Zana-Tofiq-Beg

زانا تۆفیق بەگ : گۆڕان بزووتنەوەیەکی کاڵ و کرچ و شڵەژاوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیمانە : ستیڤان شەمزینی

* دروستبوونی گۆڕان لەسەر بنەمای زەروورەت نەبووە بەڵکو لەسەر بنەمای ئینشقاق بووە

زانا تۆفیق نوری بەگ ، رووناکبیر و ئەندامی پارتی سۆشیال دیموکراتی بەلجیکی و دەرچووی بەشی زانیارییەکان بە زمانی فەڕەنسی لە بەلجیکا ، لەم دیمانەیەدا باس لە فۆرمی حزبایەتی و حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکات .

ستیڤان شەمزینی : زۆربەی حزبەکانی ئێمە لەسەر نموونەی کلاسیکی و ستالینی دامەزراون ، پێتوایە ئەم جۆرە حزبانە بتوانن لە ئاست ئەم قۆناغەی ئێستای کوردستاندا بن؟.

زانا تۆفیق بەگ : یەکێک لە ئەشکالێتە گرانەکان لە هەرێمی کوردستاندا زۆربەی زۆری فۆرمە سیاسێکان لە ستڕاکچەردا لەسەر بنەماکانی زانستی سیاسیی دروست نەبوون و مۆڕالێتی سیاسیی لە نێو دامودەزگاکانیدا غیابە، بەجۆرێک ناتوانین بڵێین ئەم فۆرمانە لە هەرێمی کوردستاندا دەچێتە خانە و چوارچێوەی فۆرمێکی سیاسیی مەدەنی و لە ئاست خواستەکانی هەنووکەی ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستاندا نین . بۆیە دەبێت شێوازێک لە ئایدیای جیاواز بە رەنگ و جۆری فۆرمی جیاواز لە نێو شانۆی سیاسیی لە هەرێمدا بێتە کایەوە بە جۆرێک بتوانێت لە ئاست شکاندنی تونێتی خەڵکدا بێت لەم قۆناغەدا.

بڕوام وایە لە دوای دروستبوونی شۆڕشی تەکنۆلۆجیا لە دنیای پێشکەوتندا ، ناکرێت ئەم جۆرە فۆرمانە لە کوردستاندا بەردەوام بن ، ببنە دەمڕاستی خەڵکی کوردستان بە مەرجێ گوڕانکاریی کۆنکرێتی بەسەر شێواز و دەزگاکانی خۆیاندا بهێنن و پڕۆسەی ریفۆرمکردن بەجۆرێک بێت جەرائەتی سیاسیی دروست بێ بۆ ئەم پرۆسە گرانە. ناکرێت ئێمە لە قەڕنی نوێدا بەم شێوازە و جۆرە ئاڕاستە و میتۆدانە کار بکەین کە لە دنیای پێشکەوتندا چوونەتە مۆزەخانەی سیاسییەوە. بۆیە دەمەوێت بڵێم حزبی کوردیی ئەگەر لەسەر هەمان ریتمی حزبەکانی سەردەمی لینینی کار بکەن ئەوا لە دەرئەنجامدا تووشی قەیرانێکی تراژیدیایی دەبنەوە بەجۆرێکی ترسناک و ناتوانن لە ئاست داخوازێکانی خەڵکی کوردستان و پێشکەوتنەکانی دنیای پێشکەوتوودا مەلە بکەن .

ستیڤان شەمزینی : حزبی کوردیی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی کۆمەڵگادایە. بەو مانایەی دەیەوێ دیتنی سیاسیی خۆی بکاتە کولتوورێکی کۆمەڵایەتی . ئایا چۆن دەتوانین مۆدیلێک لە حزبی سیاسیی لەسەر جەستەی ئەم حزبانەی ئێستا بهینێتە کایەوە تەریب بێت لەگەڵ دیموکراسی و مەفهومە نوێیەکانی حزبایەتی؟.

زانا تۆفیق بەگ : پرسیارەکەی بەڕێزت زۆر گرنگە، چوونکە یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی ترادیکسۆنە بەمانا زانستێکەی، ئەم کولتوورە بەشێوەیەکی زۆر ترسناک تێکەڵ بووە بەسەر کۆی گشتیی هەموو سەکتەرەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەژموونێکی زۆر خراپی لە ئەجوائی سیاسیی کوردیدا پێشکەش کردووە. ئەگەر بێن بەبێ هیچ موجامەلەیەکی سیاسیی سەیری گووتارەکانی فۆرمە سیاسییەکان لە هەرێمدا بکەن بەجۆرێک هەوڵیانداوە مۆنۆپۆڵی کۆمەڵگا بکرێت ، هیچ بۆشاییەکان نەهێشتۆتەوە بۆ هەڵمژینی نەفسێکی دیموکراسی .

لە ئێستادا گرنگترین تیۆرە کە ژیانی مرۆڤایەتی لەسەربەندە بەداخەوە هەوڵیانداوە لە رێگای ناوەندەکان و دەزگاکانی حزب بەجۆرێک لە جۆرەکان ئیحتوای زۆربەی زۆری کۆمەڵگا بکەن و هەوڵ بدەن سیاسەت و کاری حزبایەتی بەجۆرێک لای هاونیشتمانیان رەش بکەن هەر تاکێک لە ئێستادا بەهێنانی ناوی سیاسەت قەڵس دەبێت، هەوڵ دەدات دوور بێت لە ژیان میللی و نیشتمانی کە چاوەڕێی هیچ خزمەتێکی لێناکرێت و ناتوانرێت کۆمەڵگا بەرەو ئاڕاستەی ئەفراندن هەنگاوی عەمەلی بنێت و هەوڵیاندا بەشێوەیەکی سیستماتیکی ( پڕۆزەیشن) مۆتوربە بکەن لە نێو کۆمەڵگادا، واتە بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ هەوڵی بە ئەجنداکردنی گووتاری حزبیان لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا داوە.

ستیڤان شەمزینی : روانگەیەکی بەربڵاو لای نوخبەی ئێمە هەیە: حزبایەتی دیاردەیەکی قێزەونە، حزب دەزگا و ئامڕازێکی چەپێنەرە نەک میکانزمێک بۆ خەباتکردن. بەڕای ئێوە ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟.

زانا تۆفیق بەگ: لە ئێستادا پرسیارێکی گرنگ هەیە کە دەبێت ئێمە هەمیشە بیکەن لەو کەسانەی خۆیان بە نوخبە دەزانن، بابزانین کامانەن ئەوانەی پێیان دەڵێن نوخبە. لەگەڵ رێزمدا دەڵێم کۆمەڵی کەس هەن کە هەڵگری کۆمەڵی ئایدیا و سەلیقەی زۆر گرانبەهان دەکرێت بەڕێزەوە هەڵوێستیان بنرخێنین، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا کومەڵێ کەس هەن بە ناوی نوخبەوە دەیانەوێت وێنەی کۆمەڵگای کورد لە رێگای حزبی کوردییەوە قێزەون بکەن. جێگەی داخە دەبێت لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و بزانین بۆ راستکردنەوەی ئەو دۆخە پێویستمان بە کێ هەیە تا تابلۆی نیشتمان کە رەشکراون جارێکیتر سپیان بکاتەوە؟ ئەویش ئەوەیە دەبێت پشت بە دامەزراوەکانی زانکۆکان لەگەڵ سەنتەرەکانی ستراتیژیی و لیکۆڵینەوە ببەستین، بزانین چۆن ئامڕازەکانی حزبی کورد بخەینە سەر رەوڕەوی مەدەنیەت بە هاوکاریی نوخبەیەکی راستەقینە، چوونکە هەرگیز من بڕوام بە نوخبەیەک نییە خۆی بەشێک بێت لە گەندەڵی ، دروستکەری ئەو تابلۆ قێزەونانە بێت و ئێستاش ببێتە دەمڕاستی چاکسازیی .

ستیڤان شەمزینی : هەندێک لە چاودێران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، لە حاڵی حازردا هیچ هێزێکی کوردستانی هێندەی پارتی ، تایبەتمەندییەکانی حزبی سیاسیی دامەزراوەیی و هاوچەرخی تیا نییە. ئایا ئەم بۆچوونە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟.

زانا تۆفیق بەگ : کۆمەڵێ دەرکەوتەی باش هەیە پارتی کردوویەتی بەنەریتی حزبی. بۆ نموونە دەتوانین بڵێین پارتی لە ماوەی دروستبوونی تا ئێستا باشترین ئەدای بەڕێوەبردنی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کردووە، هەمیشە لەسەر بوعدی نەتەوەیی کاری گرنگ و چارەنووسسازی بۆ خەڵکی کوردستان پێشکەش کردووە، بە تایبەت هەوڵیداوە نەریتێکی نەتەوەیی گرنگ بخاتە نێو نەوەی نوێ و ئیرادەی تاکی کورد بەهێز کردووە، بە تایبەت لە دەرەوە توانیوێتی لەسەر کاری دبلۆماسی دەرەوە باشترین ئەدای سیاسیی دیبلۆماسی دروست بکات. ئەمانە کۆمەڵێ پۆنتی هێجگار گرنگن بۆ مێژووی پارتی و سەرکردایەتی پارتی، بەڵام بە هیوام کۆمەڵی گوڕانکاریی گرنگ بکات لەنێو هەیکەلی ناو خودی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێت پێگەی کورد بەهێزتر بکات. بتوانێ چەمکەکانی حزبی مەدەنی لەنێو خودی خۆیدا فۆرمەڵە بکا و بیکاتە بنەمایەکی گرنگ بۆ کاری حزبی سیاسیی لە کوردستاندا.

ستیڤان شەمزینی : پێتوانییە هێزێکی سیاسیی وەک گۆڕان ناتوانێت ببێتە حزبێکی سیاسیی مودێرن و دامەزراو؟. ئایا نەبەستنی کۆنگرە لە چوار ساڵدا و دیارنەبوونی گووتاری سیاسیی گۆڕان، مانای ئەوە نییە ئەم هێزە زیاتر گروپی ئانارشیستییە نەک حزبی سیاسیی؟.

زانا تۆفیق بەگ : ناتوانین دروستبوونی گۆڕان بخەینە چوارچێوەی فۆڕمێکی سیاسیی، چوونکە شوناسی هەر حزبێکی سیاسیی پێویستی بە کۆمەڵێ کەرەستەی گرنگ هەیە هەتا بتوانێت شوناس و ناسنامەی حزبی پێ بناسرێتەوە ، یەکێک لەو بەها گرنگانە دەستوور و گووتاری سیاسیی روونە. گۆڕان کۆنگرەیەکی فراوانی نەبەستووە، تا بتوانین بڵێین گۆڕان بزووتنەوەیەکی سیاسیی مەدەنییە کە بڕوای بە بنەماکانی تیۆری دیموکراسی هەیە .

ئەوی لەئێستادا دەبینرێت بزووتنەوەیەکی کاڵ کرچە و هەیکەلی رێکخستنەکانی شێوازێکی شڵەژاویی پێوە دیارە و نەیانتوانیوە لە شێوازی لۆکاڵی و ناوچەیی خۆیان رزگار بکەن و بتوان زیاتر وەک بزووتنەوەیەکی نیشتمانی شوناسی خۆیان بەیان بکەن بۆ خەڵکی کوردستان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێ هۆکاری بابەتی زۆر گرنگ ، یەکێک لەو هۆکارانە دروستبوونی گۆڕان لەسەر بنەمای زەروورەت نەبووە بەپێچەوانەوە زیاتر لەسەر بنەمای تەکەتول و ئینشقاق لە دایکبووە، واتە دەتوانین بڵێین لەدایکبوونی گوڕان لە دایکبوونێکی ناسروشتییە بۆیە هەمیشە هەست بەوە دەکرێت نەیاتوانیوە کۆنگرەیەکی نەوعی بۆ خۆیان ئورگانیزە بکەن .

تێبینی : ئەم دیمانەیە لە ژمارە ” 31 ” ی گۆڤاری “شەپۆل” لە رۆژی 11-11-2013 بڵاوکراوەتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت