HENAR-tW

هەندرێن هەورامی : کوردستان ، لە نەوت و زێڕ و زیو بەنرختری هەیە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ بە مەبەستی کڕینی هەندێک خۆراک و میوە سەردانی فرۆشگایەکی سروشتمان کرد. فرۆشگاکە لە وڵاتانی ئەوروپا بە بیۆ بەناوبانگە ، تایبەتە بەو خۆراک و کەلوپەلانەی کە ماددە کیمیاویەکانیان تێدا بە کار نایەت و گۆڕانکاری ژنەتیکی نایانگرێتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا ، بەهۆی زیانمەندبوونی خۆراک و کەلوپەلی ناسروشتیەوە خەڵکانێکی زۆر ڕوویان لە فرۆشگاکانی بیۆ ناوە . ئەو خەڵکە ئامادە نیین بەخواردن و کەلوپەلی ناتەندروست ، ژیان و تەندروستیان بخەنە مەترسیەوە. بێگومان نرخی شتمەک و خۆراک و خواردنەوەکانی بیۆ بە بەراود لەگەڵ فرۆشگا ئاسایەکاندا ، کەمێک گرانترە ، بەڵام ئەوەش نەیتوانیەوە لە هۆگرانی کەم باکاتەوە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ کڕیارانی ڕوو لە زیادبوون دەکەن .

هیوادارم ڕۆژێکیش بێت لە کوردستان خەڵکی بگەرێنەوە بۆ شتی سروشتی و گرنگی بە تەندروستیان بدەن و دوو بکەونەوە لە شتومەک و خۆراکی ناتەندروستی پەروەردەکراو بە ماددەی کیمیاوی. بەدەر لە سروشتی بوونی شتەکان ، ئەوەی لەو فرۆشگایەدا سەرنجی منی ڕاکێشا چەند جۆرێکی میوە و وشکە بوو کە نرخەکانیان زۆر بەرزبوون. لە سەر ڕەفەیەک لەناو کیسەیەکی نایلۆندا تووی وشکراوم بینی ، کە کێشەکەی 125 گرام بوو و بەهاکەشی نزیکەی 4 یۆرۆ بوو. بەو پێیەش هەر کیلۆیەک تووی وشکراو نرخەکەی دەگاتە 32 یۆرۆ کە ئەوەش نرخێکی زۆر بەرزە و کەم میوە هەیە لە سەر ئەم گۆی زەوییە ئەو نرخەی هەبێت .

کەمێک لەو لاترەوە ، نزیکەی 15 بۆ 20 هەنارێک لەسەر مێزێک دانرابوون کە نرخی کیلۆیەک لەو میوەیەش 6 یۆرۆ بوو . هەڵبەتە زۆر میوە و شتومەکی دیکەش هەبوون کە نرخەکانیان بەرزبوون ، بەڵام نرخی هیچکامیان شانی لە شانی نرخی تووی وشکراو و هەنارەکە نەدەدا. لەو ساتەدا ، نائاگا یەکسەر گەڕامەوە هەڵەبجە و هەورامان و ئەوە بەبیرمدا هات ئەو هەرێمە ئێمە چەندە دەوڵەمەندە بە توو و هەنار و دەیان جۆری دیکە لە میوە و سەوزە و تەڕەکاڵی و ساڵانە دەیان هەزار تەنیان لێ بەرهەم دەهێنرێت. بەڵام بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پلان و بازاریابی زۆرێک لەو بەروبوومانە لەناو دەچێت ، یان تاڵان فرۆش دەکرێت و بەشی باخەوان و جوتیارانیش تەنها ماندووبوون و ڕەنج دەبێت. بیهێنە بەرچاوت لە هەرێمی وەک هەڵبجە و هەوراماندا سالانە سەدان تەن توو و دەیان هەزار تەن هەنار بەرهەم دەهێنرێن و ئەگەر بە شێوەیەکی زانستیش گەشە بەو بوارە بدرێت و لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان بازار بۆ ئەو بەروبومانە بدۆزرێتەوە ، ئەوا لە نەوت و زێڕ و زیوو بە نرختر دەبن بۆ گەشەی ئابووریکوردستان .

ئەگەر سەرنج بدەین تەنها 3 کلیۆ تووی وشکراو سروشتی نرخەکەی زیاتر لە 90 یۆرۆ دەکات کە دەکاتە زیاتر لە 115 دۆلاری ئەمریکی ، ئەو نرخەش زیاترە لەو پارەیەی کە لە یەک بەرمیلێک نەوتەوە دەست دەکەوێت . واتە یەک تەن توو 32 هەزار یۆرۆ کە زیاتر لە 40 هەزار دۆلاری ئەمریکی پارە دەخاتە هەگبەی ئابووریمانەوە. ئەوەشمان لە بری نەچێت بۆ بەرهەم هێنانی بۆشکەیەک نەوت ، پێویستی پارەیەکی زۆر و پیسکردنی ژینگە و کاری سەخت هەیە. بەڵام بۆ بەرهەم هێنانی 3 کیلۆ توو نەک ئەوەی ناوێت ، بەڵکو ژینگەش دەبووژێتەوە و کەش و هەواش خاوێن دەمێنێتەوە و ئۆکسجینیش بەڕادەیەکی باش زیاد دەکات. بە گوێرەی گوتەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە ، سالانە لەو ناوچەیەدا 15 بۆ 25 هەزار تەن هەنار بەرهەم دێت کە دەکرێت بۆ دوو هێندەش بەرز بکرێتەوە. لەمەشەوە بۆمان دەردەکەوێت ، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن پلان و بەرنامە بێت ، ئەوا نەک پێویستی بە فرۆشتنی نەوت و دەردەسەریەکانی نییە ، ئەوا دەتوانێت تەنها و تەنها لە ڕێگەی بەرهەم هێنانی چەند جۆرێک لە بەروبوومی کشتوکاڵیەوە ملیاران دۆلار بخاتە نێو خەزێنەی وڵاتەوە و کێشەی بێکاری و تەمەڵی نێو کۆمەڵگەشی پێ چارەسەر بکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت