Stivan-Shemzini-5

ستیڤان شەمزینی : پارتی کار بۆ ئەوە دەکات یەک ملیۆن دەنگ مسۆگەر بکات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیمانە : دەنگدان

* یەکێتی و گۆڕان شەڕی ئەوە دەکەن کامیان لە دوای پارتییەوە هێزی دووەمن

* ئیسلامی سیاسیی تا ئێستا نەیتوانیوە پێشڕەوییەکی بەرچاو بکات

ستیڤان شەمزینی ، نووسەر و رۆژنامەنووس و کادری پێشکەوتووی پارتی ، لەم دیمانەیەی ” دەنگدان” دا، باس لە پرسی هەڵبژاردن و ئەو ئەگەر و پێشهاتانە چاوەڕوانکراوانە دەکات کە لەم هەڵبژاردنەدا دێنە پێشەوە . ئاماژەی بەوەشدا پێشبینی دەکرێت ژمارەی دەنگدەرانی پارتی بگاتە یەک ملیۆن دەنگدەر .

دەنگدان : سەنگی لایەنەکان لەم هەڵبژاردنەدا چۆن دەبینی ؟. ئایا گۆڕانکاریی روویداوە لە هەڵبژاردنی 2009ەوە تا ئێستا ؟.

ستیڤان شەمزینی : دەتوانم بڵێم هەر حزبێکی سیاسیی خاوەنی سەنگێکی تایبەتی خۆیەتی ، جیا لەمەش هەر حزبەو بنکەیەکی جەماوەریی جێگیری هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە جەماوەری رارایە ، کە ژمارەیەکی بەرفرەیان لە کۆمەڵانی خەڵک پێکهێناوە ، بە پێی مەزندەکانیش لە سەرتاسەری کوردستاندا رێژەیان دەگاتە نزیکەی 20% . ئەم جەماوەرە رارایە موڵکی جێگیری هیچ حزبێک نییە، بەڵکو زیاتر موئەسیر دەبن بە شێوەی بانگەشە و تایبەتمەندیی لیستە رکابەرەکان . بۆیە بێگوومان ئەم جەماوەرە رارایە هەمیشە هەوێنی گۆڕانکارییە لەم هەڵبژاردن بۆ ئەو هەڵبژاردنی دیکە ، ئەوەی سوپرایز دروست دەکات دەنگی جەماوەری رارایە . هەر لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم بەڵێ گۆڕانکاریی بە بەراوورد بە 2009 روو دەدات ، رەنگە ئەو جەماوەرە رارایەی ئەوسا دەنگیان بە هێزێکی تازە دروستبووی وەک گۆڕان دا، ئەمجارە دەنگی پێنەدەن ، یان لانیکەم دابەش بن بەسەر لیستەکانی تردا ، ئەمەش هەوێنی گۆڕانکارییە لەم هەڵبژاردنەدا.

دەنگدان : پاش شکستی ئیخوان ، سەنگ و قورسایی ئیسلامییەکان چۆن دەبینیت بە تایبەت لەم هەڵبژاردنە ؟.

ستیڤان شەمزینی : لە مەودای دووردا شکستی ئیخوان کاریگەریی جیددی لەسەر ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان جێدەهێڵێت ، بەڵام رەنگە لە هەنووکەدا ئاسەوارەکانی بەو زەقییە نەبینین . بێگوومان ئیسلامی سیاسیی وەک بزووتنەوەیەکی کۆسمۆپۆلۆتیسیت پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیان پێکەوە هەیە ، بۆ نموونە یەکگرتووی ئیسلامی لقێکە لە لقەکانی رێکخراوی ئیخوان ، بۆیە هەر پاشەکشە و لێدانێک لە ئیخوان، پاشەکشە و لێدانیشە بۆ ئەو . لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوەدا دەنێم، شکستی ئیخوان کەمترین کاریگەریی هەیە لەسەر رێژەی دەنگدەرانی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، ئەمەش هۆکاری بابەتی و عەینی خۆی هەیە کە پێناچێت لێرەدا دەرفەتی باسکردنی هەبێ . نابێت ئەوەش لە بیر بکەین ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان هێشتا هێزێکی زۆر گەورە نین و ناتوانن رێژەی دەنگدەرانی خۆیان بگەیەننە 20%، بەبەراوورد بە حزبە عەلمانییەکان کە هەمیشە زۆرینەی رەهای دەنگەکان بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن .

دەنگدان : ئایا دوای هەڵبژاردنی 21-9، هەردوو حزبە ئیسلامییەکە “کۆمەڵ و یەکگرتوو ” وەک ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە ؟.

ستیڤان شەمزینی : ناتوانین لە ئێستاوە پێشبینی دۆخی دوای هەڵبژاردن بکەین ، رەنگە هاوکێشە سیاسییەکە گۆڕانی بەسەردا بێ ، کە رەنگە ئیسلامییەکان بەشداریی حکوومەتێکی بنکە فراوانی نیشتمانیی بکەن ، لەوانەشە وەک پێشوو درێژە بە کاری بەرهەڵستکاریی خۆیان بدەن . وەڵامی ئەم پرسیارە لە کاتی خۆی و لە سیاقی مێژوویی خۆیدا دەدرێتەوە ، بەڵام ئەوەی من دەیبینم دیتنێک هەیە لە ناو ئیسلامییەکاندا کە ئارەزووی ئەوە دەکات بەشداریی لە حکوومەت بکەن ، چوونکە نەیانتوانی لە حاڵەتی بەرهەڵستکارییدا شتێکی ئەوتۆ بۆ خۆیان و بنکە جەماوەرییەکەیان بەدەستبهێنن ، بەڵکو زیاتر بوونە پاشکۆی پلاتفۆرمە تایبەتییەکانی حزبی گۆڕان لە دژی دەسەڵات .

هەست دەکەم سەرکردایەتی سیاسیی حزبە ئیسلامییەکان کەوتوونەتە بەردەم ئیحراجییەکی زۆر ، دەنا هەر لە سەروەختی کابینەی شەشەم و بانگەشە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکە فراوان ، بەشدارییان لە حکوومەتدا دەکرد ، بەڵام ئەو کارە جیا لەوەی دەبووە سکانداڵی سیاسیی بۆیان ، لە هەمان کاتدا دەبووە لێدانێکی کوشندە لە پێگەی جەماوەرییان ، دوور نەبوو بە کارێکی لەو چەشنە ریزەکانی گۆڕانیان بەهێز بکردایە ، چوونکە بەشێک لە جەماوەرەکەیان ناچاربوون بۆ درێژەدان بە بەرهەڵستکاریی پەنا وەبەر بزووتنەوەی گۆڕان ببەن . بڕوام وایە ئەگەر گۆڕان بە بەشدارییکردن لە حکوومەت قایل بێت ، ئەوە ئیسلامییەکان بە خۆشحاڵییەوە بەشداریی دەکەن .

دەنگدان : پێتوایە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی نوێنەرایەتی موسڵمانان بکەن لە کوردستاندا ؟.

ستیڤان شەمزینی: کۆمەڵ و یەکگرتوو دوو رێکخستنی سیاسیین ، نوێنەرایەتی ئەو ئەندام و هەوادارانە دەکەن کە بڕوایان بەو رێکخستنە سیاسییە هەیە یان کاری تێدا دەکەن . ئەو دوو حزبە نوێنەری بەشێکی زۆر کەمن لە خەڵکی موسڵمان . چوونکە ژمارەی خەڵکی موسڵمان لە کوردستان لە سێ چوار ملیۆن کەسدایە ، بەڵام ژمارەی رێکخستنەکانی ئەوان لە دەیان هەزارێک تێناپەڕێت . ئەو ژمارەیە بە بەراوورد بە رێژەی موسڵمانان ناکاتە یەک لەسەر پانزەش. بە پێچەوانەوە زۆربەی ئەوانەی لە کوردستان خۆیان بە موسڵمان دەزانن، لایەنگر و ئەندامی حزبە نەتەوەیی و عەلمانییەکانن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە زۆربەی خەڵکی موسڵمان بڕوایان بە حزبە ئیسلامییەکان نییە و نایانەوێ ئاین و سیاسەت تێکەڵاوی یەکتر بکرێن، هەر بەم هۆیەوە ئیسلامی سیاسیی تا ئێستا نەیتوانیوە پێشڕەوییەکی بەرچاو بکات.

ئەگەرچی من پێموایە موسڵمان و ئیسلامی دوو پێناسەی جیاوازیان هەیە، بەڵام بە دیتنی ئیسلامی سیاسیی موسڵمان ئەو کەسەیە لە ریزی حزبەکانیاندا کار دەکات و بڕوای بەو چەمک و پرنسیپانە هەیە کە بووەتە سترۆکتۆری سیاسیی و فکریی و ئاینیان. بە پێی خەیاڵدانی ئیسلامی سیاسیی و لە ژێر کاریگەریی هەڵهێنجانەکانی سەید قوتب، موسڵمان ئەو کەسەیە واز لە جاهیلییەتی هاوچەرخ دەهێنێت و لە رێگەی یەکێک لە حزبە ئیسلامییەکانەوە بۆ ناو ئیسلام دەگەڕێتەوە. بە کورتی و کرمانجی من پێموایە ئیسلامی سیاسیی نوێنەری ئەو موسڵمانە فێندەمینتالیستانەیە کە بڕوایان بە حوکمی شەریعەت هەیە نەک تێکڕای موسڵمانان، وەلێ من مرۆڤێکی ئاتەئیستم، بەڵام خۆشحاڵم بەوەی موسڵمانی سادەی کورد نایەوێ هێلکەکانی خۆی بخاتە سەبەتەی ئیسلامی سیاسییەوە .

دەنگدان : بۆچی ئیسلامییەکان بە یەک لیست دانەبەزین لەم هەڵبژاردنەدا ؟.

ستیڤان شەمزینی: درووستتر وابوو، ئەم پرسیارە ئاڕاستەی سەرکردایەتی حزبە ئیسلامییەکان بکرێت، بەڵام پێموایە گیانی یەکتر قبوڵ نەکردن و خۆ بە برا گەورە زانین و وەلائی هەریەکەیان بۆ دەوڵەتێکی دراوسێ و جیاوازیی مەرجەعە ئاینییەکانیان لە دەرەوەی کوردستان، کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکی بوون لە دروستنەبوونی بەرەی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ. هەرچەندە هەوڵێکی چڕ و پڕ لە ئارادابوو لیستێکی فراوانی ئیسلامی کە جگە لە سێ لایەنە ئیسلامییەکە، کەسایەتی و گروپە بچووکە ئیسلامییەکانیش لە خۆ بگرێت پێکبهێنرێت، بەڵام سەرەنجام ئەو هەوڵە تووشی شکست بوو، لەوەشدا بزووتنەوەی ئیسلامی، خودی سەلاحەدین بەهادین و یەکگرتووی ئیسلامی تاوانبار کرد بە هەوڵدان بۆ شکستپێهێنانی ئەو لیستە پێشنیارکراوە. لەلایەکی ترەوە لە رابروودا ئەم سێ لایەنە ئیسلامییە ناکۆکیی زۆریان هەبووە لەگەڵ یەکتر، سپەیسی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، قەیرانی متمانە لە نێوانیاندا دروستبووە، بۆیە ئاسان نەبوو بەو خێراییە بەستەڵەکی جیاوازیی و دژایەتی رابردوویان بتوێننەوە و لە یەک بەرەدا بەرانبەر هێزە عەلمانییەکان بچنە سەنگەرەوە .

دەنگدان : پێشبینی دەکەیت لەم هەڵبژاردنەدا کێ براوەی یەکەم بێت ؟.

ستیڤان شەمزینی: بێ هیچ دوو دڵییەک دەڵێم، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەیە و بە جیاوازییەکی زۆر بەسەر رکابەرەکانیدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێ. لە ئێستادا پارتی گەورەترین حزبی سیاسیی کوردستانە، چ لە رووی پێگەی جەماوەرییەوە، چ لە رووی پێگەی سیاسیی و دیپلۆماتییەوە. ئەم راستییەش لە کەس شاراوە نییە و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەزانن پارتی لیستی یەکەم و براوەی یەکەمە. تەنانەت زۆربەیان نایانەوێ رکاربەریی لەگەڵ پارتی بکەن، بەڵکو هەریەک لە ئیسلامییەکان و گۆڕان و یەکێتی رکابەریی یەکتر دەکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام لە دوای پارتییەوە.

حاڵی حازر پارتی خاوەنی رێکخستنێکی تۆکمە و فراوانە، ئەو رێکخستنە سەدان هەزار ئەندام لە خۆ دەگرێ، بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان پارتی خاوەنی 850 هەزار ئەندام و لایەنگر و هەوادارە. بەڵام پلانی پارتی ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا یەک ملیۆن دەنگ مسۆگەر بکات، بۆیە قورسایی خۆی بۆ ئەم کارە چڕ کردۆتەوە. لەو بڕوایەشدام پارتی بتوانێت ژمارەی دەنگدەری خۆی بۆ سەروو 850 هەزار دەنگدەر بەرز بکاتەوە، چوونکە تەکنیکی هەڵبژاردن و کاریگەریی بەرنامە و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی و خودی سەرۆک مەسعود بارزانی، لەو ئاستەدایە کە بتوانێت متمانەی یەک ملیۆن دەنگدەر بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

دەنگدان : چۆن سەیری ئەنجامەکانی هەر یەک لە یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان دەکەیت ؟.

ستیڤان شەمزینی: پێموایە هیچکامیان دەنگەکانیان وەک هەڵبژاردنی ساڵی 2009 نابێت. لەوانەیە ئەنجامی یەکێتی و گۆڕان زۆر لە یەکترەوە نزیک بێت، یان جیاوازییەکە کورسی و دووان بێت. بە گوێرەی هەندێک راپرسی متمانەپێکراو پێدەچێت کورسییەکانی یەکێتی و گۆڕان لە م هەڵبژاردنە لە نێوان 20-23 کورسی بێت، بۆیە کورسی و دوان شتێکی ئەوتۆ نییە، کە بڵێین دەتوانێ هاوکێشەکە بگۆڕێت لە نێوانیاندا، جیا لەمەش هەر یەک لە یەکێتی و گۆڕان رکابەریی یەکتر دەکەن، ئەگەر بە جیاوازیی کورسییەکیشە ببنە لیست و هێزی دووەم. خولاسە یەکێتی و گۆڕان شەڕی ئەوە دەکەن کامیان لە دوای پارتییەوە هێزی دووەمن.

تێبینی : ئەم دیمانەیە لە ژمارە ” 1″ی رۆژنامەی ” دەنگدان” لە رۆژی 7-9-2013 بڵاوکراوەتەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت