بەهرۆز جەعفەر : پارتى و هەڵبژاردن و تەقینەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

متمانە : کلیلێکە هەموو دەرگایەک دەکاتەوە ، هەرکەس و لایەنێک و جڤاتێک ، متمانەى لەدەستدا ، کۆڵەگەیەکى سەرەکى دەسەڵات لەدەست ئەدات لە کۆمەڵگەکەى خۆیدا . باش و خراپى لاى خەڵکى دەبنە جێی پرسیارو گومانکردن . کەم کەس هەیە ، مەسەلەى مەلەوانە درۆزنەکەى لە چوارچێوەى مێژوو فۆلکلۆرى کوردیدا ، نەبیستبێت ، هەموو جارێک هاوارى ئەکرد ،” کورە خنکام ..” کەدەچوون ، فریاى بکەون : سوعبەتى دەکرد ، بۆخۆى ڕۆژێک نقومى ئاو بوو،ئاو توانى تۆڵەى مناوەرات و درۆکردنى لێ بکاتەوە . یان وەک شوانەکە ، دەیوت : ڕاکەن ،، مەڕەکان گورگ خواردى ..!. کە بەدەست و دارەوە ، دۆست و دوژمن ڕایاندەکرد ، درۆ دەردەچوو .. بۆخۆى جارێکیان مام گورگ ملى زۆربەى مەڕەکانى شکاند و ، ئەودواشی سک هەڵدڕى .

ئێستا ، لەکۆمەڵگەى کوردیدا ، پارتى کلیلەکەى لێ وون بووە ، نەک هەر پارتى بگرە هەموو هێزەکان بەمیدیاشەوە متمانەى خەڵکى یان بزرکردووە ، وەلێ پارتى سەرمەشقى دروستکردنى قەیرانە تاوەکو قەیرانەکەى پێشووتر لە هزرى تاکەکاندا بسڕێتەوە ، ئیدارەى قەیران بە قەیران ، زیاتر لە (4) ساڵە ، پیشەى پارتیەو ، تیایشدا بەئەندازەیەکى باش سەرکەوتوو بووە ، هەرجارەى ئاگرێک دەکاتەوە ، هەموو جەمسەرەکانى پێوە سەرقاڵ ئەکا ، هێشتا ئەو ئاگرە نەکوژاوەتەوە ، ئاگرێکى دى دەکاتەوە ، بەمجۆرە خەریکە گڕ لەهەموو کێڵگەى کوردى بەرئەدات ، وەک هێزێکى باڵادەست لەناوچەکەدا . ئەگەر نمونە ، بۆ ئەم قسانە بهێنینەوە ، ئینسان یان نوسەرى کورد نازانێت لەکوێوە دەست پێ بکات و لەکوێدا خۆى ببینێتەوە ، با لەهەڵبژاردنەوە دەست پێبکەین ، کە بێگومان سەرلەبەرى هەڵبژاردن تەزویرو فێڵ و تاوان بو ، ڕابەرێتى یەکەشی پارتى بوو ، وەرن سەیر بکەن :

یەکەم : کەس لەکوردستان نازانێت ، کەى هەڵبژاردنە ،(12) ساڵە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى شارەوانیەکان نەکراوە ، زیاتر لە (8) ساڵە هەڵبژاردنى پارێزگاکان نەکراوە .

دووەم : مەهزەلەیەکى گەورەیە ، ببینى : کۆمسیۆن خڵتەیەک بێت لە هەموو لایەنەکان و ، سەرۆکەکەشی دووجار سزاى یاسایی هەبێت و ، خزمەتیشى نەبوبێت ، کرابێتە سەرۆکى کۆمسیۆن .

سێهەم : کۆمسیۆنێک نەتوانێ ، مردوو لەزیندوو جیا بکاتەوە ، چۆن دەتوانێ ڕێ لەپارتى بگرێت تەزویر نەکا ..؟. بەشی (6-9) کورسی دەنگ لەناوى مردووە دەنگدەرەکانى کوردستانا بو !.

چوارەم : ئاخر زۆر سەیرە !. حزبێکى وەک ئایندە ، (100) کاندیدى هەیە . (3000) دەنگى هێناوە !. یانى هەریەکەیان (30) دەنگیان هێناوە !. پارتى چارەسەریش هەروەها . کەچى تورکمانەکان بەشی (4) کورسی دەنگ دێنن ؟.

دیارە خاڵى تر زۆرن ، بەڵام تەقینەوەى هات بەسەرا… ئێستا پارتى ئەڵێت : چى ؟. لەڕابردوودا کارێکى وەهاى کردووە ، کە کەس متمانەى بەهەر شتێکى نەبێت . خۆى پێش هەرکەس دەزانێت لەگەڵ ئەوەى پتر لە (700) هەزار دەنگى بۆنوسراوە ، کەچى زیاتر لەنیوەى کۆمەڵگەى کورد متمانەى پێ نەماوە !.

نازانم ، ئەم تەقینەوەیە چى بو ؟. ئاخر پارتى هەڵوێستێکى وا زبرى دژى هیچ دەوڵەتێکى بێگانە نیشان نەداوە ، دژى پەیەدە بووە ، هى بەرەى نوسرە نەبووە ، دۆستى سووننەیە ، براى مالکییە ، ئەى ئەم تەقینەوەیە چى بو ..؟. پارتى دایمەودەرەم دەرگاو پەنجەرەى بەڕووى هەر کەسێکى دژە کوردو غەیرە کورددا کراوەتەوە ، تەنها پێشمەرگەکانى خۆى ڕۆشنبیران و بەئاگایان نەبێت ؟. ئەى ئەم تەقینەوەیە چى بو ؟. بۆچى بو ؟. بەهەرحاڵ پارتى لەدواى ئەم تەقینەوەیە ، دەبێت چاوەڕٍێی یاخى بونى بەکۆمەڵى خەڵک بێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت