Dro

ئاکۆ برایم : درۆ و پینە و پەڕۆ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی / لای ئەوروپییەکان  بەوشێوەیەی هەیە لە وێنەکەدا ، دەستی پشتەوە واتای درۆ و بێبەڵێنی دەکات .. وتاریکورد .

حەقى وایە پێنج فەرزە دوعابکەین و ناوساجى و لوقمە قازى ببەخشینەوە کە درۆ دەست و پێى نیە ، یان وەکو قاز ناقیڕێنێ ، حەمدو سەنا بۆخوا کە دەستیش ناوەشێنێ ، ئەگەر وانە بوایە ئێستا سەروگوێلاکمان هەمووى جێگە بۆکس و پینە و شوخت ئەبوو .

بەشى زۆرمان بەدرۆ راهاتوین و پەروەردەبووین ، دور مەڕۆ مەسئول و سیاسیەکان بەعالەمى ئاشکرا درۆ و دەلەسەمان بۆ ئەکەن ، بەخەون و خەیاڵ جیهانێکى دڵگیر و رازاوەمان بۆ بونیاد ئەنێن ، سەدى هەزار ئەزانین کە سەرلەبەرى وتەو قسەکانیان درۆیە و، راستى مەعنا بێت تیایا نیە ، کەچى سەرى رەزامەندى بۆ ئەلەقێنین و، چەپڵەى بۆلێدەدەین و دەستخۆشى لێ دەکەین ، من و تۆى باوک لەبەیانیەوە تا ئێوارە، بەدرۆ ودەلەسە و ناڕاستى خەریکى کارو کەسابەتین ، بە درۆ و ساختە و قوڵبڕین بژێوى پەیدا دەکەین، ئەشمانەوێت مناڵەکانمان لەسەر راستى وراستگۆیى رابێنین و پەروەردەیان بکەین .

حکومەت درۆت لەگەڵ ئەکات ، وەزیر راستیت لێ دەشارێتەوە ، پەرلەمان لەژێر ناو و پەردەدا حەقیقەتت لێ ئاوەژوودەکات ، کرێکار ، فەرمانبەر ، مامۆستا ، خوێندکار ، دکتۆر ، نانەوا ، شوفێر .. هەمووى لەسەر درۆ راهاتون ، ئەگەر بێت و رۆژێک درۆنەکەین ناژین و ، ئیش و کارو ژیان ناڕوات بەڕێوە ، هەمو ئەبێت لەماڵەوە نەیەینە دەرەوە ، یان بخەوین ، لەوە زیاتر چارەمان نیە .

خۆشەکەى ئەوەیە هەموومان سەرى زمان و بنى زمانمان ئەڵێن ( خوا راستەو راستى پێ خۆشە) . بەڵام هیچ کاتێ بیرمان لەوە نەکردۆتەوە ، رێگەى راست و دروست بگرینە بەر ، دەستەبەردارى ئەو برا گیانى بەگیانیەمان بین . باشەکەى لەوەیایە کەزۆر موتەدەیین و وابەستەى ئاینى ئیسلام نین ، ئەگینا تەواو بەهیلاک ئەچوین ، چونکە بەپیێ حوکم و شەرعى ئیسلام ، جگە لەوەى شایەتى و شتمان لێ قبوڵ ناکرێت ، ئەبێت لەبرى هەر درۆیەکیش 3 دانە رۆژ بە رۆژو بوینایە ، سەیرکە و دیققەت بە ، لەبرى کولى درۆیەک ئەبێت سێ رۆژ بەرۆژو بیت ، جا سەرجەم درۆى رۆژەکەت کەڕەتى سێ بکە ، بزانە ئەگەر عومرى نوحیشت هەبێت ، رۆژو مانگ و ساڵیش ئەتوانێت بۆت پڕبکاتەوە ؟! با زۆرسەرتان نەیەشێنم درۆ بۆتە پەتاو نەخۆشیەکى سارى و موزمین و ، بەرۆکى هەرهەموومانى گرتوە . هەیە بۆماوەیەک تووشى ئەبێت و ، زوو لەکۆڵى ئەبێتەوە ، هەشە تا لەکفنى ئەپێچن وئەیخەنە نا قەبر ، لەدرۆ ناکەوێت .

لە خاتیمەدا با لەسەر درۆ و دەلەسە باسێکتان بۆ بگێڕمەوە ، بەندە برادەرێکى مناڵیم هەبوو ، ماوەیەکى زۆر زۆر بوو نەمدیبوو، پێم خۆش بوو بەسەرى بکەمەوە ، تۆزێک بە یادەوەرى وبەسەرهاتى کۆن ، خەمى دونیا بەبادەین ، پاش چەندین تەلەفون و نامەناردن و ، قسەکردن لەرێى فەیسبوک و ، سوربونم لەسەر بینینى ، ئیحراج بوو ، موعیدى بۆدانام ، لەکات و شوێنى دیاریرکراودا ، منیش لەسەر قسەى بەڕێزى ، رێک لەعانى خۆیا ولەشوێنى مەقسەد ، تەواجودم هەبو ، سەیرئەکەم بەڕێزى نەهاتوە ، دەى تا نزیکەى 15 خولەک چاوەڕێم کر د، وتم ئیحتیمالە رێگە ئیزدیحام بێت ، یان سەیارەکەى خەلەلى هەبێت ،دەنگ ورەنگ و خەبەرى نەبوو،دڵم کەوتە مەراقەوە وترسام ،ناچار تەلەفونم بۆیکرد، وتم نەوەک شتێک رووى دابێت ، با سۆراغێکى بکەم ، کەچى بەڕێزى هەر بیرى مەوعید و دیدارى نەمابوو ، وا شڵەژابوو نەیدەزانى باسى چیدەکەم و ، چۆن خۆى قوتاربکات و،درۆکەى پینە بکات ، ئەخیرجار فەرمووى ببوورە ئەوە ئوتومبیلى ناسیاوێکم خراپ بووە ، خەریکى ئەوەم ، پاش نیوسەعاتى تر دێم بۆلات ، پێکەنین گرتمى ، وتم قەیدیناکات با بۆکاتێکى تربێت .

ئەڵێن پەتى درۆ کورتە ، بەڵام ئەوەى ئەو هەر زۆر زۆر ، کوڵ و قارسکراوبوو ، شەوێ کەچوومە سەر فەیسبوک ، سەیر ئەکەم وێنەیەکى ئەو بەڕێزەم بۆهاتووە لاى پێشانگاى ئۆتۆمبیلەکانەوە ، وێنەى لەلاى سەیارەیەکى فول مواێەفات گرتوە ، وەختەکەشى رێک ئەوکاتە بوو ، کە موعیدى بە من دابوو ، ئەوە بەهەرحاڵ درۆ و بێ موعیدى و بێ ئیلتیزامى خەڵک لاى من بوە بەشتێکى رۆتین و ئاسایى ، ئەوەى کە زیاتر موحەیەری کردم وحەپەساندمى و ، دەممى یەک مەتر داچەقاند. وتەیەک بو کەئەو برادەرەم ، لاى خۆى لەبەیجەکەیدا زۆر بەجوانى وشانازى بڵاویکردبۆوە نوسیبوى ( ئاى لەورۆژەى کە درۆ ئەمرێت چەندین کەس هەتیو ئەکەون ) تاکە دوعا و پاڕانەوەشم ، بۆ ئەو هاوڕێ ئازیزە و ، هەموو دۆست و خۆشەویستانم ، ئەوەیە و لەناخى دڵەوە ئەڵێم ئیشەللا گیراش ئەبێت ، رەببى هەر هەمووتان هەتیو بکەون ، خوا ئەو باوکەتان بۆخۆى بەرێتەوە ، دەبڵێن ئامین .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت