بەهرۆز جەعفەر : فکر بەچەنە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هزر ( فکر ) : چەمکێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئەقڵى بەشەریەتەوە ، ئاماژەیە بۆ هەڵهێنجان و دەستخستنى هەقیقەت و واقیع . ئامانجەکەشی چارەسەرکردنى گرفتەکان و گەڕانە بەدواى فۆرمێکى باش لەژیان .

لەکوردستان ، ئەوەى نییە فکرە ، چەمکێکە کە : یەکەکان ، تاکەکان ، گروپەکان ، ڕەوتە نەتەوەییەکان  و … هتدد . لەدەورى کۆببنەوە ، ئەگەر پرسیتان : بۆچى ئەو هەموو ڕۆژنامەنووس و مامۆستاى زانکۆ و چالاکوانی مەدەنی و لایەنە ئۆپۆزسیۆن و میدیایە ، لەکوردستان هەیەو ، هیچیش نەگۆڕاوە ؟. وەڵامەکەى ئەوەیە فکر نییە . ئەگەر پرسیتان بۆچى هیچ بۆ کەرکوک نەکراوە ..؟. وەڵامەکەى ئەوەیە بەعس لەوشارە پردو ڕێگەو بان و نەخۆشخانەى نەڕووخانووە ، تا بەفیکەیەک دروستى بکەینەوە ، بەڵکو بەعس ئینسانى ڕووخاندووە ، ئیشى لەسەر تێکدانى دەماخ و جۆرێتى کەسایەتى تاکەکان کردووە .

فکر بەچەنە ؟. ئیمرۆکە ڕەش و سپى ، ڕۆژنامەنووس و ڕاپۆرتنوس ، سەوزەفرۆش و دوکاندار ، جاش و باش ، گەنج و پیر، قسە لەسەر سیاسەت ئەکەن . شیکارى سیاسیی ئەکەن ، ئامۆژگاریی حکومەت ئەکەن ، خۆ – نمایش ئەکەن . بەڵام کەس قسە لەسەر فکر ناکات .

بیریی نەتەوەیی ، بیریی ئابوریی ، بیریی ئاوەدانکردنەوەو ماتماتیک ، زۆر لەوە کۆنترن کە مرۆڤ بەپێی ڕۆژى خۆى قسەى لەسەربکا .. وەلێ ئەوەى سەرنجەکە قوڵتر ئەکاتەوە ، بیرێکى ستراتیژیی هاوبەش نییە تا هەموو لێی کۆببنەوە ، ئەوەش وائەکا پلانى ستراتیجى بۆ هیچ شتێک نەبێت . ئەگەر پرسیتان ، ئامار بۆچى باشە ؟. بۆئەوە باشە پلانێکى سەرکەوتووى پێ بینابکرێت . ئەرێ کورد چەند نەفەرە .؟. کەس نازانێ ؟. دووز چەند کوردى هەیە ؟. کەرکوک چەند ؟. کەس .. کەس نازانێت ؟. ئەى کەواتە نەفکر هەیە .. نە پلان . پلانى ئەمنى و سیاسیی و ئابوریی و ڕۆشنبیریی . لەکۆتاییا ئیشى فکر ئەوەیە ، ڕاتبگرێت و بتپارێزێت لە ڕووخان و ، وێرانە کاریی . دوورکەوتنەوەیە ، لەفەوزا ، وەک شۆبنهاوەریش وتى : سەیرە !. لە فەوزادا مرۆڤ چۆن بیردەکاتەوە ؟.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت