دکتۆر کەمال میراودەلی : بەشێکی تر لە پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 ماف و ئازادییە بنچینەییەکانی هاو- وڵاتان کە دەستوور دەبێت زامنیان بکات

بەندی دوازدە :  پرینسیپە گشتییەکان 

١. ماف و ئازادییە بنچینەییەکانی مرۆڤ بناغەی سیستمی یاسایی هەرێمی باشووری کوردستانن و  شایانی دابەشکردن و جیاکردنەوەو پارچەپارچەکردن نین و  نابێت بە هیچ جۆرێک و بەهانەیەک پێشێل بکرێن .

٢.  حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ماف و ئازادییانە زامن دەکات کە ئەم دەستوورە  وک ‘ گرێبەستێکی  یاسایی سیاسیی کۆمەڵایەتی’ بە هاولاتییانی دەدات.

٣.  هەموو کەسێک پێویستە رێزی ماف و ئازادییە بنچینەییەکانی کەسانی تر بگرێت.

٤.  ئەو ئازادیی و مافە مرۆڤییە بنچینەییانەی لەم دەستوورەدا هاتوون ،  تا ئەو ئاستەی شایانی جێبەجێکردن بن ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بە یاسایی لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سالیک یان زیاتر نیشتەجێن .

بەندی سێزدە : قبوڵکردنی راستەوخۆی پەیمانە نێونەتەوەییەکان دەربارەی مافی مرۆڤ

١.  ئەو ماف وئازادییە بنچینەییانەی لە لایەن ئەم پەیمان و رێکەوتنە نێونەتەوەییانەی خوارەوە زامن کراون ، بەم دەستوورنامەیەی هەرێمی کوردستان پەسند دەکرێن و راستەوخۆ شایانی جێبەجێکردنن لە هەرێمی کوردستاندا و هەر کاتێ ناکۆکییەک لەگەڵ یاسای دیکەی ناوخۆیی یان عێراقییدا هەبێت ، ئەم پەیمانانە پێشکارییان پێدەکرێت :

١. جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ

Universal Declaration of Human Rights

٢.  پەیمانی نیونەتەوەیی و پرۆتۆکۆلەکانی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان

International Convention for the Protection of Human Rights and Fundamental Freedoms

and its Protocols

٣.  پەیمانی چوارچیوەی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پاراستنی کەمێتییە نەتەوەییەکان

Council of Europe Framework Convention for the Protection of National Minorities

٤ . پەیمانی  لەناوبردنی هەموو جیاوازکارییەکان دژی ژنان

              Convention on the Elimination of All Forms of Discrimination Against Women;

٥.  پەیمانی مافەکانی منداڵ

Convention on the Rights of the Child

٦. پەیمان دژ بە ئەشکەنجەو یان رەفتارو سزای دیکەی دڵرەقانەوو نامرۆڤانەو کەرامەتشکێن

Convention against Torture and Other Cruel, Inhumane or Degrading Treatment or Punishment

بەندی سێزدە : کەرامەتی  مرۆڤ

کەرامەتی مرۆڤ  بنەمای هەموو مافەکان و ئازادییە بنچینەییەکانەو نابێ دەستدرێژی بکرێتە سەر  .

بەندی چواردە :  یەکسانی بەرامبەر یاسا

١.  هەموو هاولاتییان یەکسانن بەرامبەر یاسا . هەموو مافی وەکیەکیان هەیە یاسا بیانپارێزێت بە بی جیاکاریی.

٢.  نابی کەس بە هۆی رەنگ ، نەژاد ، رەگەز (نێما ، نێرومێیی ، جێندەر) ، زمان ، ئایین ، بیرواری سیاسی ، ریشەی نەتەوەیی و چینایەتی ، پێوەندی ناوچەیی و کۆمەلگایی ، ملکوماڵ ، هەلومەرجی ئابووریی ،  هەلبژاردنی ستایلی ژیانی کەسیی ، دەردەداریی و کەمئەندانیی یان هەر شوێناسییەکی کەسیی ترەوە جیاکاریی دەرهەق بکرێت .

٣.  پرینسیپی پاراستنی یاسایی یەکسان رێگە لەوە ناگرێت هەنگاوو چالاکی تایبەتی بۆ پاراستنی ژیان  و پێشخستنی سەلامەتی و تەندروستی و خۆشنودی کەسان و کۆمەلانیك ئەنجام بدرێت کە لە رەوشێکی نایەکسان دان  وەک قوربانیانی ئەنفال و شەری براکوژیی،  یان هەلومەرجی تایبەتیان هەیە یان   هەرەشە لە سەر ژیان و سەلامەتییان هەیە وەک منالان  و ژنان و ئاوارەکراوان و پەنابەران .

بەندی شازدە: [مافی پاراستنی کەرامەت و کەسێتیی تاک ]

هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە رێز لە کەرامەت و کەسێتیی جەستەیی و دەروونیی (سایکۆلۆجی) بگیرێت کە ئەمانە دەگرێتەوە :

١.  مافی بریاردانی مندالبوون یان نەبوون بە پێی یاسا

٢ مافی دەسەلات بە سەر مێشک و  جەستەی خۆیدا بە پێی یاسا

٣.    مافی ئەوەی کە هیچ چارەسەرییەکی پزیشكیی دژی خواستی خۆی بەسەردا نەسەپێندرێ

٤.  مافی ئەوەی کە بە زۆر بە شوو نەدرێت یان ژنی بۆ نەهێنرێت

٥.  مافی ئەوەی کە لە ناو خێزان و شوێنی کارو ئۆفیس و شوێنە گشتییەکان و کۆمەلگادا دەستدرێژیی جەستەیی یان دەروونیی نەکرێتە سەر .

 ٦ .مافی ئەوەی بە بێ رازیبوونی خۆی بەشداریی هیچ ئەزموونکارییەکی پزیشكیی و زانستی نەکات

٧.  مافی ئەوەی کە دوای مردنی ، بە بێ نیشاندانی رازیبوونی خۆی لە کاتی ژیانییدا ، جەستەی پارێزروا بێت و هیچ ئەندامێکی خراپ- سوودیان لێوەرنەگیرێت .

٨. مافی ئەوەی کۆیلایەتیی و بێگاریی و خزمەتکاریی و کاری سووکی پێنەکرێت.

٩ . مافی ئەوەی کە بە زۆر ئاوارەو بێ ماڵ نەکرێت.

١٠.  مافی ئەوەی کە بە زۆر یان هەڕەشەو پەراوێزکردن و گوشاریی فیزیکی و دەروونیی ، ناچارنەکرێت بەشداری لە هیچ چالاکییەکی هەواڵگریی،  سیاسیی ، کۆمەلایەتی، هونەریی ، وەرزشیی یان هەر چالاکییەک و کارێکی تردا بکات .

١١.  مافی ئەوەی کە بەزۆر یان گوشاری خێزانیی، ئابووریی ، کۆمەلایەتیی ، دەروونیی نەکرێتە ئەندام و لایەنگیری هیچ گروپێک .

بەندی حەڤدە :  قەدەغەکردنی ئەشکەنجەو رەفتارو مامەلەی دلرەقانەو نامرۆڤانەو کەرامەتشکێن

نابێ لە هیچ هەلومەرجێکدا هیچ کەسێک بخریتە بەر ئەشکەنجەو رەفتارو مامەلەو سزایەکی کەرامەتشکێن و سووکایەتیپێکردن .

بەندی هەژدە :  قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و ىیکاریی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە

١نابێت  کەس لە هەلومەرجی کۆیلایەتی و خزمەتکارییدا دابنرێت .

٢ . نابێت کەس ناچار بکرێت بێگاریی ( کاری بەخۆرایی )  بکات ئەو زیندانییە تاوانکارانە نەبن کە وەک بەشێک لە بەرنامەی چاکسازیی کۆمەلایەتی و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە پێی یاسا و بە بریاری دادگا ، کاری کۆمەلایەتییان بێ پاداشت یان پاداشتێکی کەم پێدەکرێت .

٣.  هێنان و بردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بۆ مەبەستی بێگاریی یان فەساد و لەشفرۆشیی قەدەغەیەو بە پێی بەندی پازدە سزا دەدرێت .

بەندی نۆزدە : مافی سەربەستیی و سەلامەتیی

١. هەموو کەسێک مافی سەربەستیی و سەلامەتیی هەیە . کەس نابێت سەربەستی لێ  بستێندرێ لەو کەیسانەدا نەبێت کە وا یاسا دەیانگرێتەوەو دادگایەکی رەواو دروست بریاری لە سەر دەدات بەم چەشنەی خوارەوە :

١.دوای بریاری زیندانییکردن بە هۆی ئەنجامدانی کارێکی تاوانەوە.

٢. لەکاتی گومانێکی بنەمادار و مەعقول لەوەی کەسیک تاوانیكی کردووەو گرتنی پێویستە بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانیكی تر . ئەمەش تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم پێش دادگاییکردن بە پێی یاسا .

٣.  بۆ مەبەستی چاوەدێرکردنی پەروەردەیی مێردمندالێک یان هێنانی بۆ دەزگایەکی چاکسازیی دروست بە پێی فەرمانێکی یاسایی رەوا  .

٤. بۆ چاوەدێرییکردنی پزیشکیی کەسێک کە دەردێکی وای هەیە مەترسی بۆ کۆمەل دروست دەکات

٥.  لە بەر کۆچی نایاسایی کەسێک بۆ هەرێمی کوردستان یان دوای دەرچوونی فەرمانی دەرکردنی یان ناردنەوەی .

٦.  هەر کەسێ فەرمانی دەستبەسەراگرتنی سەربەستییەکەی دەرچووبێت ، دەبێ بە زووترین کات بە شێوەیەکی دروست ئاگادار بکرێتەوە ، بە زمانێک کە تێیدەگات ، و هۆکانی بۆ روون بکرێنەوە. ئەوانەی کە بە بێ فەرمانی دادگا سەربەستییان دەستبەسەر دەکرێت، دەىێ لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا ببردرێنە بەردەمی دادوەر کە بریاری گرتنی یان ئازادکردنی دەدا بە مەرجێ  بریارەکە لە ماوەی ٤٨ سەعات زیاتردا نەبێت  لە لەحزەی بردنیەوە بۆ بەردەم دادگا.هەر گیراوێک مافی ئەوەی هەیە لە ماوەیەکی مەعقولدا داداگایی بکرێت و کە تا رۆژی دەستپێکردنی  دادگاییکردنەکەی ئازاد بکرێت مەگەر دادوەر بگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسە مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵ یان ئەگەری ئەوە هەیە بەر لە دادگاییکردن هەڵبێت .

٧. هەر کەسێ بگیرێت دەبێ دەستبەجێ ئاگادار بکرێتەوە کە مافی ئەوەی هەیە هیچ نەلێت، مافی ئەوەی هەیە پارێزەری  هەڵبژاردەی خۆی هەبێت، گەر نەتوانێت بەرازیبوونی خۆی حکومەت پارێزەری بۆ دابنێت،  و مافی ئەوەی هەیە دەستبەجی کەسێک لە کەسوکاری یان هەرکەسێک خۆی بریاریدەدات، لە گرتنەکەی ئاگادار بکات .

٨.  هەر کەسێ بەتۆمەتێک لە لایەن دەسەڵاتەوە بگیرێت و بەم هۆیەوە سەربەستیی لێسەندرابێت ، مافی ئەوەی هەیە بەرامبەر نایاسایبوونی گرتنەکەی بوەستێت و داوای قەرەبووی یاسایی بکات. کەیسەکە بە گورجی لە لایەن دادگایەکەوە بریار دەدرێت و کە دادگا گرتنەکەی بە نایاسایی دانا ، فەرمانی بەردانی دەردەکرێت و قەرەبوو دەکرێتەوە .

٩.  هەر کەسێ کە بە پێچەوانەی مەرجەکانی ئەم بەندە  بگیرێت مافی قەرەبووکردنەوەی هەیە بە جۆرێک کە یاسا بریاری دەدات

١٠.  کەسێک کە بریاری گرتنی دەرچووو بێت و گیرابێت ، مافی ئەوەی هەیە کە بەرامبەر بە رەوشی بەندکردن و بەندبوونەکەی بە پێی یاسا بوەستێت .

–   بەندی بیست :  مافەکانی تۆمەتبارکراو

هەرکەسێک  بە فەرمی تۆمەتبار بکرێت، ئەم ئاستی هەرەکەمی مافەکانی هەیە :

١. کە دەستبەجێ، بە زمانێك کە تێیدەگات، دەربارەی سروشتی تومەتەکە و هۆیەکەی ئاگادار بکرێت .

٢.  دەستبەجێ لە مافە یاساییەکانی ئاگاداربکرێتەوە .

٤.  گەر زمانێکی تری جیا لە زمانی دادگای هەبێت ، وەرگێرێکی بێ بەرامبەر بۆ پەیدابکرێت .

٥.  کە راوێژو ئامۆژگاری پارێزەرێک کە خۆی هەڵیدەبژێرێت ، بە کاربێنێت گەر نەشیتوانی  حکومەت بی بەرامبەر پارێزەری بۆ بگرێت .

٦، ناچار نەکرێت لە ژێر ئەشکەنجەو گوشاری جەستەیی و دەروونییدا کە ئیعتیراف لە سەر خۆی بکات یان دان بە تاوانەکەیدا یان تاوانیك کە نەکردووە بنێت .

بەندی ٢١ :  مافی بەردادکردنی (مەحکەمەکردنی) عادیلانەو بێلایەن

١.  هەموو کەس وەک یەک مافەکانیان ، لە پرۆسەی بەردادکردندا  لە بەردەم دادگاو دەسەلاتەکانی دیکەی هەرێم و خاوەن دەسەلاتی گشتییدا ، دەپارێزرێن   .

٢.  هەموو کەس مافی دادبیستنێکی  گشتیی

PUBLIC HERAING

 لە ماوەیەکی مەعقولدا  لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆو بیلایەنەو ە هەیە ، 

  بۆ بریاردانی ماف و بەرپرسیارێتییەکانی، یان هەر تۆمەتێکی تاوانباریی درابێتییە پاڵی .

٣.  دادبیستنەکان کراوە دەبن بۆ خەلک و میدیا، لەو کەیسە کەمانەدا نەبێت کە دادگا  بڕیار دەدات ئامادەبوونی خەلک و میدیا زیان بە نیزامی گشتیی، ئاسایشی نەتەوەیی ، بەرژەوەندی منال یان ژیانی تایبەتیی لایەنەکان بەپێی یاسا دەگەیەنێت .

٤.  هەر کەسێ کە یاساشکێنی تاوانبارانەی خرابێتە ئەستۆ  مافی ئەوەی هەیە پرسوجۆ لە شایەتەکان، لێزانەکان ،  یان کەسانی تر بکات بۆ روونکردنەوەی شایەتنامەکان .

٥.  هەرکەسێ بە یاساشکێنی تاوانکارانە تۆمەتبار کرا بێت ، بە(  بێتاوان ) دادەندرێت هەتا تاوانەکەی بە پێی یاسا لە سەر ساغ دەکرێتەوە  .

٦ . یارمەتیی یاسایی [پارێزەرو ئامۆژگاری یاسایی ]  بەخۆڕایی بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت کە توانای ماددیییان نییە گەر ئەم یارمەتییە ببیتە هۆی دەستراگەیشتنێکی باشتر بە دادپەروەریی .

٧.  ئەو رێوشوێنە دادوەرییانەی جوانان [مندالان] دەگرێتەوە  بە یاسا رێکدەخرێت و رێز لە رێنمایی و رێوشوێنی تایبەت بە رێکاریی یاسایی دەرهەق بە مندالان دەگیرێت .

بەندی ٢٢: مافی قەرەبووکردنەوە :

هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە داوای قەرەبووی یاسایی بکات دژی بریارێکی دادوەریی یان یاسایی کە بووبێتە هۆی لێسەندنی مافەکانی یان زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی، بە پێی رێوشوێنی دابینکراو  بە یاسا .

بەندی ٢٣: [پرینسیپی یاساییبوون و رێژەییبوون لە کەیسەکانی تاواندا ]

١. کەس نابێت بە کارێک تۆمەتبار بکرێت یان لە سەری سزا بدرێت گەر ئەم کارە لە کاتی کردنەکەیدا ، بە پێی یاسا بە یاساشکێنییەکی سزاگر نەژمێردرابێت ، جگە لەو تاوانانەی کە لە کاتی کردنیاندا بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بەتاوانی جینۆساید ، کۆمەڵكوژیی ،  تاوانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی و پێشیلکردنی بە بەرنامەی مافی مرۆڤ، دەژمێردرێن . هەوەها تاوانی خیانەتی نیشتمانیی و  داگیرکردنی ملکوماڵی گشتیی و کۆنتراکت و رێکەوتنی نهێنیی لە گەل هەر ‌هێزو کۆمپانیاییەکی بێگانەدا بۆ هەر کارێک کە زیانی بە سامان و پاشەرۆژو نەرژەوەندی نەتەوەیی گەیاندبێت.

٢. هیچ سزایەک بەرامبەر تاوانکارییەک ، نابێ لەو سزایە یاساییە زیاتر بێت کە لە کاتی کردنییدا کارا بووە .

٢.  راددەی سزاکە نابێت  بە گوێرەی تاوانەکە لە رادەبەدەر بێت

٤.  کەس دوو جار بۆ هەمان تاوان بەرداد ناکرێ و سزا نادرێت مەگەر  تاوانی گەورە [کوشتن ، لاقەکردن]  بووبێت و بەلگەی نوی دەربارەی تاوانەکە یان هۆکاری تەکنۆلۆجی نوی بۆ ساغکردنەوەی بەلگەکان دەرکەوتبن .

بەندی ٢٤:  [ ئازادی گەڕان و هاتن وچوون ]

١.  هاو- ولاتانی هەرێم و کەسانێکی بێگانە بە یاسایی لێی نیشتەجێن ، دەتوانن بە ئازادیی لە ناو هەرێمدا بگەرێن و شوێنی مانەوەیان هەڵبژێرن

٢.  هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە سەفەر بۆ دەرەوە بکات . سنووردارکردنی ئەم مافە دەشێت بەیاسا رێک بخرێت ئەگەر بۆ چێبەجێکردنی بریاری یاسایی ، بریاری دادگا ، و بەجێگەیاندنی ئەرکی پاراستنی  ئاسایشی نەتەوەیی پێویست  بێت .

٣.  هیچ کوردێکی باشوور یان بەشەکانی تری کوردستان رێی لێناگیرێت بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

٤. هاو- ولاتانی هەرێم دژی خواستی خۆیان بۆ هێج ولاتێکی تر نانێردرێن یان نانێردرێنەوە لەو کەیسانە دا نەبێت کە یاسای نێونەتەوەیی و پەیمانەجیهانییەکان پێویستی دەکات .

٥.  مافی کەسانی  بیانیی کە بێنە هەرێم و مافی مانەوەیان تێێدا بە یاسا رێک دەخرێت .

٦.  هەرێمی کوردستان قبووڵی ناردنەوەی بە زۆریی کوردانی پەناهەندەی  ولاتانی دەرەوە ناکات . لە کاتی روودانی ئەم کەیسانەدا ، حکومەتی هەرێم هەموو جۆرە یارمەتییەکی دیپلۆماسی ، یاسایی و ماددی و مەعنەوی ئەو کەسانە دەدات کە تووشی ئەم جۆرە حالەتانە دەبن تا کەیسەکەیان بە لایەکدا دەکەوێت .

٧حکومەتی هەرێم هانی گەرانەوەی کوردانی دەرەوە بە تایبەتی خاوەن بەهرەو لێزانیی و کارزانیی و خوێندنی بەرز دەدات و هەمو جۆرە یارمەتیی و ئاسانکارییەک بە پێی یاسای یەکسانی دەرفەت یان یاسای تایبەتیی بۆ دامەزراندن و نیشتەجێبوونیان لە ولاتی خۆیاندا دابین دەکات .

بەندی ٢٥ : [مافی ژیانی تایبەتیی ]

١. هەمووکەس مافی ئەوەی هەیە زیانی تاکیی تایبەتیی و خێزانیی پارێزراو ببێت و رێزی لێبگیرێت .  ژیانی خێزانیی ، شویێنی  نیشتەجێبوون ، نهێنیی و تایبەتمەندیی ئالوگٶریی پەیامی کەسیی ، پێوەندیی پۆست و تەلەفونیی و ئینتەرنێتیی پاریزراون و کایەی خۆتێگەیاندن نین .

٢. گەران و پشکنینی هەر مال و جێگایەک کە بۆ مەبەستی پشکنکاریی و  شوێنهەڵگرتنی  تاوان بە پێویست دادەنرێت، تەنیا لەو سنوورەدا کە پێویستەو داگا بریاری لەسە ردەدات و هۆکارەکەی روون دەکاتەوە، ئەنجام دەدرێت.

٣. مافی نهینیپارێزیی پەیامگۆڕێنەوەی تایبەت و پێوەندی تەلەفونیی و ئێنتەرنێتیی

و  پەیامگۆڕینەوە کەسییەکانی تر  پارێزراوەو و شایانی خۆتێگەیاندن نییە، ئەو کاتە نەبێت کە بە بڕیاری دادگا بۆ لێکۆڵینەوەی کەیسی تاوان یان ولاتپارێزیی، بە پێیوسیت دادەندرێ و یاسا هۆکارو پرۆسەکەی روون دەکاتەوە.

٤. هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کە زانیاری [داتا] کەسییەکانی پارێزراو بن. کۆکردنەوەو هەڵگرتن و دەستپڕاگەیشتن و بەکارهێننای داتای کەسیی بە یاسا ڕیکدەخرێت و یاسابەند دەکرێت.

بەندی ٢٦ [ مافی هاوسەرێتیی و خێزاندروستکردن]

١.بە پێی بنەمای خواستی ئازاد ، هەموو کەس بە پێی یاسا ، مافی ئەوەی هەیە کە هاوسەرێتیی پێک بێنێت [ ژن بێنێت یان شوو بکات ] و خێزان دروست بکات .

٢.  هاوسەربوون و دەستبەرداربوون (تەڵاق) لەسەر بنەمای یەکسانیی هاوەسەرەکان ، بە یاسا ڕیکدەخرێت .

٣. حکومەت بە پێی یاسا  بایەخی تایبەتی بە خێزان دەدات و  دەییارێزێت .

بەندی ٢٧: [ ئازادی باوەڕ، ویژدان و ئایین ]

١ .ئازادیی باوەر و ویژدان و ئایین [دین] بە یاسا زامنکراوە.

٢ . ئازادیی باوەر و ویژدان و ئایین مانای ئەوەیە:” مافی هەبوون و دەرخستن و پراوەکردنی  دین ، مافی دەربرینی باوەرە کەسییەکان ، مافی ئەوەی ئەندامێتی کۆمەلگایەکی دینیی قبول بکەیت یان رەت بکەیتەوە .

٣.  کەس ناچار ناکرێت یان رێگای لێناگیرێت کە دینی خۆی نیشان بدات و پراوە بکات و کەس ناچار ناکرێت کە باوەرو بیرورا کەسییەکانی ئاشکرا بکات .

٤.  دەرخستن و  نیشاندانی روالەتی دین و بیروباوەر و ویژدان دەشێت  بە یاسا سنووردار بکرێت گەر پێویست بێت بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەلایەتیی و سەلامەتی گشتیی یان تەندروستی تاک و خەلک  یان مافی کەسانی تر .

بەندی ٢٨ [کۆمەلگا ئاینییەکان]

١ . هەرێمی کوردستان زامنی پاراستنی کۆمەلگاو شوێنەوارە دینییەکان لە ناوجەکانی هەرێمدا دەکات .

٢. کۆمەلگا دینییەکان و ئایینزایی یەکان ئازادن کە سەربەخۆ  رەوشی نیوخۆیی خۆیان رێکبخەن  و چالاکیی و مەراسیمی ئایینی ئەنجام بدەن .

٣.  کۆمەڵگا ئایننییەکان ئازادن بە پێی دەستوور ویاساو یاسابەندەکان، مەدرەسەی دینی و رێکخراوی خێریی پێکبێنن.

٤.  بەکارهێنانی ڕێکخراوی دینیی  وخێریی و مەدرەسەو  مزگەوت  و کڵێسا و پەرستگا بۆ مەبەستی سیاسی و  تایەفەگەریی و توندوتیژیی بە پێی یاسا قەدەغەیە .

بەندی ٢٩ ( ئازادیی دەربرین )

١.  ئازادیی دەربڕین بە دەستوور زامنکراوە . ئازادیی دەربڕین مافی دەربرنی بیرورا ، وەرگرتن و بلاوکردنەوەی زانیاری و  راگەیاندن و پەیامی تر بە بێ ریگەلێگرتن دەگرێتەوە .

٢.  ئازدی دەربڕین دەشێ بە یاسا سنووردار بکرێت لەو کەیسانەدا کە دەبنە هۆکاری هاروژاندی توندوتیژیی و دروستکرنی ناکۆکیی و ناحەزێتیی لەسەر بنەمای رەگەز ، نەژاد ، نەتەوە ، یان دین .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت