عەتا قەرەداخی : نەبوونی عەقڵی دامەزراوەیی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە ئاشکرایە یەکێکیک لەو بنەمایانەى کۆمەڵگەی لەسەر پێناسە دەکرێت ئاراستەى پێوەندییەکانە واتە ئایا ئاراستەى پێوەندییەکان شاوڵیە یان ئاسۆییە . بەگشتی ئەو کۆمەڵگەیانەى کە ئاراستەى پێوەندییەکان تیایاندا شاوڵیە کۆمەڵگەى تاک رەهەندن و رووبەری دیموکراسی تیایاندا زۆر تەسەکە چونکە ئاراستەى فەرمان لە لوتکەوە بەرەو خوارەوە دەکشێت و لوتکەش بریتیە لە کەمینە ، یان تاکەکەس ، بنکەش بریتیە لە گەل ، یان جەماوەر . ئەم شێوازەی پێوەندی و فەرمان شێوازى هەرەمی دەسەڵاتی دینی یان دامەزراوەی خێڵایەتی یان دامەزراوەی حیزبی شێوە ستالینی هەیە کە فەزای گشتی لەم جۆرە دامەزراوانەدا فەزای بڕیاری تاکەکەس و تاکە عەقڵە ، ئەوەش لەگەڵ چەمکی دامەزراوەییدا بە لۆجیکی سەردەمی دیموکراسی ناکۆکە . لەبەرامبەر ئەم شێوە پێوەندییەدا ، پێوەندیەکی تر هەیە ئەویش پێوەندی ئاراستە ئاسۆییە ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە هاوئاستن و جۆرێک لە یەکسانی لە نێوانیاندا هەیەو تەنیا ئاستی توانای تاکەکەسی جۆرێک لە جیاوازى درووست دەکات . هەرچەندە بەپێ زۆرێک لە بۆچوونەکان ناتوانرێت تەسەوری کۆمەڵگەیەک بکرێت هەموو ئەندامەکانی لەیەک ئاستدابن و بەو پێیەش شتێک نەمابێت بەناوی دەسەڵات و جیاوازى.

بۆچوونێکی لەم جۆرە لەسەر زەمینەى واقیع بە ئاسانی جێگای نابێتەوەء زیاتر لە بۆچوونی نێو شاری خەیاڵی یان شاری هەرە تەواوى فارابی و یۆتۆپیای تۆماس مۆر دەچێت . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیادەکردنی زیاترین ئاستی دیموکراسی لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا سەرباری کۆتایی نەهاتنی دەسەڵات بووەتە هۆی ئەوەی تا ئەندازەیەک پێوەندییەکان ئاراستەیەکی ئاسۆییان هەبێت بەتایبەتیش کاتێ دیموکراسی و ئازادی بە یاسا رێکبخرێن و لە حاڵەتی فەوزاو جۆرێک لە بەرەڵای دەربازبکرێن .

بێگومان بەئاشکرا دەبینرێت پێکهاتەى کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکان بە گشتی و کۆمەڵگەى کوردی وەکو کۆمەڵگەیەکی پاسیڤکراو بەتایبەتی شێوە پێکهاتەى خێڵیان هەیە کە ئەویش لە شێوەى هەرەمدایە ، لەم دامەزراوەشدا پێوەندییەکان ئاراستەى شاووڵیان هەیە . واتە تاکەکەس خاوەنی بڕیار دەبێت یان لە باشترین باردا ژمارەیەکی دیاریکراو کە لە لوتکەى ئەو دامەزراوە هەرەمیەدان سرووشتی پەیوەندی و جوڵەو چالاکی و تەنانەت ژیانی ناو هەرەمەکەش رێکدەخەن . ئەمەش لەراستیدا رێگرە لەبەردەم درووستبوونی عەقڵی دامەزراوەیدا کە عەقڵێکە تەنیا لە سایەی بوونی پەیوەندی ئاسۆیدا بەرهەم دێت ، مەبەست لەم قسەیەش ئەوەیە کە زیاترین ژمارەى شیاو یان هەموو کۆمەڵگە بەشدارە لە بەرهەمهێنانی ئەو عەقڵەدا ، واتە عەقڵی دامەزراوەیی بریتیە لە کۆی عەقڵی سەرجەمی تاکەکانی کۆمەڵگە کە لە کۆمەڵگەى پێوەندی سرووشت ئاسۆیدا بە ئەندازەى ژمارەى تاکەکان عەقڵ بەرهەم دێت .

خەمی ئێمە ئەوەیە کە پێوەندییەکان لە کۆمەڵگەى کوردیدا تاکو ئێستا پەیوەندی شاووڵین و بەو پێیەش عەقڵی دامەزراوەیی بەرهەم نەهاتووە . هەر ئەوەش وایکردووە کاتێ هەر دامەزراوەیەک لە کوردستاندا پێکدێت تەنیا عەقڵی کەسی یەکەمی ئەو دامەزراوە بەرنامەدانەرو رێکخەرو جوڵێنەرو بەڕێوەبەری ئەو دامەزراوەیەو لەگەڵ گۆڕینی کەسی یەکەمدا بە گشتی بەرنامەو چۆنێتی بەرێوەبردنی ئەو دامەزراوەش دەگۆڕێت . بۆ نموونە کاتێ وەزیرێک شوێنی وەزیرێکی تر دەگرێتەوە بەرنامەو ستراتیژو پێڕەوی کاری ئەو وەزارەتەش دەگۆڕێت ، ئەمەش نەبوونی عەقڵی دامەزراوەیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا نیشان دەدات . دیارە کاتێ عەقڵی دامەزراوەی بوونی نەبێت مانای وایە هەمیشە لە گۆڕینی تاکە کەسی لوتکەى دامەزراوەکاندا دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا لە کاتێکدا ئەگەر عەقڵی دامەزراوەیی باڵادەست بێت بەرنامەو شێوازى کارکردنی دامەزراوەکان بە گۆڕینی تاکەکسی لوتکەى دامەزراوەکان ناگۆڕێن. واتە جۆرێک لە عەقڵی دامەزراوەیی بۆ بەرێوەبردنی ئەو دامەزراوە ئامادەبوونی دەبێت کە ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتن و بنەمای سەقامگیری و درووستکردنی جۆرێک لە هارمۆنیا لە کۆمەڵگەدا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت