یەکگرتووی ئیسلامی ھەرەس دەھێنێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

راپۆرت : ستیڤان شەمزینی

* ھادی عەلی : یەکگرتوو لە بری ھەنگاوێک بۆ پێشەوە دوو ھەنگاو بۆ دواوە گەڕاوەتەوە

* رێبوار محەمەد : زەمەنی یەکگرتوو و گووتاری تەقلیدیی ئیسلامی سیاسیی گوزەشت

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، لە ھەڵبژاردنی ٢١-٩-٢٠١٣ لە رووی جەماوەرییەوە بە بەراوورد بە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ پاشەکشەی بەرچاوی کرد ، ھەرچەندە کۆی حزبە ئیسلامییەکان لە پاشەکشەدا بوون ،  بەڵام ئەم شکستە زۆر بە زەقی لە ناو یەکگرتووی ئیسلامیدا دەرکەوت . چاوەڕوان دەکرا، یەکگرتوو دوای چوار ساڵ لە ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆن و بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١، کێرڤی جەماوەریی بەرز بێتەوە ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەوە دەرکەوت کە یەکگرتوو لە بری پێشڕەویی ، پاشەکشەی کردووە . ھەروەک سۆران سێوکانی ، شارەزای بواری ئیسلامی سیاسیی ئاماژەی بۆ کردووە ، یەکگرتوو لە ئۆپۆزیسیۆن رۆڵی پێشەنگی نەبووە و لە دەسەڵاتیشدا ژمارەیەکی قورس نییە ، بەو ھۆیە یەکگرتوو ھەمیشە دەکەوێتە پەڕاوێزەوە و لە باشترین حاڵەتدا نەیتوانیوە لە پاشکۆبوونی گۆڕان دەربچێت ، چوونکە وەک ” د . شیلان حەمە ”  ئاماژەی پێدا گۆڕان رابەرایەتی ئۆپۆزیسیۆنی دەکرد و ئیسلامییەکانیش شوێنکەوتووی بوون .

د . ھادی عەلی ، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی ، پێیوایە : یەکگرتوو لە بری ھەنگاوێک بۆ پێشەوە دوو ھەنگاو بۆ دواوە گەڕاوەتەوە . ئەو سەرکردەیەی پێشووی یەکگرتوو دەڵێت ” یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ھەموو پێوەرێکی فیکریی و حزبی و جوگرافی دوای تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر تەمەنی سیاسیدا ، دەبوایە ئەمڕۆ ئەو ھێزە سیاسییە کاریگەرە بوایە کە رێبەرایەتی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بکردایە بۆ ھێنانەدی خواستەکانی جەماوەر بە پێی پڕۆژەی چاکسازیی خۆی لە پەرلەمان یان لە دەسەڵات . بەڵام مەخابن بە ھۆی نەبوونی ستراتیژیەتی دروست و خیتابی سیاسیی لاوازەوە، لە وێستگە ھەستیار و چارەنووسسازەکاندا لە بری ئەوەی بەلای کەم ھەنگاوێک بۆپێشەوە بچێت ، ھەمیشە دوو ھەنگاو یان زیاتر بۆ دواوە گەڕاوەتەوە تا بە ئەمڕۆ گەیشت “.

ھادی عەلی ، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات ” ئەوەتا رێژە و ژمارەی دەنگەکانی یەکگرتوو لەسەر ئاستی ھەر سێ پارێزگاکە زۆر کەمترە لە ساڵی٢٠١٠ بە مەرجێک ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێم زۆر زیادی کردووە و کادیرە بانگخوازە جەماوەرییەکانیشان ھێناوەتە ناو ململانێ حزبییەکەوە و پرۆسەی ھەڵبژاردنیش بە شایەتی چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەکی لەئاستێکی تا راددەیەک باشدا ئەنجامدراوە و زەمینە زۆر لەباربوو بۆ سەرکەوتنی گەورە و بەدەستھێنانی (٢٠) کورسی بۆ یەکگرتوو . کەچی بەرپرسانی باڵا لە بری داننان بە ھەڵە و داوای لێبوردن و دەربڕینی ئامادەیی بۆ تەحەمولی مەسئولییەت ، دەیانەوێت جەماوەری یەکگرتوو بێدەنگ بکەن و شکستەکە پەردەپۆش بکەن بەوەی ژمارەی کورسییەکانیان زیادی کردووە . زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان لەم قۆناغە ھەستیارەدا ئەگەر بە رواڵەت ھەنگاوێک بێت بۆ پێشەوە ئەوا لە حەقیقەتدا دوو ھەنگاو بەڵکو زیاتریش گەڕانەوەیە بۆ دواوە !”.

ئەندازیار تەھا سۆڵەیی ، کادیری دیار و پێشکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی حەوت خاڵیی ئاڕاستەی ئەندام و لایەنگر و دەنگدەرانی حزبەکەی کردووە ، کە تیایدا دەڵێت «چەند راستییەکی تاڵ ھەیە پێویستە ئازایانە دانی پێدا بنێین ، ئێمە وەکوو یەکگرتوو لەم ھەڵبژاردنەدا تووشی چەندین شکست بووین لە ھەموو لایەکەوە ». بۆ ئەو مەبەستەش چەند نموونەیەکی ھێناوەتەوە، لەوانەش : «دەنگەکانمان کەمی کردووە ، چوار ساڵ بەر لەئێستا دەنگمان زۆرتر بوو .. ھەڵمەتی راگەیاندنی مەرکەزیی زۆر لاواز بوو ، بە تایبەتی سپێدە ، جورئەت و بوێریی و قسەکردن لەسەر کەموکووڕییەکانی دەسەڵات ھەتا ئێستا بڤەیە .. ئەگەر مامۆستای بەڕێز مەولود باوە موراد ، کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیست دەرنەچێت ، ئەوە زۆر جێی خەفەت و نیشانەیەکی شکستی گەورەیە .. ئەو سیاسەتە بەناو متەوازن و شەرمنەی یەکگرتوو پیادەی کردووە لە رابوردوودا، بێدەنگبوون لە ئەو ھەموو سوکایەتییەی کراوە لەلایەن دەسەڵات و لایەنەکانی ترەوە و نەبوونی وەڵامێکی دەمکوتکەر، ھەر ئەوەی لێچاوەڕوان دەکرێت ».

ھەر دوای  “٥ ” رۆژیش لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ٢١ی ئەیلوول و لەگەڵ راگەیاندنی دەرئەنجامە بەرایییەکانی ھەڵبژاردن ، کۆمەڵێک گەنج و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسی یەکگرتوو ، بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان دەرکرد و رەخنە و گلەییان ئاڕاستەی سەرکردایەتی حزبەکەیان کرد، کە لە بری ئەوەی بنکەی جەماوەریی یەکگرتوو فراوانتر بکەن ،  بە پێچەوانەوە بەرەو دواوە گەڕاندوویانەتەوە . لە بەیاننامەکەدا ھێمایان بۆ ئەوەش کردووە ” یەکگرتوو شکستی ھێناوە لە سیاسەتکردنیدا و دابەزینی دەنگەکانی مانا و مەدلولی مەزنمان دەداتێ “.

گەنجان و رۆژنامەنووسانی یەکگرتوو لە بەیاننامەکەدا ، ئەو راستییەیان خستۆتە روو ” تێبینیمان کردووە ئەدای سیاسیی یەکگرتوو لە ئاست داخوازیی جەماوەری یەکگرتوودا نییە و بەھەمان شێوە لە ئاست داخوازیی ئازادیخوازان و جەماوەری کوردستانیشدا نییە بە گشتیی ، ناڕوونی روئیا و لاوازیی و شەرمنی یەکگرتوو لە سیاسەتکردنیدا ئێمە و ھەوادارانی تووشی شۆک کردووە و موجامەلەکردنی ھەندێک بەرپرسی یەکگرتوو لەگەڵ دەسەڵات و بەرپرسەکانی وامان لێدەکات بۆ ساتێکیش لەم گۆمە مەنگەی سیاسەتکردنی یەکگرتوو بێدەنگ نەبین و ئاستی ناڕەزاییەکانمان بەرز بکەینەوە و بەپێی پێویست بیگەیەنینە حاڵەتی سوور ، تا دەگاتە بەیاننامە و سازدانی کەمپینی ناردنە ماڵەوەی ئەو بەرپرسە کەمتەرخەم و بێباکانە . لاوازیی ھەندێک لە سەرکردەکان لە بەشداریی و رۆڵ بینین لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان و شەرمنییان لە چالاکی و گەرمکردنەوەی جەماوەری یەکگرتوو دەمانگەیەنێتە ئەوەی داداگاییەکی پێویست و ھەنووکەیی سازبکەین بۆ ئەم سەرکردانە جا لە ھەر پۆستێکدا بن “.

د .ھادی عەلی ، پێیوایە ” لەھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا کە ھەموو لیستەکان سەربەخۆبوون و کەش و ھەوای سیاسیی و ئیعلامی لەباربوو بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی زۆر ئازادانە ، بەڵام بەرپرسانی باڵای یەکگرتوو لە دیمانە و لێدوانەکانیاندا لە گەرمەی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا بە خیتابێکی سیاسیی لاوازەوە رایانگەیاند ئەوان وەک یەکگرتوو ھیچ ستراتیژێکی ھاوبەشیان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن نییە و ئامادەن بەشداریی دەسەڵات بکەن و ھەروا پێشوەختە بە سادەیی سیاسیی ئەو دوو کارتەیان ھەرزان فرۆشکرد و سەرەنجام لیستەکەیان دووچاری ئەم پاشەکشە گەورەیە کرد و جارێکی تر جەماوەری ھەمیشە ماندووی یەکگرتوویان نائومێد کردەوە “.

رێبوار محەمەد ، کادری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی و خوێندکاری ماستەر لە زانستە شەرعییەکان لە مالیزیا ، باسی لەوە کرد یەکگرتوو ، وەک حزبێکی ئیخوانی تا سنوورێک دەتوانێت گەشە بکات . وتیشی ” سروشتی ئیخوان بە یەکگرتووشەوە بەو شێوەیە گەشەیەکی خێرا دەکات ، بەڵام ئەو گەشەیە لە ناکاو دەوەستێ و ئیدی وردە وردە کێرڤی بەرەو خوارەوە دێت ، بە بڕوای من یەکگرتوو بووە بە حزبی نەوەیەکی کۆن ، ساڵانی نەوەدەکان یەکگرتوو سەکۆی گەنجان بوو ، بەڵام لەوساوە ئەو گەشەیە راوەستاوە و دوو دەیەی تر نابات یەکگرتووی ئیسلامی ھەرەسی یەکجاریی دەھێنێت و دەبێتە حزبۆکەیەک کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێتە تەیرە مەعقولەکە “.

ئەو کادرەی پێشووی یەکگرتوو، پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات دەیەی داھاتوو یەکگرتوو ھەرەس دەھێنێت و دەڵێت ” زەمەنی یەکگرتوو و گووتاری تەقلیدیی ئیسلامی سیاسیی گوزەشت ، بۆیە دەتوانم بۆتان بسەلمێنم ، یەکگرتوو لە دەیەی داھاتوو کۆتایی دێت وەک ھەیمەنە و ژمارەیەکی قورس، ئەوەی دەمێنێتەوە حزبێکی بچووکە لە چەشنی زەحمەتکێشانی ئێستا “.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت