Hellbjardn1

هەندرێن هەورامی : هۆ خەڵکینە وەرنەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆکی تەنزی :

* هۆ خەڵکینە ، وەرنەوە وەرنەوە ، خێرابن لە دەورم کۆببنەوە . گەورە و بچوك ، جەوان و پیر ، خورت و لاو و گەنجینە ، دایکان ، باوکان ، کوڕان و کچینە ، ئاهای ئێوە کاکە و دادەی سەرمایەدار و بارزگان ، جوتیار ، پاڵە و ڕەنجەدەران ،وەرن وەرن ، من ئومێدتانم ، بەدیهێنەرێ هیوا و خەون و حەز و داخوازیەکانتانم . وەرنەوە بە چاوی خۆتان داهاتووی پڕشکۆتان ببینن . دڵنیابن بە هاتنتان هەرگیز پەشیمان نابنەوە ، چونکە بە چاوی خۆتان دواڕۆژی خۆتان و هاتنەدی حەز و ئارەزوەکانتان دەبینن .

– ئەرێ ئەم کابرایە کێیە ئەم هاتوو هاورەی ناوەتەوە ؟!

– باشە ئەمە خۆی بە چی دەزانێت وا ئەم هەموو بەڵێن و سۆز و ئومێدە بە خەڵکی دەدات ؟!

– تۆ بڵێی دەجال بێت ، یان ئەهریمەن؟

– جا کێ دەڵێت : مرۆڤێکی پاک و باوەڕدار و لەخودا ترس نییە؟

– هەبێ و نەبێ جادوگەرە و جنۆکە و خێوی هەیە ، چونکە تەنها ئەو جۆرە کەسانە دەتوانن ئایندەی مرۆڤەکان بیننن .

– جا کێ دەڵێت ، لە پیاوچاکانی خودا نییە و خاوەن کەرامات بێت ، ئیدی بۆ تۆمەتی بێ بنەمای لۆ دروست دەکەن .

* کاکە ، خۆشکینە ، بەڕێزینە ، سەبر و بوردباریتان هەبێت هەر ئێستە هەموو شتێک دەزانن ، ئیدی لە خۆتانەوە بۆ هەڵیت و پەڵیت دەڵێن . ئادەی کاکە ، بەڵێ تۆ دەڵێم ، وەر ئێرە ، فەرموو و پێمان بڵێ ،ئارەزوت چییە ؟

– باوەڕ فەرموو ئەوە چەندین ساڵە بەڵێنمان پێدەدەن کە موچەی ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاد بکەن و گوزەرانمان باش بکەن ، بەڵام تا ئێستا هیچ نەکراوە و هەر قسەیە .

* ئا کەوا بوو وەرە پێشەوە و سەریرێکی ناوەوەی ئەم سندوقەم بۆ بکە بزانە چی دەبینیت ؟

– بەڕاستی سەیرە و سەمەرەیە خۆ ئەوە منم و خەون و ئاوات و ئارەزوە بەدیهاتوەکانمە ، ئای لەو خۆشگوزەرانییە کە بۆ من و هاوشێوەکانی منیان فەراهەم کردوە. باوەڕ فەرموون هیچ کەموکورتیەکمان نەماوە .

* ئادە خوشکم تۆ وەرە ، بەڵی بەڵی تۆ کراس شینەکە ، سەیرێکی ناو سندوقەکە بکە ، بزانە هیچ بەدی دەکەی؟

– جێگای باوەڕکردن نییە ، ئای لەو یەکسانی و دادپەروەریە کە بۆ ئێمەی ژنانیان دەستەربەر کردوە ، خۆ ئەوە نەک توندتویژی بەرامبەرمان نەماوە ، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا ژنان سەردەست و پێشەنگی گۆمەڵگەن!

* ئا کەوا بوو ئادەی مامە پیرە نورانی تۆ وەرە پێشەوە و سەرێک بە هەگبەی ئاوات و ئازەوکانتاندا بکە و با هیچ نەبێت لەم دوادوایەی تەمەنەتدا سوکانایەک بە دڵ و دەرونتدا بێت.

– وەڵا باوکم قسەکانت هەمووی تەواون ، ئاها خۆ ئەوە کەرکوک و خانەقین و موسڵە ، کورە خۆ لەگەڵ ئەوانیش تکریت و بەعقوبەش خراونەتەوە سەرهەرێمی کوردستان . ئای کە خۆشە باکور ، رۆژئاوا و ڕۆژهەلاتی کوردستانیش ئازاد کراون و وا قنچێکی ماوە دەوڵەتی کوردستانی مەزن دامەزرێت. یاڕەبی ڕۆڵە خودا بە دڵی خۆتت لەگەڵ بکات .

* کوڕە لاو و کچە جوان ، ئێوەش وەرن سەرێکی پێدا بکەن و حەز و ئارەزوەکانتان بینین .

–  بەڕاستی هەر بژی ، ئیدی جەوانان کێشە و گیروگرفتیان نەماوە و لەوپەڕی کامەرانیدا دەژین ، لە هەموو شوێنێک گەنجان لە پێشەوەن و ژیانیان لێوان لێوە لە شادمانی و خۆشگوزەرانی .

* زۆرباشە داپیرە گیان بە ئەرک نەبێت تۆش وەرە بزانە چی لە سندوقە بۆردا دەبینیت ؟

– لە خودا بەزیاد بێت ، ئەوا چارەنوسی ئەنفالکراوەکان ڕوون کراوەتەوە و روفاتەکانیان هێنراونتەوە و کەس و کارەکانیاشیان لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە و بارزان و سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کراونەتەوە .

* زۆر باشە کێ کرێنشینە با بێتە پێشەوە ،لەم سندوقە بڕوانێت تا بزانێت چ ماڵ و حاڵێکی بۆ ڕازێنراوەتەوە ؟ دە کەوا بوو فەرموو وەرە بە چاوی خۆت بیبینە .

– ئای کە مایەی شادمانییە ، خۆ ئەوە من و خێزانمین کە لە ماڵ و حاڵی خۆمان داین ، بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە هیچ کرێنشینێک لەم ولاتەدا نەماوە و هەموویان خاوەن خانونن ، هەی ئافەرین .

* ئادەی بازرگان و خاوەن سەرمایەکان ئێوەش وەرن لە بینی ئاوات و ئارەزوکانتان خۆتان بێ بەش مەکەن .

– ئای کە مایەی خۆشییە ، بڕواناکەم خۆ ئەوە منم سەرمایەکەم چەند قات زیادیکردوە و هەموومان بەدڵی خۆمان تەندر و پرۆژەمان پێدراوە ، تا بیناقاقا لە ناز و نعمەتدا نوقم بووین .

* بچکۆل گیان تۆش وەرە بزانە ئایندی ئێوەمانان چۆنە ؟

– ئەڵڵا لەو هەموو شاری یاری و پارکە ، ئای کە خۆشە کە مافەکانمان لە لایەن باوان ، خێزان و کۆمەڵگەوە پێشێل ناکرێن و کاری تاقەتپڕوکێنمان پێ ناکرێت ، بەڕاستی منداڵان بە ئاسودەیی و شادمانی دەژین و لە هیچیان کەم نییە .

* بەڕێزم ، بەڵێ تۆ ئەوەی پشتەوە ، بەر ئەرک نەبێت وەرە وەک دواین کەس بزانە سندوقەکە چی لە ناخیدا بۆت حەشارداوە ؟

– خودایە هەزاران سپاس و ستاییش بۆ تۆ، ئەم وڵاتەمان بۆتە بەهەشت ، نەک هەر من ، بەڵکو کەس کێشەی نەماوە ، ئاها مەڕ و گورگ لەسەر ئەو جۆگەلەیە پێکەوە ئاو دەخۆنەوە . ئای لەو هەموو جادە و بانە پان و بەرینانە ، کورە خۆ ڕوداوی هاتوچۆ نەماوە . کەرتی تەندروستی ببینە چۆن پێشکەوتتووە و نەخۆشی هەر باوی نەماوە تا پێویستی بە چارەسەری بێت . تۆ سەیری ئەم هەموو بەروبوومە خۆماڵیەکە لە هەموو بوارەکاندا ، ئیدی نەک پێویستیمان بە هاوردە نەماوە ، بەڵکو بەرهەمەکانمان هەناردەی دەکەین . بڕوانە یەک بنکە و بارەگای سیخوڕ و سەربازی وڵاتانی دەرەکی نەماوە ، ئاسایشی نەتەوەیی لەو پەڕی بەهێزی دایە ، ئازادی سەرپای وڵاتی تەنیوە ، نەکەس لەسەری دەکوژێ و نە زیندانی دەکرێت ، ئای کە خۆشە هەموو کورد یەکە و پشتواپەنای یەکدین . ئەوە گەندەڵی و دز و فزی هەر باسی مەکە ، نەک هەر بنەبڕکراوە ، بەڵکو خەڵکی هەر نازانن چییە. لە هەمووی گرنگتر سنور لە نیوان بەشەکانی کوردستاندا نەماوە و سەربەست و ئازاد هەمووان هاتووچۆ دەکەن . بەڕاستی هەر بژی ، خەونی هەموو ئەو کەسانە هاتووتە دی کە لە پێناوی ئا ئەمانەدا ژیانیان بەخشی ، بێگومان تەنها بەم شتانە ڕوحیان ئاسودە دەبێت .

– باشە کاکی برام ، بەرێزت کێیت و ئەم سندوقە چییە ، ڕاستە هەموومان حەز و ئارەزوەکانمان تێیدا بینیەوە ، بەڵام تەنها لەناو سندوقەکەدا نەک بە ڕاستی ، پێمان ناڵێت ئەمانە چۆن دێنە دی ؟

* ئافەرین ، ئەم پرسیارە زۆر گرنگە ، بۆیە بە باشی گوێ ڕادێرن ، من کاندیدم بۆ هەڵبژرانەکان ، ئەم سندوقەشی کە ئێوە تێتان ڕوانی سندوقی دەنگدانە ، واتە ئەگەر دەتانەوێت حەز و ئارەزوەکانتان بێنە دی ، ئەوا لە ڕۆژی هەڵبژرادندان لە ڕێگەی ئەم سندقەوە دەنگ بەمن بدەن و ئیدی ئەوەی بە چاوی خۆتان بینیتان دەبێتە ڕاستی .

** هۆ خەڵکینە وەرنەوە لە دەوری من کۆ بنەوە ، ڕاستی و دروستی لای منە ، درۆ و دەلەسە لەلام تنە ، وەرن وەرن * ” جەمتان جەمە منتان کەمە “. دودڵ مەبن و وەرن لە ڕێ ئەم سندوقەوە راستیەکان ببینن .

-ئای ئیدی ئەمە کێیە ؟! هەر لەممان کەم بوو .

* خەڵکینە گوێی بۆ مەگرن و لێی نزیکی مەبنەوە ، بەسەر و چاویدا دیارە ساختەکارە و بەنیازی فریودانتانە .

** نا نا خەڵکینە ، وەرنە پێشەوە و بە گوێ مەکەن ، ئەوە منم ویژدان ، ئەمەشی کە پێمە سندوقی ئاشکراکردنی درۆ و دەلەسە و کردەوەکانی ئەم بەڕێزە و هاوشێوەکانیەتی . وەرن بەچاوی خۆتان بینین ئەوەی بە ئێوەی وتووە و نیشانی داون هەمووی درۆیە و دور لە ڕاستی . ئاها سەیر بکەن ، ئەوە خۆیەتی لە پاش هەڵبژرادنەکان ، بزانن چۆن های لایڤ بۆی دەژی ، چۆن پۆست و پلە و پایەکانی بەسەر خزم و کەسوکارەکەی دابەشکردوە و چ کۆشک و تەلارێکی بەشکۆ بۆ خۆیان ئاوا کردوە . دەیبینن نەک هەر بێزی نایەت بێتە ناوتانەوە ، بەڵکو لە دووریشەوە ڕێگەتان پێ نادات چاوتان پێی بکەوێت . سەیری ئەو هەموو سامان و سەرمایەیە بکەن کەڵکەی کردوە ، ئەو هەموو زەوی و زارە و گرد و شاخە بۆ خۆی پاوان کردوە . بە چاوی خۆتان بینین چۆن لە ژێرەوە لەگەڵ دوژمنان و داگیرکەرانی وڵات خەریکی چپە چپ و پیلانگێرانە . خۆ دەیبینن چۆن بێ رێزی بە سەروەری و بەهاکانی ئەم وڵاتە دەکات و توند توند باوەشی بە کورسیەکەیدا کردوە و بەزۆریش لێی نابێتەوە و لە هەموو ئەو بەڵێنانەی داویەتی پەشیمان بۆتەوە …….

*** خودایە بەخێربگێری ، ئەم چ خەونێکی سەمەرە بوو بینیم ، بەڕاستی لەم وڵاتەی ئێمەدا خەو و خەونەکانیشمان ئاسایی نیین و جیاوازن .

برۆکسل / بەلجیکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت