بەهرۆز جەعفەر : پارتى فکرو فەلسەفەى لە بیر بردونەتەوە !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتى ئەگەر بیەوێ ، هەڕەشە لەلایەنێک بکات ، پێی ئەڵێت : لەمێژوودا زۆر کەس خۆیان تاقى کردۆتەوە . یانى چى ؟ زۆر مانا لەخۆ دەگرێت ، بەڵام ئەوەى بۆ ئێمە جێی شیکارییە ، ئەوەیە ئایا ئەمە ماناى بەهێزى پارتییە ، یاخود لایەنەکانى تر لەدەرەوەى عەقڵ و مەنتقن و بێ بەرنامە کێبڕکێ سیاسییەکەیان دەکەن ؟. گومان لەوە دانییە ، پارتى زیرەکانە یارى بەهەموو وەتەرەکان دەکات ، بەجۆرێک بیروباوەڕە بنچینەیییەکانى گۆڕانى کۆمەڵگەى لەبیر خەڵک و کۆى سیستەمەکە بردۆتەوە . هەر ڕۆژەى بەهاوکارى هێزێکى ئیقلیمى سەرقاڵیان ئەکا ، بەشتێکەوە .لەبەرامبەردا، لەیەکێتیەک بپرسە.. لەگۆڕانێک بپرسە.. لە دەنگێکى ناڕازیی و هەر کەسێک بپرسیت ، ئەلێت : پارتى یەکەمە .!!. پارتى دەرەچێت و دەنگى خۆى ئەهێنێتەوە..؟. ئەها.. چى وێنەیەکى لەخەیاڵى هەر یەکێکدا دروستکردووە.. ئەها هەر خۆى ئەمەى پێخۆشەو ختوکەى ئەدات ..

کتێبى ( العمق الاستراتیجى ) کە (4) ساڵە ، وەزیرى دەرەوەى تورکیا ،( پڕۆفیسۆر ئەحمەد داود ئۆغلۆ ) نوسیویەتى ، تەنها لەتورکیا (40) جار لەچاپدراوەتەوە . لەجیهانى عەرەبى هەر بەبەر ناکەوێت . نزیکەى (650) لاپەڕە دەبێت. باس لەپرۆژەى نیۆ- عوسمانى و عوسمانییە نوێیەکان دەکات ، گەڕانەوەیە بۆ قووڵایى ستراتیژیی و نەگۆڕو گۆڕاوەکانى سیاسەتى دەرەوە. دیققەتمان دا ئەم کتێبە بەکوردى نییە ، کە برادەرێکمان ڕاسپارد ، لەژێر سێبەرى ماف و داخوازییەکانى ئەم سەردەمەى کورددا ، بەئاگاییەوە ، وەرى بگێڕێت . ئەیوت : وەڵڵاهى پارتى فکرو فەلسەفەى لەبیر بردوینەتەوە .چمەز ئەویش بابەتى زۆر هەستیارو گرنگى تیابینیووە ، کە کورد هەر ئاگاى لێ نییە !.

فۆکۆیاما ، لەدواى ساڵى (1991) و سەرکەوتنى بلۆکى سەرمایەداریی بەسەر سۆشیالیزمدا ( هەرچەند من پێم گوناحە ، بڵێن دۆڕانى سۆشیالیزم ، چونکە ئەوە سۆشیالیزم نەبو دۆڕا.. ) . کتێبى ( کۆتایی مێژوو ) ى نوسیی . تیایدا جاڕى قفڵدانى مێژووى داو ، ووتى : سەرمایەداریی و خۆرئاوا ، وە دیموکراسییەت کۆتا فۆرمن لەژیاندا ، کەچى هەر لە ناوکى خۆرئاواوە ، لەئەڵمانیاوە ، خەڵکى وەک هابرماس : هۆشیارى دەدەن ، لەبەرئەوەى بیناو باڵەخانەکان لە سەر بنەماى ئەخلاق و بەها باڵاکان دانەمەزراون ، ڕۆژێک دێت بڕوخێت.. شپنگلەر لە کتێبە ناوازەکەى ، کە بەکوردى نییە . ( ڕووخانى شارستانێتى خۆرئاوا) باسى ئەو ڕووخانە دەکات کە پێوانەکەى پارەو هێزى ئەسپەکانە.. کورد لە ساڵى (2012) کتێبەکەى (فۆکۆیاما) ى کردووە بەکوردیی.

شۆڕشی ئەیلول (14) ساڵى خایاند.. ئێستاش لە هیندستان ( لەبەرئەوەى بارگەى سەرەکى داگیرکارى ئنگلیز بووە) ، لە بەریتانیا، لە ئەمریکا . بەڵگەنامەى زۆر گرنگ و مێژوویی هەن ، هێشتا ئێمە دەستمان نەگەیشتووەتێ ، سەبارەت بە توانەوەى شۆڕش لەبۆتەى خۆى وڵاتانى جیهاندا.

فواد عەجمى ، لە ساڵى (1963) ەوە.لوبنانى بەجێهێشتووە ، لە ئەمریکا دەژى ، سەرقاڵى سیاسەت و لێکۆڵینەوەیە . لە ساڵى (2001) و دواى (11ى سێپتەمبەر ) ەوە ، ڕۆڵى بینیووە ، لە دیاریکردن و دروستکردنى بڕیار و خاڵە چارەنووسسازەکاندا ، ئەو هەموو سەرکردە کوردەکان و عێراقیەکان دەناسێت ، قەناعەتى بە سەرۆکى ئەمریکا کردووە عێراق داگیربکەن ، چونکە لەڕێگەى هێزەوە دەتوانرێت دیموکراسیی بچەسپیًَندرێت .. ئەرێ کەس نەبو پێی بیًَژێ کاک فواد ئێمە دەکەوینە کوێی ئەمریکاوە.. ئەرێ کورد چۆن (4) فواد لەئەمریکا دروست بکا .. ئاخر ئا ئەمانە قەزیەن ..!.

کە گورگ بۆ جارێک ، پەلامارى ڕانەمەڕێک ، ئەدات ، ئەوەى دەیخوا ، دەیبات.ئەگەرنا ملى هەمووى ئەشکێنى .. پارتى ملى هەموى شکاندووە ، هێشتا هەڵبژاردن تەواو نەبووە ، هەموویان ئەژنۆیان شکاوە لەئاست ئەم گورگەدا . ئەى میدکارەکان بۆ ناڵێن ، ئەى ڕۆشنبیر! ( لەوە دەچێت شتى وا نەبێت) .. چونکە پارتى بوارى یاخى بوون نادات . پارتى حەز بەباسی مافى مرۆڤ و ئالوگۆڕى دەسەڵات ناکات ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت