yekgrtw-1

بەهرۆز جەعفەر : یەکگرتوو چەند ملیارى تر ئەبا ! .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆربەى ئەو زانستانەى ، پەیوەستن بە مرۆڤایەتیەوە ، لەسەر ” گریمانە ” بیناکراون ، ستراتیژییەتیش یەکێکە لەو زانستە مرۆڤایەتیانەى کە پشت بە گریمانەکان دەبەستێت . وەک هونەرێکى سەرکردایەتى کردن و بەکارهێنانى کۆمەڵێک ئامرازى بەرنامە بۆ داڕێژراو ، لەپێناو گەیشتن بەئامانجێکى بەرز و ڕەوا. لەکاتێکى دیاریکراودا .

دیارە حزبى سیاسیش ، بەدەر نییە ، لەبەرنامەو ئامرازى گرنگ و کۆبونەوەى ژمارەیەک لەخەڵک لەدەورى ئایدۆلۆژیایەکى دیارى کراو ، بۆ بەدیهێنانى چەند ئامانجێکى بەرزو ڕەوا. ئەوەى ئێمە لەکوردستان دەیبینین ، دوو هێز یاخود دوو ئایدۆلۆژیاى دیاریکراوە ، یەکەمیان : شیوعیەکانن ، دووەمیان : ئیسلامییەکانن . هەرچى یەکێتى و پارتییە ، وەک دوکاندارێک لەگەڵ بابەتى ڕۆژدان ، بەبێ ستراتیژێکى نەتەوەیی ، یان باکگراوەندێکى ئایدۆلۆژیی . کە ڕەنگدانەوەى هەبێت لەژیانى سیاسیی و فۆڕم و ڕەفتاریاندا.

یەکگرتووى ئیسلامی ، بانگەشەى ئەوە دەکەن ، کە (98%) خەڵکى کوردستان ، موسڵمانن ، لەکاتێکدا بە (3) هێزى ئیسلامى (کۆمەڵ+ بزوتنەوە + یەکگرتوو) ناتوانن (20%) ى دەنگى خەڵکى کوردستان مسۆگەر بکەن !. لەوە دەچێت وەڵامى ئەمە پرسیارێکى تربێت ، ئایا یەکگرتوو بانگەوازى ئیسلامى دەکات ، یان بازرگانى و سیاسەت .؟. ئەوان ئیبن تەیمییە ڕام ئەکەن ، یان ماکیاڤیللى .؟. ئەم ستایلەى چەندساڵى ڕابردوو یەکگرتوو ( ئەو هێزەى دەیان هەزار دەنگ کەمى کردووە) پەیڕەوى لێدەکات ، بووەتە هێزێکى داماڵراو لە ڕۆح و خەیاڵ ، وە بارگاویی بە ماددەو پارەو پۆست و شەڕى دونیایی . هەمیشە لەبازنەى هەر ئاینێکدا سنورێک هەیە ، لەناو ئەو سنورەشدا تەنێکى لێوانلێو لە عیرفانیەت و لە سوفیزم و لە پەیوەندییە ڕۆحیەکان هەن ، ئەوان ناتوانن لە پەیامى ڕۆحى تێبگەن ، هەمیشە لەکێبرکێی مادیدان ، ماددە گەورەترین دوژمنى عەشق و ئازادیی و خەیاڵ و بابەتە فەنتازییەکانە ، تەسلیمبونى هێزێکى ئیسلامیی بە قوتابخانەى واقعیەت و هێزى واقیع و واقیعى هێز . سەدجار ترسناکترە لەو گەمە نالۆژیکیەى دەسەڵاتى سیاسیی لەهەرێمى کوردستان دەیکات ، چۆن ؟. دەپرسین یەکێتى و پارتى لەسەر پۆست و ژیانێکى دونیایی شەڕو ململانێ دەکەن ، ئەى یەکگرتوو کۆمەڵ بۆ ؟. واتە : شەڕى ئایدۆلۆژیی و مەزهەبى لە بەرگى دیموکراسیەت و مافەکانى مرۆڤدا بۆ پلەو پارە خەمهێنەرترە .!.

ئەگەر یەکگرتوى ئیسلامى ئەو فریادڕەسەیە بۆ پاڵپشتى کردنى شەقامى کوردى ، لەمەڕ دەرچونى لە زۆنگاوێک گەندەڵى و نالەبارى ژیان ، هەقە بزانین تاکوێ خزمەتى بە ڕەنگە جیاوازەکان و دەنگە ئازادەکان کردووە ، بەوپێ یەى ئەم هێزە ڕەگ و ڕیشەى لەناوخۆى کوردستاندا سەوز نەبووە و بەشێکە لەڕایەڵەى ئیخوانیزم لە تورکیاو میسرو قەتەرو سوریا ، ئەو شین و هاوارەى بۆ ڕووخانى مورسی کردیان بۆ بەجینۆساید ناساندنى ئەنفال و هەڵەبجە بیانکردایە ، ئێستا ئیسرائیل و نەتەوەیەکگرتوەکانیش بەفەرمى قەزیەکەیان ناساندبو ، ئەوان سەرکەوتنى خۆیان بەستووە بەسەرکەوتنى ئیسلامیەکانى دەرەوە و شکستى خۆشیان بەهەمان بابەتەوە بەستووە..!. مادام بۆ سەرکەوتنەکانى ئەوان شایی دەکەن ، دەبێت لە کەوتنەکەشیان شین بگێڕن .. ئەم وێنەیە یەکگرتووى وەک ئامراز لێکردووە ، بۆ خزمەتى ڕێکخستنێکى دینى نانەتەوەیی .

ئامرازى دووەمى یەکگرتوو ، بریتى یە لەقۆستنەوەى هەڵەو شکستى بەناو سیکۆلارەکانى کوردستان ، بۆنمونە : ئێمەى خەڵکى وە ئاگا بەیاننامەیان بۆ دەردەکەین و هێرش کردنە سەر بارەگاکانى یەکگرتوو ئیدانە دەکەین ، ئێمە مۆڵەتى خۆپیشاندانى (17) ى شوباتیان بۆ وەردەگرین ، مەنەسەى وتارخوێندەوەمان بۆ داناون ، ئەنجومەنى کاتی مان بۆ دروستکردوون ، ئەوان بێجگە لەوەى دوو جار بەجیا (4000000000) چوار ملیار دیناریان لەپارتى و بودجەو قووتى خەڵک وەرگرتووە ، ئەوەشی لێ دەرچێت کە لەمەڕ ئەوەى لە یادى (17) ى شوباتدا ، بۆئەوەى خۆپیشاندان نەکەن (تاڵەبانى) لە (2،5) دوو ملیۆن و نیو دۆلارى شووققەکانى سلێمانیان خۆشبوو ، بێجگە لەبودجەى حکومەت و خێرخوازییەکانى دەرەوەیان ، تەنها (1) جار ئێمەیان (3) ساڵ بەر لەئێستا ئێمەیان بانگکردبو ، بۆ کەناڵەکەیان (سپێدە) . دواى بەرنامەکە ستافى تەلەفزیۆن بڕیاریاندابو ، کەداواى لێبوردن لەخەڵکى کوردستان بکەن ، چونکە کارێکى هەڵەیان کردووە ، کەسێکیان بانگکردووە ، کە لە (17) شوبات پشتى نەگرتوون ؟. لەبەرئەوەى لەو لیژنەیە دەرچووم کە بڕیاربو خەڵکێکى زۆر بە کوشت بەین و دواتریش بەرهەمەکەى ئوان بیچننەوە.‍!. لەگەڵ ئەوەى ئێمە لەچەندین شوێنى تر باسی دیاردەى (17) ى شوبات مان کردووەو ، تەنها وەک مینبەرێک کەناڵەکانى دەسەڵاتمان بەکارهێناوە ، وە سەد جارى تریش ئەوە ڕووبداتەوە ، ئەوەشی وتومانە لێی پەشیمان نین و ڕاستیەکان دەرکەوتون بۆ خەڵکى کوردستان . بۆیە ئەوان هەرچیەکیان کردبێت ، ناتوانن بوغزو کینە لە دژى خەڵکى قوربانیدەرى ئەم وڵاتە دەربڕن .. ڕەنگە بتوانن مەسەلەى گەندەڵى و جەردەیی و بێ خاوەنى لەکوردستان دژى دەسەڵات بەکاربهێنن ، هەرگیز ناتوانن بێدەنگى و پەراوێزخستن وشکاندن دژى هەرکەسێک بەکارهێنن کە لەهیچ لایەنێکى سیاسیی ناچێت . ڕەنگە بتوانن گەوجاندنێک لەبەرامبەر خەڵکى عەوامدا بەکاربهێنن ، بەڵام کەسانى خوێنەوار بەوان فریو نادرێت ، بەوپێیەى لەگەرمەى ئیرحەلى خەڵک بەرامبەر دەسەڵات ، ئەوان بەسەردانێکى نێچیرەڤان بارزانى بێدەنگى لێدەکەن ، بەئێستاشەوە بێ قەیدوشەرت لەچوارچێوەى سیاسەت و پرۆژەکانى ئەردۆگاندان.!.

وەلێ . ئەو دەمەى خەڵکى کوردستان ڕاپەرینى کرد ، بەرپرسانى ئەم حزبە لەئۆردوگاکانى ئێران سەرقاڵى جیاکردنەوەى موعەلەباتى ئەسڵى و نائەسڵى بون ، ئەو دەمەى هاتنەوە ، سودیان لەداخراوى کۆمەڵگەى کوردى وەرگرت و نەزانى سیاسییەکانى کورد و ئاینى یان کردە ئامرازێک بۆ سەرخستنى خۆیان ، تا وەک پەیژەکەیەک پیایدا بچنە سەربانى گەورەو دواتر لەگەڵ دەستى خۆیان ڕاى بکێشن !. سەیربکە .. بۆچى هەموو بەیانیەک کە بەپێی یاساکانى ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆن کەمترین خەڵک تەمالشاى تیڤى دەکەن ، ئەوان ئایەتەکانى قورئان دەخوێننەوە ، بەڵام ئێوارەو شێوان بەدگمەن نەبێت ناوى خواو پێغەمبەر نابەن !.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت