Kerkuk

بەهرۆز جەعفەر : پارتى ئەیەوێ لەکەرکوک چى بکات ..؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەیر نییە ، دوومانگ پێش ئێستاو لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا ، میدیاکانى پارتى ئەیانووت:کاتى دادگاییکردنى نەوشیروان مستەفا نزیکبۆتەوە .. ئێمەش ئەمانوت : لەوە ئەچێت ئەمریکا گڵۆپى سەوزى بۆپارتى هەڵکردبێت ، چونکە نەوشیروان مستەفا دژى پەیوەندیی و بەرژەوەندییەکانى پارتى و کۆمپانیا نەوتیەکان وەستاوەتەوە .!. ئێستا جێگرى سەرۆکى پارتى داوەتنامەى بارزانى دەگەیەنێتە ڕێکخەریی گشتى ، تاوەکو لەپیرمام کۆببنەوە . کۆبۆنەوەى پارتى لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ، دوو ئاماژەى زۆر گرنگى تیادایە:

یەکەم : پارتى دەیەوێت کەرکوک بخاتە ژێر ڕکێفى خۆیەوە .

دووەم : پارتى دەیەوێت فرسەخێک لەئێران نزیک بێتەوە .

سیاسەت وەک پەتەکەى مەعاوییەیە ، نابێت ئەم پەیوەندییە شل بێتەوە ، ئەوەندەش توند دەبێت تا ئەوئاستەى خەریکە ببچڕێت ، دیسان دەست شل دەکاتەوە ….

ئەوەى کەرکوک شارەزا بێت و ، توێژەرانە دیققەتى دابێت ، ئەزانێت ، تائێستا نفوسی پارتى لەکەرکوک شتێکیش کەمتربووە لە نیوەى مووچەخۆرەکانى . قسەکە ئەوەنییە پارتى خۆى دەبوژێنێتەوە لەکەرکوک ، یان بارانى ڕەحمەت و بەزالەى تۆوکردنى پێیە. بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە پارتى کەرکوکى بۆچى یە ..؟. دواى ئەوەى لەگەڵ پەیەدە لەڕۆژئاوا نەیتوانى هیچ جوڵەیەک بکات ، پارتى زۆر هەوڵیدا ، ڕووبەرى هەناسەدان و مەداى سیاسەتکردنى خۆى بەرەو ڕۆژئاوا بەرفراوان ( توسع ) بکا ، لەڕووى سیاسیی و ئابورییەوە ، هیچى دەست نەکەوت ، بەڵکو تائەندازەیەکیش خۆى توشی سەرزەنشتکردن کردەوە. ئێستا کاتیەتى بچێتە کەرکوکەوە . کاتییەتى !. چونکە کادرە ڕۆشنبیرو تێکۆشەرەکانى یەکێتى هیچ شەرێک بۆیەکێتى ناکەنەوە . یەکێتى حزبێکە ئەتبا بۆشەڕ ، بەڵام یان خۆى لەدواوە تەقەت لێئەکا ، یان گڵۆپى سەوزى نییە لەمەرکەزیی بڕیارەوە . ، بۆیە کاردانەوە بۆپارتى لەلایەن یەکێتیەکانەوە بەقەد خشەى عەلاگەیەکیش نابیستین .

سەرەتاى هەنگاوەکانى پارتى بۆ دەست بەسەراگرتنى کەرکوک ، کوژانەوەى ئەو گڵۆپە بوو ، کەماڵى بارزانى بەهاوبەشی لەگەڵ تاڵەبانى بۆ نەجمەدین کەریم ، هەڵیانکردبوو . ئیتر پارتى وایە ، بەشێر ناڵێت پەلامارى بە . . ڕێویت بۆ زیندو ئەکاتەوە تایەخەت بگرێت ، ئەوەتا سەرۆکى بەشی پرۆژەکانى کەرکوک ” دڵشاد پیرۆت ” خاوەنى (9) کۆمپانیای تایبەت بەخۆیەتى ، زیندوبۆتەوە ، باس لەگەندەڵیەکانى دکتۆر نەجمەدین ئەکا لەکەرکوک .

هەنگاوى دووەم ، پارتى دەیزانى کە : ئەگەر ڕەزامەندى نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەکەى وەرنەگرێت ، ئەم تیکە نانە زۆر گەورەیە ، بەئاسانى ناتوانێ قووتى بات ، هیچ نەبێت شەراکەتیکى لەگەڵ دروست بکا ، چونکە کەرکوک ئێران و تورکیاو جیهانى لێیە ، نوقتەى هێزو دەرپەڕینى ووزەو سیاسەت و ئاسایشە . سەیربکە : ماوەى (3) ساڵە . بۆهەر بەرمیلێک نەوت (2$) دۆلارى بۆپارێزگاى کەرکوک و خەڵکى شارەکەیە ، هەر ڕۆژێک (750000) هەزار بەرمیل نەوت ، چووەتە دەرەوە ، واتە هەموو ڕۆژێک کەرکوک (3) ملیۆن دۆلارى هەبووە ، ئێستا بودجەى پترۆدۆلار بووەتە (5) دۆلار بۆهەر بەرمیلێک ، واتە (5×750000 =3750000) . یانى هەموو ڕۆژێک لەمەودوا کەرکوک (3750000) سێ ملیۆن و حەوت سەدو پەنجاهەزار دۆلارى هەیە. بۆ مانگێک دەکاتە (112500000) سەدو دوانزە ملیۆن و نیو دۆلارى هەیە . ئەمە بێجگە لەبودجەى ساڵانەى کەرکوک کەلەپەرلەمانى عێراقەوە تەرخان ئەکرێت ، بۆساڵى (2013) بڕەکەى (843) ملیار دینار بووە ، بێجگە لەبودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان ، بێجگە لە پاڵاوگەو بیرەنەوتى چەند بەرپرسێکى یەکێتى و پارتى ، کە شەوانەو ڕۆژانە هەریەکەو فەوجێکیان کردۆتە پاسەوانى و بە تەنکەر نەوت ئاودیو ئەکەن .

کۆتا ، هەنگاو ، کە لێرەوە جێبەجێکردنى پلانەکەى پارتى دەست پێ ئەکا ، ناردنى یەکێکە لەئەندامانى بنەماڵەى بارزانى ، کە شێخ ئەدهەم بارزانییە ، وەک کەسێک لەناوەندی بڕیارەوە ، بۆئەم کارە هەستیارە مەشقى پێکراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت