Hewraman-Ali

هەورامان عەلی : دوا نیگایی ماڵئاوایی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

١٣ سال لەمەو بەر ، لە 13.11.2000 دا بۆ دواجار لەسەر پردەکەی

زاخۆـ سلوپی ئاورێکم دایەوە و هەناسەی مال ئاوایم هەلکێشا

، من لە ژیانمدا نەم ویستوە ئەوێ جێ بهێلم ، سەردەمی بەعس قاچاخ بوم ، مالی خۆمان دەسبەسەر بون ، جگە لە موحسینی برام دو کوری پوریشم لەسەر من گیرابوون ، پێش ئەوە ی بێنبۆم و لەدەستیان هەلبێم ، خۆم لە لیوای ٦٠٣ ی فرقەی ٢٤ بوم لە قەندیل ، لە قرناقەو پشت ئاشان سەربازی ٧٣٧ بوم ، دەم توانی برۆم بەو دیوا، بۆ ئێران ، نە رۆشتم. ئەو سەردەمە گەنج بوم و پێم وابوو ئەوە ترسنۆکی وخیانەتە ! مرۆڤ دەبێ راسگۆبێ لەگەڵ بیروراکانی خۆیدا ، ئەرکی ئێمەیە ئەو واقعە تال و تاریکە بگۆرین! رۆژهات و چو، گیرام و لە باستیلە سورەکەی سلێمانی توند کرام ، بریاری گولەبارانکردنم لە لایەن عەلی حسەن مەجیدەوە ئیمزاکرا و بریابوو 21.3 لەگەل کۆمەلێ هاورێمدا لە نێو سلێمانیدا ، بۆ چاوترسێنکردنی خەلکی لە سەر شەقامەکان گولەباران بکرێن! کەمتر لە دو هەفتە پێش وادەی گولەبارانەکە ، راپەرین بوو ئەمنە سورەکە گیرا و بەرێکەوت لە لێواری مەرگدا گەراینەوە!

بە درێژایی سالانی دوای راپەرین ، سەرەرای هەژاری و سەرکوت و گەمارۆیی ئابوری ، لە نێو رێکخراوە جەماوەریە کرێکاریەکاندا درێژەم بە خەباتدا، ٣١ ئاب رویداو ، بە ناچاری لە ئۆردوگایی سەیرانبەن گیرسامەوە! دوای چەند مانگێك دیسان هاتمەوە سلێمانی و درێژەم بە خەبات و هەلسورانی خۆمدا، هاوسەرگیریم ئەنجام داو بوم بە باوك.

کە یەکێتی بە رابەری ئەوانەی بریارە ئەمرۆ بۆمان بگۆرن! لەسەر داوای ئێران بریاریاندا ” سلێمانی لە کۆمۆنیستەکان پاکبکەنەوە!” منیش لە دوریانێکدا گیرمکرد کە رێگەی سێیەم نەبوو ، یان دەبوو لە سلێماندا سەرم کزکەم و مل بەو ملهوریە ئاشکرایە بدەم ” کە ئەم جۆرە ژیانە لەگەل سروشتی یاخی مندا نەدەهاتەوە” یان بە ناچاری ژیانی مەنفا و غوربەت هەلبژێرم . هەردوکیان یەک لە یەک بۆمن ناخۆش و تالبون ، هاوسەرەکەم زۆری پێ باشبوو بێینە دەرەوە ، لەبەر ئەو و مندالەکەمان منیش بریارم دا ، تاراوگە هەلبژێرم! ئەوەی چەندجار هاتینە زاخۆ و سەر پردەکەی سلوپی ، چەندجار پاسپۆرتەکەیان دراندین و سوکایەتیان پێ کردین ! بۆ خۆیی داستانێکە رەنگە یەک دو رۆمانی بوێت،بۆیە باسی ناکەم ، تەنیا رستەیەکی کاك کامیار سابیر کە هەرگیز بیرم ناچیتەوە ، بۆتان باسدەکەم ، ئێمە زۆر بێزار و نائارام بوین کە چاوەروانی وەلامی بالوێزمان دەکرد ، ئایا ئەم جارەش پاسپۆرتەکەمان دە درێنێت یان نا؟ ئەو زۆر راستگۆیانە ئەم رستەیەی پێوتین! ” لەم رۆ بە دواوە ئەمە خۆشترین رۆژتانە!”

دوای سالێک و سێ مانگ شانسمان هەبوولە رێگەی یوئێن هاتین بۆ فنلەند، ١٣ سالە لێرەم ، بەلام هەرکات پەردەی پەنجەرەکەم دادەدرێتەوە ، بیرم دەچێ لێرەم ، ١٣ سالە جەستەم لێرەیە و رۆحم لەوێ ، لێرە دورگەیەکی خامۆش و چۆلم لە نێو دەریایەکی بێسنورا ، جاروبار بەلەمێکی بێ سەول و بێ خاوەن و تێک شکاو ، شەپۆلی دەریاکان دەی هێنێ بۆ لام . هەموو شەوێك کە دەخەوم و خەو دەبینم ، لەخەوەکەمدا لێرە نیم و لەوێم ، لەو شاخ و کێوەی هەورامانم ، لەنێو چنور و لۆیی بەهارانا راکشاوم…….!

هەمیشە لەخۆم دەپرسم ، من بۆ لێرەم؟! گەرچی ئەوەی لە کوردستان لێی مەحروم بوم لێرە ئەم ولاتە بۆیی دابینکردم ، بەلام نازانم بۆ ( تەنیا پێلاوەکانم بەم مەملەکەتەوە دەم بەستێتەوە!) کە ” سەردەشتێ” لەوێ ترۆر دەکرێت ، من لێرە خوێن لە جەستەم دەروات. کە لەوێ پیرەژنێك لە سەرەی نەوتا قاچەکانی دە تەزن ، من لێرە ژان بە دلم دەگا، کە لەوێ خۆل دەبارێت ، من لێرەوە تەنگە نەفەس دەبم ! کە مۆنیکاکانی فەتاح بەگی جاف و قاسم ئاغا تەپوتۆزی ئەو ولاتە دەکەن بەسەر پیرەژنێکی جەرگ سوتاوی رزگاربوی ئەنفالدا ، من لێرەوە هەموو موەکانی لەشم هەلدەستنە سەرپێ و هەموو گیانم دەبێتە نەفرەتێکی قوڵ! کە خەلکی لە تاو گەندەلی ، دزی ، بێ خزمەتی و بێ دەرەتانی دێنە سەر جادەکان و خۆپیشاندان دەکەن، لێیان دەگیرێت و لێیان دەکوژرێت ، من لێرە هۆن هۆن ئارەقی شەرمەزاری دەرێژم و هەست دەکەم ، سەربازێکی ترسنۆک بوم و خۆم لە بەرەی جەنگ دزیوەتەوە و خیانەتم لە هاوسەنگەرەکانم کردوە! من لێرە کە زۆر بێتاقەت دەبم تاقە شتێك کە دلم خۆش دەکات،یادەوری رابردوە ، یادەوەری ئەو ساتانەیە کە لە چاوەروانی سێدارەدا گۆرانیەکی کالێی ئاتەشیم لە ژێر درگاکەوە بۆ هاوریکانم دەچری! ” من ئەو دیلەم لە پشت شورایی پۆلاوە .. ئاسۆیی گەشی هیوام هەرگیز ون ناکەم…”

من دلنیام دێمەوە بۆ ئەوێ ، نازانم کەی ! وەك وتم من تەنیا جەستەم لێرەیە و رۆحم لەوێیە ، هیوادارم کە دێمەوە تەنیا جەستەیەکی بێ رۆح و بێ هەست نەبم!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت