Derbaz-Serabi

دەرباز سەرابی : ” دەبڵ مۆڕاڵی تاک ” بەشی یەکەم

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەرگەردان بونی لەدەستدانی خودەوە بەرەو باوەشکردنەوە بەڕوی ماسکەکان ، لە تێکشکشکان و نا ئارامی ڕۆحەوە بەرەو بکوژبونێکی جەلاد ئاسای حەقیقەت ، لە حیشمەتی ونبونی ڕۆشنایی و جاڕسبون لە تاریکی بەرەو تاریکستانێکی نیمچە ئەبەدی ، لە شیوەنی مەنفاکردن لە بەهەشتەوە بەرەو ئەتک کردنی بەهەشتەکان و جوت بونێکی ناشەرعی لەگەڵ گڕی دۆزەخ ، هەنگاومان نا،چ هەنگاوێک؟! هەنگاوێک پڕپڕ لە موریدبون و دەروێشایەتی بۆ جەهل ، خاڵی خاڵی لە کەڵکەڵەی مەعریفە ، چیمان دەستکەوت ؟ ! بەرەو چلۆن پێدەشتێکی وێران ئۆغرمان کرد ؟!

ناکامڵی خود ، شپرزەبونی هەنگاوەکان ، جدیەت و حەماسەتی خەونەکان کاڵدەکاتەوە ، خود لە زەرورەتەوە دەبێتە وەسیلەیەکی نامورادکەربۆ شڵەژانی دەرونی مۆڕاڵ چیەکان ، خەیاڵی خود چەپێنی لە نێو ئاقاری خودێکی پەرتەوازەدا شەرمی مانیفێست کردنی خودو شەرعیەتی دەمامک بەرهەم دێنێ ، هەرئەمەش وادەکات لەفەراغی فەیسێکی کامڵی کەمالدا ، پەنا بۆ شاردنەوەی خۆی لەژێر باڵی کۆمەڵێ کارەکتەری وەهمی ناڕۆشن ببات ، لێرەوە قۆناغی خود کوژی نەش و نمای خۆی دەکات ، ئەگەرچی کەسانێک نادیدە دەبن و بە کاملی قەناعەتەوە فرە مۆڕاڵی بۆ پتەوی خود دەگەڕێننەوە ، بەڵام ئاخۆ تاقەی بەرگری ئەوان تا کوێ بڕدەکات ؟ ئایا دەتوانێ کۆی پڕۆسێسە ئاڵۆزەکانی خود گەرایی تاک بلاوێنێتەوە یان نا ؟! ئایا فرەڕەهەندی ئەفکاری ئەوان دەتوانێ دەرگا پۆڵاینەکانی مەنتیق بکاتەوە ، یان فرە خودی و کەمالیەتی خود دەتوانن لە خوانێکی دۆستانەدا چێژ لە تامی حەقیقەت ببینن؟! ئەگەر لەمن دەپرسن : پێم وایە خودی باوەڕهێنان بەفرە خودی کوشتنێکی بێڕەحمانەی خودە .

بۆچی دەبێ تاک لە خودی خۆی ڕابکات ؟! بۆ ناتوانێ خود پارێزی بکات بە جێگرەوەی خود چەپێنی و شکستەخودیەکانی خۆی ؟! بەڵێ ڕاستە کات و شوێن دەست ڕەنگینی خۆیان لە ڕەنگ ڕێژکردنی ژیاندا پیشان دەدەن ، بەڵام ئەگەر زەمەن خود دروست بکات ، ئەی چی دەبێت ئەگەر خود خالقی زەمەن بێت ؟!

کاتێک تاک دەبێتە خۆراکی مەکینە زەبەلاحەکەی کۆمەڵ ، کاتێک تاک گەراییی مەیدانەکە چۆڵ دەکات و بانگی هاتنی ” گشت ” لێ دەدرێت ، تەواوی جومگەکانی ژیان دەکەونە ژێر ڕەحمەتی نۆرم و ئایدیا باوەکانی کۆمەڵگا ، وە لەئەگەری خود پارێزی تەواوو متمانەبون بە تاک گەرایی شەقێکی گەورە بەر عمومیەتی پرسەکان دەکەوێت ، ئەمەش تاک بەرەو نامۆبون پەلکێش دەکات ، چونکە لەوەها ساتێکدا ئایدۆلۆژیا لەچەپاندنی تەواوەوە بەرەو کاڵبونەوەی تەواو دەڕوات ، وە شەڕی مان و نەمان دەست پێدەکات ، لێرەدا خاڵی یەکلاکەرەوە بۆ مانەوەی هەیمەنەی تاک ” ئیرادەیە “، وزەی تاک دەبێ بایی ئەوەندە هەبێت دەستاڕەکەی گشتاندنی ئەفکار نەیهاڕێت ، دەکرێ بە خود گونجێنی قایل ببێت ، بەڵام بە خۆ گونجێنی نا،چونکە خۆ گونجێنی واتە کوژانەوەی دوا مۆمی تەمەنی خود ، واتە شەرعیەتدان بە دەبڵ مۆڕاڵ بون ، واتە من بەقەد ئەو بەڕەیەی بۆم دیاری کراوە پام ڕادەکێشم کە ئەمەش تەسلیمبونە بە کۆیلەبون نەک گونجاندن ، چونکە گونجاندنی تەواو هەرگیز بە سڕینەوی تەرەفێک واتادار نابێت ، بەڵکو بە پاراستنی کۆی تەرەفەکان دێتەدی ، ئەمەش بە تەسلیم بونی تاک نایەتەدی . جێی خۆیەتی بپرسین ئاخۆ تاک دەتوانێ بەچ وەزیفەیەکەوە لە مەیدانی ئایدۆلۆژیاکاندا گوزەربکات ؟ ئایا ئایدۆلۆژیا تاکی دەبڵ مۆڕاڵ بەرهەم دەهێنێ ؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت