Aram-Refat

دکتۆر ئارام ڕه‌فعه‌ت : نەوت و ٣١ی ئاب .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەچەند رۆژی داهاتوودا خەڵکی کوردستان یادی یەکێک لە رۆژە تراژیدییەکانیان دەکەنەوە کە بە ٣١ی ئاب ناسراوە. لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا لەسەر خواستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، رژێمی عێڕاق هێرشی کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. لەو هێرشەدا زیاتر لە ٣٠،٠٠٠ گاردی کۆماری و بە پشتیوانی ٤٠٠ تانک بەشدارییان کرد و سوپاکەی عێڕاق بۆ ماوەی چەند رۆژێک هەولێری پایتەختی داگیر کرد . ئەم داگیرکارییە لە بیست ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستاندا بە مەترسیدارترین روداو هەژمار دەکرێت . زۆر جار لە ئەدەبییاتی سیاسیدا ٣١ی ئاب وەک خیانەتێکی نیشتیمانی‌و سیمبۆلی کەلتوری پەنا بردن بۆ هێزێکی داگیرکەر و دەرەکی بە ئامانجی سەرکوت کردنی نەیارێکی ناوخۆیی ئاماژەی پێدەدرێت . هەندێک جاریش مێژووی بیست ساڵەی رابردوو دابەش دەکرێت بۆ پێش ٣١ ئاب وە دوای ئەو بەروارە. پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە نەوت چ رۆڵێکی هەبووە لەم وەرچەرخانە مەترسیدارەدا .

دەکرێت رۆڵی نەوت لە ٣١ی ئابدا چەند خاڵێکدا روون بکرێتەوە . یەکەم ، تورکیا رۆڵی سەرەکی هەبوو لەو پرۆسەیەی کە پێدەگوترا چەکوشی ئامادە و کە بەهۆیەوە ناوچەی دژە فڕین لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەسەر بەشێکی بەرچاوی کوردستان‌و باشوری عێڕاقدا سەپێنرا بوو . تورکیا لەم پرۆسەیەدا هەم ئەندامێکی چالاکی هێزە هاوپەیمانەکان‌و هەم وڵاتی خانەخوێ بوو و فرۆکەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئەنچەرلیکی تورکییەوە پارێزگارییان لە ناوچەی دژە فڕین دەکرد ، ئەمەش بەسەر یەکەوە رۆڵێکی سەرەکی دابوو بەتورکیا و زۆر جار تورکەکان مافی ڤیتۆیان لە پرۆسەی چەکوشی ئامادە پێدەدرا . بەڵام تورکیا یەکێک بوو لەزەرەرمەندە سەرەکییەکانی شەڕی رزگار کردنی کوێت و ئەمبارگۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێڕاق . بۆیە ، ئەمریکا بەدوای هەلێکدا دەگەڕا کە قەرەبوویەکی ئابڕومەندانەی تورکیای هاوپەیمانی بکاتەوە . لێرەدا پێویستە تیشک بخرێتە سەر فاکتەرێکی تر، کە ئەویش نزیکبوونەوەی پارتی بوو لەهەر یەک لە رژێمەکەی عێڕاق و تورکیا . ئەم نزیک بوونەوەیە پێدەچێت بووبێتە هەوێنی رێکەوتنێکی رانەگەیەندراوی سێ قۆڵی نێوان پارتی‌و تورکیا و عێڕاق . لەم رێککەوتنەدا عێڕاق هاوکاری پارتی بکات لە وەدەرنانی هێزەکانی یەکێتی لەهەولێر و تورکیاش فشار بۆ هاوپەیمانان بێنێت کە رێگە بە داگیرکردنی هەولێر لەلایەن عێڕاقەوە بدات،لەو سەریشەوە عێڕاق رۆژانە دەیان بەرمیل نەوت بەشێوەیەکی قاچاخ بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بۆ تورکیا هەناردە بکات . دروستی ئەم سیناریۆیە لەوەدا دەردەکەوێت کە لەلایەکەوە ئەمریکا چاوپۆشی کرد لەو داگیرکارییە و لەلایەکی تریشەوە، دوابەدوای ٣١ ئاب و بەشێوەیەکی بەردەوام رۆژانە نزیک بە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوت لەرێگای سەدان تانکی نەوتییەوە و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هەناردەی تورکیا دەکران. ئەم هەناردە کردنەی نەوت بەشێوەیەکی قاچاخ لەکاتێکدا بوو کە هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمبارگۆیەکی سەختیان خستبووە سەر عێڕاق و تا پرۆسەی نەوت بەرامبەر بەخۆراک رژێمی عێڕاق بەهیچ شێوەیەک رێگای پێنەدەدرا نەوت هەناردە بکات .

٣١ی ئاب دەکرێ وەک ئامادەکارییەکیش بۆ رێککەوتننامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراکی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان‌و عێڕاق تەماشا بکرێت . بەشێک لەو بۆڕییە نەوتییانەی کە کێڵگەکانی کەرکوک بە بەندەری جیهان دەبەستنەوە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕێت کە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوو . ئەم ناوچانە لەهەمان کاتدا لەژێر کاریگەری گەریلاکانی پەکەکەدا بوون . لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراکدا ،  دەبوایە رۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە هەناردە بکرێت بۆ بەندەری جیهان. بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بوو ئەو رێگایە تەئمین بکرایە و یەکێک لەدەرەنجامەکانی ٣١ی ئاب زاڵکردنی هەژموونی پارتی بوو بەسەر ئەو ناوچانەی کە بۆڕییە نەوتییەکانی پێدا تێپەڕ دەبوون ، ئەمەش لەلایەکەوە پارتی ئیمتیازی ئەوەی پێدرا کە وەک پاسەوانی ئەو بۆڕیانە دەربکەوێت و لەلایەکی تریشەوە مەترسی هەرەشەی پەکەکە بەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێڕاق لەرێگای بۆڕییەکانەوە کەم دەکردەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت