Ako-Ibrahim

ئاکۆ برایم : بێ پلانى و خەمساردى رێگاوبان و هاتوچۆ بەچى دەگات ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەوان کە ئەخەوم دوعا ئەکەم رۆژ نەبێتە ،یان کە رۆژ بوەوە پشوو بێت و دەوام نەبێت ، نەک لەبەر ئەوەى تەمبەڵم و تاقەتى دەوام و دائیرەم نیە ؟ نەخێر لەوەیانا باشم و کێشەم نیە ، بەڵکو کێشەى من و تۆ و هەمومان ، قەرەباڵغى و ئاستەنگى رێگا و بان و هاتوچۆیە ، بەجۆرێک کە کاریگەرى کردۆتە سەر دەرون و ناخمان ، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەى کە شوفێرى دەکەن و ئوتومبیل لێدەخوڕن . ئەو بێ سەروبەرى و ئیزدیحام و ئاستەنگیە ، هەموومان نارەحەت و توڕەو بێ تاقەت دەکات ، بەجۆرێک کاتێکیش دەگەینە ناو فەرمانگە و دەوام ، هێشتا هەر کەللەمان گەرمەو ژاوە ژاو ، تەقەڵ و دەست شکاندنەوە و موخالەفە وهۆڕین و چاوەڕوانى ، هەر لە مێشکماندا پەنگ دەخواتەوە، زۆر جار ئەو توڕەیى وپەستى و رقە پەنگ خواردوەمان ، بەسەر هاوڵاتى و موراجیعێکى قوڕبەسەردا خاڵى ئەکەینەوە. باشە بۆچى دەبێت وابێت، ؟  بۆ دەبێت تا ئێستا پلان وبەرنامە رێژى شیاو گونجاومان نەبێت ؟ بۆ لایەنى بەرپرس ، بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆ و ، رێگاو بان بیرێک لەم دۆخە ناخۆش و تاڵە ناکەنەوە ؟ تۆ تەماشا شار هەمووى بووە بەترومبێل ، ژمارەى ترومبێلى تایبەت گەیشتۆتە نزیکەى 200 هەزار ، تەکسى و پاس و لۆرى وبارهەڵگرەکانیش ئەکەر دوو هێندە نەبن ، هێندەى ئەوان دەبن ، بەداخەوە لەبرى ئەوەى بیرێک لەو بەلێشاو هاتنەى ئوتومبیل بکەنەوە ، سنورێکى بۆ دانێن ، لەجاران زیاتربووە ، دەى بەخوا خوا هەڵناگرێت و هیچ دینێک ئەوە قبوڵ ناکات ، تۆ جادە و بانەکانت هى سەردەمى شەستەکان بێت ، کە ژمارەى  ئوتومبیل چەند سەد دانەیەک بوو، ئێستاش بەبێ گۆڕانکارى وفراوانکردنى رێگاوبان لەسەر هەمان تاس و حەمام بڕۆیت .

ماوەیەک دەنگۆى ئەوە هەبوو کە کۆمەڵێک جادەوبان فراوان دەکرێن و چەندین رێگەى گەورەو پان و پۆڕ و ، پرد و بەرزە پرد و شەقامى سەد مەترى دروست دەکرێت ، بەڵام ئەمیش وەکو زۆر وەعد وبەڵێنى دیکە ، هەر قسەو هەواڵى ناو رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکان بوو ، نەکەوتە بوارى  جێبەجێ کردنەوە . ئەوەشى کە کراوە بنیاد نراوە هیچ کاریگەرى نەکردۆتە سەر سیستەمى هاتوچۆ و کەمکردنەوەى فشار و ئیزدیحامى رێگەوبان لەبەرئەوەى رۆژانە ژمارەى ئوتومبیل زیاددەبن و هاتنى گەشتیار و خەڵکانیش بۆ هەرێم رۆژانە زیاد دەکات .

بەنمونە پردى چوار ریانى سەرچنار بەیانیان ببینین بزانن چۆنە وەک چەند ساڵ لەمەوپێشى  لێهاتۆتەوە،یان فولکەى باخى بەختیارى و گرتنى رێگەى قلیاسان ، و کردنەوەى رێگەى ژێرپردەکەى قلیاسان ، وەکو خۆیەتى و هیچ نەگۆڕاوە ، من تێناگەم و بۆچى و حیکمەتى ئەو تاسەیەى لەپێش فولکەکەیە بۆچیە ؟ جگەلەدروستکردنى قەرەباڵغى و ئیزدحام ؟ گەر دەڵێن بۆ پەڕینەوەیە ، ئەوا بە دروستکردنى پردێکى پەڕینەوە کێشەو پەنگخواردنى ئوتومبیل کۆتایى دێت .

من دڵنیام کە تا چەندین ساڵى دیکەش هەمان بەزم و گرفت میوانمانە و خەم لێخواردنى ئەستەمە ، خوا بکات خراپتر نەبێت بەمەیان شوکورین ، چونکە هیچ ئومێدێکم نیە لەباش بوونى ، لەبەر ئەوەى کارى جدى و پراکتیکى بۆ ناکرێت ، نەک بڵێیت مەبەستم ئەوەبێت کە بێ چارەسەرە گەیشتۆتە بن بەست ، نەخێر چارە زۆر ئاسانەو لەماوەیەکى  زۆر کورتدا دەتوانرێت کێشەى لەوەش گەورەتر کۆنتڕۆڵ بکرێت .  

  بۆ ئەوەش وەکو بۆچون وسەرنجى خۆم لەسەر ئەو کێشەیە ،هیوادارم کە تاکو ئەو کێشەیە بەیەگجارى بنبڕ دەکرێت ،ئەم رێو شوێنانە بگرنە بەر،کەدڵنیام لەسەدا حەفتا بۆ سەرى ئەو کێشانە بەرەو کەمبون دەچن ئەوانیش

1- لەهیچ وڵاتێکى دونیا لەسەر هێلێ دەرەوە (خەتى خاریجى) کەسەریع و رۆیشتن لەسەرو 80کم/کاتژمێرێکە ، دانانى تاسە وبەربەست دروست نیە ونابێت ، وەکو ئەوانە لەسەرێگەى راپەڕین دروستیان کردوە ، هەربەو هۆیەشەوە بوو پار ساڵ ،  شوفێرێک لەوشوێنە خۆى وترومبێلەکەى سوتان . باشترە لەبرى ئەوانە پردى پەڕینەوە یان تونیڵ دروست بکرێت .

2- گەردیقەت بدەن بەیانیان ژمارەى لۆرى و تەنکەر وبارهەڵگر ئەوەندەى ژمارەى ئوتومبیلى بچوکن ، بەوەشەوە ناوەستن لاى دەستى چەپ ولایەکى رێگاکە بگرن و نەبنە بەربەست وئاستەنگ بۆ ئێمە و،رێگاکانى دیکە بەرەڵا بکەن ، نەخێر هەر یەکەو  بەئاراستەیەک دەروات ، ئەو جادەیەى کە جێگەى چوار بۆ پێنج ئومومبیل دەبێتەوە تەنها یەک شوێن ئەمێنێتەوە بۆ ئێمەو مانان ،  زۆر ئاسایە کە بەبڕیارێک لە کاتژمێر7:30تا کاتژمێر8:30 جموجوڵ و هاتنە ناوەوەى  ئەو بارهەڵگرو،تانکەرانە رابگرن .

3- زۆرجار رویداوە وەک ئێستاش لەگەرمەى دەوام و رۆژانى ئاسایدا ، تیمەکانى هاتۆچۆ یان رێگاوبان ، خەریکى چاککردن و باشترکردنى رێگەو شەقامەکانن ، پێم سەیرە بۆ دەبێت تەنها و تەنها لەکاتى دەوامى فەرمى ، یان رۆژدا بێت ، ئەو کارانە بۆ ناخرێتە کاتێکى دیکە ، رۆژانى جومعە و شەممان،یان شەوان و بەیانیان زوو ، دەکرێت لەگەڵ رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە هەماهەنگیتان هەبێت ، بۆ ئەوەى بەزوترین کات ئەو کێشەو گرفتانە لەکاتێکى گونجاودا چارەسەر بکەن .

4- گرفتێکى دیکە کە تا ئێستاش هەر شارەوانى و رێگاوبان لەسەرى دەڕۆن ، ئەویش تەسکى و تروسکى شەقام و جادەکانى ناو کۆڵانەکانە، گەر سەرنج بدەیت  لایەنى ناوبراو لەسەر هەمان نەخشەو دیزاینى ساڵانى زوو جادەوبان دروست دەکات و رێکى دەخات ، شوێن وکۆلان هەیە کە ئەگەر دوو ئوتومبیل لەئاستى یەکدا بوەستێت ،ئەوا ئەو کۆڵانە قەپات دەبێت و ، جێگەى ماتۆڕیشى تێدادا نابێتەوە ، چاکترە لە کاتى ئیفراز و نەخشە و دیزاینى گەرەکى نوێدا ، نوێنەرى ئێوەش لەوشوێنە ئامادەبێت وسەرنج و تێبینى خۆى بدات حساب بۆ پاشەرۆِژ بکات .

5- ئوتومبیلى علوج و بێ سەرەتاکان،بونەتە مۆرانە و بەڵا و موسیبەت ، جگەلەوەى ئاستەنگیان بۆ هاتوچۆ دروست کردوە ، لەروى ئەمنیشەوە زۆر مەترسیان لەسەرە ، گەر دیقەت بدەن زۆربەى ئەو ئوتومبیلانە کارى تێکدەرانەیان پێدەکریت لەو چەشنەن ، جوداى ئەوەش گەر شوفێرێکى ئەو ئوتومبیلانە کارێکى کرد یان هاوڵاتیەکى شێلا ، چۆن دەستگیر دەکرێ ت، راستە زۆربەیان کارتیان بۆکراوە ، بەشێوەیەک لاتان تۆمارن ، بەڵام هێشتا زۆرێک هەیە لەقەزاو ناحیەکانن هیچ سەرەتایەکیان نیە و نازانرێت لەکوێوە هاتوون ، سەربارى ئەوانەش زۆربەیان ژمارەکانیان رون وئاشکرانین و زۆر بە زەحمەت دەخوێنرێنەوە ، هەروابێتەوە تێیاندایە کە تابلۆکانیان بەدەست و پەنجە نوسراون ، کەئەمەش پێچەوانەى یاسایە ، بێجگە لەوەش خاوەنەکەى دەتوانێت بەئارەزوى خۆى دەستکارى تابلۆبکات وبیگۆڕێت چونکە ژمارەى تابلۆى تەزویرو ساختە لە کەرکوک و شارەکانى خوارو بەنرخێکى زۆر کەم دەست دەکەوێت .

6- هەوڵ بدەن بۆ کردنەوەى یوتێرنى زیاتر، لەزۆر شوێن و شەقام کە ئەمەش ئیزدیحام وقەرەباڵغى کەمتر دەکاتەوە ، ئوتومبیلەکان دابەش دەکات وهەمویان لەیەک شوێن پەنگ ناخۆن . بۆئێوەش باشتر دەبێت  بەچەند کارمەندێک دەتوانرێت هاتوچۆ رێکبخرێت .

7- پلان وئامادەسازى بکرێت بۆسنوردارکردنى هاوردەى  ئوتومبیل و گرتنە بەرى رێوشوێنى گونجاو بۆ مراندنى ئوتومبیلە کۆنەکان ، جا بەقەرەبوو کردنەوەى خاوەنەکانیان بێت ، یان بەهەر رێگەیەکى دیکە کە خاوەنەکانیان هان بدات بۆ ئەو کارە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت