە پایتەختن ، بۆیە بە باشمان زانی ئەم گەنجە بەرێزە ڕەوانەی ئەوێ بکەین و هەم ئەوان بڕیار لەسەر جەژن بدەن و هەم ئەم بەرێزەش خەڵاتێکی شایستە بکەن. بۆیە هەر ئێستا بۆ ئەوەی درەنگ نەکات بە فرۆکە ڕەوانەی پایتەختی دەکەین .

لەگەڵ گوێم لەم وتەیەی پاریزگار بوو ، ئەژنۆکانم شل بوون و سەرم دەستی بەسوڕانەوە کرد ، هەر چەندە قیڕاندم :

– بابە خەڵاتم ناوێت و خۆتان بەشێوەیەک پرسەکە چارەسەر بکەن و ڕەوانەی پایتەختم مەکەن .

بەڵام نە گوێم لێ گیرا و نەکەسیش *’ کڵاوی بە ‘…. ” پێوام” . هێندەی بڵیی یەک و دوو بەرەو فڕۆکەخانە فڕاندمیان. پاش کە،ێک لە ڕێگە بڕین ، لە پڕ دەنگی موزیکی ڕادیۆی ماشێنەکە بڕا و دەنگی بێژەرەکە سەرنجی هەموومانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا:

– گوێگرانی بەڕێز ، ئاگادار بن ، پاش کەمێکی دیکە هەواڵیکی گرنگتان پێ ڕادەگەیەنین.

ئیدی هەر چەند خولەکێکی نەخایاند کە دیسانەوە کاکی بێژە هاتەوە گۆ و وتی:

– لە ڕاگەیەندراوێکدا کە هەر ئێستا لەلایەن لیژنەی بینی مانگ و وەزارەتی ئەوقافەوە بەدەستمان گەشتووە ، تێیدا هاتووە:

” هەرچەندە درەنگ وەختیش بێت ، بەڵام بەپێی ئەو هەماهەنگیانەی کە لەگەڵ شار و ناوچەکانی وڵات و وڵاتانی دراوسێ و جیهانی ئیسلامی هەمانە و هاوکات بە گوێرەی هەموو حسابێکی فەلەکناسان، ئەوا سبەی یەکەمین ڕۆژی جەژنی ڕمەزانی پیرۆزە و تکایە هەموو لایەکی لێ ئاگادار بکەنەوە و خوای گەورە ڕۆژ و نزای هەمووان قبوڵ بکات و جەژنی هەموو لایەک پیرۆز بێت.

هێشتا بێژەکە هەواڵەکەی تەواو نەکرد بوو ، ماشێنەکان ڕاوەستان و پاسەوانەکان بەپەلە دایان بەزاندنم و وتیان :

– خوات لەگەڵ ئیدی کارمان پێت نەما و ئازادی بۆ کوێ دەڕووی بڕۆ و لێیاندا ڕۆیشتن.

لە لەکاتێکدا بەدوایاندا ڕام دەکرد ، قیڕاندم : 

– بێ ویژدانینە ، بۆ لەم چۆڵەوانیە بەجێم دەهێڵن ، ئەی ئەم هەموو ماندووبوونەی من چی بەسەر دێت و ئەی کوا خەڵاتەکەم؟

یەکێکیان لە جامی ماشێنکەوە سەری دەرهێنا و هاوری کرد :

قوڕ بەسەر سپاسی خودا بکە نەبرایتە پایتەخت ، ئەگیان لەوانە بوو لەوێشەوە ڕەوانەی ئەزهەر و مەککە بکرایتایە. خەمت نەبێت خەڵاتەکەشت لای خودای گەورەیە و بۆت هەڵگیراوە.

برۆکسل – بەلجیکا.

 2,038 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت