Kawe-Shirin

كاوە گەرمیانی و پەیامی پەشێو

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئازیزانم ، سڵاوتان لێ بێ !

کارێکی بەجێ ئەنجام دەدەن و ئەرکێکی ئەخلاقیش جێبەجێ دەکەن ، کە یادی ئەو ڕۆڵە بەئەمەکەی کوردستان بەرز ڕادەگرن و هاوچارەنووسیی خۆتان لەگەڵ گەرمێنی ڕەشپۆش نیشان دەدەن . كاوە لە پێناوی ئێمەدا ئەو ڕێیەی هەڵبژارد و لە پێناوی ئێمەشدا سەری خۆی دانا .

کاوە لە ولاتێکدا شەهید کرا ، کە نە سیستەمی بەڕێوەبردنی تێدایە ، نە دامودەزگە ، نە دادگە ، نە دەستوور و نە یاسا ، هەر بۆیە ، نابێ چاوەڕێی بەردادکردنی تاوانبارانی ڕاستەقینە بین . تا حاڵی ئەو ” هەرێم !”ە بێسنوور و لەتلەتەی باشوور وەک حاڵی ” فولکەی بەتەمای خوا ” ی هەولێر بێ ، ئەم ئەنفالە کپ و لەسەرخۆیەی سروشت و فەرهەنگ و مرۆڤ هەر بەردەوام دەبێ .

ئەوەی کاوەی شەهید کرد ، چڵەپۆپەی دەسەڵاتی نەخوێندەواری سیاسی و مافیای ئابوورییە ، کە گەلی باشووری کوردستانی کردووە بە کرێچیی خۆی و وڵاتیشی کردووە بە کۆمپانیایەکی خوێنمژ و سامانمژ و بەهرەمژ و هۆشمژ و ئازادیمژ . تا ئەو دەسەڵاتە رەهایە بمێنێ ، دەبێ کاروانی سووری کاوە و سەردەشت و سۆران و دوعاکان هەر بەڕێوە بێ . تا وڵاتمان نەبێتە مەڵبەندی یاسا و هاونیشتمان، تا گەورەیی مرۆڤ ، بە گیان و جەستەوە ، نەبێتە تەوەری تەوەرەکان ، ئەوا لەمەولاش سەید ئەکرەمەکانی بادینان لە زیندانەکاندا دەژاکێن و چاوی هەولێرییان بە فشەدەرمان کۆرە دەکرێن و جادەکانی شاری هەڵمەت و قوربانی بە خوێنی ڕێژوانەکان دەڕەنگێن و کەرکووکی موقەددەس دەخرێتە بەر ١٤٠ ساتۆری زڕتەبۆزان و دەرگەکانی سنووری دەستکرد لەسەر هاوخوێنانی ڕۆژاوامان کونبڕ دەکرێن .

ئەوانەی کاوەیان شەهید کرد ، هەر ئەوانەن ، کە ڕۆژانە دایک و خوشکانمان دەکوژن و دەسووتێنن ، کەسوکارمان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە خوێن دەگەوزێنن ، گوندەکانمان لە خامۆشی و شارەکانمان لە ژەهرەدووکەڵ هەڵدەکێشن ، قوتابخانەکانمان دەکەنە چاڵی جەهل و نەخۆشخانەکانمان پڕتر و پڕتر دەکەن . بکوژانی کاوە هەر ئەوانەن ، کە بیست ساڵ پترە زمانی کوردی هەڵدەتەکێنن و نووسەر و هونەرمەند و میدیاکار و شانۆکارانمان زەلیلی دەستی کادیرانی نەخوێندەوار دەکەن . 

ئەو دەسەڵاتە ، بێ ئەوەی کێشەی سنووری چارە کردبێ ، بگاتە هەر بستە زەوییەک ، کە بۆنی نەوت و گازی لێ بێ ، کونێکی تێ دەکا و بۆڕییەک دادەچەقێنێ و ڕەوە تانکەرێکی تێ بەردەدا !

ئەو دەسەڵاتە تەنیا بۆن بە بنزەوییەوە دەکات و قەت بیر لەوانە ناکاتەوە، کە لەسەر زەوی دەژین !

ئەو دەسەڵاتە گرنگی تەنیا بە کون و بۆڕی و تانکەر دەدا !

سەرەخۆشیم بۆ هەمووان و خشتە گڵینەکانی ماڵی شەهیدیش ماچ دەکەم .

دڵسۆزتان

عەبدوڵڵا پەشێو

١٩/١٢/٢٠١٣ هێلسنکی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت