Dr.-kemal

دکتۆر کەمال میراودەلی : دەقی هەموارکردنەوەی دەسەلاتی دەستووریی سەرۆکی هەرێم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموارکردنەوەی دەستوور و رێفراندۆمکردنی وەک مەرجی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ

بەسەرچوونی سیستمی سەرۆکایەتی

چەند رووداوێکی جیهانی سەبارەت بە چارەنووسی سوریا ، بەسەرچوونی پراتیکی مۆدیلی سیستمی سەرۆکایەتی لە جیهاندا دەرخست :

١ . گەرچی بەریتانیا سەرۆکایەتی نییە بەلام دەسەلاتی بریاری جەنگ و ئاشتی تا رادەیەک لە دەست سەرۆک وەزیران دابوو، پەرلەمان ئەو دەسەلاتەی لێسەندەوەو بە دەنگدانی دژی جەنگ د ئەسەد، سەرەتای سیاسەتیکی جیهانی نوێی دانا .

٢. گەرچی فەرەنسا سیستمی سەرۆکایەتی هەیە ناجار بوو ئەویش رێگە بدات پرسی سوریا لە پەرلەمانەکەیدا دیبات بکرێت ، کە ئۆپۆزیسۆن دژی وەستایەوە .

٣. تەنانەت لە بەهیزترین سسیستمی سەرۆکایەتی دنیادا ، بەهێزترین سەرۆک ئۆباما ، ئەویش نەیتوانی سەربەخۆیانە بریاری جەنگ بداو بریارەکەی دایە دەست کۆنگرێس .

هەموو ئەمانە لەم سەردەمی شۆڕشی زانیاری وهوسێاری تاکدا ، فەشەلی سسیتمی سەرۆکایەتی بریاری تاکرەوانە دەردەخات .

سەرۆکایەتی هەرێم : کێشەی دەستووریی کوردستان

ئەوەی لە ماوەی پێش هەلبژرادندا روویدا جۆرە هاورایی یەک بوو لە سەر هەموارکردنەوەی دەستوور و بریارادنی وەک بنەمای سسیتمی پەرلەمانی لە باشووری کوردستاندا .

١.بارزانی پرسی هەموارکردنەوەی دەستووری حەوالەی پەرلەمانی نوێ کرد .

٢.یەکێتی لە سەر زمانی هەر هەموو بەرپرسەکانیانەوە جەختیان لە سەر ئەوە دەکرد کە تەنیا و تەنیا بە مەرجی هەموارکردنەوەی دەستوور ، ئەوان رازی بوون سەرۆکایەتی بارزانی بە نادەستووریی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ بکەنەوە

٣. سەرکردایەتی یەکێتی و گۆران جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە پرسی سەرەکی ریکەوتنەکەی دەباشان هەموارکردنەوەی دەستوورو سەلماندنی سیستمی پەرلەمانی یە .

هاورایی و سازان

ئەم هاورایی و سازانە تیۆرییە دەبوو ئێستا کرابایە بە پرۆژەی هەموارکردنەوە و دانوستانی چری وەک ئامادەکارییەک بۆ دامەزراندنی حکومەتی نوێ لە سەر بکرابایە .

سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی

ئەوەی هەرە گرێکوێرکە بوو ناروونی بوو لە سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی.

سیستمی پەرلەمانی سەروەریی و سەرچاوەیی و گشتگریی دەسەلاتی پەرلەمان بە سەر هەموو دەزگاکانی ولات و بڕیارە سیاسییەکاندا دەسەلمێنێت ، گەر ئەمە کرا بوونی سەرۆک زیاتر دەوری رەمزیی و مەعنەویی و تەشریفاتی دەبێت .

من لەم هەموارکردنەوەی سسیتمی سەرۆکایەتی هەرێم ئەو دەورە سەروەرییەم بە پەرلەمان داوە وەک لە بەشی داهاتوودا دەردەکەوێ، بەلام هەلبژاردنی سەرۆکی هەرێم – م بۆ دەنگی هاولاتییان هیشتۆتەوە ئەویش لە بەر ئەوەی سیستمی حیزبیی لای ئێمە چ وەک پاشخانی مێژوویی و چ وەک ستراکتوری ریكخستن و بریاردان، وەک پرۆسەیەکی دیمۆکراتی نەهاتووەو پراوەیەکی دیمۆکراتی نییە. گەر سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت ئەوە دەىیتە بابەتێک بۆ دابەشکردنی پلەو مەنسەبەکان و بەس : سەرۆکی هەرێم بۆ حیزبێک ، سەرکی حکومەت بۆ یەکێكی تر و هی پەرلەمان بۆ هی تر ، ئەمە هەم حیزبایەتییە تۆخەکە بە سەر سیستمی سیاسیدا دەسەپێنێتەوە هەم دەبیتە هەوێنی ناکۆکی ئیفلیجکەر لە نێوان دەسەلاتەکان لە داهاتوودا . بۆیە وەک پراوەیەکی دیمۆکراتی راستەوخۆ ، لام باشترە سەرۆکی هەرێم لە لایەن خەلکەوە هەڵبژێردرێت بەلام دەسەلاتەکانی ژێر فەرمانی پەرلەمان بن .

لە خوارەوە ئەو بەشە لە پرۆژەی دەستوورنامەکەم بلاو دەکەمەوە کە تایبەتە بە رەوسێ دەستووریی سەرۆکی هەرێم . سبەی ئەو بەشە بلاودەکەمەوە ەک رەوش و دەسەلاتی دەستووریی پەرلەمان و پەرلەمانتارەکان روون دەکاتەوە .

پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان 

بەشی پێنجەم : سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان

بەندی ٥٣ ( شوێنپایەی سەرۆکی هەرێم )

سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان سەرۆکی ولاتەو نوێنەری یەکێتی گەلی باشووری کوردستانە .

بەندی ٥٤ ( دەسەلاتەکانی سەرکی هەرێم )

سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان بە پیی ئەم دەستوورە ئەم دەسەلاتانەی خوارەوەی هەیە :

١. لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەییدا نوێنەرایەتی هەرێمی باشووری کوردستان دەکات .

٢. گەرانتی و زامنی کارکردنی حکومەت و دەزگاکانی هەرێمی باشووری کوردستان بە پێی دەستوور دەکات.

٣. کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەنێت و یەکەم کۆبوونەوەی رێک دەخات .

٤. فەرمانی یاسایی بە پێی دەستوور دەردەکات

٥. بریار لە سەر ئەو یاسایانە دەدات کە پەرلەمان دەریان دەکات.

٦. مافی ئەوەی هەیە یەک جار ئەو یاسایانە بۆ چاوپێداخشاندنەوە و راستکردنەوە بگەرێنیتەوە کە پەرلەمان بریاریان دەدات .

٧. بەپێی دەستوور ڕیکەوتن و پەیمانە جیهانییەکان واژۆ بکات

٨ .پێشنیازی هەموار کردنەوەی دەستوور بکات

٩. رێبەرایەتی سیاسەتی دەرەوەی ولات بکات

١٠. گەواهی [ ئیعتیمادی ] سەرۆکی قونسولییەکانی ولاتانی دەرەوە وەر بگڕێت و قبولیان بکات .

١١. وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی باشووری کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتی وەرگرێت .

١٢. کاندیدی سەرۆکی وەزیران ناوبنێت لەو پارتەی یان هاوپەیمانییەی زۆرترین نوێنەری لە پەرلەماندا هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت .

١٣. لە سەر راسپاردەی ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان سەرۆکی دادگای دەستووری دابمەزرێنێت یان لای ببات

١٤. لە سەر راسپاردەی ئەنجومەنی داوەریی کوردستان ، دادوەران دابمەزرێنێت یان لایان ببات

١٥. لە سەر راسپاردەی ئەنجومەنی داواکارانی گشتی ، سەرۆکی داواکارانی گشتی هەرێم دابمەزرێنێت یان لای ببات .

١٦ . بە پێی راسپاردەی پەرلەمان ، دادوەران بۆ ئەنجومەنی دەستووریی دابمەزرێنێت .

١٧ . بە پێی راسپاردەی حکومەت ، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی هەرێم دابمەزرێنێت یان لای ببات .

١٨ . بە راوێژ لەگەل سەرۆکی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆک و جێگری سەرۆک و پشکنیاری گشتی دەزگای ئاسایش دابمەزرێنێت

١٩. بە راوێژ لەگەڵ سەرۆکی وەزیران وسەرۆکایەتی پەرلەمان باری ئاسایی لە ولاتدا جاڕ بدات .

٢٠. دەتوانێ لە ماوەی باری نائاساییدا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ولات بکات و سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکان بکات .

٢١ . دامەزراندنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی هەرێم لە ولاتانی دەرەوەدا بە راویژکاری لەگەڵ سەرۆکی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان

٢٢. نوینەرانی دیپلۆماسی هەرێم لە ولاتانی دەرەوەدا دادەمەزرینێت یان لا دەبا بە روایژ لەگەڵ سەرۆکی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان

٢٣. بە راوێژ لەگەل سەرۆکی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان بریاری دامەزراندنی بانکی نیوەندی کوردستان دەدات و بەرێوەبەری گذشتی بانک و ئەندامانی بۆردی بەرێوەبەری بانک دادەمەزرێنیت

٢٤. خەلات و میدالیای نیشتمانی بەپێی یاسا دەبەخشێت

٢٥. بە پێی راسپاردەی ئەنجومەنی سەربازی وڵات ، روتبەو پلەو نیشانەی سەربازی دەدات

٢٦. بریاری لێخوشبوونی تاک بە پێی یاسا دەردەکات

٢٨. لەسەر راسپاردەی پەرلەمان بریاری لێخوشبوونی گشتی دەردەکات

٢٩ . سالی دوو جار دەربارەی روانگەو بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی بۆ کاروباری ولات وتار بۆ پەرلەمان دەدات و وەلامی پرسیارەکانی ئەندامانی پەرلەمان دەداتەوە .

٣٠ . بەلای کەمەوە سالی دوو جار لە گەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە .

٣١. لەسەر راسپاردەی پەرلەمان دەستووری کوردستان بخاتە ریفراندۆمەوەو ئەنجامەکانی رێفراندۆم رابگەیەنێت .

بەندی ٥٥: ( مەرجەکانی کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم )

١. هەر هاولاتییەکی هەرێمی کوردستان تەمەنی لە ٣٧ ساڵ کەمتر نەبێت و ئاستێکی رۆشنبیریی هەبێت و تاوانی یاسایی لە سەر نەبێت دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەریم کاندید بکات

٢ . سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان بە رێگای دەنگدانی نهێنیی لە لایەن هاو- ولاتانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێت .

٣. دەبێ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ماوەیەکدا کە ٣٠ رۆژ زیاتر بە سەر تەواوبوونی ماوەی سەرۆکی لەکاردابوودا تێنەپەرێ ، ئەنجام بدرێت .

٤. هەر هاولاتێکی هەرێمی باشووری کوردستان کە تەمەنی لە ٣٧ ساڵ کەمتر نەبێت و ئیمزای پشتگیریی ٥،٠٠٠ هاولاتی هەبێت دەتوانی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێم کاندید بکات .

٥ . بۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم پێویستە کاندیدەکە %٥٠ ی دەنگی خەلکی کەمتر نەبێت، گەر لە %٥٠ کەمتر بوو هەلبژاردن بۆ جەولەی دووەم دەکرێت و ئەوسا کامە دەنگی زیاتر بوو هەلدەبژیردرێت .

بەندی (٥٦) ( دەسەلاتپیدان و سوێند )

١ . سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان کارەکەی دوای سوێندخواردنی یاسایی لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات. دەقی سوێندەکە بە یاسا دادەندرێت .

٢. ماوەی سەرۆکایەتی هەریم چوارساڵە .

٣. دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ، سەرۆکی هەرێم دەشێ تەنیا بۆ ماوەی یەک خولی تر خۆی کاندید بکاتەوە

بەندی ٥٧ ( ناسازیی )

١ . سەرۆکی هەرێم نابێت لە ماوەی سەرۆکایەتییدا هیچ وەزیفەو ئەرکیکی تری حیزنیی یان حکومەتیی هەبێت یان خاوەنی هێچ کۆمپانیاو بەرژەوەندیەکی بازرگانی و ئابووریی بێت .

٢ .دوای هەلبژاردن سەرکی هەرێم دەبێت واز لە هەموو پۆستە حیزبییەکانی بێنیت .

٣ . دوای هەڵبژرادنی سەرۆکی هەرێم دەبێ هەموو سامان و ماڵ و بەژەوەندییە دارایی و ئابووریی و بازرگانییەکانی ئاشکرا بکات و لە ماوەی سەرۆکایەتیدا دەستیان لێ هەڵبگرێت .

٤. سەرۆکی هەرێم نابێ خیانەتی نەتەوەیی کردبێت و پێوەندی گومانلێکراوی لەگەڵ هیچ دەولەتێکی ناوچەیی یان دەرەوەییدا هەبێت .

بەندی (٥٨) ( پاسایی – حەصانە )

سەرۆکی هەرێم پاسایی دەبێت بەرامبەر هەموو دژەکارێکی یاسایی ، شکاتی مەدەنیی و دەرکردن و متمانە لێسەندنەوە لە سەر کارێک و چالاکییەک کە بەشێک بێت لە ئەرک و بەرپرسیارێتی یاسایی وەک سەرۆکی هەرێم .

بەندی ٥٩: ( لە کاتی لێرەنەبوونی سەرۆکی هەرێم )

١. گەر سەرۆکی هەرێم بۆ ماوەیەکی کاتی لە ولات نەبوو یان نەیتوانی بەرپرسیارێتی و کارەکانی ئەنجام بدات، ئەوا دەتوانیت بە خواستی خۆی ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرۆکی هەرێم بە شیوەیەکی کاتیی بە سەرۆکی پەرلەمان بسپێرێت کە لە ماوەی بزربوونیدا وەک (سەرۆکی هەرێمی کارا ) دەستبەکار دەبێت .

٢. گەر سەرۆکی هەرێم بۆ ماوەی ئامادەنەبوونیی کاتیی ، بە خواستی خۆی دەسەلاتەکانی بە سەرۆکی پەرلەمان نەدات ، ئەوا پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت کە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی بریار بدات کە سەرۆکی هەرێم لە بەر نەخۆشیی یان هۆکاری تر ناتوانێت کارەکانی بەرێوەبەرێت و لە جێی ئەو سەرۆکی پەرلەمان یان هەر یەکێک لە جێگرەکانی وەک سەرۆکی هەرێمی کارا هەلبژێرێت تا سەرۆکی هەرێم دەتوانێت دەست بە کارەکانی بکاتەوە .

٣. پڕکردنەوەی شوێنی سەرۆکی هەرێم لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کاراوە نابێت بۆ ماوەی ٦ مانگ زیاتر بێت .

بەندی (٦٠) ( موحاسەبەکردن و لابردنی سەرۆکی هەرێم )

١ .دەشێ سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لاببردرێت ئەگەر حوکم بدڕێت بە تاوانێکی سەخت یان لە بەر هۆکاری نەخۆشیی سەخت نەتوانێت ئەرکەکانی ئەنجام بدات یان گەر دادگای دەستووریی بڕیاری دا کە سەرۆکی هەرێم پێشێلکارییەکی سەختی دەستووری کردووە .

٢ . پرۆسەی لابردنی سەرۆکی هەرێم دەشێت بە دەستپێشخەریی سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان دەست پێ بکات : کە ئەوان داوانامەیەک واژۆدەکەن و هۆکارەکانی لابردنی سەرۆک روون دەکەنەوە . گەر هۆکارەکە لە بەر نەخۆشی سەخت بێت ئەوا پەرلەمان راوێژ بە تیمیكی پسپۆڕی پزیشکی دەکات . گەر هۆکارەکەش پێشێلکردنی دەستوور بێت ، ئەوا داوانامەکە دەستبەجێ حەواڵەی دادگای دەستووریی دەکرێت کە دەبی لە ماوەی ٧ رۆژدا دوای وەرگرتنی ، بڕیاری خۆیانی لە سەر بدەن.

٣. گەر سەرۆکی هەرێم بە تاوانێکی سەخت وەک دزیی ، گەندەلی یان خیانەت حوکم بدرێت ، یان بە پێی ئەم بڕگە دەستوورییە پەرلەمان بریار دەدات کە سەرۆکی هەرێم لە توانایدا نەماوە لە بەر نەخۆشیی یان پێشێلکاریی دەستوور، بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی بە دروستی ئەنجام بدات ، ئەوا پەرلەمان بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی بریاری لابردنی سەرۆک دەدات .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت