kejal-ali-450x300

کەژال عەلی : بەس بڕۆ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەمن چی ئەو هەموو دەنگە

کەلەترازانی دەرگای دوودڵی زیاتر،

درزێک ناخەنە دیواری دڵی من .

***

سەیرکە ،

تۆ سەرت بەئاسۆی منەوە ناچێ ،

من پێم بەپێڵاوی یاساکانی تۆوە ،

لەم نێوەدا شتێك هەناسە سوار ،

خەونی من لەژێر دەبەنگی تۆ ،

دەبەنگی تۆ بەسەر کەرێتی منەوە .

***

لە نێوان هەریەکێکماندا

شکۆی هەمان شەڕی دۆڕاو ،

لەتۆدا ڕازاوە بەتەرمی درۆی گوڵ گوڵ ،

لەمندا ڕەنگڕێژ بەگوڵە متمانەی تەرمین .

***

خۆت تێك مەدە

بۆشاییەك نادۆزییەوە،

بۆ چاندنی مینی خەونێکی تر..

***

ژیان بۆمبێکی تەوقیت کراوە،لەبەر پێم ،

چەپیش پێ دانەنێم،هەر دەتەقێتەوە .

***

دەزانم

هەموو جووڵەیەکی راستیش ،

ئەم کۆتەی ناوی ژیانە ،

تەنگتر دەکەنەوە لە دەستەکانمدا .

***

ئەم ماڵە دارینە، شتێك ڕای گرتووە

کۆڵەکەی ژنێتی من و دیواری پیاوەتی تۆ .

***

هاکا گومان لە ئاوێنەکەوە و

بێدەنگی لە پەنجەرەوە ،

هاڕەی کرد بەسەرماندا .

***

هەر کەویستمان لەمالێکدا کۆ بینەوە ،

سیخوڕێك لەناتەبایی ،

مۆسادێك لەدڕدۆنگی ،

کۆرپەیەك لەتێنەگەیشتن ،

کەوتنە نێوان .

***

ئەوەی لەنابەینمان کەڵەکە بووە ،

گڵکۆی بەکۆمەڵی خەونە،

رووفاتی پیرۆزی هەستە ،

تازە دۆزیومنەتەوە .

***

{ تۆ لەدوای موتاڵا

من و جەریدەکە دەخەیە ژێر خۆت }* ،

منیش دوای خۆشویستن ،

تۆو ئایەتی حەرفەکانت دەخەمە سەر دڵم ،

جیاوازی یەکە لێرەدایە .

***

لەگەل ساڵەکانی تەمەن ،

شتێك ئاوا دەبێ ،

لەمندا راستگۆییەکانی تۆ،

لەتۆدا ئەستێرەی بەختی من ،

بەسەر ئەسپە دارینەی حیکایەتێکەوە ،

بەرەو ئەبەدییەت .

***

تا بێ شتێك لەنێوانمان درێژ دەبێتەوە ،

کەڵبەی سادییەتی تۆ و

خەیاڵی مازیۆشیانەی من ،

لەهاوکێشەی خەونێکی بەراوەژوودا ….

زیوریخ سویسڕا

* دێڕە شیعرێکی وەرگیراوە

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت