عەتا قەرەداخی : هەڵبژاردن و پەلەمانی ئەمجارە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا هەڵبژاردن تەواو دەبێت و رەخنەو قسەکردن لەسەر بەرنامەو پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن و کەسێتی پاڵێوراوەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەنگدان نەماوە ، بۆیە پێمباشە لەم وتارەدا لەسەر ئەو بابەتانە بدوێم کە پەیوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەبووە. لەو رووەشەوە قسەکردنمان لەسەر کۆی لیستەکانە بە تایبەتی ئەو پێنج لیستەى کە ئامادەبوونی دیاریان هەیە لە نێو کۆمەڵگەى باشووری کوردستانداو بە دڵنیاییشەوە زۆرینەى هەرە زۆری کورسیەکان دەبەنەوە .

یەکەم : لە رووی ستراتیژەوە ، وەکو دەزانین هیچ کام لەو پێنج لیستە کە لیستی پێنج حیزب یان لایەنی جیاوازن ، ستراتیژی روونی نەتەوەییان نییە لەو روانگەیەوە کە لە چوارچێوەى ستراتیژی نەتەوەیدا پێناسە بکرێت کە ئەویش لە بەرنامەی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییدا خۆی دەبینێتەوە . کەواتە لەم رووەوە جیاوازیەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا کە وەکو حیزب یان لایەنی نەتەوەیی خۆیان نمایش دەکەن . بە گوێرەى دوو لایەنە ئیسلامییەکەش کە هەڵگری ئایدیۆلۆجیای ئایینین ، دەشێ مەسەلەى نەتەوایەتی لە راستیدا لە دەرەوەى بەرنامەى ئەوان بێت چونکە ئەو حیزبانەى کە ئیلهام لە ئایین یان مارکسیزمەوە وەردەگرن ستراتیژی نێونەتەوەییان هەیە نەک ستراتیژی نەتەوەیی . بەرزکردنەوەى هەر درووشمێکی نەتەوەیش لەلایەن حیزبە ئایینی یان مارکسیەکانەوە تەنیا لە چوارچێوەى جوڵاندنی سۆزی جەماوەری دەنگدەردا لێک دەدرێتەوە .

دووەم لە رووی شاڵاوو درووشمەکانی هەڵبژاردنەوە: سەرەتا ئەگەر بەراوردی شێوازی هەڵمەتی پروپاکەندەى هەڵبژاردنی لایەنەکان بکەین و بەراوردی بکەین بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 25 ی تەموزی2009ء ئازاری 2010 ئەوا جیاوازییەکی ئاشکرا دەبینرێت لە رووی بەکارهێنانی تووندو تیژی و هێرشکردنی لایەنگرانی لیستەکان بۆ سەریەکتری ، سەرباری هەندێ تووندو تیژی و تەقەکردن و کوژرانی چەند کەسێک بەڵام ئەمجارە هێشتا جۆرێک لە هێمنی هەست پێدەکرا ، ئەوەش ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ جوڵەى هێواشی بەرەو پەرەسەندنی یەکتر قبوڵکردن لە کۆمەڵگەى ئێمەدا . لە راستیشدا ئەوە زیاتر پەیوەندی بە جەماوەری خەڵکەوە هەیە کە لە ئاستی نەگوتراودا جەماوەر بە جیاوازی دیدو بۆچوون و ئەو لایەنانەى کە دەنگیان بۆ دەدەن بەڵام دەیانەوێت پێکەوە بە ئاشتی و دوور لە کێشەو تووندو تیژی بژین . رەنگە بە هەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین ئەو کەمە تووندو تیژییانەشی کە روویانداوە لە کاردانەوە یان لە ژێر کاریگەری هەندێ وتارو دەربڕینی تووندو نابەرپرسیارانەى هەندێ بەرپرسدا بووە . کەواتە لێرەوە دەتواتنین بڵێین ئاسۆی بەرەو ئایندە گەشە چونکە خەڵک یان جەماوەر تا ئەندازەیەکی باش شارستانیانە لەم هەلومەرجی هەڵبژاردنەدا هەڵسوکەوتیان کرد کە ئومێدی ئەوە دەکرێت بۆ هەڵبژاردنکانی داهاتوو جەماوەر زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات و نەک هەر نەکەوێتە ژێر کاریگەری گوتاری تووندی بەرپرسانەوە بەڵکو بگاتە ئاستێک کە فشار لەسەر بەرپرسانی حیزبی دابنێت کە زیاتر شارستانیانە هەڵسوکەوت بکەن .

ئەوەى پەیوەندی بە درووشمەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە دەتوانین بڵێین ئەگەر لۆگۆو ناوی لایەنەکان لە درووشمەکان بسڕینەوە ئەوا هەست دەکرێت جیازای ئاشکرا لە نێوانیاندا نییە ، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا جیاوازی ئاشکراو دیار لە نێوان ئەم لایەنانەدا نییە بە تایبەتی لە رووی بەرنامەو ستراتیژەوە ، هەرئەوەش وایکردووە کە درووشمەکانیان هاوشێوە یان نزیک لەیەکتر بێت . لەلایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین درووشمەکانی لایەنەکان ئەو پەندە کوردییەمان بیر دەخاتەوە کە هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەى نەوەشاندنیەتی ، چونکە بەگشتی لیستەکان کۆمەڵی درووشمیان بەرزکردۆتەوە کە سەرتاپا جۆرێکە لە وەهم ، وەهمێک کە جێبەجێکردنی لەسەر زەمینەى واقیع مەحاڵە .

ئەمە بێجگە لەوەى کە ئاستی ئایندەخوازی بەگشتی لەدرووشمەکانی زۆربەى لیستەکاندا لاواز بوو ، ئەوەندەى باسی سەروەرییەکانی رابردوو دەکرا ئەوەندە داهاتوو ئامادەبوونی نەبوو . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرینەى لایەنەکانی کوردستان بەرنامەو دیدێکی ئاشکرایان نییە بۆ داهاتوو . ئەوەش مایەی پرسیارە ، زۆرینەى لیستەکانی ئێستا ، پێشتریش لە پەرلەماندا بوون و هەندێکیشیان لە دەسەڵاتدا بوون ، یان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە ، کەچی بەجۆرێک دەدوێن و قسەدەکەن وەکو ئەوەى تازەو یەکەمجارە بەشداری پرۆسەى هەڵبژاردن بکەن ، یان وەکو ئەوە وایە پێشتر دەستیان بەسترا بێت و رێگایان نەدرابێت هیچ بکەن ، کە دیارە ئەوەش راست نییە چونکە هەموو ئەوانەى لە پەرلەمان و حکومەتیشدا بوون ، ئەگەر مەبەستیان بووایە یان ئەگەر خاوەنی بەرنامەو خشتەى کارو پلان بوونایە ئەوا بێگومان ئێستا دەیانزانی چیان پێکراوەو چیان پێنەکراوەو ، بۆ ئەمەو داو چیان پێدەکرێت و ئەو بەربەستانەى لەبەردەمیاندان چین و چۆن کۆسپ و تەگەرەکان دەڕوخێنرێن ، بەڵام لە دەربڕین و درووشمی کۆی لیستەکاندا هەڵسەنگاندنی رابردوو، نەخشەى داهاتوو هەست پێنەدەکرا، ئەمەش دوو لێکدانەوەى هەیە، یان ئەوەیە کە ئەم لایەنانە توانای هەڵسەنگاندنی خۆیانء ئەدای خۆیانیان نییە ، یان وەها سەیری ئەو درووشمانە دەکەن کە شتێکی کاتییەو تەنیا بۆ فریوودانی جەماوەرە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگ . خاڵێکی تر کە هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە حیزبە بە ناو عەلمانییەکان پەنا بۆ خودا دەبەن لە گوتارەکانیانداو بە ئومێدی ئەوەن کە خودا سەرکەوتوویان بکات لەم هەڵبژاردنەد ا، بە گوێرەى لایەنە ئیسلامییەکانیش کە گومانیان لە پەیوەستبوونی بەهێزی خۆیان بۆ ئیسلام نییە بە چڕی باسی مەسەلەى نەتەوەو نیشتیمان و کێشەکانی کوردو ئایندەی کورد دەکەن . لە کاتێکدا وەکو حیزبی ئایینی ئەوە کاری ئەوان نییەو بە ئاشکرا دیارە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگ ئەو جۆرە درووشمانە بەرز دەکەنەوە ، هەرچۆن حیزبە عەلمانییەکان ئایین بۆ مەبەستی راکێشانی سۆزی جەماوەر و کۆکردنەوەى دەنگ بەکاردەهێنن . بێگومان دوای هەڵبژاردن هەریەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەسڵی خۆی .

سێیەم : کەسێتی پاڵێوراوەکان و پێگەى جەماوەرییان لە کۆمەڵگەى کوردیدا. ئەگەر سەیری شووناسی زۆرینەى پاڵێوراوەکان بکەیت لەگەڵ رێزى زۆرم بۆیان وەکو مۆرڤ بەڵام لەرووی توانای کەسێتی و ئامادەبوون و پێگەى جەماوەرییانەوە دەشێ وامان لێبێت کە بڕوا بەو قسەیە بکەین کە دەڵێت : پێدەچێت لایەنەکان پێشبڕکێیان کردبێت لەسەر ئەوەى کێ زیاترین ژمارەى کەسی گومناوو نەناسراو بپاڵێوێت . زۆرینەى ئەوانەشی کە بە حیساب ناسراون ، یان ئەو کەسانەن کە لە راگەیاندنەکاندا کاریان کردووە یان منداڵ و کەس و کاری بەرپرسانن بە زیندوو مردووەوە ، یان منداڵی ئاغاوبەگ و شێخەکانن . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرینەى لیستەکان پێیان وایە دەموچاوەکانی راگەیاندن ناسراون و دەشێ دەنگیان پێ کۆبکەنەوە ئیتر گرنگ نییە چیان لەباردایە . بە گوێرەى پاڵاوتنی منداڵی بەرپرسان و منداڵانی گومناوی ئاغاو بەگ و شێخەکانیش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە تاکو ئێستاش ئەو لایەنانەى کە ئەمانەیان پاڵاوتووە نەک ناتوانن بە چەمکی سەردەمیانە بیربکەنەوە بەڵکو بە روانینی خێڵەکیانەى سەرەتایی بیردەکەنەوەو پێیان وایە بە هۆی پێگەو نفوزی خێڵایەتی و عەشائیرییەوە دەتوانن زیاترین دەنگ بەدەست بهێنن ، هەروەک پاڵاوتنی منداڵی بەرپرسانی مردوو زیندوو ، ئەویش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو حیزبانە تا ئاستێکی دیار بڕوایان بەوە هەیە کە حیزب موڵکی بەرپرسەکانەو بەمیراتی دەمێنێتەوە بۆ نەوەکانیان کە ئەمەش دیسان لەگەڵ مەسەلەى دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ناوخودی دامەزراوەى حیزبدا ناگونجێت ئیتر چۆن ئەم حیزب و لایەنانە دەتوانن بڕوا بە ئاڵوگۆڕکردنی دەسەلاتی بەڕێوەبردنی وڵات لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە بکەن .

ئەگەر بە چاوێکی ورد سەیری کۆی لیستەکان بکەیت ، ئەوا بە ئاشکرا دوو شتت بۆ دەردەکەوێت : یەکەم واپێدەچێت خودی حیزبەکان بڕوایەکی ئەوتۆیان بەپەرلەمان نەبێت بۆیە بە دەگەمەن بەرپرسێکی مامناوەندی حیزبی لە ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە لیستەکاندا دەبینرێن ، تەنانەت مەگەر تاکوتەرا ئەگینا لیستەکان لە کادیرە چووست و چالاک و خاوەن ناوو ناوبەنگە باشەکانی خوارەوەى حیزبیش خاڵین . دووەم واپێدەچێت کە حیزبەکان وەها سەیری پەرلەمان بکەن کە دامەزراوەیەکە هەر چوار ساڵ جارێک ژمارەیەک لە کادیرانی خۆیانی بۆ بنێرن بۆ ئەوەى دەوڵەمەندیان بکەن ئەگیان زۆرینەی کاندیدەکان پێناچێت ئەهلیەتی ئەو کارەیان هەبێت ئەگەر بەراستی بڕوامان بەوە هەبێت کە پەلەمان دامەزراوەیەکی گرنگە .

بەهەرحاڵ من لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ سەرجەمی پاڵێوراوەکان وەکو ئینسان ، بەڵام کە سەرنجی کۆی لیستەکان بدەیت راستە تاکەتاکە کەسانی لێهاتوو شایانیان تێدایە ، بەڵام زۆرینە لە ئاستی ئەوەدا نین کە نوێنەرایەتی گەل بکەن ، هەر بۆیە لەسەرنجدانی لیستەکاندا مرۆڤ بە جۆرێک بێئومێد دەبێت و دەشێ لە خۆی بپرسێت ئایا ئەمە کۆمەڵگەى کوردییە ؟ یان ئەمانە نوێنەری بەرژەوەندییەکانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانن ، کە ناڕاستەوخۆ کۆکن لەسەرئەوەى کە پەرلەمانێکی لاوازی بێدەسەڵات لە کوردستاندا هەبێت بەجۆرێک کە ئەهلیەتی ئەوەی نەبێت لە فەرمانی سەرکردەکانی حیزب و ئەولایەنانەى کە ناردوونیان بۆ پەرلەمان دەربچێت . ئەمەش لە بری پەرلەمانی خەڵک پەرلەمانی حیزب و نوێنەرایەتی حیزب دەکات . هەربۆیە من گومانم هەیە لەوەى کە پەرلەمانی داهاتوو بتوانێت دەوروکاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت ، تەنانەت پێموایە زۆر لە پەرلەمانەکانی رابردوو لاوازتر دەبێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت