Arif-Bawacani

عارف باوەجانی : چۆنیەتی دروستکردنی کابینەی هەشتەمی هەرێمی باشوری کوردستان و کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرەو دروستکردنی حکومەت لە پاش هەڵبژاردن: لە پاش ئاشکرابوونی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، هەر پارتێکی سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زۆرینەی خەڵکی بە دەستیهێنابوو، ئیدی ئەو پارتە وەک مافێکی یاسایی دەتوانێت هەوڵ بدات بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ لایەن یا لایەنەکانی دیکە لە پێناو دروستکردنی حکومەتێکی نوێ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆیدا. لە چوارچێوەی دارشتنی سیستەمێکی داێژراوی ٤ ساڵەی ئەو حکومەتە. دیارە بەو شێوە دەسەڵات و حکومەتانە دەگوترێت حکومەتی سەرکەوتوو.

حکومەتی هاوبەش چییەو چۆنە: لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی سەردەمی ئیستادا هەمیشە ٢ یا ٣ فراکسیۆن، وەک باڵی ڕاست و لیبراڵەکان، باڵی چەپ و سوسیالدیمۆکراتەکان، یا باڵی دیمۆکرات و ئاینییەکان و نێوەندەکان. کە هەرکامیان لە چەندین پارت و لایەن پێکهاتوون، بە نیشانەی رەنگێکی دیاریکراو کێبەرکێی هەڵبژاردنەکان دەکەن و لە ژێر ناوی دروستکرنی حکومەتی ئەو ڕەنگە یا ئەو باڵە. لە کاتی پێشاندانی ئاکامی هەڵبژاردنەکاینش لە سەر شاشەی تەلەفزۆێنەکان بە سیستەمی (دیاگرام) زیاتر ڕەنگەکان و دەرسەدی دەنگەکان پێشان دەدرێت، واتە ڕەنگی سوور، شین ، سەوز یا پرتەقاڵی . لە باتی ئەوەی ناوی ئەو هەموو حیزبە لە سەر شاشەکە بنووسرێت .

پێش هەڵبژاردن هەر کام لەو باڵ یا فراکسێۆنانە ڕێکدەکەون لە سەر ئەوەی هەرکام لەو باڵانە دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنا پێکەوە حکومەت دروستبکەن. واتە بۆ نموونە ئەگەر باڵی ڕاستەکان کە بریتی دەبن لە چەند حیزب سەرکەوتنیان بە دەستهێنا، سەرەڕای ئەوەی کە لە کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا هەر کام لەو حیزبانە بە جیا پروپاگەندە بۆ خۆیان دەکەن، بەڵام لە کۆتایی هەڵبژاردنەکەدا هەر کام لەو فراکسیۆنانە یان حیزبانە کە دەنگی زۆرینەی خەلکی وڵاتەکەیان بە دەستهێنا، ئیتر پێکەوە دیالۆگ دەکەن لە سەر دروستکردنی حکومەت. ئەگەر بۆ نموونە ئەو باڵە کە پێکهاتبێت لە ٥ حیزب، ٢ لەو حیزبانە دەنگەکانیشیان زۆر دابەزیبێت، بەڵام ئەو ٣ دانەکەی دیکە دەنگیان زیادیکردبێت کە سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە، پشت لە هاوبەشەکەیان واتە ٢ لایەنی دۆراو ناکەن، بەڵکو دێن بە گوێرەی قەوارەی کورسیەکانیان لە حکومەتە هاوبەشەکە وەزارەتیان پێدەدەن و پێکەوە لە سەر ئەو سیستەمەی وەک باڵ یا فراکسیۆن کە هەموویان باوەریان پێیەتی ئەو ٤ ساڵە حکومەتی هاوبەش بەرێوە دەبەن .

هەروەک نوێترین هەڵبژاردنەکانی ٣ وڵاتی ئوروپایی وەک نۆروێژ، ئەڵمان و ئوتریش، کە چەند حەفتە لە بەر یان لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە رێوە چوون، کە لە هەمان شەو واتە چەند کاتژمێر دوای دەنگدانەکان ڕوونبۆوە کام باڵی هاوبەشی حیزبەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە. هەر ئەو ئێوارەش خەڵکەکانیان زانیان کە تا ٤ ساڵی دیکە حکومەتەکەیان بە دەست چ باڵ و لایەنێکەوە دەبێت. لەوانەیە خۆێنەرانی هێژای ئەم بابەتە ئاماژە بەوە بکەن کە نابێت کوردستان و ئوروپا پێکەوە بەراورد بکەین. منیش دەڵێم لە بواری دیمۆکراتی و تێگەیشتنی تەواو لە سەر دیمۆکراتی لە نێۆ کۆمەڵگای ئێمەدا کاتی زیاتری پێویستە، بەڵام من هەمیشە لە سەر ئەو باوەرە بووم و دەبم کە ڕۆژانە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشکەوتنی باش هەنگاو دەبێت و بەردەوامیش لە پێشکەوتندایە. ئەمەش دوورنییە کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سالی ٢٠١٧ باڵە بەشدارەکان ئەوانەی لە یەکتر نزیکن فراکسێۆنی پێشوەخت دروستبکەن، بەو هیوایەش ئاکامی هەڵبژاردنەکانیش بۆ ١٠ رۆژ دوانەخرێت و هەر هەمان شەو ئاکامەکەی دەرکەوێت .

‌هەڵبژاردنی ٢١ / ٩ / ٢٠١٣ ی هەرێمی کوردستان .

هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان، وێرای ئەوەی زۆر باشتر لە جاران بە ڕێوە چوو، چاودێرێکی زۆری جیهانی تێیدا بەشداریانکرد و زۆربەی میدیا و ڕاگەیاندنە ناسراوەکانی جیهان بە گرنگەوە باسیان لێوەکرد، هەروەک باس لە هەڵبژاردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەڵیاندەسەنگاند، نەک وەک هەرێمێکی سەر بە حکومەتی ئیراق، دیارە ئەمەو زۆر هۆکاری دیکە کاریگەری زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنا وکارێکیان کرد کە هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمی کوردستانیان زۆر جیاوازتر کرد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێشوو.

ئەمە وێڕای ئەوەی هەر ئەم هەڵبژاردنە جیاوازیەکی دیکەشی هەبوو لەگەڵ زۆربەی هەڵبژاردنەکان کە لە وڵاتە جۆربەجۆرەکانی دونیای پێشکەوتوودا دەکرێت. چوون ئەگەر بڕوانین دەبینین کە پێشوەخت هیچ گروپ و فراکسیۆنێک وەک باڵی دیاریکراوی چەپ، راست، یا ئاینی بۆ حکومەتی پاش هەڵبژاردنەکانی کوردستان دیارینەکرابوو، کە بتوانن دەنگەکانیان لە کۆتایی هەڵبژاردن بە هاوبەش جیاکرێنەوە و براوی حکومەتی ٤ ساڵەکە بن .

ئەگەر باس لە ١١١ کورسی بۆ هەرێمی باشوری کوردستان دەکرێت، دەبوایە لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بۆ خەڵک و وڵاتانی چاودێر ڕوونبایەوە کە فڵان باڵی ناوبراو توانیوێتی بە هاوبەشی ٥٦ لە کورسیەکانی پەرلەمانی نوێی بە دەستهێناوە. ئیدی ئەوکاتە ڕوندەبۆوە کە حکومەت بە دەست ئەو باڵەوە دەبێت. کە چی تا ئیستاش هەموو لایەنەکان بۆیان ڕووننەبۆتەوە لەگەڵ کام لایەن لە حکومەتدا بەشداریدەکەن، یا چ مەرجێکیان هەیە بۆ بەشداریکردنیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا.

لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە دەبوو ئەو جۆرە ڕێکەوتن و مەرجدارییە پێش لە هەڵبژاردن ئاماژەی پێبکرایەو چەند لایەنێکی نزیک لە یەکتر کابینەی هەشتەمی کوردستانیان پێکهێنابایە. هەروەک ئیستا دەیبینین و لە رۆژنامە و ڕاگەیەنە نێوخۆیی و دەرەکیەکان و لە زمان چاودێرانی سیاسی جیهانیەوە دەبیسرێت کە دروستکردنی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم برێک دژار دەبێت و کاتێکی زۆر دەبات تا چەند لایەنێک پێکەوە ڕێکدەکەون، چونکە ئەم جۆرە ڕێکەوتنانە کاری یەک حەفتەو یەک مانگ نین، بەڵکوو خوێندنەوە و لێوردبوونەوەی زۆری گەرەکە لە هەموو بوارە جیاوازەکانی حوکمداری و بەڕیوەبەری وڵاتدا .

هەروەک ئاگادارین لە ماوەی ڕابردودا باسێکی زۆر لەمەڕ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووکرا، هەر کەس و لایەنێک بە گۆترە بۆ خۆی بەرنامەیەک دەداتە دەرەوە کە زیاتر لە سیناریۆگەلێک دەچن کە هیچکامیان لە سەر ئەساسی هاوبیری و هاوسیستەمی نییە! بگرە لە سەر ئەساسی ڕێکەوتنی ئەو لایەنانەیە لە سەر پێدانی وەزارەتی باشتر یان بەرپرسیارێتی بەرزتر لە ناو پەرلەمان و دامودەزگا دەوڵەتیەکان، کە بێگومان ئەم جۆرە دەسەڵاتدارییە سەرکەوتنێکی باش بەدوای خۆیدا ناهێنێت .

حکومەتی هاوبەش ( شەراکەت ) لە هێندێک لەو سیناریۆیانە باس لەحکومەتی هاوبەشی هەموو لایەنەکان دەکرێت؛ واتە لایەنی دەسەڵاتی پێشوو هاوڕی لەگەڵ ئوپوزوسیون و تەنانەت لایەنە ئیسلامیەکانیش هەموو پێکەوە لە حکومەت بەشداری بکەن و هەر لایەنێک بە گوێرەی کورسیەکانی لە حکومەتدا دەسەڵاتی پێبدریت. دروستکردنی حکومەتێکی بەو شێوە بۆ ڕازیکردنی هەموو لایەنێک بە بۆچوونی من سەرکەوتوو نابێت. لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو دیموکراتیکدا نەبووە کە حکومەتێک هەبێت گشت لایەنە جۆر بەجۆر و ئایدولۆژی وجیا ڕێبازەکانی تێدا بەشدار بوبێت. چونکە ئەو باڵ وفراکسیۆنانەی کە لە سەرەوە باسکران کە پێشوەخت پێکەوە دادەنیشن و خۆیان بۆ ئەگەری پێکهێنانی حکومەتی تازە ئامادە دەکەن، دەبێ ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ ئەگەری گرتنە دەستی دەسەڵات، جا چ جۆرە بەرنامەو پرۆژەیەکیان دەبێت بۆ ئەو ٤ ساڵەی حکومداریان و چ جۆرە حکومەتێک بەرێوە دەبەن ئەوە بەستراوەتەوە بە بەرنامە و پرۆژەی لەپێشدا داڕێژراوی ئەم لایەنە سیاسیانە .

چارەسەر بۆ حکومەتێکی سەرکەوتوو لە کابینەی هەشتەمەوە :

بەبۆچوونی من باشترین چارەسەر بۆ حکومەتێکی سەرکەوتوو بۆ کابینەی هەشتەم ئەوەیە کە مادام پێشوەخت ئامادەکاری و ئاسانکاری بۆ ئاکامەکانی پاش هەڵبژ اردن نەکراوە، دەبێ لایەنی براوەی یەکەم کە پارتی دیمۆکراتی کوردستانە هەوڵبدات لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە شێوەی حکومداری و پێکەوەکارکردن خۆیان بە نزیکتر دەزانن بیر لە دروستکردنی حکومەتێکی نۆێ بکەنەوە. نەک ئەوەی کە رۆژانە باس لە دروستکردنی حکومەتێکی هەمە ڕەنگ دەکرێت. باسکردنی حکومەتێکی هاوبەش تەنیا بە ناوەکەی خۆشەو دڵخۆشکەرە، ئەگەر نا ئەزموون و ناکۆکیەکانی ناو پەرلەمانی دەورەی پێشوو پێماندەڵێت کە کردار و ناوەرۆکی ئەم حکومەتە نوێیە ئەگەر هاوبەش بێت لە نێوان دەسەڵات و ئوپوزوسیون سەرکەوتوو نابێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بۆ پێشکەوتنی کارەکانی حکومەت هاوکاری یەکتری ناکەن و کۆسپ بۆ کاروباری وەزارەتەکانی یەکتری دروستدەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆکاری پەککەوتنی کاروباری ژیانی رۆژانەی خەلک و دروستبوونی بێزاری خەڵک لەو کابینە نۆییەدا. یا لە هەر ئەگەرێکی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو حیزبانەی ناو حکومەت بەرامبەر بە یەکتر، کۆڵەکەی دەسەڵاتی حکومەت بەرەو لاوازی دەبات، هەروەک حکومەتەکەی مالکی لە بە‌غدا کە لەهەموو لایەنێکی تێدا بەشدارە وبە حکومەتێکی سەرکەوتوو نابێت  .

من لەو باوەڕە دام ئەو لایەنانەش کە خۆیان بە ئوپوزوسیون دەزانن، یا لەگەڵ ئەو جۆرە سیاسەتەدانین کە بناغەی ئەم کابینە نوێیەی پێدروستدەکرێت، دەتوانن لە پەرلەمان یەکگرتووبن و خاوەنی پرۆژەی چاودێری حکومەت بن و بۆچوون و ڕەخنەکانیان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئاراستەی حکومەت بکەن، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بە یەکگرتوویی لایەنی ئوپوزوسیون ئامادەبکەن. هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی وڵاتانی جیهانیدا لایەنە هاوبەشەکان کێبەرکێی هەڵبژاردنیان کرد و لایەنە ئوپوزوسیونەکان چوون یەکگرتوو یەک بەرنامەبوون توانیان دەنگی زۆرینە بە دەستبێنن .

erwic parti

نموونەی حکومەتە نۆێکەی وڵاتی نۆروێژ .

لە ڕێکەوتی ١٢ / ٩ / ٢٠١٣ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتە بەڕێوەچوو ، کە تێیدا چەندین حیزب بەسەر باڵی چەپ و باڵی ڕاستدا دابەشبوون ، بە ڕەنگەکانی شین و سوور ئاکامی هەڵبژاردنەکان پێشاندرا ، کە باڵی شین واتە باڵی ڕاستەکان کە پێکهاتبوون لە پارتی ڕاست ، پارتی پێشکەوتنخواز ، پارتی لیبراڵ و پارتی گەلی مەسیحی ، لە کۆی ١٦٩ کورسی، توانیان٩٧ کورسی پەرلەمان بە دەستبێنن . لە کاتی دروستکردنی حکومەتی نوێدا هەردوو پارتی گەلی مەسیحی و پارتی لیبراڵ لەسەر ئەو شێوە حکومەتە ڕازی نەبوون کە باسی لێوە دەکرا، بۆیە بریاریاندا لە حکومەتەکە لەگەڵیان بەشداری نەکەن ، بەڵام نەچوونە پاڵ باڵی چەپەکانیش و بڕیاریاندا هەر لە پەرلەمان لەگەڵیان بمێننەوە . ئیدی حکومەت بە تەنیا لە نێوان پارتی ڕاست وپارتی پێشکەوتنخواز پێکهات کەبە سەرۆکوەزیر و گشت وەزارەتەکان لە ١٨ کەس پێکهاتووە، لەو ١٨ کەسە ٩ کەسیان ژنەو ٩ کەسیان پیاوە، کە ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێک لەو ٩ ژنە سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتەیە. بەو هیوایە کە حکومەتە نۆێکەی هەرێمی کوردستان لانیکەم ٣٠ % وەزیرەکانی ژن بێت، بەم کردەوەش پێشکەوتنێکی دیکەی ئەو بەشەی کوردستان پێشانی دونیای دەرەوە دەدات و دەبێتە وڵاتێکی نموونەی رۆژهەڵاتی ناڤین .

مەبەست لێرەدا ئەوەیە لە کاتێکدا کە ٢ حیزب لە باڵی ڕاستەکان ئامادە نەبوون لەو حکومەتە بەشداری بکەن، لایەنی براوەی باڵی ڕاست نەهات داوای حکومەتی هاوبەش لە گەڵ چەپەکان بکات، لە حاڵێکدا نموونەی پارتی کاری نۆروێژ کە گەورەترین پارتی نۆروێژی و گەورەترین لایەنی چەپەکانیشە و ئیستاش کە لایەنی دۆراوی هەڵبژاردنەکانە تاکلایەنە ٥٥ کورسیان وەدەستهێناوە کە گەورەترین حیزبی فرە کورسی‌یە لە ئێستادا. هەروەک گوتم ئەوان چونکە پێشتر لەگەڵ لایەنە چەپەکان بە ڕێکەوتن هاتوونەتە هەڵبژاردن؛ ئەو ٥٥ کورسی‌یەی خۆیان بەکار ناهێنن بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەیان، چونکە هاوپەیمانەکانی دۆراون و ئەوانیش لێرەدا خۆیان بە دۆراو دەزانن. ئەگەر ئەولایەنەی باڵی راست لەگەڵ پارتی کاری نۆروێژ حکومەتی هاوبەشیان پێکبهێنایە؛ ئەوە ١٣٣ کورسی پەرلەمانیان دەبوو، بەڵام پارتی ڕاستەکان کە ٢ هاوپەیمانیشیان لەگەڵ نەبوون بیریان لە حکومەتی هاوبەش لەگەڵ چەپەکان نەکردەوە، چونکە ئەوان بۆخۆیان پێشتر ئامادەکاری ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر زۆرینەی دەنگەکان وەدەست بێنن حکومەتێکی تایبەت بە هزری خۆیان پێکەوە بنێن .

بە هیوای حکومەتێکی نۆی دڵخۆشکەر، ئازادی و ئاوەدانی بۆ کوردستان .

 تێبینی / نوسەر سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان ” ـە .

١٨ / ١٠ / ٢٠١٣ ئۆسڵۆ

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت