لوقمان غەفوور : بارزانی بۆ دژایەتیی خۆرئاوا دەکات ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرامبەر ئەو بەیاننامەیەی سەرۆکی هەرێم دژی پەیەدە دەریکرد ، بێدەنگییەکی سەیر رووی لەهەرێم کردووە ، هەموو بێدەنگین و وادەزانین کاغەزێکی سادەیە، چەند وشەیەکی اێدا ریزکراوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە و هیچی تر، لەکاتێکدا ناوەڕۆکەکەی دەخوێنیتەوە مەغزایەکی فراوانی دژایەتی تێدایە و پڕ لەئاژاوە و بۆنی شەڕی براکوژی لێدێت ، وشەی ترسناکی تێدا ریزکراوە کە دەمانباتەوە بۆ سەردەمێکی تاڵی مێژووی روخانی میرنشیەکانی کورد بەدەستی یەکتر .

دەرکردنی بەیاننامەکەی سەرۆکی هەرێم بەناوی هەموو هەرێمەوە لەرۆژی 14/11دژی دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆی رۆژئاوا ( کوردانی سوریا ) ، هیچ بنەمایەکی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی نییە ، چونکە سەرۆکی هەرێم لەرووی یاساییەوە هیچ مافێکی بەسەر رۆژئاواوە نییە ، لەرووی سیاسییەوە ئێستا مەسعود بارزانی ئەگەر خۆشی وەک سەرۆکێکی شەرعی ئەژمار بکات لەهەمانکاتدا ناتوانێت ئاوا بەناوی هەموو هەرێمەوە لێدوان بدات ، چونکە ئەو بەدەنگی پەرلەمانتارانی یەکێتیش بۆتە بەسەرۆکی هەرێم ، کەواتە ئەمە هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگمان بۆ دەستنیشاندەکات کە یەکێتی لەگەڵ ئەو بەیاننامەدایە، لەکاتێکدا بەدڵنیایی یەکێتی هەڵوێستی زۆر جودایە بەرانبەر ئیدارەی سەربەخۆی رۆژئاوای کوردستان ، بۆیە دەگونجا مەسعود بارزانی بەناوی پارتییەوە بڵێ: ” ئەم کارەی پەیەدە ئەگەر دەستکەوتێکی نەتەوەیی لێ کەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەکرا ، بەڵام ئەوەی روویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانکردنی رۆژئاوا لە لایەن پەیەدە ئەویش بەسوودوەرگرتن لە ڕێککەوتنی هەولێر و یارمەتیی ڕژێمی ئەسەد کە یاریکردنێکی مەترسیدارە بە چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا”، بۆیە ئەو بێدەنگییەی یەکێتی پانتاییەکی فراوانتر بۆ دەستێوەردانی دەسەڵاتی پارتی بۆ هەموو جومگەکانی ژیان دروستدەکات نەک لەهەرێمی کوردستان بەڵکو لە باکور و خۆرئاوا…

لەرووی ئەخلاقیشەوە رێک ئەو سەردەمەی 1991م دێتەوە یاد کە چۆن لەهەرێمی ئێستادا بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆمان دا ئومێدی یەک رێکخراوی نێو دەوڵەتیمان بوو کە زەرڕیەک یارمەتی مادییمان بگەیەنێت ، یان ئومێدی رۆژنامەنووسێکی ئەوروپی و بیانیمان بوو کە یەک وشە لەسەر ئیدارە نوێیەکەی کوردستان بڵێ و بنوسێ و دەنگمان بگەیەنێت بەدنیا کەچی ئەوەتا سەرۆکی هەرێم بەئاشکرا دژی ئیدرارەی خۆجێی کوردانی رۆژئاوا وەستایەوە ، رێک ئەوکاتەم دێتەوەیاد چەند ئەستەم بوو لایەنێک یان کەسێک و دەوڵەتێک یەک رستەی دژی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوەستایەتەوە دڵم ئەکەوتە سەر لەپی دەستم و دەموت ئیدارەی هەرێمەکەم بەرگەی یەک سەعات تەنگژەی سیاسی و ئابوری ناگرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت