Karkuk-Tv

بەهرۆز جەعفەر : با دوو قسەش لەسەر کەناڵى ئاسمانى کەرکوک بکەین !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک ، شوێنێکى بێدەنگە بۆ ئەوانەى خۆیان دەوڵەمەند دەکەن ، بۆ ئەوانەى پلەیان بەرزتر بێتەوە ، بۆ ئەوانەى لە چاودێریی و لێپرسینەوە ئەترسن ، لەم شارە گەلێک کارەساتى مرۆیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتى و فەزاحەتى ئابوریی دەگوزەرێت ، هەڵبەت بەشی هەرە زۆرى لەسەردەستى یاری نەزانەکانى پارتى و یەکێتى یە . باوەڕناکەم (10) ساڵە نە سەرکردایەتى سیاسیی و نە نوخبەى کورد توانیبێتى دوو قسەى جدى لەسەرئایندەو ئێستاى کەرکوک بکات . یەکێک لەو بوارانەى سەرئێشەى بۆ شارەکە دروستکردووە ، ڕاگەیاندنە . ئێمە باسیی بەشێک لە گەندەڵى و بێ ئیتیکى و تەمەڵى کەناڵى ئاسمانى کەرکوک ئەکەین :

یەکەم : کەناڵى ئاسمانى کەرکوک .

– نەسریە : 90 ملیۆن دینار .

– لەڕووى ئیداریی و سیاسییەوە سەربە مەکتەبى ڕاگەیاندنى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە .

– نزیکەى (300-400) کارمەندى هەیە.

– لەبیناى شارەوانى دایە ، چەند جارێک شارەوانى داوایکردووە دەربچن ، ئیدارەى گشتى پارەى بۆ بینا تەرخانکردووە ، بەڕێوەبەرى ئەم کەناڵە چووە بە (pvc) ى لەناو هەمان کەناڵدا ، لەڕێگەى کۆمپانیاکەى خۆى و براکەیەوە ، کابینەى تیا دروست کردووە.

– پتر ئەم کەناڵە حەز بەهەڵبژاردن ، ئەکەن ، بۆ ؟. بەوپێیەى لەهەر هەڵبژاردنێکدا ئەمان ، (3) ئۆتۆمبیلى تایبەت وەردەگرن ، بەرپرسەکانى ئۆتۆمبیلەکانى خۆیان دەفرۆشنەوە . بێجگە لەداهاتى ڕیکلام لەم تەلەفزیۆنە کەس نازانێت چى لێدێت .

– لەڕاستى دا ، ئەم کەناڵە پێی دەوترێت (عادل موتەحیدەى کەرکوک) چۆن تەلەفزیۆنەکەى دکتۆر ڕوشدى هەرخۆى نیشان ئەدات ، ئەمانیش تەنها ( دکتۆر نەجمەدین و خالید شوانى ) نیشان ئەدەن !.

– کاتێک کەناڵەکە بوو بەئاسمانى ، تاڵەبانى لەگەڵ ستافى تەلەفزیۆنەکە دانشتنێک ڕێک ئەخات ، ئەم ستافە دوور بینە ، لەبرى داواکردنى پاراستنى مافى کارمەندەکان و ئاسایشى کەناڵەکەو ئامێرى باش ، داواى (سەیارە) یان کردبو ، تاڵەبانى پێی وتبون: ئەزانم سەیارەتان هەیە و پێتان دراوە لەئیدارەى گشتى یەوە ، بەڵام پێتان ئەدەم.!. لەکاتێکدا هیچ گرفتێکى گواستنەوەیان نییە ، بۆماوەیەکى زۆر وەک پێشەنگا لەناو ئەم کەناڵە (3) پاسپەندەر ئەوەستێت ، دواتر ئەمیش برابەش دەبەن بۆخۆیان !. ئەگەر ناوەکانیشتان بوێ ، ئەوە عەرزى ئەکەم ؟.

– جارى واهەیە ، تەقینەوەیەک لەبن دەستى ئەم کەناڵە ڕووئەدات ، بینەر دەبێت تەماشاى ( ئێن ئاڕتى و ڕووداو ) بکات ، نەک ئەم کەناڵە کە لەکەرکوکە .

– تا ئێستا ئەم تەلەفزیۆنە نەى توانیوە ، دەنگى کەرکوکیەکان بێت ، وتارێکى جدى هەبێت لەسەر پرسی ڕۆژنامەوانى و ڕۆشنبیریی لەکەرکوک ، وە ناشیەوێ ئەمە بکات !.

دووەم : بەڕێوەبەرى کەناڵەکە !.

عفریدو گوندە و ئیمپراتۆرە ، بۆهەموو شتێًک تەنها بۆ سەحافەو سیاسەت و ئیدارە ناشێت ، چۆن .؟.

– نەوتارێکى نوسیوە ، تائێستا ڕووداوێکى ڕۆژنامەوانى ڕووماڵ نەکردووە ، نەپێشتر ئەزمونى ئەم کارەى هەبووە . کەچى ئەم (نزارە) تائێستا نزیکەى (25) کارمەندى بەقسەى ناخۆش دەرکردووە ، وەک ئەو بوغراییەى کە لەناو یەکێتیدا تووشی هەندێک بووە ، دەرەنجامى لێ نەپرسینەوەو سزادانى خەڵکانى وەک ئەمانە ، سەیربکە ، باشترین ڕۆژنامەنوسی ئەوکەناڵە کە باوکى شەهیدى داستانى ڕزگارى کوردبووە ، لەلایەن ئەم بەڕێوەبەرەوە ، دەرکراوەو ، پێی وتراوە: تۆ زۆڵە کوردیت !.

– ئەم بەڕێوەبەرە ، ئەممەن بەڕێوەبەر ، دەبێت گڵاسێک ئاوى بۆ بخۆیتەوە ئینجا باسی بەڕیوەبەرێتى یەکانى بکەى ، بەڕێوەبەرى کەناڵى ئاسمانى کەرکوکە ، بەڕێوەبەرى چاپخانەى ئازاد هەورامیە ، کە پەڕۆیەک دراوە بەسەریا. بەڕێوەبەرى کەرکوک (fm) ە. جاروباریش بەڕێوەبەرى نوسینگەى کوردستانى نوێیە لەکەرکوک .

ئەمە حاڵى کەرکوکە ، بەدەست ئەم نمونە خراپانەوە ، هەرکەسێک هەستاوە پۆزى بەسەر خەڵکى هەژارو بەشمەینەتا لێداوە ، بەناوى کەرکوکەوە خۆى بردۆتە پێشەوە ، ئینجا ئەگەر خەڵکێک بەمانە نەوێرن و ماستاوچى بن ، یان بێ ئاگا لەکەرکوک ، ئەوە بزانن گۆڕەپانەکەتان بۆ چۆڵ نییەو ، سوژن لەچقڵى چاوتان دەچەقێت .. با ئەوەندە بەس بێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت