puk

محەمەد ئەحمەد : چەندخاڵێک سەبارەت بە چاکسازیەکەی یەکێتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا و پێش هەموو شتێک بە پەندێکی کورتی کوردی دەست پێدەکەم کە دەڵێت ” قسەی حەق ، رەقە ” .

ئێستا سەتەی بیست و یەکە و سەتەی حوکمکردن لەلایەن چەند کەسێکی دیاریکراوەوە بەسەر چوو و ئێستا خەڵک خۆی حزب دادەنێت و حکومەت دروست دەکات  . ئەویش بەهۆی خەباتی نوێی دیموکراسی  ” دەنگدان ” ـەوە ، بۆیە خەڵک ئەتوانێت حزبێک بکاتە یەکەمی وڵات یان حزبێک والێبکات لە سەریی سەرەوە دایگریتە خوارەوە و وابزانم هەموومان ئەو کارەمان بەچاوی خۆمان بینی .

لەبەر ئەوەی باسەکەمان تایبەتە بە حزبی ” ی . ن . ک”ـ ەوە ، پێم خۆشە وەک کەسێکی بێلایەن چەند خاڵێک بخەمە روو و ئاراستەی کاربەدەستانی یەکێتی بکەم ، بۆئەوەی وەکو حزبێک دووبارە جێی متمانە و زوۆرترین خەڵک بێت و پێگە جەماوەرێکەی بگەرێنێتەوە و سەرجەم حزب و لایەنەکانی دیکەیش سود لەم خاڵانە وەردەگرن .

گوێنەگرتن لە خەڵک

گوێنەگرتن لە خەڵک ، گرنگترین هۆیە بۆ لەدەستدانی متمانەی خەڵکی و وا دەکات جەماوەر جارێکی تر بە هیچ شێوەیەک لایەنگرت نەبێت و بەڵکو بگرە دژیشت دەوەستێتەوە ، بۆ نمونە ، من پیرە پیاوێک دەناسم بەناوی “حاجی کەرەم ” کە پرسیم لێی بۆ دەنگت بە ” یەکێتی ” نەداوە ووتی : من ساڵانێکی زۆر لە شاخ و شار پێشمەرگە بووم و زیندانی سیاسی بووم ، کە پیربووم و پەکم کەوت ئێستا تەنها خاوەنی موچەیەکی ” 35 ” هەزاریم ، تەنانەت تاکیدیشی لێم کرد وتی 35 هەزار و بەس نەک زیاتر تێ بگەیت ، ئەو پیرە پیاوە وتیشی کە پێشنیاری چاکسازیم کرد کەس گوێی بۆم نەدەگرت لە ناو ریزەکانی یەکێتیدا و بۆیە دەنگم پێیان نەدا وەکو سزایەک .

ناوچە و ناوچە گەرایەتی

کەسێکی دانیشتووی قەزای ” کەلار” ووتی : من لە دایکبووی قەزای “خورماتوو ” م  ، راستە ئێستا لە کەلارم و مافی بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانم هەیە ، بەڵام لەبەر ئەوەی ” یەکێتی” خورماتووی بەتەواوەتی پێشێل کردوە هەرگیز دەنگی پێنادەم ، لەبەر ئەوەی فەرقی “خورماتوو و خانەقین ” چییە وا خانەقین مامەڵەی یەکێک لە شارەکانی کوردستانی بۆ دەکریت و خورماتووی بەعەرەبستان دەدرێت لە قەڵەم و رۆژانە بەدەم تەقینەوە و بی خزمەتگوزارییەوە خەڵکەکەی دەناڵێنێت .

بە پشتگویخستنی گەرمیان ، وایکرد دەنگەکانی یەکێتی بدرێن بە گۆران

گەرمیان ، لانکەی شێرە قارەمانەکانی وڵات و خاوەنی زۆرترین قوربانی و خاوەنی چەندین سەرکردەی وەک ” مامە ریشە و حەمە دووزی و خالد گەرمیانی و شەهید مەجید ” و زۆری تر ، گەرمیان لەسەردەمی شاخدا کەڵە پێشمەرگەی قارەمانی هەبوو و بەڵام لەسەردەمی خەبات و قەڵەمدا ” سوبحانە الله ” بۆخۆی هەموو ئەندام مەکتەبی سیاسی و کاربەدەستەکانی حزب و حکومەت گەرمیانییان تێدا نەبوو، بۆیە بەڕای من ئەمجارە گەرمیانیەکان تۆڵەی خۆیان کردوە و بە رێژەیەکی زۆر زۆرتر دەنگەکانی یەکێتی لەو ناوچەیە کەمی کرد و دەنگ درا بە گەرمیانێکانی نێو بزوتنەوە گۆران ، بۆیە هەر لێرەشەوە ئەمە خۆی بۆخۆی پەیامێکی گەرمیانێکانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان کە ئەوان پێشێل نەکەن لە بەدەستهێنانی مەنێبی حزبی و حکومی لە داهاتودا .

نەگۆرینی دەموچاوەکان وەرگرتنی زیاد لە پۆستێک لەلایەن کەسێکەوە

ئەم دووخاڵە پێکەوە هەرەسی بە خەڵک هێناوە و بەڕاستی شتیکی ماقول نییە کەسێک بەرپرس بێت و ئیتر هەتا ماوە هەر بە بەرپرسی بمێنێتەوە و رێگە بە گەنجە دڵ گەرمەکان و نەوەی نوێ نەدرێت بە وەرگرتنی پۆست و مومارەسەکردنی سیاسەت ، لەلایەکی تریشەوە کەسی وا هەیە جگەلەوەی چەندین ساڵە هەر بەرپرسە لە هەمان کاتدا چەندین پۆستی حکومی و حزبی هەیە بە کورتی یانی خۆی ” فیلی ساحەیە” ئێ بەخوا ئەمەیش وا دەکات خەڵک دەنگ بەو لایەنە نەدات و تا هەرچی پۆست و پلەو پایە هەیە لێیان بسەنریتەوە .

راستنەگۆیی و سەرقاڵبوون بە بازرگانییەوە

راستی و راستگۆیی هۆکارێکی یەکجار بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک ، بۆیە هەمیشە خەڵک گوێ لەلایەنەکان دەگرن و ئێستا جیاواز لە جاران خەڵک چیتر بە قسەی بریقەدار ناخەڵەتێ و هەرکەسە بۆخۆی ئازادە سەر بە چ لایەنێک دەبێت ، سەرەتا پێش پێدانی نمونە ئەمەوێت ئەوە بڵێم زۆربەی لایەنە سیاسێکان خەڵک چەواشە دەکەن ئەگەر چ دەسەڵاتدار یان ئۆپزسیۆن ، لەبەر ئەوەی ئێمە باسی چاکسازی یەکێتی ئەکەین ، ئەمەوێت نمونەیەکی زۆر سادە و روون بۆ ئێوە بهێنمەوە ، مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی ئەو ماوەی 10 مانگ زیاترە خەڵک هیچ هەواڵێکی نازانێت و جگەلەوە نەبێت ماوەی جارێک کەسێک دەردەکەوێت و ئەڵێت مام بارودۆخی باشترە و بەمزوانە دەردەکەوێت ، و تاوەکو ئیستایش هیچمان نەبینی ، ئەم قسەیەش خەڵکانێکی زۆری توڕە کردوە چونکە بەبڕوای ئەوان ئەم قسەیانە دوورە لە راستییەوە و ئەبوایە کەسانی سیاسی و دیاری کوردستان سەردانیانی بکردایە ، بۆیە بەڕای ئەوان مام جەلال کۆچی دوایی کردوە ، ئەمە جگەلەوەی چەند ئەندام سەرکردایەتیەکی حزبی ناوبراو دەڵێت  : ئێمە 10 مانگە هەواڵی مام جەلال نازانین “، ئەمەی ووتم نمونەیەکی زۆر بچوک و سادە بوو و دەیان و سەدان نمونەی تر هەیە کە خەڵکانی زۆر کەم دەیزانن و باس نەکراوە .

بازرگانی ، کارێکی رەوایە و هەموو کەسێک مافی مومارەسە کردنی ئەو پیشەیی هەیە ، جا ئەگەر کەسێکی ئاسایی بێت یان سیاسی ، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ، تێکەڵ کردنی سیاسەت و بازرگانی ، یاخود پشتگوێخستنی بەرپرسیایەتیە سیاسیەکەی خۆت و سەرقاڵبوون بە بازرگانییەوە ، وابزانم ئەم خاڵە روون و ئاشکرایە بۆئێوە ، چونکە جاران خەڵک دەبوو بە بازرگان تا ببێتە سیاسەتمەدار، بەڵام ئێستا خەڵک دەبێتە سیاسەتمەدا بۆئەوەی ببێتە بازرگان .

قۆرغکردنی دەسەڵات

سوبحانە الله لەم وڵاتەی خۆماندا ئەگەر کەسێک بووە بەبەرپس ، ئیتر حەزدەکات هەموو خێزانەکەی و دەوروبەرەکەی وەک خۆی بکاتە ناو حکومەت و حزبایەتییەوە و لە پردا بە خێزانی دەبنە بەرپرس و کاری حکومی و حزبی بەڕێوە دەبەن ، وابزانم ئەم دیاردەیە لای هەموان روونە و بووەتە هۆی بیزارکردنی هەموان ، بەداخیشەوە ئەم دیاردەیە لە زۆرینەی حزبەکانی کوردستان بەدی دەکریت و هیوادارم خەڵک زیاتر هۆشیار بێـەوە بۆ بنبڕکردنی ئەوکارە قێزەونەی دژ بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .

ئەمە چەند خاڵێکی کەمی ئەو کەم و کوڕیانەیە کە بەڕاستی جگەلە ” ی . ن . ک ” لە زۆربەی حزبەکانی دیکەیش بەدی دەکرین و هیوادارم بەخۆیاندا بچنەوە تا متمانەی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەدەست بێنن و کوردستانە خۆشەویستەکەمان بەرەو پێشەوە ببەن .

– خورماتوو

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت