Ata-Dana

دکتۆر دانا سەعید سۆفی وەڵامی عەتا قەرەداغی دەداتەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوێنێ وتارێکی کاک عەتا قەرەداغی ‘ مان بڵاوکردەوە بەناونیشانی  (  بەڵێ کاک دانای سەعید سۆفیش شتەکان وەکو پیشتر نابینێت )  ئەمڕۆ کاک دانا سەعید سۆفی لە بابەتێکدا بەناونیشانی ” کاک عەتا ، دڵنیابە شتەکان وەک خۆی دەبینم ! ” بۆ سەیاتەکەمانی ناردووە لەوەلامی  بابەتەکەی کاک عەتا . ئەمەی خوارەوە بابەتەکەیە .

کۆنگرە دوا دەرفەتی یەکێتیەکانە

کاک عەتا ، دڵنیابە شتەکان وەک خۆی دەبینم !

کاک عەتا قەرەداخی لە وتارێکدا بە ناونیشانی ” بەڵێ کاک دانای سەعید سۆفیش شتەکان وەک پيشتر نابینيت ” لە ماڵپەڕی وتاری کورد ، لە بەرواری ١٢/١٠/٢٠١٣ دا ، گومان دەکات کە من وەک جاران بیرناکەمەوە و تەسلیم بە ئیرادەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی بووین. گومان و لێکدانەوەکەی کاک عەتا لەسەر بنەمای هەواڵێکە لە لڤین پرێس لەژير ناوی “دانای سەعید سۆفی چی دەڵيت لەبارەی هيرۆ ئیبرایم ئەحمەد ” لە بەرواری ١١/١٠/٢٠١٣. کاک عەتا لێکدانەوەیەکی دوور بۆ ئەم قسەیەی من دەکا کە دەڵێم دەست لەکارکێشانەوەی هيرۆخان داننانە بە شکست و بەدەمەوەچوونی داواکاری لایەنگرانی یەکێتیە، هەروەها ئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسی پێویستە وەک ئەو بکەن . کاک عەتا پێیوایە کە من ئومێدم بەو مەکتەبی سیاسیە ماوە کە چاکسازی لەناو یەکێتی دا بکەن و پێدەچێ قسەکەی من وەک ستایش تێگەیشتبێ .

من سەرەتا سوپاسی کاک عەتا دەکەم کە هەست و نیگەرانی راستەقینەی خۆی دەربڕیوە ، هەروەها لە خەمی چاکسازی و لە خەمی هەڵوێستی هاوڕێیەکی خۆیدایە . بەڵام ئەگەر کاک عەتا موتابعێکی باشتری هەواڵەکان بوایە ، دووچاری ئەو نیگەرانی و گومانە نەدەبوو . جارێ بەر لە هەرشتێک ئەو هەواڵەی لڤین پرێس لە دیدارێکی من وەرگیراوە لە رۆژنامەی باس ، هەواڵەکەی لڤین لە کۆنتێکستی خۆی دا نیە ، چونکە من سەرەتا داوای دەست لەکارکێشانەوە و گۆڕینی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیم کردووە ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێویستە بەرپرسی ئۆڕگانەکانی یەکێتیش بگۆڕێن ، واتە دەبوایە بەرپرسی مەڵبەندەکانی دیکەش دەستیان لەکار کێشابایەوە ، چونکە شکستەکەی یەکێتی سەرتاسەری بوو و تەنیا لە سلێمانی نەبوو . بێجگە لە بەرپرسیارێتی رێکخستنەکان ، چونکە دەنگەکانی یەکێتی کەمتر بوون لە ژمارەی ئەندامەکانی خۆشی ، راگەیاندنی یەکێتیش لەوپەڕی خراپی دابوو ، ڕاگەیاندنی یەکێتی قەت هێندەی ئێستا ئاست نزم و دوور لە جەماوە نەبووە، بەهەرحال دەبێ بپرسین بەرپرسانی راگەیاندنی یەکێتی چەند بەرپرسیارن لە هەڵوەرینی جەماوەری یەکێتی .

کاک عەتا بۆیە بەهەڵە لێکدانەوەت بۆ ئەم قسەیەی من کردووە کە دەڵێم دەبێ ئەوانی تریش وەک هێرۆخان بکەن ، لێرەدا مەبەستی من دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسی ئۆرگانە جیاوازەکانی یەکێتیە . من ئێستاش پێموانیە کە چاکسازی و نوێبوونەوە بەو کەسانە بکرێ کە بەرپرسن لە شکستکەی یەکێتی ، چونکە ئەو مەکتەبی سیاسیە یەکێتی یان بەڕێوەبردووەو توانای خۆیان تاقی کردۆتەوە و مۆدیلە سەرنەکەوتووەکەی ئەوانمان بینی . کاک عەتا خۆت دەزانی من ئەهلی ستایشکردن نیم و راشکاوانە ، بێ شەرم و دوودڵی قسەی خۆم دەکەم ، نرخەکەشی هەر چی بێ. پێدەچێ کاک عەتا جیاوازی لەنێوانی بەرپرسیارێتی حیزبی و پلەی حیزبی نەکات ، بو نمونە دەکرێ لەناو یەکێتیدا پلەی بەرزی حیزبیت هەبێ ، وەک زۆر لە سەرکردایەتیەکان ، بەڵام بەرپرسیارێتیەکی حیزبیت نەبێ ، مەکتەبی سیاسی ئەگەر بەرپرسیارێتی لە ئۆرگانێکی حیزبی یان دەزگایەکی حکومی نەبێت ، ئەوا بەرپرسیارێتی و رۆلێکی روونی نابێت . بەهەرحال من نازانم نیەتی هیرۆخان چیە دوای دەست لەکارکێشانەوەی لە بەرپرسیارێتی مەڵبەندی سلێمانی ، کە گرنگترین مەڵبەندی یەکێتیە و لە زۆر لە ئۆرگانەکانی دیکەی بۆ یەکێتی گرنگترە ، بەڵام کرۆکی پرسەکە داننانە بە شکست و بەرپرسیارێتی لەرێگای دەست لەکارکێشانەوە ، بێگومان لێپرسینەوەش پێویستە بکرێ ، بەڵام ئەوە پرسێکی ترە و من لە دەیان دیدار و لێدواندا ، داوای دادگایەکی ناوخۆیی یەکێتیم کردووە بۆ سزادان و لێپرسینەوە لە وانەی ئومێدی یەکێتیەکانیان لەگۆڕنا ، بێگومان لەو مەکتەبی سیاسیەی کە بەرپرسیار بووە لە بەڕێوەبردنی یەکێتی و داڕشتنی سیاسەتە چەوتەکانی، لەو کەسانەی کە وەک کۆمپانیا لە یەکێتی دەڕوانن و بازرگانی بە ئیرادەی یەکێتیە راستەقینەکان دەکەن .

دواجار دەمەوێ بڵێم من ئومێدم بەوە نەماوە کە ئەم مەکتەبی سیاسیەی ئێستای یەکێتی بەخۆیاندا بچنەوە و خۆیان بگۆڕن ، دەکرا لە پلینیۆم ئیرادەیەکی چاکسازی و بەخۆداچوونەوە نیشان بدەن ، بەڵام بەداخەوە ئەو ئومێدەشیان لەگۆڕنا ، پلینیۆم هیچ پێوەرێکی پلینیۆمی تیا نەبوو و لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی نەدەگونجا، چونکە بەشداربووانی پلنیۆم بەپێی پەیڕەو نەبوو و کارنامەیەکی دیاریکراوی نەبوو، غەیری شەرعیەت دانەوە بە سەرکردایەتیەک کە دەبوایە خۆی هەڵوەشێنێتەوە دوای نەهامەتیە گەورەکە و لەدەستدانی متمانەی لایەنگرانی یەکێتی . ئەجێنداو ئاکامی پلینیۆمەکە سێ رۆژ پێشتر لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بڕیاری لێدرابوو، ئەمە لەبری ئەوەی لە پلنیۆم ئەدای ئەو سەرکردایەتیە و ئۆڕگانەکانی تری یەکێتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرایە ، ئەگەر پرسی گۆڕینی سەرکردایەتی ئاسان نەبوو. بەهەرحال تاکە ئومێدێک و دوا دەرفەت کە لەبەردەستی یەکێتیەکان مابێ کۆنگرەیە ، ئەگەر ئەندامانی یەکێتی بواری یەکسانیان هەبێ بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەو دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان دەستنەخەنە ناو کاروباری کۆنگرەوە ، ئەوا دەرفەتی پاککردنەوەی یەکێتی لە کۆمپانیاچی و بازرگانەکانی ناو یەکێتی دەبێ ، ئەگەر یەکێتیەکان شانسی گۆڕینی دەموچاوە کۆنەکانیان نەبێ ، ئەوا یەکێتی ناتوانێ هەڵسێتەوە . ئەوانەی یەکێتیان بەرەو هەڵدێر برد، ناتوانن یەکێتی راست بکەنەوە ، ئۆرگانەکانی یەکێتی لەسەر هەندێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی تاپۆکراوە ، پێویستە ئەو ئۆڕگانانە لەبەردەستیان رزگار بکرێن ، کۆنگرە دوا دەرفەتی یەکێتیەکانە .

کاک عەتا دوجار هیوادارم لە سیاقی خۆی هەڵوێست و تێڕوانینی من بخوێنیتەوە ، پڕۆژەی رەخنەیی من لە ناعەقلانیەتی دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانی هەر بەردەوامە ، شتەکانیش وەک خۆی و وەک پێشتر دەبینم .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت