Atta-00

عەتا قەرەداخی : تاکە کەس و مێژوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆڵی تاکەکەس چیە لە مێژوودا ؟ ئایا لە کام کۆمەڵگەیانەدا رۆڵی تاکەکەس چ بایەخێکی هەیە؟ ئایا ئەو کۆمەڵگەیانەى کە تاکەکەس رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت کۆمەڵگەى ئاسایین یان جۆرێک لە ناسرووشتی یان کەم و کورتییان تێدایە ؟ ئایا رۆڵی تاکەکەس لە مێژووى کورددا چی بووەو ئێستا چییە ؟ ئایا سەردەمی کۆتایی هاتنی تاکەکەس بۆ درووستکردنی مێژوو کۆتایی هاتووە ؟ ئایا چۆن سەیری رۆڵی تاکەکەس لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا دەکرێت ؟ ئایا لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا پێناسەى تاک چۆن دەکرێت و چ شوێن و پێگەیەک بۆ تاکەکەسی باڵا درووست دەکات ، یان بە شێوەیەکی تر ئایا لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا رووبەرێک هەیە بۆ ئەوەی تاکەکەسی باڵا پیادەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بکات ؟

دەشێ چەندین پرسیاری تری لەم جۆرە بەرز بکرێتەوە کە پەیوەستن بە بوون و رۆڵی تاکەکەسەوە لە کۆمەڵگەدا . بێگومان لە کۆمەڵگە نەریتی و پێکهاتە هەرەمییەکاندا کە بە کۆمەڵگەى داخراو ناو دەبرێن ، لەبەرئەوەى سرووشتی بنیادی کۆمەڵگە خێڵایەتیە یان باشتر بڵێین سرووشتی پێکهاتن لەو کۆمەڵگەیانەدا سرووشتێکی هەرەمی هەمان شێوازی هەرەمی ئایینیە ، بۆیە رۆڵی تاکەکەس دیارو لەبەرچاو دەبێت . ئەوە ئاشکرایە لە هەرمی خێڵدا تەنیا ترۆپکی هەرەمەکە بوونی هەیە کە ئەویش شوێنی کەسی یەکەمی ناو ئەو پێکهاتەیەیە . هەڵبەت هەرەمی ئایینیش هەمان سرووشتی پێکهاتنی هەیەو هێزی باڵای خواوەند لە لوتکەى هەرەمەکەدایەو لە دوای ئەو هێزە باڵایەش پێغەمبەران دێن وەکو نوێتەری خواوەند لەسەر زەوی. هەڵبەت لەم دوو هەرەمە هاوشێوەیەدا رۆڵی تاکەکەس گرنگ و دیارە . ئەم دوو هەرەمەش کەوەکو هەرەمی پێکهاتنی دامەزراوەکانی قۆناغێکی دیاری کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی سەیر دەکرێن کە قۆناغی دەسەڵاتی خێڵ یان دەسەڵاتی دامەزراوەى ئایینیە ، قۆناغێکە نزیک لە ژیانی قۆناغی نێو سرووشت کە ئەو قۆناغەش لە مێژووى کۆمەڵناسیدا بە قۆناغی درووستبوونی پاڵەوانە رۆمانسیەکان دەناسرێت . کە دەشێ لەم قۆناغەدا تاکەکەس رۆڵی دیار بینیبێت لە درووستکردنی جۆرێک لە مێژوودا . زۆرێک لەو ناوانەى کە ئێستا لە مێژووى رابردووی مرۆڤایەتیدا ئێستا وەکو ناوی ئەفسانەیی سەیر دەکرێن و ، دەشێ ئەو پاڵەوانە رۆمانسیانە بن کە لە قۆناغێکدا توانیوویانە کۆی هێزى جەماوەر لە خۆیاندا کۆبکەنەوەو جەماوەر پاسیڤ بکەنء خۆیان نوێنەرایەتی ئەو هێزە بکەن و لەبری خەڵک یان جەماوەر مێژووى ئەو قۆناغە بە ناوی ئەم جۆرە تاکەکەسانەوە تۆمار بکرێت . بە واتایەکی تر پاڵەوانەکانی رابردوو کە گوایە مێژوویان درووست کردووە بە گشتی ئەو کەسێتە ئەفسانەییانەن کە قەناعەت هێنان بە رۆڵی راستەقینەى ئەوان لەسەر زەمینەى واقیع تا ئەندازەیەکب ئاشکرا جێگای گومانە . هەر لێرەوە پێموایە لە رابردووشدا رۆڵی دیاری تاکەکەس لە مێژوودا لەسەر بنەمای ناهوشیاری و بێ ئاگایی کۆمەڵگە درووستبووە . بە مانایەکی تر ئەو بۆچوونەى کە پێی وایە تاکەکەس لە رابردوودا مێژووى درووست کردووە ، ئەویش جۆرێک لە ناهەقی تێدایە بەرامبەر بە کۆمەڵگە چونکە تاکەکەسی دیاری رابردوو هەموو تواناکانی کۆمەڵگە یان جەماوەری بەکارهێناوە لە پێناوی خۆیداو ئەوەى کە بە تواناو هێزی ئەوان بەرهەم هێنراوە بە ناوی ئەوى تاکەکەسی رابەر یان سەرکردەوە تۆمار کراوە.

هۆکاری ئەوەش کە کۆی کۆمەڵگە پاسیڤ کراوەو لەسەر جەستەى پاسیڤکراوی ئەو شووناس بە تاکەکەسی باڵا یان دیار بڕاوە کە پێگەى رابەر ، سەرۆک یان پێشەوای وەرگرتووە ، دیسان ناسرووشتی ئەو دامەزراوە نیشان دەدات کۆمەڵگەیە . بە مانایەکی تر تاکەکەس لەو کۆمەڵگەیانەدا توانیووێتی لە رابردوودا مێژوو دروووست بکات کە کۆمەڵگەیەک بوون تیایاندا خەڵک یان جەماوەر ئامادەبوونی ئەوەى نەبووە کە گوزارشت لە بوونی خۆی بکات . لە مێژووى کۆنی میسردا ناوی فیرعەونەکان دیارو زانراون بەڵام ئایا ئەوە کێبوون کە بەردە دوو تەنی و سێ تەنییەکانیان بۆ بەرزایی 146 مەتر بەرز کردۆتەوە . ئایا ئەوانە کێ بوون بەردە بیست بۆ پەنجا تەنییەکانیان لە رۆژئاوای لەندەن کۆککردووەتەوەو بازنەى ( ستەون هێنج ) یان لێدرووست کردوون ؟ ئایا ئەوانە کێبوون کە دیواری چین و قەڵای هەولێرو دیواری نەینەوایان درووستکردووە ؟ ئایا تاکەکەسەکان بوون کە مێژوو بە ناوی ئەوانەوە تۆمار کراوە یان جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بوون ، ئەوانەى کە کەسانی بەهێز یان دەسەڵاتی ئەو سەردەمە وەکو کۆیلە بەکاری هێناون ؟ بەهەرحاڵ مێژوو بە ناوی تاکە کەسە بەهێزەکانەوە تۆمار کراوە بەڵام ئەو مێژووەش مێژوویەکی راستگۆ نییە . هەمووش دەزانین لە هەموو سەردەمەکاندا مێژوو دەسەڵاتداران نووسیوویانەتەوە یان لەبەرژەوەندی ئەوان نووسراوەتەوە . هەربۆیە نووسینەوەى مێژوو وەکو ئەوەى کە پێشکەش کراوە بایەخێکی ئەوتۆی نییە ئەگەر ئەو مێژووە وەکو مادەى خاو بۆ لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەو خوێندنەوە بە چاوو عەقڵی رەخنەگرانەوە لێی نەڕوانرێت .

ئایا لە مێژووى کورددا رۆڵی تاکەکەس چی بووە ؟ بێگومان پێش لەوەى باس لە رۆڵی تاکەکەس لە مێژووى کورددا بکەین دەبێ بپرسین ئایا کورد خۆی وەکو نەتەوە لە مێژوودا چ ئامادەبوونێکی هەیە ؟ ئایا لە مێژووى مرۆڤایەتی و لە شارستانێتی مرۆڤایەتیدا کورد هیچ بەشدارییەکی هەبووە کە بووبێتە هۆی ئەوەى بە لایەنی کەمەوە شووناسێکی بۆ دەستەبەر بکات ؟ هەڵبەت ئەوە واقیعێکی تاڵە کە کورد لە رابردوودا وەکو نەتەوە یان کۆمەڵگە بەشداری نەبووە لە بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا هەر بەوپێیەش نەبووەتە بکەرێکی رووداو درووستکەر ، بۆیە هەر شتێکیش لەرابردوودا ئێمە وەکو کورد خۆمان بۆ پڕکردنەوەى گرێی هەست بەکەمیکردنمان بە ناوی کوردەوە ناوی ببەین هیچ بۆ ئێمە بەرهەم ناهێنێت و نابێتە بەشێک لە مێژووى ئێمە . گرنگ نییە سەلاحەدینی ئەیوبی چی کردووە ، یان بەشێک لە زانایانی بواری ئیسلامناسی و ئایینی ئیسلام کە بە رەگەز کورد بوون چیان کردووە چونکە ئەوەی ئەوان کردوویانە بۆ مێژووى کورد نییەو لە چوار چێوەى شارستانێتییەکدا کراوە کە شارستانێتی کورد نییە وەکو نەتەوە . لە رووی ئەو تاکەکەسانەشەوە کە لەسەر جوگرافیای کوردستان بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەو بیستدا کە دەورێکیان بینیووە ، دەورێکی سنووردارەو تەنیا لەسەر جوگرافیای ناوخۆیەو جێگەو پێگەى ئەوان وەکو تاکەکەس و کوردیش وەکو نەتەوەو کۆمەڵگە دەورو کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لە مێژووى مرۆڤایەتی و شارستانێتی مرۆڤایەتیدا . کەواتە لێرەوە تێدەگەین کە کورد هەرچۆن بە گشتی رۆڵی نەبووە لە درووستکردنی مێژووى مرۆڤایەتیدا ، تاکەکەسە دیارەکانیشی رۆڵیان لەو بوارەدا نەبووەو ئەوەش ئاشکرایە ئەو رۆڵە ناوخۆییەى کە تاکەکەسی دیار لەبەکارهێنانی توانای خەڵکدا بۆخۆیی دەستەبەر کردووە رۆڵی ناوخۆیی و ناوچەییەو هەربەو پێیەش ئەو تاکەکەسانەش بوونەتە خاوەنی شووناسی ناوخۆیی . کە دەشێ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان یان ئەو دامەزراوانەى کە تیایدا بوون لە دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەت و میرنشین و بزووتنەوەو راپەڕین و حیزب و تەکێ و خانەقا ناوێکیان بۆ درووستبووبێت و لە سنووری دامەزراوەکەى خۆیاندا کە دامەزراوەیەکی سنووردار بووە دەسەڵات و پێگەیەکی دیاریان بۆ بەرهەم هاتبێت .

بەڵام لە راستیدا لە کۆمەڵگەى هاوچەرخدا ئەوەى بایەخی هەیە رۆڵی تاکەکەسە بە تایبەتی کە چۆن تاکەکەس دەبێتە تاکێکی ئامادەو خاوەن شووناسی ئەو تۆ کە بوونی خۆی وەکو تاکەکەس بسەلمێنێت . رەنگە بە هەمان پێوانەش ئەو تاکەکەسانەى کە بنەمایەکی کەسێتی بەهێزیان هەیە بتوانن نەک لەسەر ئاستی لۆکاڵی خۆیان بسەلمێنن و ببنە خاوەنی شووناسی تایبەتی خۆیان بەڵکو لەسەر ئاستی ئەو لۆکاڵێتییەوە زیاتر پەل بهاون و ببنە کەسێتی جیهانی و راستەخۆ یان ناراستەوخۆ بەشداری بکەن لە درووستکردنی بۆچوونێکی مرۆیی باڵادا بە جۆرێک کە مرۆڤایەتی بە ئاسانی دەنگیان ببیستێت بۆ نموونە کەسێکی وەکو نیلسۆن ماندێلا کە لە رێگای خەبات و تێکۆشانەوە لە ئاستێکی لۆکاڵیەوە بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێکی جیهانی و شووناسێکی نێونەتەوەیی بەدەستهێناوەو وەکو هێمای ئازادی و یەکسانی دەناسرێت .

لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا تاکەکەس لەرێگای ئامادەبوونی تاکەکەسی خۆیەوە دەبێتە خاوەنی شووناس و شووناسی تاکەکەسیش لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا لە سەربنەمای توانا تایبەتییەکانی ئەو تاکە کەسە خۆی دەستەبەر دەبێت . هەروەک لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا کۆی پەیوەندییەکان ئاسۆین و مێژوو هەمووان درووستی دەکەن و تەنانەت ئەگەر تاکەکەسی باڵاش دەرکەوت ئەوە کۆی تاکەکانی کۆمەڵگەن لە رێگای دەنگ پێدان و هەڵبژاردنەوە پێگەو جێگەیەکی باڵا بەو تاکەکەس دەدەن . واتە تاکەکەسی دیار یان باڵا لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا لە رێگای خەڵکەوە دیاری دەکرێت و متمانەى دەدرێتێ بۆ ئەوەى نوێنەرایەتی ئەوان بکات . کە ئەو تاکەکەسەش هەرگیز ناتوانێت بە تەنیا بڕیاربدات یان رووداو درووست بکات چونکە لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا دەبێ هەمووان یان نوێنەرانی هەمووان لەو بوارانەدا بەشدار بن ، هەر بەو پێیەش هەمووان واتە گەل مێژوو درووست دەکات . کە لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەرچۆن تاکەکەس نەیتوانیووە تاکو ئێستا مێژوو درووست بکات ، بە هەمان شێوە خەڵکیش نەیتوانیووە مێژوو درووست بکات . کەواتە دەتوانین بڵێن کورد نە لەرێگای تاکەکەسەوە نە لە رێگای خەڵک یان جەماوەر یان گشتەوە نەگەیشتووەتە ئاستی مێژوو درووست کردن ، بەڵکو ئەوەى کە هەیەو کردوویەتی ئەو مێژووە لۆکاڵیەیە کە تا ئێستا هەیەتی ئەویش مێژووى چەوساندنەوەو ژێردەستەیی و دابەشکردنە ، واتە مێژووی کورد تاکو ئێستا بریتییە لە گێڕانەوەى تراژیدیای کوردی و تاکەکەسە دیارەکانیش بە ئەرێنی یان نەرێنی پاڵەوانەکانی ناو ئەو تراژیدیا درێژخایەنەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت