دکتۆر کەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی چوارەم

وەسف و جیاکردنەوەی مەبەستەکانی زمان بە زمان

” چۆن عەقڵ رێبازێک و میتۆدێک دەدۆزێتەوە تا خۆی لە دژی خۆی بخاتە کار تا خۆی بە خۆی بسەلمێنێت “، ئەمە دەربرینیكی سەیرو ئاڵۆزە ؟ چۆن عەقڵ میتۆدێک دژی خۆی دەخاتە کار تا خۆی بە خۆی بسەلمێنێت ؟

راستە- ئەمە دەربڕێنێکی ئاڵۆزەو لە هەر باسێکی هزریی فەلسەفییدا ناچاری بەکارهێنانی گوزارەی ئالٶز دەبین ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ناچارین زمان بە زمان لێکبدەینەوە واتە لە شیکردنەوەی دواییدا هەموو پرسەکان دەبنە پرسی زمان و وەسف و جیاکردنەوەی مەبەستەکانی زمان بە زمان . بەلام گەر زیاتر ورد ببینەوە دەبینین قورسترین چەمک و گوزارەی فەلسەفی لە کاروباری رۆژانەماندا لە لایەن همەموومانەوە بە ئاسایی بەکاردێن . کە دەلیین ‘عەقڵ میتۆدێک لە دژی خۆی بخاتە کار تا خۆی بە خۆی بسەلمێنێت’ راستیی ئێمە تەنیا باسی جۆری قسەکردنی رۆژانەی خۆمان دەکەین . ئەو میتۆدەش لە میتۆدی قسەکردنی نێوان خۆمان واتە ‘دایەلۆگ ‘ زیاتر نییە ، قسەکردنیش خۆی عەقڵ و دەربرینی عەقڵە چونکە عەقڵییبوونی مرۆڤ لە زمانداربوون و توانستی خۆدەربڕین و وێناکردنی جیهانەکەی بە وشە جیاناکرێتەوە ، بۆیە لە دایکبوونی عەقڵ- یش لای یۆنانییەکان بە لە دایکبوونی وشە ، ئاخاوتن ، یان قسەوە بەندە. واتە : لە دایکبوونی عەقڵ یان ئاخاوتنی عەقلی لای یۆنانییەکان بە گواستنەوە لە ( میثۆس ) ەوە بۆ ( لۆگۆس ) وەسف دەکرێت واتە لە ئەفسانەوە بۆ وتاری عەقڵانیی . بەلام وەک وتم بەرلەوەی یۆنانییەکان لۆگۆس بدۆزنەوەو وشەی فەلسەفە لە( فیلیاو سۆفی ) دروست بکەن بە مانای خۆشەویستی حیکمەت ، زەردەشت لە گاتاکاندا، کە بەلای کەمەوە ٦٠٠ تا ١٠٠٠ سال پێش فەلسەفەی یۆنانییەکان نووسراوە، باسی ئاهورەمەزدا واتە ( خودا حیکمەت ) و ئەهریمەن واتە : عەقلی خراپ / شەڕانی دەکات و بیری چاک، وتاری چاک ، کرداری چاک دەکاتە بنەمای فەلسەفەکەی . بەلام دووبارەی دەکەمەوە گرفتەکە ئەوەیە زەردەشت و شاگردەکانی باسی ئەوەیان نەکردووە چۆن بەو سیستمە گەیشتوون ، تەنیا سەرچاوەی ئایدیاکان بۆ سرۆشی ئاهورەمەزدا واتە [ خودا-حیکمەت ] دەگێڕنەوە هەر ئەویش پرۆسەو ئەنجامەکان بریار دەدا؛ بە پێچەوانەوە هەر لە میتۆدی قسەکردنی رۆژانەوە یۆنانییەکان، یان سۆکرات ، پرسی: [ پرینسیپ و پرۆسەو ئەنجامی ] وەک کردارێکی عەقلانی هوشیاری ئاخاوتن یان دایەلۆگی نێوان مرۆڤان داهێنا .

لە دایەلۆگەوە بۆ دایلەکتیک

تۆ وتت ئێمەش رۆژانە ئەم پرۆسەیە لە میتۆدی قسەکردنی نێوان خۆمان واتە ‘ دایەلۆگ ‘ دا بەکاردێنین . ئەمە چۆنە ؟ دەتوانی زیاتر روونی بکەیتەوە ؟ ئایا هەمان ئەو میتۆدەی سۆکرات – ە؟

نەک هەر پرۆسە فەلسەفییەکان کە لێیان ورد بینەوە دەبینین ئاسایی و بەشێک لە ژیانی رۆژانەمانن بەلکو زاراوە فەلسەفییەکانیش کە ئێمە لە زمانی بێگانەیان وەردەگرین ، زۆربەیان بۆ لاتینی – یۆنانی ئەوسا هیندوئەوروپی- سانسکریتی دەگەرێنەوە ، کە سانسکریتی زۆر نزیک و هاورەگی زمانی هیندۆ-ئەوروپایی یە کە بەراستی وەک زانستی سەرەتاکان و بنچینەکان و جوگرافیای دەرکەوتنی زمانەکان دەبێ بوتڕێ هیندۆ- ئاریایی نەک ئەوروپایی. چونکە سانسکریتی خۆی زمانێکی ئیندۆ- ئاریایی یە . پێناسەی سەرەتایی سانسکریت لە ویکیپیدیا دا

Sanskrit (/ˈsænskrɪt/; संस्कृतम् saṃskṛtam [səmskr̩t̪əm], originally संस्कृता वाक् saṃskṛtā vāk, “refined speech”) is a partially reconstructed Indo-Aryan language,

[سانسکریت لە سامسکراتام ەوە هاتووە ئەشلەکەی سامسکرتا – یە بە مانای باش دامەزراوەو، واتە زمانی پاککراوو دروست . بەشێکی سانسکریتی زمانی هیندۆ-ئاریایی بنیاتنراوە.]]

تێۆریی [ زمانەکانی هیندۆ-ئەوروپایی ] تەنیا لە سالێ ١٧٨٦ – ەوە دەرکەوت کاتێ زمانناسی ئینگلیزیی سێر ویلیام جۆنز [ گریمانی تیۆریی هیندۆ- ئەوروپایی] پێشکەش کرد کە لە سەر نزیکی زۆریی رەسەن و دەنگسازیی و شێوە داڕشتنی کۆمەلە زمانێکی ئاریایی دایڕشتووە.

http://www.sanskrit-sanscrito.com.ar/en/linguistics-origin-origin-of-the-indo-european-languages-part-i-1/485

لە کۆمەلێ باسدا بە ناوی [ دیسکۆرسەکان ] بیروراکانی خۆی روون دەکاتەوە . ویلیام جۆنز زمانی ئاڤێستا بە زمانیكی نزیکی سانسکریتی دەداتە قەڵەم .

لە وتاری نۆیەمیدا لە سالێ ١٧٨٩ دەنووسێ : من جۆنزو هاورێکەم باهمەن دوای وردبوونەوەیەکی تەواو گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە زەند ئاڤێستا لێكچوونێکی زۆری لەگەڵ سانسکریتی هەیە.]]

ئەمە وەک بیرهێنانەوەیەک کە بێئاگایی لە ئایدیاکان مانای بێئاگاییشە لە رەگ و رەسەن و مێژوو- و کەلتوورو زمانی خۆمان کە زۆری پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە ، چ وەک زمان و چ وەک شارستانیی کشوکاڵیی سەرەتایی و لە رووی کەلتووریشەوە بە تایبەتی وەک زەردەشتیزم.

لە سەرەوە بنەچەناسیی ( ئیتیمۆلۆجی ] وشەکانی ئایدیا و دین – م روونکردەوە کە رەگەکانیان لە زمانی رەسەنی کوردیی / ئاڤێستایی خۆمان دایە.

ئەوەشم روون کردەوە کە یۆنانییەکان بە سەرنجدانی زمان [ قسە ، وشە ، ئاخاوتن ] گەیشتنە دۆزینەوەی عەقل و وتاری فەلسەفیی . لۆگۆس خۆی بە مانای [ قسە یان وشە ] دێ بەلام وردە وردە وردە لۆگۆس بوو بە هەموو شتێک .

بنچینەی وشەی دایەلۆگ – یش هەر لە لۆگۆس ەوەیە :

dialogos

[دایەلۆگۆس ] واتە دوو- قسەیی ، واتە قسەکردن لە نێوان دوو کەسدا ، بەکوردی دەلێین: گفتو گۆ ، وتووێژ، دانوستاندن ، دووان کە ئەمانە هەمووی بوونی زیاتر لە یەک کەس دەردەخەن .

باشە لەوە ئاسایی تر هەیە دوو کەس رۆژانە قسە لەگەڵ یەکتر بکەین ؟

هەموو رۆژێ من [ کەسی یەکەم لە رێزماندا ] لە گەڵ تۆ [ کەسی دووەم لە ڕێزماندا ] قسە دەکەم : ئەم قسەکردنەی نێوانمان ، وتووێژ ، هەمپەیڤین ، ئاخاوتن ، گفتوگۆ، دووان ، دەربارەی کەسی سێیەم [ ئە و] جا کەس بێ یان شت یان بابەت یان بیر ] ئەوە پێی دەوترێ دایەلۆگ .

زۆر جار کە کەسێ دەیەوێت شتێکت پێ بلێ دەلێ :: وەرە دەمەوێ یەک دوو قسەت لەگەڵ بکەم .

( قسە لەگەڵ کردن ) ئەمە دایەلۆگە .

یان دەبێ هەر ببێ بە دایەلۆگ بۆ ئەوەی کاریگەریی و ئاکامی هەبێت : واتە یەک-لایەنیی نەمێنێتەوە ، گفتوگۆ بێت ، گۆڕینەوەی زانیاری و بیروڕا بێت ، قسەکردن و گوێگرتن و تێگەیشتن و وەلامدانەوە و قەناعەتپێکردن بێت ، تا هاوڕایی دروست دەبێت .

وتم من و تۆ/ ئێوە [ کەسی یەکەم و دووەم ] کە دایەلۆگ ، دوو- قسان ، بکەین ئەوە باسی کەسی سێیەم ، [ ئەو ، ئەوان ، دەکەین کە دەشێ کەس بێت یان شت ، بابەت یان بیر، بەم جۆرە باسی هاوڕێیەک دەکەین ، یان باسی فەیسبووک دەکەین ، یان باسی سیاسەت دەکەین یان باسی مارکسیزم دەکەین.

لەم دایەلۆگەدا چ روو دەدات ؟

١ . با بلێین باسی برادەرێک دەکەین:

من دەلێم راستگۆ وجێگەی متمانەیە ، تۆ بیرورایەکی پێچەوانەت هەیە . من بەپێی زانیاریی و ئەزموونی خۆم بەلگەی خۆمت دەدەمێ کە رایەکەی من دروستە ، تۆش بەلگەی خۆتم دەدەیتێ تا پێچەوانەی راکەی من بسەلمێنی . تا دەگەینە ئەنجامێک یان ناگەین و هەر یەکە رای خۆمان دەپارێزین .

٢ . با بڵیین دایەلۆگەکەمان لە سەر هەوالێکی رۆژنامەیەکە .

من بە راستیی دەزانم تۆ بە راستی نازانی چونکە تۆ زانیاری زیاترت هەیە ، سەرچاوەی هەوالی ترت خوێندۆتەوە ، شارەزاییت لە بابەتەکدا زیاترە ، بەم جۆرە تۆ بە زانیاری و بەلگەی خۆت و بە لێکدانەوەی عەقلانیی وام لێ دەکەی من رای خۆم بگۆڕم و لە گەڵ تۆدا هاوڕا بم یان هەر نەبێ گومانم لا پەیدا بێت ، کە هەواڵەکە راست نییە .

٣. با بلێین باسی تیۆرییەک ، رێبازێکی فەلسەفی وەک مارکسیزم دەکەین و بیرو رای زۆر جیاوازمان هەیە : تۆ بە پێی شارەزایی و خوێندنەوەو ئەزموون و قەناعەتی خۆت سەرنج و زنایاریی و بیرورای خۆتم بۆ روون دەکەیتەوەو هەوڵ دەدەی قەناعەتم پێ بکەی کە بۆچوونی تۆ بۆ مارکسیزم راست و دروستە یان عەقلانی ترو واقعی ترە . من بە پێچەوانەوە بۆ هەموو قسەکانت تا بتوانم زانیاری جیاوازو بەڵگەی دژ بەکار دێنم تا رایەکانی تۆ هەڵوەشێنمەوە و ئاخری هەردووکمان لە سەر رای خۆمان دەمێنینەوە .

٤. با بلێین باسی بابەتێکی وەک فەیسبووک دەکەین تۆ لە ئەزموون و تێگەیشتنی خۆتەوە بە شتێکی زۆر چاک و رادیکالی دەزانی کە بۆ هەموو کەسی لواندووە ببێتە خاوەنی دیوەخان و کێێ دەویت داوەتی بکاو، کێی ناوێت دەری بکاو، هەرچی حەز دەکات بێ سانسۆر بیلێ و بینووسێ و بیگەیەنێت و ئاگاداری هەموو کەین و بەینی دنیاش ىێت. من لە ئەزموونی خۆمەوە لە گەڵ هاورایی لەگەڵتا کە دەرفەتێکی گەورەی داوە بۆ دەربڕین و بلاوکردنەوە گۆرێنەوەی ئازادیی بیروڕا ، ئەوەش دەردەخەم کە فەیسبووک و ئینتەرنێت بە گشتی بە بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین دنیایەکیان بۆ ئێمە دروستکردووە کە راستییەکەی وەهمییەوهی ئێمە نییەو داهێنەرو خاوەنی تەکنۆلۆجییەکان کۆنترۆلی دەکەن و کۆنترۆڵمان دەکەن . هەر کاتێ بیانەوێت یان ئاخاوتنەکەی ئێمەیان بە دڵ نەبێت بە کلیکێکی نادیار ئەم دەرفەتەمان لێدەستێننەوەو پەیجەکانمان دادەخەن . لای تۆ فەیسبووک دەرفەتێکە بۆ ئازادیی هەموو کەس، لای من تەکنۆلۆجییەکە بۆ داگیرکردنی ئازادیی هەموو کەس . هەر یەکە بەشێک لە بەلگەو بیرورای یەکتر دەسەلمێنین بە بێ ئەوەی بگەینە ئاکامێکی دوایی و بابەتەکە بە کراوەیی بۆ دایەلۆگێکی تر دەهێڵینەوە .

٥ . با بڵێین بابەتی دایەلۆگەکەمان ئایدیای خۆشەویستی یە . من لە روانگەیەکی دینی یەوە بۆی دەڕوانم و خۆشەویستیی و ئازادیی بە تایبەتی تا ئەو رادەی مافی ژنە پێکەوە نابەستمەوە ، تۆ لە ئەفلاتون – ەوە تا فیمینزم باسی تیۆریەکانی خۆشەویستییم بۆ دەکەیت و بە مافی رەهای هەموو کەسێکی دەزانی بێ کۆتوبەندی ئایدیایی و کۆمەلایەتیی . هەر دووکمان کەلك لە بیرورا جیاوازەکانی یەکتر وەردەگرین .

شیکردنەوەی چالاکی دایەلۆگیی

ئەم نموونانە هەموو ئاسایین . رۆژانە چەندین دایەلۆگی ئاوا لە نیوان مرۆڤ وگرۆکاندا روو دەدا گەرجی بەم چەشنەش نەبێت . بەلام مەبەستت چییە لەم نموونانە ؟ دەربارەی کێشەی ئایدیاو ئایدیۆلۆجی چی وون دەکەنەوە ؟

١ . ئەوانە هەموو دایەلۆگن ، واتە وتووێژو گۆڕینەوەی قسەو بیروڕان لە نێوان دوو کەسدا : منی کەسی یەکەم و تۆی کەسی دووەم .

٢. هەموو دایەلۆگەکان بە قسەن و هونەری قسەکردن و کۆگەیاندن ( کۆمیونیکەیشن ) واتە گوێ گرتن و وەلامدانەوە ، بەشێکە لە پرۆسەی دایەلۆگەکە.

٣. هەر بوونی دایەلۆگی لەم چەشنە تایبەتمەندیی مرۆڤەو نیشانەی شارستانی بوون و عەقلانیبوونێتی. ئەمە تەنیا لە لایەن مرۆڤ و لە ژینگەی مرۆڤدا روودەدات : چونکە هەنگاوی یەکەمی دروستبوونی ئایدیای مرۆڤ ئەو کاتە بوو کە ئەرستۆ وەک زیندەوەرێکی کۆمەڵیی یان سیاسیی ناساندی کە خاوەنی زمانەو بە نەخشەو ئامانج کار دەکات و توانای دایەلۆگ و رێکخستنی ژیانی خۆی هەیە . هەنگاوی دووەمی تەواوبوونی پێناسەی مرۆڤ زۆر دواترهات لە کاتی شۆڕشی فەرەنسییدا کە تا رادەیەک ئەم پێناسەی پێچەوانە کردەوە بێ ئەوەی راستییەکەی فرامۆش بکات : واتە کاتێ مرۆڤی وەک تاکیش بە بوونەوەرو ئاژانسیكی ئازاد و یەکسان و خاوەن بیر دانا . کتومت لەم کاتەدا بوو کە بۆ یەکەم جار چەمکی ئایدیۆلۆجی لە لایەن فەیلەسوفی فەرەنسیی ( دێستوت دی تراسی ) بە مانای زانستیی بیرەکان بەکار هات .

راستە ئەمانەی وتت چوارچیوەی مرۆڤیی- کۆمەڵی – عەقڵانیی دایەلۆگن . بەلام چ کار دەکاتە سەر پرۆسەی دایەلۆگەکەکە ؟ ناشێ هەموو کەس یەکسان بن و یەک ئامانجیان هەبێت لە دایەلۆگدا ؟

– بێ گومان ، دایەلۆگ پرۆسەیە ، بەشدارانی دایەلۆگ ئەکتەرەکان یان بکەرەکانن . کاریگەریی بکەرەکان رێژەیی یەو بە پێی دەورو دەسەلات و توانستیی خۆیی و ، رەنگە توانستی تر کە خۆیی نین و پێوەندییان بە پێوەندییەکانی دەسەلاتەوە هەیە ، دەگۆرێت . بە کورتی دەتوانین بلێین ئەوەی کار دەکاتە سەر پرۆسەی ئاسایی دایەلۆگ :

١ . رادەی ئەزموون و زانیاریی چەندیی و چۆنیی وتووێژکاران : لەمەدا ساوێڵکەیی لایەک و شارەزایی و زۆرزانیی لایەک دەدەکەویت .

٢ . پێوەندی دەسەلات لە نێوانیاندا : دەسەلاتدار قسەی زۆرترو زالترە ، یان دەتوانێ هەر دایەلۆگەکەش نەکا یان کۆتایی پێ بێنێت ، و یەکسەر باز بدا بۆ سەر ئەو ئامانجەی خۆی دەیەوێت ، یان دایەلۆگەکە بکا بە شانۆگەرییەکی ىێ ناوەرۆک ، بە گەمەیەکی هەڵخەڵەتاندن. یان ىێدەنگیی [ کوستنی زمان و دەربڕینیکاریگەر] بخاتە جێی دایەلۆگ . یان دایەلۆگ بکاتە [ گەرەلاوژە ] بۆ ونکردن یان سووککردن و بۆشکردنی پرسە جددییەکان .

٣ . یەکسانی دەرفەتی دەربڕین یان نا ، ئەمەش دیسانەوە پێوەندی بە دەسەلاتەوە هەیە : ماددیی یان فیزیکی یان دەزگایی یان مەعنەویی یان خۆیی وەک ئاستی شارەزایی و زانین .

٤ . نیازو بەرژەوەندی گشتی یان تایبەتی : دیارە هەموو دایەلۆگێک ئامانج وئەنجامێک دەخوازێت کە بەرژەوەندی بەشداران دەنوێنێت . لێرەدا کێشەی درۆسازیی و ساختەیی و نەمانی متمانەو ونبوونی راستیی لە دایەلۆگدا دەردەکەویت . ڵێرەدا پێویست دەبێ دایەلۆگ بنەماو پرینسیپی هەبن تا سەرکەوتوو بێت .

بەلام دیارە لە بەر ئەم جیاوازییانە دایەلۆگ و عەقڵ و سیاسەت و ئایدیۆلۆجی پێویستە . بە قەدەر جیاوازی مرۆڤەکان ئایدیای جیاواز هەیە . ئەم جیاوازییەیە کە مرۆڤی بەم ئاستە بالایەی عەقڵ و هوشیاریی و زانست و تەکنۆلۆجی گەیاندووە . هەروەک و چۆن ئێستا بە هۆی زانستی نوێوە دەزانین [ دی . ئێن . ئەی ] هەموو کەسیک جیایە ، ئاواش ئایدیای هەر کەسێک مەحالە لە هەموو شتیکدا وەک کەسێکی تر وابێت .

بەلام ئەمانە هەموو هەلومەرجی دەرەوەیین . وەک چالاکییەکی ئایدیایی گرنگی مرۆڤ زۆر پێویستە کە دایەلۆگ وەک کردەوەی رۆژانە ، وەک چالاکی عەقلانی تێبگەین ، تا دەوری عەقڵ و ئایدیاکان لە ژیانی مرۆڤدا تێبگەین و بنرخێنین . لە بەرئەوە با سەرنجی دایەلۆگەکانی سەرەوە بدەینەوە تا بزانین لە ناوەوە ، لە پراکتیسی دایەلۆگکردندا چ روودەدات ؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت