بەهرۆز جەعفەر : پارتى و پرسی دەستاو دەستکردنى دەسەڵات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زاناى سیاسی ” شارل دباش” لایوایە ،” ناکرێت ، پرەنسیپەکانى دیموکراسی بچەسپَێنین ، لەکاتێکدا حزبێکى سیاسیی ، تاسەر هەر خاوەنى دەسەڵات بێت ، بەڵکو دەبێت بیداتە دەست تەیارێکى تر ” . بەڵام چۆن .؟. هەڵبەتە بۆ پرسی ئالوگۆڕکردنى دەسەڵاتیش ، (3) مەرجى سەرەکى هەیە :

یەکەم : فرە حزبی ( تەعەدویەت یان پلۆرالیزمى سیاسیی ) . بەوپێیەى لە لەچوارچێوەیی فرەییدا ، جیاوازى لە فکرو ئایدۆلۆجیاو ئالیەت و بەرنامەى کار ، دروست ئەبێت . دواجار ئەم جیاوازییانە ڕۆحیەتێکى بەرگری دەبەخشنە کۆمەڵگەو ، دەیپارێزن لە هەڵوەشانەوەو تێکچون .

دووەم : هەڵبژاردن . بەشێوەیەکى گشتى ، ئازاد ، ڕاستەوخۆ ، نهێنى . دیارە یەکەم پایەى دیموکراسییەت لەیۆنانى کۆنەوە ، هەڵبژاردن و حوکمى گەل بووە . گەل کاتێک هەستەکات دەنگەکەى چارەنوسی دیارى ئەکات ، ئەگەر بەچاوى خۆى گۆڕانێک ببینێت . بۆنمونە : بیبینێت ، لێپرسینەوە و چاودێریی هەیە . ترس لاى دەسەڵات دروست بووە . ئاڵوگۆڕ ببینێت .سزاى دەسەڵات بەدەست گەل بێت . نەک نوخبەیەکى سەرلێشیواوو ترسنۆک ، لەئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات.چۆنیان ویست ئاڕاستەکە وا ببەن .

سێهەم : ڕێککەوتنێک لەنێوان دەزگاکانى دەوڵەت و حوکمى زۆرینە بۆ ڕێزگرتن لەکەمینەکان .ئەمیش بەو پێیەى ئاڵوگۆڕکردن ( تداول سلگە ) گۆڕان نێک نییە بۆ دەوڵەت ، بێت . واتە گۆڕانە لە سیستەمى دەوڵەتەکە نییە بەقەد ئەوەى گۆڕانە لەنوخبەى فەرمانڕەواو بەس .

دەستاودەستکردنیش یەک شێوە نییەو کۆتایی بێت . سبەینێ هێزێک لەکوردستان بیباتەوەو ، بەیەکجار داواى هەموو کەرتەکانى پۆلیس و ئاسایش و سەرۆکایەتى و دارایی و … هتد. بکات . بەدڵنیاییەوە کوردستان و پارتیش فێرى ئەم ئاڵوگۆڕ نەبون ، چونکە دەسەڵات خۆشەویستیەکە تێکەڵ بەخوێنى مرۆڤ ئەبێت ، لەقۆناغەکانى مناڵییەوە ، لەکاتى پیادەکردنییدا سەد هێندە خووگرتن پێوەى پتر دەبێت . بۆیە بەپێی زانستە سیاسیەکان و ئەزمونى وڵاتانى جیهان (3) جۆر لە دەستاودەستکردن ( تداول) ى دەسەڵاتمان هەیە :

یەکەم : دەستاودەستکردنى ڕەها ..بریتى یە لە ڕادەستکردنى هەموو دەسەڵات و بەشەکانى بە لایەنى ئۆپۆزسیۆن ، بەشێوەیەکى گشتى لەسیستەمى پەرلەمانى دا ، ڕووئەدات . دواى بردنەوەى زۆینەى دەنگەکان لەبەرژوەندیی ئۆپۆزسیۆن . ئەکرێت لە نیزامى سەرۆکایەتى یان نیمچە سەرۆکایەتیش ئەمە دەربکەوێت ، وەیاخود لە سیستەمى دووحزبی دا ، وەک ئاڵوگۆڕى ڕەها ( کلى ) موحافزکارەکان و لیبراڵەکان لە بەریتانیا ساڵى (1832-1914) .

دووەم : دەستاو دەستکردنى ڕێژەیی ( تداول نسبی) : ئەوەیە تەنها بەشێک لەدەسەڵات دەچێتە ڕیزى ئۆپۆزسیۆن بونەوە . بەدرێژایی ساڵانى (1944-1988) لەویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ، ئاڵوگۆڕى هەموو یان ڕەهاى دەسەڵات نەبووە ، تەنها ساڵى (1952) نەبێت لە عەهدى سەرۆک ” ئەزینهاوەر ) دا.

سێهەم: ئاڵوگۆڕى دەسەڵات بەهۆى پەڕینەوە بۆ ڕێگاى ناوەند .. واتە ئەگەر بۆ گەیشتن بەحوکم ، هیچ کام لەدوو حزب نەیانتوانى زۆرینەى دەنگەکان بهێنن ، ئەوا حزبى سێهەم دێت و لەگەڵ یەکێکى تر ، ڕێک ئەکەوێت.ئەوسا حکومەت پێک دەهێنێت .

پارتى ،( 67 ) ساڵ تەمەنى تێپەڕاند ، یەک سەرۆکى ، بڕى.ئەویشیان بە مەرگى خودا کە بارزانى باوک بو ، کۆچى دوایی کرد . ئێمە بۆ قسەکردن لەسەر پارتى و مێژووەکەى ، پێویستى ویژدانى و ئەخلاقیمان بەو هەلومەرجەیە کەپارتى تیایدا دامەزراوەو ، خەباتى کردووە . لەکاتێکدا لەدواى ڕاپەڕینى (1991) ەوە ، کورد بەشێوەیەکى گشتى و نوخبەو میدیاو شەقامى کوردى ، فێرى باس و خواسی دیموکراتى بون.کەچى پارتى زیاتر لەنیوسەدەیە پاشگرى ” دیموکراتى” لەخۆى ئاڵاندووەو ، بەمانا زانستیەکەى نەلەناو پارتى و نەلەکوردستان دیموکراسیەت نەچەسپیووە .

پارتى بنەماڵەیە یان نا ؟ بۆ خۆى و کادرەکانى باشە یان نا .؟ ئەمە پرسێکە دەوەستێتە سەر بارى ناوخۆیی و کادرەکانى پارتى . ئەگەر لەهەولێرو بادینان یەک بنەماڵە هەیە ، لەسلێمانى و گەرمیان سەد بنەماڵە حوکم دەکەن . بۆیە ئەمە باس و خواسی ناوخۆى پارتییەو ئێمە هەقمان بەسەریەوە نییە . ئەوەى ئێمە بەدواى دەگەڕێین ، هەڵس و ڕەفتارى سیاسی پارتییە بەرامبەر بەژیانى گشتى ، ئەوەیە بپرسین ئایا پارتى ئۆپۆزسیۆن بون ، قبوڵ دەکات ..؟ تێدەگات کەپێویستە ئەمیش ڕەخنەگر بێت و ، ئەداى دەسەڵات و جموجۆڵى ئەوانى تر ببینێت ، یاخود لەدەرەوەى خۆى کەسی تر قبوڵ ئەکات ؟.

ئەگەر سەیربکەیت ، کابرا ئۆتۆمبیلێکى گرانبەهاى پێیەو ، ژنێکى شۆخ و شەنگى لەتەک خۆى داناوەو ، پاک خۆى لێگۆڕیوەو ، دەڵێت : ئیشەڵا هەر دەیگۆڕین !.ئەمە دەریدەخات ، خەڵک ئەگەر ئازادى و خۆشگوزەرانیشى هەبێت ، هەر پێویستى یان بەئاڵوگۆڕى دەسەڵاتە . مرۆڤێک هەرچەندە خۆراک و خەوى باش بێت ، هەرچەندە ڕێزى لێبگیرێت ، ئەگەر ئاڵوگۆڕ و جموجوڵى خوێن لەخانەکانى لەشیدا نەبن ، بەرەو مەرگ دەڕوا.

پارتى دیموکراتى کوردستان ، لەوحزبانەیە کە لەگەڵ باسى دیموکراتى و هەڵبژاردن و مافى مرۆڤ و ئازادى سیاسیی دا ، نێوانیان گرژە .. بەڵکو هەر لەشەڕ و سیناریۆ قەومییەکاندا گەشەدەکات . بەپەتى ئیقلیمى و ئابوریی خۆى بەهێز دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت