Dana-Saeid-Sofi

دکتۆر دانا سەعید سۆفی : پەرلەمانتار و پارە ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆمەڵگای ئيمەدا کاری پەرلەمانتاری بۆتە ئاماژەیەک بۆ نادادپەروەری کۆمەڵایەتی ، ئەمەش بەهۆی زۆری مووچەو خانەنشینیەکەی بەبەراورد لەگەڵ مووچە و خانەنشینی کارمەنديکی ئاسایی لە هەرێم . پەرلەمانتاریی لە هیچ وڵاتێکی دنیا کارێکی خۆبەخشی نیەو مووچەی بەرزیان هەیە ، بۆیە وەک چینی سەرەوە یان توێژی سەرەوەی چینی ناوەند تەماشا دەکرێن . بەڵام لە کەم ولات جیاوازی نێوان مووچەی پەرلەمانتار و کارمەندێکی تازە دامەزراو هێندەی هەريمی کوردستان فراوانە . بەهەرحال ئيمە پێوەرێکی وردمان لەبەردەستدا نیە ، بەڵام جیاوازی مووچە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی دیارە بۆ نادادپەروەری کۆمەڵایەتی . دیارە پەرلەمانتار لەو هەرێمە وەک سیمبولی جیاوازی چینایەتی سەیر دەکرێ ، ئەمە لەکاتێکدا زۆر وەزیفەو پێشەی تر هەن کە ئیمتیازی زۆر زیاتر یان بڕێ کەمتریان هەیە لە پەرلەمانتار ، بۆ نمونە هەموو پلە تایبەتەکان ، وەزیر و راوێژکار ، ئەمە بێجگە لە لەشکرێک وەزیفە و پۆستی حیزبی لەبابەتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکان کە لە بودجەی گشتی تەمویل دەکرێن . بەڵام من پێموایە لەبەر چەند هۆیەکی مەعقول پەرلەمانتار و ئیمتیازەکانی بوونەتە سیمبولی نادادپەروەری ، بۆ نمونە : خەڵکی چاوەڕوانی زیاتریان لە پەرلەمان و پەرلەمانتاران هەیە ، بەڵام کە پەرلەمان نەتوانێ رۆڵی چاوەڕوانکراوی خۆی ببینێ ، هاوڵاتیان هەقی خۆیانە ئیمتیازەکانی پەرلەمانتاران بە ناڕەوا بزانن . لەلایەکی تر بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران ناتوانن نوێنەرایەتی هاوڵاتیان بکەن یان پسپۆڕیی و شارەزاییان نیە ، واتە پەرلەمانتارمان هەیە کە شیاو نیە بۆ کارەکەی خۆی ، زۆر پەرلەمانتار هەیە کە لەماوەی چوار ساڵدا دوو رستەی بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان نەگوتووە ، ئیدی بمانەوێ و نەمانەوێ ئەمە تێگەیشتنێکی نێگەتیڤ لەسەر پەرلەمانتار بە شێوەیکی گشتی دروست دەکات .

من پێشتر تێڕوانین و هەڵوێستی خۆم سەبارەت بە نادادپەروەری لە سیستمی مووچەو خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە بۆنەی جیاوازدا ، چ لە پەرلەمان یان لە دیدار و گفتوگۆی رۆژنامەوانیدا خستۆتە روو ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیف و پرۆتۆکۆلەکان بە ئاسانی ئەمە دەبینین ، بەڵام ئێستا ناچارم هەندێ لە بووچوونەکانی خۆم دووبارە بخەمەوەروو ، دوای پرسی ٤٨ ملیۆنەکە . جارێ بە پێویستی دەزانم هەڵوێستی خۆم سەبارەت بەمە رابگەیەنم ، من بە نیاز نەبووم پاداشتی شەش مانگیەکەی خانەنشینی کە دەکاتە ٤٨ ملیۆن دینار وەربگرم ، کە بەپێی سیستمی خانەنشینی عێراقی رێکخراوە . بەڵام دەکرێ بپرسین ، لە حالێ وەرنەگرتنی ئەو بڕە پارەیە چی بەسەردێ ، ئایا لەچی و چۆن سەرف دەکرێ ، لەبەر ئەوەی دڵنیا نین لە چارەنووسی پارەکە ، بڕیارم داوە پارەکە بۆ سوودی گشتی سەرف بکەم ، بەم شێوەیە ، هاوکاری بۆ ١٠ تا ١٥ نەخۆش کە پێویستیان بە کۆمەکە ، هاوکاری بۆ کرێی خوێندنی ١٠ تا ١٥ خوێندکار کە بۆیان نیە لە زانکۆ حکومییەکان بخوێنن و کەمدەرامەتن . من نەمدەویست ئەمە بکرێت بە بابەتێکی راگەیاندن بەڵام ناچاربووم ئاشکرای بکەم دوای مامەڵەی راگەیاندن لەگەڵ پرسەکە .

ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ بابەتی مووچەو خانەنشینی لە هەرێم ، دیارە جیاوازیەکە لە کەرتی گشتیدا هەندێ جار لە ٢٠ بەرابەر زیاترە ، ئەمەش بە مەفهومە نۆرماتیڤەکە نادادپەروەریە و بە مەفهومە سۆسیۆلۆژیەکەش جیاوازی چینایەتی دروست دەکات و دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەستی سۆلیداریتی و هاوسۆزی لەنێوانی توێژ و گروپە کۆمەڵایەتیەکان . من ناموێ گفتوگۆیەکی تیۆری لێرە دروست بکەم ، تەنیا ئەوە دەڵێم : مێژوو سەلماندوویەتی کە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیزمی بێ جیاوازی چینایەتی مەحالە ، بەڵام مۆدێلی زیندووی مرۆڤایەتیش هەیە کە پێمان دەڵێ دەکرێ جیاوازیە چینایەتیەکان زۆر گەورە و فراوان نەبن . واتە دەکرێ جیاوازی نێوان مووچەی کارمەندێک و پەرلەمانتارێک هێندەی مۆدێلی هەرێم گەورە نەبێ . ئاسانترین رێگە بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازیە رێکارێکی زۆر سادەیە ، کەمن پێشتر لە گفتوگۆکانی بودجەی ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ خستوومەتە بەردەم وەزارەتی دارایی ، ئەویش کەمکردنەوەی مووچە بەرزەکان و بەرزکردنەوەی مووچە نزمەکانە . سەبارەت بە خانەنشینیش پێویستە سەرلەبەری سیستمەکە بگۆڕێت ، پێویستە ئەو پێوەرانەی ئێستای خانەنشینی سەرۆکایەتیەکان ، پەرلەمانتار ، وەزیر و بریکارەکان ، پلە تایبەتەکان ، راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی نەمێنێ ، پێویستە هەموو هاونیشتیمانیەک مافی خانەنشینی هەبێ ، بەڵام لەسەر بنەمای تەمەن و خزمەت . هەموو ئەمانە دەبێ بە یاسا رێک بخرێن ، واتە نادادپەروەریەکە پێوەستە بە یاسا بنەبڕبکرێ ، بە نواندنی هەڵوێست لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە بە رەتکردنەوەی خانەنشینی یان ئیمتیازی تر گرفتەکە چارەسەر نابێ ، چونکە ئەم پرسە لە هەموو خولێکی پەرلەمانی و کابینە یەک لەدوای یەکەکاندا دووبارە دەبێتەوە ، واتا دەبێ یاسایەکی نوێ بۆ سیستمی مووچەو خانەنشینی دروست بێ کە رەچاوی دادپەروەری تیا کرابێ و پێوەرەکانی تەمەن و خزمەت ببنە بنەما ، ئەوکات پەرلەمانتارێک یان وەزیرێکی تەمەن ٢٥ یان ٣٠ ساڵە ناتوانێ تاهەتایە خانەنشین بکرێ ، ببێتە بار و هیچ سودێکی بۆ کۆمەڵگا نەمێنێ .

دەرئەنجام ، جیاوازی مووچەو خانەنشینی نێوان فەرمانبەری ئاسایی و بەرپرسان ( پەرلەمانتارو وەزیر و پلە تایبەتەکان و هاوشێوەکانیان ) بۆتە هۆی دروست بوونی جیاوازیەکی گەورەی چینایەتی کە گوزارشتە لە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی ، کە کۆمەڵگای دوولەت کردووە و هاوسۆزی نێوان چین و توێژەکۆمەڵایەتیەکانی لاواز کردووە ، بە واتایەکی تر کۆمەڵگای لاوازکردووە. بۆ لێک نزیککردنەوەی چینەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەهێز و دادپەروەر پێویستە سەرلەبەری سیسستمی مووچەو وخانەنشینی بگۆڕێ ، مووچە بەرز و نزمەکان لێک نزیک بکرێنەوە ، بە شێوەیەک جیاوازی نێوان نزمترین و بەرزترین مووچە ١٠ بەرابەر زیاتر نەبێ ( ئەمە تەنیا پێوەرێکە و دەکرێ کەمتریش بکرێتەوە تا ئاستی شیان ) ، دەکرێ هیچ مووچەیەک لە ١ ملیۆن کەمتر نەبێ و هیچ مووچەیەکیش لە ١٠ ملیۆن زیاتر نەبێ . ئەمە نزیکە لە سیستمی مووچەی کەرتی گشتی سویدی و هەندێ وڵاتی دیکەی ئەوروپی . لە هەرێم بەرزترین مووچە هی سەرۆکی هەرێمە و نزمترین مووچەش هی تازە دامەزراوێکە .. هەموو هاونیشتیمانیان مافی خانەنشینیان هەبێ لەسەر بنەمای تەمەن و خزمەت ، واتە شێوازی خانەنشیینی ئێستای پەرلەمانتار و وەزیر و راوێژکار و هاوشێوەکانیان هەڵبوەشێتەوە کە بەبێ گوێدانە تەمەن و ساڵی خزمەت خانەنشین دەکڕێن . ئەو پرسانەش پێویستە بەیاسا چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەموو خولێک و کابینەیەک دووبارە نەبنەوە ، نەک بە هەڵويستی تاک تاکەی پەرلەمانتاران . سەبارەت بە پرسی ٤٨ ملیۆنەکە لە حالەتی وەرنەگرتنی ، چارەنووسی نادیار دەبێ ، بۆیە بڕیاری من ئەوەیە بۆ کۆمەکی نزیکەی ١٥ نەخۆش و ١٥ خوێندکار بێ . دواجار پێویستە کار بۆ گەڕانەوەی شکۆی پەرلەمانتار بکرێ و هەموو ئەو پایانە هەڵبوەشێنەوە کە پەرلەمانتاریان کردووە بە سیمبولی نادادپەروەری .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت