Aram-Refat

دکتۆر ئارام ڕه‌فعه‌ت – هەرێمی کوردستان لە خاوەنەوە بۆ شەریک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەگوێرەی سایتی فەرمی حکومەتی هەرێم نزیک بە سێ دەرزەن کۆمپانییای نەوتی بیانی ، کە سەر بە ١٧ وڵاتن، زیاتر لە ٥٠ گرێبەستییان لەگەڵ هەرێمدا واژۆکردووە . لەناو ئەو کۆمپانیایانەدا پێنج لە گەورەترین کۆمپانیای ناحکومی لەسەر ئاستی جیهاندا هەن ، ئەوانیش : ئێکسۆن – مۆبیل ، چێڤرۆن ، تۆتەڵ ، کاسپروم نەفت ، بی پی ( لەرێگەی بەرێوەبەری پێشووی ) . لەوەش گرنگتر، ئێکسۆن – مۆبیل ، چێڤرۆن و بی پی میراتگری ئەو حەوت کۆمپانیایەن کە بەحەوت خوشکەکە ناسراون و بۆ نیو سەدە کۆنترۆڵی زۆربەی نەوتی جیهانیان کردبوو .

هاتنی کۆمپانیاکان وەرچەرخانێکی مێژووییە ، لەلایەکەوە ، یەکەم جارە هەرێمی کوردستان مامەڵە بەنەوتەکەیەوە دەکات و راستەوخۆ کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا واژۆ دەکات و دەکەوێتە سەرنەخشەی جیهانی وزە وە هەنگاو بەرەوسەربەخۆیی ئابووری هەڵدێنێت . لەلایەکی ترەوە ، هاتنی کۆمپانیاکان هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک گرفتی درێژخایەن کە رەنگە هاوشێوەی ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ حەوت خوشکەکەدا، پێویستیمان بەدەیان ساڵ ململانێ لەگەڵ ئەو کۆمپانییایانە و وڵاتەکانییاندا هەبێت بۆ ئەوەی لە هەژموونییان رزگارمانببێت .

ئەوەی کوردستانی باشور دەخاتە بەردەم مەترسی درێژخایەنەوە سروشت و جۆری کۆنتراکتە نەوتییەکانی هەرێمە . مادەی ٢٤ی یاسای نەوت و غازی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنتراکتە نەوتییەکان لەسەر بنەمای شەراکەت لە بەرهەمدا دەبێت . ئەم یاسایە کە وەک بنەمایەک بەکارهاتووە بۆ هێنانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و مافی هاوبەشی لە خاوەندارێتی کێڵگە نەوتییەکانیان دەداتێ .

بەگوێرەی مارین کاتەسا ، گەورە راوێژکار و توێژەرەوە لە ” دامەزراوەی توێژینەوەی کێسی” تایبەت بە وزە ، کۆمپانیا نەوتییەکان زیاتر لە٢٠%ی پشکی نەوتی هەرێمییان بەردەکەوێت . لەراستیدا پشکی کۆمپانیاکان لەوە زیاترە و هەرێم نابێتە خاوەنی ٨٠%ی یەدەگی نەوتەکەی . بەپێی بەندی ٣٧ی یاسای نەوت و غازی هەرێم کۆمپانیا نەوتییەکان ئەو مەسرەفە وەردەگرنەوە کە لە گەران و دەرهێنانی نەوتدا خەرجیانکردووە هەر لە کرێی کرێکارەکانییانەوە تا دەگاتە نرخی ئەو تەکنەلۆژیایەی بەکاری دەهێنن . بەمجۆرە ، هەردوو مادەی ٢٤ و ٣٧ هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگی لێ بەرهەمدێت . لەلایەکەوە کۆمپانیاکان لە قازانجی نەوتدا شەریکن بەڵام لەخەرجییەکاندا نا ، بە پێچەوانەوە ئەوان هەموو کرێ و خەرجییەکیان بۆ دەگەرێتەوە . لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم دەبێت بەتەنیا جگە لە کرێی کۆمپانیاکان هەموو خەرجییەکانیش لەئەستۆ بگرێ . هەروەک لە ستونەکانی داهاتوودا تیشکی زیاتری دەخەمە سەر، ئەو خەرجی و کرێیەی کۆمپانییا نەوتییەکان وەری دەگرن خەرجییەکی خەیاڵییە و نزیک دەبێتەوە لە ٥%ی کۆی نەوتی دەرهێنراو . بەواتایەکی تر ، کۆمپانیاکان دەبنە خاوەنی نزیک بە ٢٥% ی نەوتی هەرێم ، بەڵام پشکی هەرێم لە ٧٥% کەمتر دەبێت ، چونکە حکومەتی هەرێم جگە لەخەرجی کۆمپانیاکان دەبێت کۆمەڵێک خەرجی تریش بدات . واتە ، لەهەر چوار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەرێم ، بەرمیلێک بۆکۆمپانیاکان و کەمتر لە سێ بەرمیلیش بۆ هەرێم دەبێت . دامەزراوەی وزەی ئەمریکی یەدەگی نەوتی دۆزراوە (سەلمێنراو ) ی هەرێم بە ٥٠ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنێت . بەمجۆرە ، کۆمپانییە نەوتییەکان بەتەنیا خاوەنی زیاتر لە ١٢ ملیار بەرمیل نەوتی هەرێمن و خاوەنی بڕیاریشن لە چارەنووسی ئەو ٣٨ ملیار بەرمیلەکەی تریش ، هەر لە چٶنییەتی و بڕی دەرهێنانی ، تا فرۆشتن و نرخ و گواستنەوەی .

بەکورتی، گەلی کوردستان چیتر بەتەنیا خاوەنی سامانی سروشتییەکەی نییە ، بەڵکو تەنها شەریکێکن وە حکومەت و خەڵکی کوردستان لەمەودوا ناتوانن سەربەخۆ بڕیار لەسەر چارەنووسی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بدەن . بەمجۆرە ، حکومەتی هەرێم رێک پێچەوانەی رەوتی مێژوو هەنگاودەنێت و سیاسەتی نەوتی لەسەر بنەمای پشکداری و هاوبەشی داڕشتووە ، سیستەمێک کە بۆ نیو سەدە حەوت خوشکەکەی کردبووە مۆتەکەی گەلانی ناوچەکە  .

پرسیارێک کە پێویستە وەڵام بدرێتەوە ئەوەیە ئایا جگە لەو جۆرە گرێبەستانە هەرێم چارە و بەدیلی تری هەیە ؟ لە گۆشەی داهاتوودا هەوڵدەدرێت تیشک بخرێتە سەر ئەو مەسەلەیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت