Kawe

هێمن ڕەئووف : بۆ ئەوەی کەیسی کاوە گەرمیانی نەدۆڕێنین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە کەیسی سەردەشت و سۆرانمان دۆڕاند .. کەیسی ١٧ شوباتمان بە هەموو شەهیدەکانیەوە دۆڕاند . بۆ ئەوەی هەم کاوە لەدەست نەدەین و هەم ئەو ئابڕوە تکاوە کۆبکەینەوە پێویستمان بە ئازایەتی و عەقڵە .

١/ ئەگەر بمانەوێت بە ڕێگایەکی یاسایی و لەڕێی بە جیهانیکردنی ئەم کەیسەوە دەسەڵات ناچار بکەین ، بەر لەهەر شتێک ئەبێت بێشەرەفی و بێمۆراڵی جیهانی سەرمایەداری لەبەرچاوبگرین . بە دڵنیاییەوە هیچ وڵاتێک ئامادە نیە بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئەم گروپە وڵات فرۆشەی ناویان دەسەڵاتی کوردیە لەق بکات و لەبەر خاتری خوێنی ڕۆژنامەنوسێکی تیرۆرکراو دەسەڵاتمان بۆ بڕوخێنن . لەبەر ئەوە زۆر بە کورتی و سادەیی دەبێت لە لێڤڵێک خوارترەوە کار لەسەر کەیسەکە بکەین .

پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە دانپیانان بەوەی کام  لە بەرپرسە باڵاکان لەپشت ئەم تیرۆرەوەیە، ئەمەش لە ڕێگای کۆڵندان و برەوپێدانی ئەو فشارە مەدەنیەی ئێستا جوڵەیەکی تێدایە . گرنگە لەدوای ئاشکراکردنی چوار ناو بێخەم دانەنیشین و سەری مارەکە لەیاد نەکەین . بە سزاگەیاندنی بەرپرسێکی باڵا سەرکەوتن و دەستکەوتێکی گەورە دەبێت . لەهەمان کاتدا سەرەداوی دەیان تاوانی پێشوتر ئەنجامدراو دەردەکەون و ئەو تابوە تێک دەشکێت کە خەڵک پێی وایە بەرپرسەکان هەریەکە خودایەکن و چیان بوێت دەیکەن . لەهەمان کاتدا ئازادی و بەرقەرارکردنی ژیانێکی ئازاد هەنگاوێک پێش دەکەوێت .

٢/ ئەگەر ئێمە دەمانەوێت بەزۆر و بە هێزی جەماوەری ئەم هەقە بسێنین . ئەگەر پێمان وایە ئەم دەسەڵاتە مافیایەکی پەتییە و دیکتاتۆر و خوێنڕژ و تاوانبارە بە کوشتنی خەڵک و دزینی سامانی گشتی و وێرانکردنی یاسا و دادوەریەکەی ، ئەگەر لەو میللەتە ڕادەبینین بەدەم ئەم شۆڕشەوە بێن … لە ئێستا باشتر نیە بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری هێنانە خوارەوەی ئەم گروپە ملهوڕ و مافیا و پیاوکوژە . ئەگەر بەتەنها لەدوای ڕاپەڕینەوە دەست بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان بکەین ، ئەم دەسەڵاتە ماف و شەرعیەتی ئەوەی پێوە نەماوە ڕابەرایەتی میللەتێکی قوربانی بکات . بەڵام ئایا میللەت ڕابەر و ستافێکی بەدیلی ئامادەیە بۆ گرتنەدەستی ئەم ئەرکە ؟ ئەمە پرسیارەکەیە . ئایا لە هۆشیاری خەڵکدا متمانە دراوە بە تاقمێکی تر بێخەمبن لەوەی ژیانی ئایندەیان پارێزراوتر و دادوەرانەتر دەبێت ؟ ئەگەر وایە !! ئێستا ساتی شۆڕشە . ئەگەر نا بەر لەهەر شتێک دەبێت هەوڵی پێگەیاندن و ڕێکخستنی ئەو ستافە بدرێت ، تا بەدەردی وڵاتانی عەرەبی و بەهارە کاولکاریەکانی دەوروبەرمان نەچین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت